سەنتەری میترۆ داوای ئازادكردنی سەرنوسەرێك دەكات...
Tuesday, 11/01/2011, 12:00
سلێمانی، 11ی كانوونی دووەم، 2011:
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان نیگەرانە لە فەرمانى دەستگیركردنی سەرنوسەری گۆڤاری فشارو بڕیارى دەستبەسەركردنى بۆ ماوەی دوو رۆژ.
هێمن كەریم سەرنووسەری گۆڤاری فشار بە دەستبەسەرى لە بنكەی سەرای شاری سلێمانییەوە بە سەنتەری میترۆی وت "دادوەری لێكۆڵینەوە بریاریدا بۆ ماوەی دوو رۆژ دستگیربكرێم تا لەو ماوەیەدا بمبەن بۆ بەردەم دادوەر لە دادگاى خانەقین."
هیلال ئیبراهیم، پارێزەری سەرنوسەری گۆڤاری فشار، وتی "فەرمانی دەستگیركردنی هێمن لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی خانەقینەوە دەركراوەو لەلایەن پۆلیسەوە لە سلێمانی جێبەجێكراوە. "
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە دەستگیركردنی هێمن لەسەر داوایەكی یاسایی مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، كە لەماوەی رابردوودا دژی سەرنوسەری گۆڤاری فشار تۆماریكردووە.
پارێزەرەكەی هێمن جەختیكردەوە "بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی سلێمانی سەرنوسەری گۆڤاری فشار بۆ ماوەی دوو رۆژ (تا 13ی كانوونی دووەم) دەستبەسەردەبێت تادەبرێت بۆ خانەقین بۆ ئامادەكردنی لە بەردەم دادگای لێكۆڵینەوە لەو شارەدا."
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنووسان دوادەكات "دەستبەجێ سەرنوسەری گۆڤاری فشار ئازادبكرێت، داوەرانی لێكۆڵینەوە ئاسانكاری بكەن بۆ جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی یاسای كاری رۆژنامەگەری لە كوردستانداو لێكۆڵینەوەكە لە خانەقینەوە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی بەو پێیەی كە گۆڤارەكە لە شاری سلێمانی چاپ و بڵاودەكرێتەوە".
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان، رێكخراوێكی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لەرۆژنامەنوسان و مافەكانیان. ئەم رێكخراوە، لە هەرێمی كوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەكان (JFO) دەكات كە نوسینگەی سەرەكی لەشارى بەغدایە.
بۆ زانیاری زیاتر، پەیوەندی بكەن بە:
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ: 07701523300
مەریوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەر: 07701940930
ئیمەییل,
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست