تكایە بڕیارێك بۆ توڕدانى مەلا جاهیلەكان!
Wednesday, 05/05/2010, 12:00
ئەگەرچى ڕاگەیاندن وەك دەسەڵاتى چوارەم لەم هەرێمەدا بەهەموو كەموكوڕیەكانیەوە ئەگەر بەراورد بكرێت بەدەسەڵاتەكانى دیكە, جگەلەوەى لەهەرسێ دەسەڵاتى(یاسادانان و جێبەجێكردن و داد) ئەكتیڤتر بوە,هاوكات ڕۆڵێكى زۆرباشیشی بینیوە لەچاودێریكردنى هەرسێ دەسەڵاتەكەى دیكە,وەلێ بێكەسترین ومەزڵومترین توێژ لەم هەرێمەدا نوسەروڕۆشنبیروڕۆژنامەنوسان.
بەدرێژاى ئەم (19) ساڵەى ڕابردوو زەمەن لەدواى زەمەن,سات لەدواى سات كارى نایاسای نەما دەسەڵات نەیگرێتەبەر هەرلە(تیرۆركردن, بێسەروشوێنكردن, داركاریوفەلاقەكردن, فڕاندن,هەڕەشەو چاوسوركردنەوە,تەنانەت نانبڕین)وچەندین كارى نایاسای دیكەى جۆراوجۆر بەرامبەر ئەم توێژە ئەنجام دراوە, ئەمەجگەلە سوكایەتى پێكردنو هۆنینەوەى چەندین بوختانو تانەوتەشەرو هەڵبەستنى سەدان تۆمەتى ئەخلاقی لەلایەن كارەكتەرەكانى هەردوو حیزبى خاوەن دەسەڵاتو هەندێك لەودەزگا ڕاگەیاندنانەى مەگەر بەس خۆیان بزانن لەلایەن چى كەسولایەنێكەوە دەعم دەكرێنو بۆچى مەبەستێكیش ئاڕاستەدەكرێن؟!, ئەوا لەسایەى ئەم دەسەڵاتە عەلمانیەوە ولەلایەن بەشێك لەمەلاكانەوە سوكایەتى كردنوهاندانى خەڵك بۆتیرۆرى نوسەرو ڕۆشنبیرانیشى هاتەسەر.
ئەوهێرشوپەلامارانەى مەلاكان كەماوەیەكە لەمزگەوتەكانەوە دەستیان پێكردوە بۆسەر (نوسەرو ڕۆشنبیران وتەنانەت بەشێك لەكچەهونەرمەندوپێشكەشكارەكانى تەلەفزیۆن,یاخود ئەو ئافرەتانەى كەلەڕێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنیدا كاردەكەن....هتد),ئەگەرچى بەشێك لەوهێرشە ناڕەوایانە دەگەڕێنەوە بۆچەندساڵێك لەمەوبەر ,بەڵام ئەوبێدەنگیەى دەسەڵات لەئێستادا بەرامبەر بەوسوكایەتیەى مەلاكان كە بەتایبەت بەرامبەر بەنوسەرو ڕۆشنبیران سەریهەڵداوەو خەریكە دەبێتە دیاردەو هاوكات شاربێحاكمە,ئەمەجێگەى گومانە,پێدەچێت ئەمەش ڕێگایەكى دیكەى مۆدێرنبێت بەرامبەر بەنوسەروڕۆژنامەنوسان گیرابێتەبەر بۆیە ئاوا ئەم دەسەڵاتە خۆى لێبێدەنگ كردوە!.
تەنانەت بەجۆرێك ئەوهێرشانە چڕبونەتەوە تابگاتە ئەو ڕادەیەى مەلایەك بەڕۆژى ڕوناكو بەبەرچاوى سەدان مرۆڤو بەبێ هیچ فلتەرێك لەبڵندگۆى مزگەوتێكەوە یەكبەخۆى هاواربكاتو بڵێت(دەبێت فڵان میدیاو فیساردەزگا لغاوبكرێن!) وەك ئەوەى بڵێى خودالەو دنیا ناردوێتى بۆتاروماركردنى نوسەرو ڕۆشنبیران!.
جارێ من لێرەدا ڕێگە بەخۆم نادەم وشەى (لغاو) شیبكەمەوە چونكە هەركەس لەماناى وشەى (لغاو) تێبگاتو بزانین (لغاو) بۆچى بەكاردێت دەزانێت ئەوەندە بێئەدەبیە كەئینسان شەرم دەكات بە باسكردنى ئەو وشەیە,لێ كارەساتەكە لێرەوە دەستپێدەكات كەبەوجۆرە سوكایەتى بەنوسەرو ڕۆشنبیران دەكرێتو دەسەڵاتیش بێدەنگى هەڵبژاردوە!, ئاخۆدەبێ ئەم بێدەنگیەى دەسەڵات چی لەپشتەوەبێت؟!,كاتێك دەسەڵات شەرعیەت بەوە دەدات بڕیاری ئەوەدەربكات (هەركەسولایەنێك سوكایەتى بەهەر دینێك یان پێغەمبەرێك بكات دەدرێتە دادگا) كەڕەنگە هەموان كۆكبین لەسەر ئەوەى ئەگەر بەفعلى سوكایەتى بەهەردینێك,یان هەرپێغەمبەرێك بكرێت پێویستە بكەرەكەى بدرێتە دادگاو تەنها لەڕێگەى دادگاوە كێشەكە یەكلابكرێتەوە,بەڵام نەك مەلایەك فتواى كوشتن دەربكات,یان بگاتە ئەو ڕادەیەى لغاو بخاتە دەمی نوسەرودەزگایەكى ڕاگەیاندنەوەو هیچ سنوورێك بۆ ڕێز نەهێڵێتەوە!.
ئەو زنجیرە هێرشە ناڕەوایانەى هەندێك لەمەلاكان لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا كردیان, بەتەنها هێرشكردن نیە بۆسەر نوسەرێك یان دەزگایەكى ڕاگەیاندن و نائینسافیشەكێشەكان لەوەدا كورت بكەینەوە,بەڵكو ئەگەر بێتو ئەوهێرشانە بەریان پێنەگیرێتو سنوورێكیان بۆ دانەنرێت لەئایندەدا كارەساتێكى گەورەتر دروست دەكات كەهیچ كەمترنابێت لەوتیرۆرو هەڕەشەو تۆقاندنەى كەلە ڕابردوودا لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرامبەر بەنوسەرو ڕۆژنامەنووسانى ئەم هەرێمە ئەنجام دراون,چونكە ئەوان بەئاشكرا و بەبێسانسۆرو لەبڵندگۆى مزگەوتەكانەوە جگەلەسوكایەتیكردن ,هانى خەڵكی دەدەن بۆ دروستكردنى فەزایەكى ئیرهابی بەرامبەر بەنوسەرو ڕۆشنبیرانى ئەم هەرێمە.
لێرەوە ئەوپرسیارەى كەپێویستە بكرێت ئەوەیە, ئایا دواى ئەو ووتارە ناڕەواو ترسناكانەى هەندێك لەمەلاكان, هەر نوسەرێك, یاخود هەر كارمەندێكى دەزگایەكى ڕاگەیاندن ,ڕوبەڕوى تیرۆر, یان هەركارێكى نایاسای ببنەوە كێ بەرپرسیارە لێى؟, ئایا دەسەڵات دواى ئەوهێرشە ناڕەوایەى مەلاكان بیرى لەڕوودانى هەركارەساتێكى ترسناكى چاوەڕوان نەكراو كردۆتەوە؟!, ئایا لایەنى پەیوەندیدار بیریان لە دەركردنى بڕیارێكى لەوجۆرەش كردۆتەوە كە مەلایەك بەمیزاجى خۆى غوتبەیەك بدات كەترسى ڕودانى كارەساتێك لەسەر هەرتوێژێكى كۆمەڵگا دروست بكات بەرپرسیارەو دەبێت بدرێتە دادگا؟.
لێرەوە پێویستە ئەوە بڵێین ئیدى كاتى ئەوەهاتوە هەروەك چۆن بەپێویست دەزانرێت لایەنە پەیوەندیدارەكانى دەسەڵات لەبەرامبەر دەركردنى بڕیارێك بۆئەونوسەرو ڕۆژنامەنووسو دەزگاو لایەنانەى كەسوكایەتى بەڕموزە ئاینیەكان دەكەن تابدرێنە دادگا, ئاوهاش بڕیارێك دەربكرێت بۆ توڕدانى ئەو بەناو مەلایانەى كەلەدەیان ووتارى هەینیدا قسەى گیرفانى خۆیان دەرخواردى خەڵكى موسوڵمانى ئەم هەرێمەدەدەنو ماڵەكانى خودا لەم جۆرە مەخلوقانە پاك بكرێنەوە, ئیدى كاتى توڕدانى هەموو ئەومەلا نەخوێندەوارو عەوامانە هاتوە كە كاریان بڵاوكردنەوەى جەهلو فكرى تیرۆرە لەم هەرێمەدا, بەڵێ هەمووئەوانەى كە جودا لەڕوە زانستیەكە بونەتە مەلاو ئەمڕۆ پێشنوێژوو وتارخوێنى ماڵى خودان!, هەموو ئەوانەى كە خۆیان بەپێشەواو دەمڕاستى خەڵكى موسوڵمانى ئەم هەرێمە دەزانن وگرەو لەسەر زانایى وبلیمەتیان دەكەن, وەلێ لەم سەردەمى جیهانگیریو عەولەمەیەدا تائەم ساتەشی لەگەڵدابێت چونەسەرمانگ بەكوفرى موتڵەق دەزاننو پێیان وایە هەركەسێك باسی ئەم دێڕە بكات كافرو موڕتەدە!,ئەوانەى قسەى گیرفانى خۆیان ئیزافەى قورئان دەكەنو باسی ڕوبارى (ترشیاتو كاپوچینا) دەكەن لەوتارى هەینیاندا!, ئەوانەى كە هەزەلیانە باسى ڕەشیقى و باڵابەرزى ئەوحۆریانە دەكەن كەسەریان لە(چەمچەماڵە)وقاچیان لە(هەولێرە), ئەوانەى سەردەمێك فتواى حەرامكردنى ئۆتۆمبێلە علوجو تۆزوباكانیان دەداو خۆشیان علوجترین ئۆتۆمبێلى علوجیان لەژێردابوو!,ئەوانەى سەردەمێك (بگرە تائەمڕۆشى لەگەڵدابێت) ئەنفالكردنى (182) هەزار مناڵو گەنجوپیرى بێگوناهى ئەم میللەتەیان لەڕێگەى قورئانەوە بەشەرعى زانیوە وبەشەرعیشی دەزانن!, بەڵێ زۆرێك لەومەلایانەى هەرئەمڕۆ تەفسیراتو تەئویلاتى جیاجیادەكەن لەنێوان سێكسو ئیرۆتیكداو خۆیان بەپسپۆڕى ئاینى دەزانن ,وەلێ لە ووتارى هەینیداو بێڕەچاوكردنى لایەنى كۆمەڵایەتى و لەبڵندگۆى مزگەوتەكانەوە وبەبێ هیچ فلتەرێك لەغوتبەیەكى سێكس ئامێزدا بەقێزەونترین شێوە باسی جیماعو عەورەتى مرۆڤەكان دەخەنە بەرگوێی بچووكترین چینى ئەم كۆمەڵگایە كەمنداڵانن!, ئەوانەى كەباكگراوندێكى ێرف حیزبیان لەپشتەوەیەو بەقوڕمیشى حیزبەكان دەجوڵێنەوە و كاریان كۆكردنەوەى وەلائە بۆحیزبەكان!, ئەوانەى لەپێناو بڕێك پارەدا پاساوى شەرعى بۆمارەبڕینى گەورەبەپچوكو مارەبەجاش دەهێننەوە یانیش لەسەربێشكە كوڕوكچان لەیەكدى مارەدەكەن ودواجار ماڵەئارامەكان پڕدەكەن لەغەزەب!....ئەوە باواز لە فەزیحەى ئەومەلایانە بێنین كەلەڕێگەى گرتەڤیدیۆیەكانى مۆبایلەوە قسەكانیان دەبنە نوكتەى ڕۆژى گەنجانى ئەم كۆمەڵگایە!.
دواجار كاتى ئەوەهاتوە ڕاشكاوانە بە دەسەڵات بڵێین تكایە بڕیارێك بۆتوڕدانى ئەومەلاجاهیلانە تاكو بەربەوكارەساتە یەك لەدواى یەكانەبگیرێت كەزەمەنێكە لەسایەى ئەم مەلایانەوە بەرۆكى ئەم كۆمەڵگەیان گرتوە,چونكە وەك ئاشكرایە بەشێكى زۆری ئەم بەناو مامۆستا ئاینیانە زۆرترین جەمەوەریان هەیەو كەسانێك هەن بەفتواى ئەم جۆرە مەخلوقە (هەڵسوكەوت دەكەن!, نان دەخۆن!, سەفەردەكەن!, جیماع دەكەن!, فەریزەكانى خودا جێبەجێ دەكان!, حەڵاڵوحەرام لەیەكدى جیادەكەنەوە!, خێزان گۆش دەكەن!, ڕەوشتو بێڕوشت, شەرەفو بێشەرەف!, ئیماندارو بێ ئیمان!, عاقڵوگێل!, باشوخراپ!, زیرەك ودەبەنگ!,موسوڵمان وكافر!,....هتد, لەیەكترجیادەكەنەوە)!.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست