ئەنفال و تاڵەبانی و بارزانی
Thursday, 14/04/2011, 12:00
١
ئەو دوانە لە تۆڵەی ئەنفال دا بە شێوازی خۆیان تۆڵەی ئەنفالیان کردۆتەوە.
ساڵی ٢٠٠٣ کە سەدام هەڵات و کۆشکەکانی جێهێشت، تاڵەبانی و بەرزانی بە پەلە خۆیان گەیاندە بەغداد.
لەوێ بە خێرایی هەوڵیاندا یارمەتی عەرەبەکان بدەن بۆ دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێرا ق و هێشتنەوەی پلەوپایەی خۆیان. ئەوسا دەیانزانی گەر زوو نەگەنە ئەوێ هەموو فایلەکانیان کەشف دەبێت و، هەر ئەوکاتە میللەتی ئێمە لێیان ڕادەپەڕێت.
بۆیە بۆ شاردنەوەو دیزە بەدەرخۆنەکردنی فایلەکانیان خێرا گەیشتنە ئەوێ.
لە دوایشدا تاڵەبانی خۆی هەندێک لە فایلەکانی ئاشکراکرد کە لەبارەی مەسولەکانی خۆیەوە بوو بۆ ئەوەی چاوشۆڕی بن و چۆنی بوێت وا بەکاریان بێنێت.
بارزانیش لەلای خۆیەوە فایلەکانی لای خۆی هەلگرتووەو، بە ڕوکەش دەڵێت ئەوان کەسیان فایلدارنەبووە، بۆ ئەوەی هەموو رەخنەیەکی دەرەکی دەمکوت بکات و، لەهەمان کاتدا بە فایلدارەکانی حیزبەکەشی بڵێت ئەوەتا خەڵکیی داوای فایلەکانتان دەکەن، گەر لە قسەی دەرچن ئاشکرایان دەکات.
بە تایبەتی تاڵەبانی و ئنجا ئەوانی تر فەرمانیان دا بە پیاوەکانیان کە بکەونە بە هەرزان کڕین و، هاندانی چەتەکان بۆ ئەوەی سەیارەیان بۆ بدزن و بڕفێنن و، بە هەرزان لێیان بکڕنەوە. ئەم چەتانەش کەوتنە سەیارە دزین و تەنانەت جاری وابوو شۆفێرەکانیان دەدایە بەر گولەو سەیارەکانیان بە خوێن و جێ گولەوە دەگەیاندە کوردستان. وای لێهاتبوو کوردستان لە سەیارەی جنوب جمەی دەهات. جەلال تاڵەبانی ئەمەی ناونابوو ئەنفالکردنی سەیارەی جنوب.
تۆ بزانە چەند لە بەهای ئەنفال کەمدەکەنەوە، سەیارەدزین دادەنێن بە تۆڵەی ئەنفال!
بەمەش ویستیان چەند ئامانجێک بپێکن، لەوانە فیتنە و ئاژاوە نانەوە لە جنوب، بۆ ئەوەی وا پیشان بدەن کە ئەوان پێویستن و، بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ئاشوبەی لەوێ بڵاوبۆتەوە گرنگن، لە هەمان کاتدا بە مەبەستی تێکدانی ژیرخانی ئەوێ و، لە سەرو هەموشیانەوە پڕ کردنی شارەکانی کوردستان لە سەیارەی دزراو ئەوەیان کرد. بەوەش چەند ئامانجێکی تریان دەپێکا:
لەوانە تێکدانی موڕاڵ و ئەخلاقی خەڵکی کوردستان و خوڵقاندنی چاولێکەری بۆ بەپەلە دەوڵەمەند بوون و، گوێنەدان بەوەی بە چ ڕێگەیەک مرۆڤ بەو ئامانجە دەگات.
خەڵکی کە لەخەو هەڵدەستان و دەیان بینی دراوسێکانیان دوو سێ سەیارە لە بەردەمی ماڵەکەیاندایە و، خۆیان هیچیان نییە بە پەلە چەند گەڵایەکیان کۆ دەکردەوەو بە کەسێکی خۆیاندا دەیان نارد بۆ جنوب بۆ کڕینی سەیارە.
دوایی سەیارەکان هێندە زۆربوون کە ناویان لێنرا علوج، ئەویش لەسەر قسەکەی سەحاف کە بە ئەمەریکیەکانی دەوت علوج. واتە جاشۆڵکەی سەرلێشێواو و بێکەڵک.
ئەمە وایکرد تەنانەت هەندێک لە کوردەکان دەچون لە نزیک شارەکانی جنوب و، لەسەر ڕێگەی هێنانی ئەو سەیارانە بەرەو کوردستان دادەنیشتن و تەقەیان لە سەرنشینەکانیان دەکرد و سەیارەکانیان دەڕفاندن و بەرەو کوردستان دەیان بردن.
بەم شێوەیە ژمارەیەکی زۆر لەو کوردانەی لە بەغداد و جنوبەوە سەیارەیان دەکڕی و دەهێنایەوە بەرەو کوردستان لە ڕێگەدا بە هۆی تەقەی چەتەکانەوە گیانیان لەدەست دەدا.
هەر چەتە کوردەکان نەبوون بەڵکو چەتە عەرەبەکانیش دەستیان هەبوو لەو هێرشانەدا بۆ سەر ئەو کەسانەی سەیارەیان بەرەو کوردستان دەهێنا.
وای لێهاتبوو مەڵبەند و لقەکانی حیزبە کوردیەکان، ئەو سەیارانەی خۆیان دزیبویان بە بۆیە لەسەریان دەنوسی کە عایدی فڵانە مەڵبەنی "ینک" یان عاید بە فڵانە لقی "پدک"ە.
کار بەوە گەیشت ئەمەریکیەکان فەرمانیان دەرکرد کە سەیارە حکومیەکان دەبێت بگەرێنرێنەوە بۆ دائیرەکانی خۆیان لە جنوب و، بەو جۆرە هێزەکانی هاوپەیمانەکان کەوتنە کۆکردنەوەو لێسەندنەوەی هەندێک لەو سەیارانە لە حیزبەکان و ڕاپێچ کردنەوەیان بەرەو جنوب.
بینراوە هەندێک لەو سەیارانە ناوی یەکێتیان لێنوسراوەو لەبەردەم سەرای سلێمانی ئەمەریکیەکان دەستیان بەسەردا گرتون و بردویانن.
هەندێک لە مەسولەکان گروپ و معامەلەچیەکانی سەیارەی جنوبیان رادەسپارد ئەو جۆرە سەیارانەیان بۆ بهێنن کە جێی سەرنج بوون، لەوانە ئەڤەلۆن و لەیلاعەلەوی و جۆری تر، ئەویش بە پارەیەکی کەم. ئەمانەش چەتە عەرەبەکانیان ڕادەسپارد بۆیان پەیدا بکەن. سەدان کەسی سیڤیل لە کاتی چون بۆ دەوام یان گەڕانەوەدا بە هۆی هێرشی ئەو چەتانەوە گیانیان لە دەست دەدا و سەیارەکانیان ئاودیو دەکران.
تاڵەبانی ئەم پرۆسەیەی ناونابوو ئەنفالی جنوب. هەر بە گەیشتنی بۆ بەغداد بە پیاوەکانی خۆی وتبوو ئەوە پارەو بچن سەیارەکانیان ئەنفال بکەن و تۆڵەی ئەنفال بکەنەوە!
خۆی لە خۆیدا ئەوەی پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە ئەنفالەوە نەبوو بەڵکو بۆ تێکدانی میزاج و ئەخلاقی خەڵکی کوردستان بوو. بۆ ئەوە بوو خەڵک دواتر تەنیا بیر لە خۆ دەوڵەمەندکردن بکەنەوە، ئەویش بە شێوازی نا مەشروع و، بیر لە ئازادی و مافەکانی خۆیان نەکەنەوە.
٢
ئەنفال و چەند زاراوەیەک
یادی ئەنفال:
ئەنفال بۆچی یادی بکرێتەوە؟ ئەنفال تەواو نەبووە و پرۆسەیەکە هەر بەردەوامە. ئەو کەسانەی لە ساتەوەختی دەستپیکردنی ئەنفالدا رزگاریان بووە تەنیا بە لاشە و جەستە ڕزگاریان بووە، ئەگینا تا هەنوکەش ئەوان هەر لەناو ئەنفالدا دەژین و تراومای ئەو کارەساتە بەشێکە لە ڕۆژانەی ژیانیان. دەسەڵاتیش بە هیچ شێوەیەک داکۆکی لێنەکردوون و یارمەتی نەداون. کوردیش خۆی وەکو میللەت لە ناو ئەنفالدا دەژی، هەرچەندە لەڕێگەی لەبیرخۆبردنەوەوە دەیەوێت ئەو کارەساتە فەرامۆش بکات بەڵام ئەوە مەحاڵە.
یاد زیاتر بۆی هەیە بۆ دیاردەیەک یان کەسێک بێت کە خۆشییەکمان بیر بخاتەوە نەک بۆ کارەساتێکی لەو شێوەیە گەورە. ئەو کارەساتە رۆژانە بونی لە ناوماندا هەیە و سات بە سات خۆیمان بیردەخاتەوە، ئیتر چۆن یادی بکەینەوە، ئەو لێرەیەو هەر بەردەوامە!
گرنگ ئەوەیە کاری لەسەر بکرێت و وەکو هۆڵۆکۆست بکرێت بە شوناسی میللەت!
پاشماوەی ئەنفال:
پاشماوە مانای چی؟ ئەم زاراوەیە بەشێکە لە تەعریب کردنی کارەساتەکە. دواتر دەسەڵات دەیەوێت پێمان بڵێت کە ئەنفال خۆی تەواو بووە و ئەمانەی ناوی ناون پاشماوە، تەنیا پاشماوەو بیرەوەریین و لەو کارەساتە بەجێماون.
ئەنفال ئەو پرۆسەیەیە کە بەعسیەکان زۆر بە بەرنامە هەڵیان بژاردوو کاریان بۆ کرد. ئەوان ڕاستە مەبەستیان لەناوبردنی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە کورد بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا مەبەستیان هەڵکۆڵینی برین و زامێک بوو لە جەستەی کورددا وەکو میللەت، کە بە هەزاران ساڵ ساڕێژ نەبێت، کەچی ئێمەی کورد زاکیرەمان تەمەن کورتە و دەمانەوێت لەبیری بکەین، یان تۆ بڵێیت کاردانەوەیەکی نائیرادی خۆمان نەبێت بۆ وە ژێر بەڕەخستنی ئەو روداوە ناخۆشە!
دەگوترێت نوکتەو قسەی خۆش زۆرتر لە نێو ئەو میللەتانەدا هەیە کە کارەساتیان زۆر بەسەر هاتووە، ئەوەش وەکو کاردانەوەیەکی نەستەکی بۆ هاوسەنگکردنەوەی دەرون و ڕاگرتنی باری گرانی حاڵەتە دەرونیەکانی دوای کارەساتەکان و بۆ شاردنەوەی دڵگرانیی جێ دەستی کارەساتەکان.
بەڵام ئەمە نابێت ببێتە پاساو بۆ لەبیرکردنەوە یان کەم بایەخکردنی ئەو کارەساتە!
٣
ئەنفال وەکو کەڵەشێرێکی هێلکە ئاڵتونی لەلایەن مەسولانەوە سەیردەکرێت. ئەوان لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەی بۆ سواڵکردن و پاڕانەوە و بۆ پتەوکردنی پایەی خۆیان دەگونجێت ئەنفالیان لەبیرە و بەکاری دەهێنن.
ئەوە نییە بارزانی وێنەی دەست ماچکردنی ژنێکی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە هەڵمەتی هەلبژاردندا بەکار دەهێنێت!
کەچی ئێستا لقی حیزبەکەی لە کەلار و چەمچەماڵ منداڵی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دەکوژن و قەتڵوعام دەکەن. شەهید کردنی گەرمیان و بیلال نمونەی ئەو وەفاداریەیانە بۆ ئەنفال.
تاڵەبانیش پیاوەکانی خۆی بەرداوەتە کەلار و شەلم کوێرم ناپارێزم خەڵکی ئەو شارو ناوچانە تیرۆر و ئیهانە دەکەن.
ژنە بەرگڕەشەکانی ئەنفالیش بە لاواندنەوەوە لە تەلەفزیۆنەکانی گەلی کوردستان و کوردسات پیشان دەدەن وەکو ئەوەی خەمخۆری ئەنفال بن و، لە هەمان کاتیشدا بە نێو سەیرانکەراندا دەگەڕێن و راپۆرت لەسەر سەیرانچیان بڵاودەکەنەوە.
لەو لاشەوە شێخ جەعفەر وەکو تاوانبارێکی ترسنۆک سوێند بە خوێنی شەهیدان دەخوات بۆ خۆ دەربازکردن لەو تاوانانەی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان و خەلکی چەمچەماڵ و کەلار ئەنجامیان داون.
٥
هەردوو جەنابیش ژمارەیەکی زۆر لە تاوانبارانی ئەنفالچییان لە نێو حیزبەکانی خۆیاندا حەشارداوەو دەیان پارێزن و پلەو پایەی بەرزیان داونەتێ، کەچی منەتی ئەوەش دەکەن کە خەمخۆری ئەنفالن.
٦
تۆڵەکردنەوەی راستەقینەی ئەنفال بەوە دەبوو هەر کە سەدام ڕوخاو، کورد چووە ناو کەرکوک و خانەقین و ناوچە کوردنشینەکانی موسڵەوە، بیانخستنایەتەوە سەر کوردستان و دەوڵەتی کوردیان ڕابگەیاندایە، نەک بە سەیارە دزین!
بەوە تۆڵەی دەکرایەوە ئیشی بۆ بکرایە و ناوچەکانی ئەنفالکراوەکان و زێدی ژیانی کەسوکارەکانیان بکرایە بە سەنگاپورە، نەک بە سەیارە دزین!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست