کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با نەکەوینە هەڵەوە (بەشی یەکەم)

Tuesday, 16/09/2014, 12:00


لەم نووسینەدا هەوڵ ئەدەم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە ئایا میلەتی ئێمە ووشیارە وەیان پێوستی زیاتری هەیە بەوەی ئاستی تێگەیشتن بەرز بکاتەوە تا بتوانێ لەدەست ئەم دەسەڵاتە نا نەتەوەیی و نا نیشتمانی و نا دڵسۆزەی کە بەزۆر سەپێندراوە بەسەریدا، ڕزگاری بێ و بتوانێ ئایندەیەکی پرشنگدار بۆ خۆی و نەوەکانی دەستەبەر بکا کە شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە بێ.

گشتمان هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەسەڵاتی باشوور دەسەڵاتێکی بەکرێگیراو و ئەلقە لەگوێی هەریەك لانی کەم لە ئێران و تورکیایە. واتە ئەم دەسەڵاتە گشت ئەو بەرنامە و پلانانە جێبەجێ ئەکا کە دوژمنانی گەلەکەمان پێیان خۆشە. هەروەك هەوڵدان بۆ مانەوە لەچوار چێوەی ئەو دەوڵەتانەدا و خۆ بەگچە و بچوك نیشان دان و ڕامکردن و دەستەمۆکردنی هاوڵاتیان و بڵاوکردنەوەی چەندین دروشمی فشەڵ و زلکردنی هێزی ئابووری ئەو دەوڵەتانەو ساغکردنەوەی کەلوپەلە بەسەر چووەکانی ئەو دەوڵەوتانە لەبازەڕەکانی کوردستان و بەنەخۆشکردنی خەڵکی بە خۆراکە ئێکسپایەر و دەرمانە بەسەرچووەکان و برەو دان بە چەمك و زارەوەی برایەتی گەلان و نەمانی خەباتی چەکداری و چەندینی تر، کەتەنها بۆ زیاتر خەساندنی دەنگ و وورەی هاوڵاتی کورد بەرانبەر هەریەك لە عەرەب،تورك و فارس.

مێژووی دوور و درێژی پەیوەندیەکانی ئەم دەسەڵاتە فەلەی کوردی باشوور لەگەڵ هەریەك لە ئێران و تورکیا ئەو ئاماژەیەمان پێ ئەدا کەئەم دەسەڵاتە بەتەواوی خۆی بەوانەوە گرێداوە، هەموو کاتێ ئامادە بوە شەڕیان بۆ بکا و چەندین لەڕۆڵەکانی خۆی بکاتە قوربانی تەنها بۆ مانەوەی خۆی و بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەییان. شەڕی ناوخۆی نێوان ئەم دوو هێزە، شەڕی ئەم دەەسەڵاتە دژ بە پەکەکە، خامۆشکردن و بەکڕ کردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە کەمپەکانی زڕگوێز و بەزۆر گوێڕایەڵکردنیان،واز هێنان لەچەندین ناوچەی کوردستانی و بە عەرەب کردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان. بەشداری کردن لەچەندین کابینەو حکومەتە شوڤێنی و ڕەگەزپەرست کە هیچ کات سڵیان لە پشتگوێخستنی مافەکانی هاوڵاتی کورد نەکردۆتەوە. لەبەرانبەردا، دەسەڵاتی کوردی چەکی مووچەی وەك کارتێك بەکار هێناوە بۆ زیاتر ڕامکردن و بەکۆیلەکردنی شەقامی کوردی و هەوڵدان بە کڕینی ویژدانیان و سەودا پێکردنیان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا.

جا کە ئێمە لەسەر ئەوەنەی سەرەوە هاوڕابین و باوەڕمان بەوە هەبێ کەئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە نا نیشتمانیە، ئەوا ئەبێ باوەڕیشمان بەوە هەبێ کە هەر کات بەرژەوەندی خودی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە کەوتبێتە ژێر پرسیار و گومان و ترسی شەقامی کوردی، ئەوا گومان لەوەدا نیە ئاغاکانیان بەهاناو هاوکاریان کردوون و لەو تەنگژە و قەیران و دڵە ڕاوکێیە ڕزگاریان کردون و جارێکی تر و بە شێوازی جیاوازتر و بەهێزێکی گەرم و گوڕتر،کراونەتەوە بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و فەرمانڕەوا. لێرەدا دوو نمونەی جیاواز ئەهێنینەوە بەر دیدی خوێنەر با بزانی تا چەند تورکیاو ئێران لەپشت ئەم دەسەڵاتەدان و تا چەندیش بەلایانەوە گرنگە ئەم دوو بنەماڵەیە زیاتر دابکوترێن و زیاتر بمێننەوە؛ کاتێ پارتی زانی هەژموون و کاریگەری پەکەکە لە ناوچەکانی بادینان بەرەو هەڵکشان و لوتکەیە، تورکیا هات و ٣ سەربازگەی لەناوچەکانی بادینان قووت کردەوەو هەر لەوکاتەوە ئاماژەیەکیان دا بەهاوڵاتی ئەوێ کەوا وا تێ نەگەن پارتی هەتیوەو کەسی نیە. بەڵکە ، لەهەر کاتێکدا بیەوێ ئەتوانێ هیزەکانی سەربازی تورك بەکار بێنێ بۆ سەرکوت کردنی دەنگی ناڕازیی لەکاتی پێوستدا. نمونەی دووەم لەدوای ٦٤ ڕۆژ بەسەر مانگرتن و ڕاپەڕینی خەڵکی سلێمانی دژی هێزەکانی جەلال و تاقمە تیرۆریستیەکەی لە گۆرەپانی ئازادی،ئەوە بوو یەکێتی چەندین هێزی عەرەبی لە بەغداوە ڕەوانەی سلێمانی کرد کە ئەو کات(مەحمود سەنگاوی) بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی ئەیوت؛ ئەو هێزە بۆیە بەعەرەبی قسە ئەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی لێیان تێنەگەن. واتە هەر کات مەترسی بەدی کرابێ لەسەر ئەم دەسەڵاتە، ئەوا گەورەکانیان یارمەتی و ‌هێزی سەربازیان بۆ ڕەوانە کردوون. بە واتایەکی ئاسانتر، ئەم دوو دەسەڵاتە بەناو خۆماڵیە هێزی گەورەتر و ترسناکتر لە پشتیانەوەن لەکاتی تەنگانەدا فریایان ئەکەون. ئەمە سەرباری ئەوەی کەوا چەندین ئۆفیس و بارەگای دەزگای نهێنی و هەواڵگری هەریەك لە ئێران و تورکیا کوچەو کۆڵانەکانی کوردستانیان زێڕەڤان و خستۆتە ژێر چاودێری خۆیان و چەندین کەسی خۆیان سەرپەرشتی کاراو کاریگەریان هەیە لە دەزگای پاراستن و دژە تیرۆردا. جا دەسەڵاتێك بۆ مانەوەی خۆی و جێبە جێکردنی ئەجندای دوژمنان سڵ لەهیچ شت نەکاتەوە دژ بە میلەتەکەی خۆی، ئایا ڕووخاندن و لەناو بردنی لەلایەن گەلەوە کارێکی ئاسان ئەبێ وەیان پێوستی بەچەندین هەنگاو ڕێکخستن و کۆششی زیاتر هەیە؟



کەواتە کار هەروا سانا و ئاسان نیە بۆ خەڵکی کوردستان کە بتوانێ ئەم دەسەڵاتە بگوڕێ و لەشوێنیاندا دەسەڵاتێکی نیشتمانی ونەتەوەیی و گەلی دابنێ. بۆ هاوڵاتی کوردستانی باشوور گەلێ ئەستەم و قورس و گرانە ئەلتەرناتیڤێکی گونجاو بدۆزێتەوە کە بە خواست و ڕەزای خۆی بێ و ئامانجەکانی وی بێنێتە دی، ئەمە لەکاتێکدا هەوڵێکی وای دا لە ڕێگەی هەریەك لە پارتە(ئیسلامیەکان و گۆڕانە)وە کە خەونەکانی بهێنێتە دی، لێ سەر کەوتوو نەبوو. لەبەرئەوەی ئەم هێزە نەیارەش هەر دەستکردی هەمان هێزە کە لە پشت دەسەڵاتە خۆسەپێنەوەکەن.

ماویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە