کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

رەفعەت هەڵەبجەیی

ئەندامی پێشووی ستافی کوردستانپۆست، رەفعەت هەڵەبجەیی سەر لە بەیانی رۆژی یەكشەممە، 07 / 06 /2020 بە نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


٢٠١٣ساڵی نوشوست دەبێت بۆ پارتی وبەهاری یەکێتی و جەماوەریش دەست پێ دەکات

Sunday, 31/03/2013, 12:00





خەباتی سیاسی تاڵەبانی زیاتر لەنیو سەدەیە نزیکەی ٣٥ ساڵی بەدوژمنایەتی بنەماڵەی بارزانی بەسەر بردووە
هیچ سیاسی یەك نیەبتوانێت بڵێت هەرهەموو ئەو دوژمنایەتی وجیاوازی یە لەسەر دەسەڵات و ململانێ ی شەخسی بووە بەلکو هۆکاری سیاسیشی لەپشتەوە بووە .تۆ بڵێ ی ئەو هەموو جیاوازی و دوژمنایەتیەی تاڵەبانی بە زەواجێکی بەرژەوەندی کەناوی پەیماننامەی ستراتیژیە لەنێوان حیزبەکەی خۆی و بنەماڵەی بارزانی بڕەوێتەوە؟ یان پەیمانی ستراتیژی تەنها زەواجێکی متعە بوو لەنێوان خودی بارزانی و تاڵەبانیدا، بۆ بەسەر بردنی مانگی هەنگوینی نێوانیان، بارزانی بۆ دەست بەسەرا گرتنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بەهێز کردنی پێگەی سیاسی و ئابوری خۆیی و بنەماڵەکەی تاڵەبانیش بۆ دروست کردنی مێژوویەك بۆ خۆی کەسەرۆک کۆماری عێراق بوو بۆ دوو خولی سەرۆکایەتی. ئەم زەواجی متعەیە کۆمەڵێك کاریگەری چاك و خراپی بۆ هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی و خەڵکی کوردستان هەبوو.
لەدوای بونی تاڵەبانی بە سەرۆکی کۆمارو دەست بەکاربوونی پارتی و بنەماڵەی بارزانی گەورەترین ڕقەبەری مێژوویان کە تاڵەبانی بوو لەکۆڵ بوویەوەوکوردستانیان بۆ یەکلا بوەوەوە دواتر کەوتنە کلک گرێدان لەگەڵ دوژمنانی کوردوهەرهەموو سنورەکانی هەرێمی واڵا کرد بەڕووی میت وموسادی ئیسرائیلی و کۆمپانیا مشەخۆرەکانی ڕۆژ ئاوا.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو حیزبێکی هەتیوکەوتوو و بێ سەرۆك لەناوخۆدا ئافاتی کۆتلەو کوتلە کاری بەربووە جەستەی ولەدەرەوە ش پارتی وەکو ڤایرۆسێکی کوشندە بەربووە گیانی ئەو حیزبەو هەردوو نەخۆشی ناوخۆیی و دەرەکی لەشی ئەوحیزبەیان ئالودە کرد. ڕۆژ بەڕۆژ کادیرە دڵسۆزو نیشتمان پەروەرەکانی ناو ئەو حیزبە هەستیان بەلاوازی و داخورانی ڕیزەکانی ناو حیزبەکەیان دەکردوو دواتر دەنگیان هەڵدەبڕی و گلەیی وناڕەزایی یەکانی خۆیان دەگەیاندە مەکتەب سیاسی و ئەوانیش دەیانگەیاندە خودی تاڵەبانی . جەلال تاڵەبانیش ئەوەندە کورسی دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری بەلاوە گرنگ بوو دەگەڕایەوە بۆ کوردستان و بە چەند دیاریەکی تایبەت لە شێوەی ئۆتۆمۆبیلی جوان و بەخشینی چەند موکافەئەیەکی مالی دەفتەرە دۆلارو جێ گۆڕکێ پێ کردنی چەند کادیرو فەرمانبەرێك دەنگی کادیرە ناڕازیەکانی ناو حیزبەکەی دادەمرکاندەوەو لە هۆڵی کۆبونەوەکاندا بە چەپڵەڕێزان بۆ مامی حەکیم و گەورە کۆتایی بە ناڕەزایەکان دەهێنرا. ئەم جۆرە ناڕەزایی یانەی ناو یەکێتی ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر بەردەوامە.
باجی پەیمان نامەی ستراتیژی تەنها جەماوەری کوردستان و یەکێتی نیشتمانی دایان ، پەیمانی ستراتیژی یەکێتی گەیاندە لێواری مەرگ و خەڵکی کوردستانیشی کردە کۆیلەو کۆمەڵگای بەجۆرێك گەندەڵ و چاوچنۆك کردووە هیچ شتێك نیە لەناو ئەم هەرێمەی ئێمەدا ناوی ڕەوشت و کەسایەتی تاك بێت . بەڵکو هەرهەموو ئامانج و ستراتیژێك لەلای خەڵکی ئێمە بۆتە موچەو کۆمپانیاو دەفتەرە دۆلارو پێشبڕکێ ی ناشەریفانە لەسەر دەوڵەمەند بوون و پەیدا کردنی پارەو
سەروەت و سامانی بەڕێگەی نایاسایی.

سەروەت و سامانی دزراو دکتاتۆر دروست دەکات بەڵام هەرگیز ناتوانێت بیپارێزێت.
باوەڕناکەم هیچ دکتاتۆرێك هێندەی قەزافی سەروەت و سامانی دزراوی پێکەوە نابێت کەچی کاتێك میللەتەکەی لێ ی ڕاپەڕین نەیتوانی بە پارە خۆی لە مردن ڕزگار بکات.
بارزانی هەشت ساڵی ڕەبەقە لەڕێگەی کۆمپانیا تورکی وبیانیەکانەوە نەوتی کوردستان تاڵانفرۆش دەکات ودوور لە چاوی میللەت و تەنانەت حیزبە هاوپەیمانەکەیشیەوە خۆی و بنەماڵەکەی دەوڵەمەند دەکات ئەوەیشی شەرعیەتی بەم دزیەی پارتی و بارزانی داوە تەنها ئەو زەواجی متعەیەیە کە لەنێوان تاڵەبانی و بارزانیدا ئەنجام دراوە.
کۆتایی هێنان بە زەواج لە ئیسلامدا یان لەڕێگەی تەڵاقەوە دەبێت یان مردنی پیاوەکە یان ژنەکە یەکێکیان، زەواجی متعەی نێوان تاڵەبانی و بارزانیش وا خەریکە بە مردنی تاڵەبانی کۆتایی دێت.
مێژوو و ڕابوردووی یەکێتی سەلماندوویەتی کە هێزی ئەو حیزبە لە تەنیایی و سەربەخۆبوندایە واتە یەکێتی بە هاوپەیمانی کردن هەمیشە لاواز بووە ، بیرم دێت لە هەشتاکاندا لەیەك کاتدا لە گەڵ هەموو حیزبە کوردستانیەکان و واتە بەرەی جود وئێران و عێراقیش دا دەجەنگاو کەچی ڕۆژ بەڕۆژ بەهێز دەبوو بەرگری دەکرد کەچی ئێستا بە هاوپەیمانیەکی بێماناو بێ ناوەرۆك بۆتە مەخسەرەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی .
لە ووتاری پێشومدا نوسیبوم کەوا یەکێتی نیشتمانی خەریکە لە نەخۆشی شێر پەنجە چاك دەبێتەوە من لەخۆمەوە ئەم بۆچونەم نەدرکاندووە ئەوەتا لەو ڕۆژەوە یەکێتی نیشتمانی لەڕێگەی بەرپرسەکانیەوە ڕای دەگەێنن کەوا بەلیستی جیاواز دەچنە هەڵبژاردنەوە پارتی ئۆقرەی لێ بڕاوەو جەنگی ڕاگەیاندنی دژی یەکێتی دەست پێ کردووە. هەر ئەندامەو جۆرە تەسریحێك دەدات دەربارەی هەڵبژاردنەکان و کۆتایی هێنان بە پەیمان نامەی ستراتیژی.
پارتی ماوەیەکە تووشی هێستریا بووەو نازانێت چی بکات بۆ ئەوەی کە چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانی هەرێم بۆ خۆی مسۆگەر بکات چونکە چاك ئەو ڕاستیە دەزانێت کە سەردەمی شەڕ بەسەر چووە تەنها شەڕێك هەبێت بۆ مانەوەی لە دەسەلات شەڕی سندوقەکانی دەنگدانە کە پارتی هەرگیز ناوێرێت خۆی لە قەرەی بدات پێش ئەوەی کە ئەنجامی ئاوپەیمانێتیەك بۆ خۆی مسۆگەر نەکات هاوکێشەکانیش بە ئاشکرا دیارن یەکێتی خۆی یەکلا کردۆتەوە کە بەتنها دەچێتە هەڵبژاردنەوە گۆڕانیش بە هیچ شێوەیەك هاوپەیمانی لەگەڵ پارتیدا ناکات. ئەوەی دەمێننەوە حیزبە ئیسلامیەکانن کۆمڵ و یەکگرتوو ئەو دوو حیزبەش هەمیشە بۆ پارە چونەتە دەسەڵاتەوە دوور نیە بە پارەیەکی خەیاڵی زۆر کە لە ملیۆنەها دۆلار خۆی ببینێتەوە یان لەژێر کاریگەری تورکیای ئیسلامی ئۆردغانی و یان قەتەرو سعودیە ڕاپێچی هاوپەیمانێتیەکی ناچارکراویان بکەن بەلام کێشەکە لەوەدایە جەماوەری یەکگرتوو هەرگیز ناهێڵن حیزبەکەیان لەگەڵ پارتیدا هاوپەیمانی بکەن ئەگەر ناچاریش بکرێن دەنگ بە کوتلەکەی خۆیشیان نادەن.بارزانی یاسای هەڵبژاردنی هەر بە ئەنقەست پشت گوێ خستووەو نایەوێت ڕۆژو مانگی هەڵبژاردنەکان دیاری بکات بەڵکو دەیەوێت ئەم حکومەتەت و بەرلەمانە کەهی خۆیانە هەرچۆنێك بێت هەر بەردەوام بێت.تا ئاسۆیەکی ڕونی دەسەڵاتی بنەماڵەکەی خۆی بۆ خولی داهاتوو دەرکەوێت.
ئەگەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوا بڕیاری کۆتایی خۆی دابێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی ستراتیژی و دابەزینی بەلیستی جیا لە پارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم ئەوە سەرەتای بەهاری ئەو حیزبەیەو ئەو حیزبە جارێکی تر دەگەڕێتەوە دۆخی زێڕینی سەرەتای نەوەدەکانی خۆیی و بەلێشاو خەڵکە تۆراوو دڵشکاوەکانی ئەو حیزبە دەگەڕێنەوە باوەشی دایکیان کە یەکێتی یەو ئیتر بەهاری ئەو حیزبە دەست پێ دەکات لەو لایشەوە پارتی بەرەو نوشوست و پەراوێز بوون دەچێت. چونکە پارتی تەنها بە ملهوڕی و دکتاتۆری خۆی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە ئەگەر بێت و تەنها بۆ یەك خولی بەرلەمان لە ئۆپزیسیۆندا بمێنێتەوە هەرگیز ناتوانێت دەسەڵات وەربگرێتەوە چونکە جەماوەری کوردستان لە بنەڕەتدا بێ دەنگ نیە بەڵکو بە زۆر بێ دەنگ کراوە. ئەو بێ دەنگیەش درەنگ یا زوو دەڕەوێتەوەو تەنها بە هەڵوەشانەوەی پەیمانی ژەهراوی ستراتیژی نێوان تالەبانی و بارزانی بەهاری کوردی دەست پێ دەکات و تەنها زەرەرمەندو دۆڕاو بارزانی بنەماڵەکەی دەبن.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە