سەرۆکی تەزویر دەستبەرداری خۆی بۆ گشت پۆستەکانی ڕائەگەیەنێ
Tuesday, 01/03/2011, 12:00
خەفەکردن و کپ کپکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ڕاپەڕیوانی بەردەرکی سەرا ئامانجی یەکەمینی دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتیە، بۆ ئەمەش چەندین کاری تیرۆریستیانەیان بەئەنجام گەیاندو دواتر لەڕێگای چەندین درۆو بەڵێنی گەورەی بەرپرسان و ئەندام پەرلەمانان لەم هەوڵەیان بەردەوام بون، لێ خۆش بەختانە نەیان توانی تەفرەی گەنجانی شار بدەن و هەڵیان بخەڵەتێنن.
دەسەڵاتی خۆسەپێن ، زۆر باش ئەزانێ کەتەنها ترس بۆی، لەڕێگای شەقام و گەنجانەوەیە، نەك پارت و ڕێکخراوە بەناو نەیارو ئۆپۆزیسیۆنەکان، ئەم ڕاستیە بەباشی دەرکەوت ، کاتێ ڕاپەڕیوانیان بەگێرە شێوێن ناوزەند کردو پشتیان تێکردن. ئێدی لەو ڕۆژەوە بەرەکان بەتەواوی سنووردار کراوان و تەنها گەلی ڕاپەڕیو لەدژ دەسەڵاتی خۆسەپێندا درێژە بەخەباتی مەیدانیان ئەدەن و ئەمڕۆ نەبێ ئەوا سبەی دەسەڵات ئەبێ گوێ قوڵاغی داوا ڕەواکانیان بن، وە تاکە زەمانێك بۆ ئەوەی ئەم داوا ڕەوانە بچنە واری جێبەجێ کردنەوە، تەنها و تەنها بەردەوامیە لەو وادەیەی بۆی دەست نیشان کراوە ، ئێدی پێوستە لەسەر ڕاپەڕیوان درێژە بەخەباتیان بدەن و بچنە قۆناغێکی نوێی بەرهەڵستکاریانەوە کەدوور نیە پەنا ببرێتە بەر هێزی توندوو تیژی چەکداریانەوەو پارتی زان.
دیارە سەفەرەکەی سەرۆکی تەزویر لەژێر فشارێکی گەورەی جیهانی و خۆدزینەوە بوو لەوەی لەکوردستان بەخۆیە بینیوە. سەرۆکی تەزویر جگە لەو سیناریۆیانەی سەرەوە کەخۆی داڕێژەری بوون و پیاوە ناپیاوەکانیان بۆیان جێبەجێکردن، ئێستا دوای ئەوەی هیچ ئومێدێکی پێیان نەما، خۆی دێتەوە مەیدان و بەچەند درۆو دەلەسەیەك هەوڵ ئەدات کۆتایی بەم خەباتی ڕاپەڕینە نوێیە بێنێ، بۆ ئەمەش چەندین سیناریۆی نوێ لەئارادایە، لەوەی باسکردن لەدروست کردنی دەوڵەتی کوردی و گەڕانەوەی شاری کەرکوك و ناوچە دابڕاوەکان، هەروەها جگە لەمانەش چاوەڕوان ئەکرێ پێش هەڵچوونی ئاستی ڕاپەڕیوانو هەڵکشانیان بەرەوە لوتکە و گوێزانەوەی توڕەییەکان بەرەو بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی، مەسعودی تەزویر لەم کاتەدا واز لەهەموو پۆستەکانی دێنێ و بەمەش تەمەنێکی درێژتر بەباڵای بنەمەڵەکەی خۆی ئەبەخشێ، ئەمە لەکاتێکدا وەك چاوبەستێك بۆ ئەوروپاو سیاسەتی ئەمڕۆ بەچاك ئەزانێ هەوڵێکی لەم شێوە بدات.
بەڵام پێوستە جەماوەر زۆر لەوە زیاتر هۆشیارتر بن و بەم جۆرە ئاکامانە کۆڵنەدن و داواکاریان تەنها نەهێشتنی ئەم بنەماڵەیەو سیاسەتەکانی بێ، وە ئێمە گەلێ دڵخۆشین بەوەی کەجەماوەری ڕاپەڕیو پەی بەم پیلانە ئەگرن و داوای سەرتاپا هەڵتەکاندنی ئەم سیستمە بکەن و هەر لەڕێگای ئەم خەباتەوە بتوانن ئاواتی گەنجان بێننە دی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست