بۆ رۆكسانا سابیری، كچێكی ئێرانی بە ناسنامەی ئەمەریكی
Wednesday, 22/04/2009, 12:00
1862 بینراوە
تاران ـ ئەگەر بێدەنگ بووم، لەبەر ئەو بوو، وە ئێستا ئەگەر قسە دەكەم، دووبارە هەر لەبەر ئەوە. لەبەر رۆكسانا سابیری. دۆست و دەزگیرانم. كچێكی زیرەك و بەهرەمەند كە هەمیشە بۆ من مایەی شانازی بووە و هەیە. 31ی ژانوییە بوو، رۆژی لە دایك بوونم، بەیانی پەیوەندی گرت كە بۆ جەژنی لە دایك بوونم دێت بۆ لام، بۆ ئەوەی كە پێكەوە بچینە دەرێ. نەهات ... پەیوەندیم گرت بە مۆبایلەكەیەوە. كووژابۆوە هەتا یەك دوو رۆژ نەمدەزانی چی روویداوە. چووم بۆ ماڵەكەی و چون كلیلی ماڵی یەكتریمان هەبوو، چوومە ژوورێ بەڵام نەبوو ... دوای دوو رۆژ پەیوەندی گرت و گوتی "من ببوورە خۆشەویستم ناچار بووم، برۆم بۆ زاهیدان" و منیش تووڕە بووم كە بۆ چی بە منی نەگوتووە؟ گوتم باوەر ناكەم و دووبارە گوتی: "بمبوورە خۆشەویستم ناچار بووم" و گووشی تەلەفۆنەكە پچڕا و چاوەڕوانی پەیوەندی دووبارەی بووم و نەیگرت و نەیگرت.
رۆیشتم بۆ زاهیدان و تەواوی هۆتێلەكانم پشكنی و ناوێكی وایان نەدیتەوە، هەزار جۆرە فیكری نەخۆشم كردەوە تا دە رۆژ ... هەتا ئەوەی كە لە رێگای باوكییەوە تێگەیشتم كە دەستبەسەریان كردووە و پێم وابوو كە گاڵتەیە.
پێم وابوو لێك تێنەگیشتنە و دوو سێ رۆژی دیكە ئازادی دەكەن. بەڵام چەند رۆژ تێپەڕی و هەواڵێك لە رۆكسانا نەبوو. بە پەرۆش بووم و لەم دەرگا و لەو دەرگامدا هەتا ئەوەی كە ئاخری زانیم چی بەسەر هاتووە.
بە دڵێكی پڕەوە دەڵێم ئەو پاكتر و بێگوناەترە لەو قسانە. من كە ساڵانێكە دەیناسم و سات لە دوای سات لە كەناری بوومە، ئەم قسەیە دەكەم. ئەو هەمیشە خەریكی كارگەلی خوێندەنەوەیی و توێژینەوەیی بوو، نە شتێكی دیكە. لەو ساڵانەی ئاشنابووندا، نەبوو جارێك بأوات بۆ جێگایەك كە من نەزانم، یان كارێك بكات كە بە بۆچوونی من ناشایست و نەگونجاو بێت. لە پێشینەی ئەو و بنەماڵەكەی و دەوروبەرییەكانیشیدا هیچ كات نیشانەیەك لە خاڵێكی ناشایستم نەبینیوە. ئاخر چۆن دەبێ كەسێك كە جاری واهەبوو چەندین رۆژ لە ماڵێ نەدەهاتە دەرێ، مەگەر بۆ دیتنی من، كەسێك كە بە شێوەی ژاپۆنییەكان كەم خەرج بوو وە جاری وابوو بە سەختی خەرجی ژیان و كارەكەی دابین دەكرد، كەسێك دەر بە دەر بە دوای پاڵپشتێك دەگەڕا تا دەزگایەكی چاپ و پەخشی ناوخۆیی بەو بناسێنێت تا بتوانێت كتێبەكەی لێرە چاپ بكات، ئێستا تاوانبار بووە بە سیخوڕی؟! هەموومان دەزانین ـ نا، لە نێو فیلمەكاندا دیومانە ـ كە سیخوڕهكان زۆر ناجنس و بەڵان و بەردەوام لێرە و لەوێ سەر دەكێشن و لە گەڵ ئەوەشدا زۆریش مووچە وەردەگرن.
ویژدانم لە عەزاب دایە. چونكە من ئەوم بۆ مانەوەو كاركردن هاندا. وە ئێستا ناتوانم یارمەتییەك بەو بكەم. رۆكسانا دەیویست لە ئێران بأوات. من رامگرت. سەرەتاكانی ناسیاویمان ئەو دەیویست بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریكا. پێی خۆش بوو كە پێكەوە بڕۆین. بەڵام من پێم داگرت كە بمێنێتەوە تا فیلمە تازەكەم تەواو بێت. ئەو بە تەواوی خەریك بوو لە ئێران دەأویشت و من رامگرت. وە ئێستا ناأەحەتم كە لەبەر من مایەوەو تووشی ئەم رووداوانە بوو. خودی من لەم چەند ساڵەدا تووشی خەمۆكییەكی یەكجار زۆر بوومە. بۆچی؟ چون فیلمەكەم قەدەغە كراوە و لە بازاڕی رەش سەری دەرهێناوە. ئیزنیان بە فیلمەكەی دواییم نەدا و بە كردەوە منیان خانەنشین كرد. ئەگەر تا ئەمرۆ ماومەتەوە بە هۆی ئامادەبوون و یارمەتییەكانی رۆحی ئەو بووە. من لەبەر ئیزن وەرنەگرتنی فیلمەكەم توند و تووڕە ببووم و ئەو بوو كە هەردەم منی بۆ هێوری و ئارامی بانگهێشت دەكردەوە.
رۆكسانا دەیویست لە ئێران بڕوات. من رامگرت. ئەو ئاگاداری خەمۆكییەكانی من بوو. دواتر من لەبەر ئەوەی كە بۆ ئەو ئەنگێزەیەك دروست بكەم تا بمێنێتەوە، داوام لێكرد كە پلانی نووسینی كتێبەكەی كە زۆر لەمێژ بوو لە بیریدا بوو، دەست پێبكات. من لە گەڵی بووم و لەبەر دۆستایەتییەكان و ئەو پەیوەندییانەی كە بووم لەم دەرگا و لەو دەرگامدا و قەول و قەرارم دانا لە گەڵ سینەماكار و هونەرمەند و كۆمەڵناس و سیاسەتمەدار و ئەوانی دیكە. تەنانەت خۆشم لە وتووێژەكەیدا بەشداریم كرد. كتێبەكە سەرقاڵ بوونێك بوو بۆ ئەو هەتا بۆ مانەوە خۆی رابگرێت، تا من كاری فیلمەكەم تەواو ببێت و پێكەوە بڕۆین.
كتێبەكەی رۆكسانا كتێبێكی ئاسایی بوو وە بە هیچ شێوەیەك دژی دەوڵەتی ئێران نەبوو. تەواوی بەڵگەكانی كتێبەكە هەیە و بە دڵنیاییەوە رۆژێك چاپ دەكرێت و هەموو كەس دیبینن. بەڵام ئاخر بۆچی هەموو بێدەنگ بوون؟! هەمووی ئەو كەسانەی كە قسەیان لەگەڵ كردووە و لە وتووێژی ئەودا بەشداریان كردووە و دەزانن كە ئەو چەندە سادە و بێ تاوانە.
ئەگەر ئەم نامەیە دەنووسم لەبەر ئەمەیە كە بۆ ئەو بەپەرۆشم. بەپەرۆشی سڵامەتییەكەی. بیستوومە كە خەمۆك بووە و بەردەوام دەگری. ئەو زۆر هەست ناسكە. مەبادا دەست بداتە مانگرتن لە خواردن.
نامەكەم بۆ هەموو كاربەدەستانی دەوڵەت و سیاسەتمەداران و هەموو ئەو كەسانەیە كە دەتوانن كارێك بكەن. تۆ ئەو خودایە دەست هەڵگرن. تۆ ئەو خودایە ئەو مەهێننە نێو ئەو كایانەی گەورەكانەوە. ئەو كزتر و سادەترە لەوەی كە بتوانێت لە كایەی ئێوەدا بەشداری بكات. تۆ ئەو خودایە تەواوی بكەن، مەهێڵن بەم جۆرە ببێتە مۆرەی پەروپاگەندەی ئەم جیهانە پیسە. داوا لە من بكەن كە لە دادگاكەی ئەودا ئامادە ببم و لە تەنیشت باوكی تێگەیشتوو وە دایكی میهرەبانیدا دابنیشم و بە پاكی و بێ تاوانی ئەو شایەدی بدەم.
كچی ئێرانیمان كە چاوانی ژاپۆنی هەیە و ناسنامەی ئەمەریكی، لە زیندان دایە. وای لە من. وای لە ئێمە!
لە كۆتاییدا بە هیوای ئەوەی هونەرمەندی سینەماكاری ناودار بەهمەن قوبادی كە بەم شێوەیە هەست و سۆز و بۆچوونی خۆی لەم نامەیەدا دەربڕێوە و داكۆكی لە دەزگیرانەكەی كردووە تووشی گیر و گرفت نەبێت و لەوە زیاتر كەند و كۆسپ نەیەتە سەر رێگای ئەم هونەرمەندە كە خاوەنی چەندین خەڵاتی گرینگ و شانازی گەورەیە.