کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بایکۆتکردنی هەڵبژاردن وەرچارخانێکی گرنگی کۆمەڵگای کوردی ئەبێت

Friday, 06/09/2013, 12:00







بایکۆتکردن، نەریتێکی نوێیە لەنێو پانتایی سیاسەت لە کوردستاندا. لەو ڕووەوە کە نەریتی هەڵبژاردن کۆپییەکی ناشیرینی دیموکراسی پارلەمانی ڕۆژئاوایە لەلایەن بۆرژوازی کوردستانەوە، وە بەگوێرەی لۆژیک خاوەن میلیشیاو پارەو ئیمکاناتی ماددی ئەتوانێت لەم هەڵبژاردنەدا بەشداربێت‌و بیشیباتەوە، بۆ پشتیوانی ئەم حوکمە بەڵگەی ڕوون‌و ئاشکرا لەبەر دەستدایە، ئەگەر سەرنجی بانگەشەکانی ئێستا بدەین، ئەبینین، تەنیا ئەو حزبانەی زۆرترین فەرهودیان کردووەو زۆرترین سامانی ووڵاتیان خستۆتە ژێر چنگی خۆیانەوە، باشتر بانگەشە سازمانئەدەن‌و چاکتریش خۆیان بەسەر کۆمەڵگاو خەڵکمانەوە بائەدەن‌و منەتیان بەسەردا ئەکەن‌و بەڵێنی کاری باشەیان پێئەدەن لە خزمەتی گوایا ئەواندا کە لە بەرنامەیاندایە ئەنجامی بدەن بۆیان. ئامانجیش لە هەڵبژاردنێکی پڕ ساختەکاریی لەم چەشنەی کوردستان، بێبەشکردنی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگای کوردستانە لە چۆنێتیی دەخالەتکردن لەڕێی هەڵبژارندەوە لە چارەنووسی خۆیاندا. چونکە تائێستا حزبە بۆرژواییەکانی کوردستان توانیویانە خەڵک پەلکێشکەن بۆ نێو کایە سیاسییەکانی خۆیان بەسەر پەیژەی خۆشباوەڕیی قەومیدا. چۆن مەبەستیان بووبێت ئەم حزبانە ئاوها خەڵکیان دوای خۆیان خستووە. ئێستا بایکۆتکردن ئەم دەستمایەو ئەم وەهم‌و پەیژەی پەڕینەوەیە بۆ دەسەڵات کۆسپی تێئەکەوێت، بەهۆی بایکۆتەوە تێک‌وپێکئەچیت بەسەر یەکداو داری دەستیان ئەخاتە خوارەوە! ڕێگایەک ئەخوازێت کە خەڵک بتوانن ئازادانە بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنداو ڕۆڵی واقعییان هەبێت لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان‌و کۆمەڵگاکەیاندا.

بایکۆت، وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتی گرنگ ئەبێت لە کوردستان. بایکۆتکردن، پێش هەر شتێک ئاستێکی باڵای ووشیاری کۆمەڵگای کوردستان نیشانئەدات، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن‌و ڕۆڵی پارلەمان لە چاکسازی واقعی لە ڕێساو یاساو ماف‌و خزمەتگوزارییەکاندا. بایکۆت، واتای ئەوەیە کە هاوڵاتیان ڕێگانادەن کۆمەڵێک حزبی مافیایی‌و ڕاستڕەو و ئیسلامی بەناوی ئەوانەوە بچن لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشن! لە ئاستێکی تریشیدا، بایکۆت، واتای ئەوە نیشانئەدات، کە خەڵک باش ئەزانن، گۆڕانکاری ڕیشەیی‌و ڕاستەقینە لە ڕێگای پارلەمانەوە ڕوونادات، بەڵکو لە ڕێی ناڕەزایەتیی بەردەوامی خەڵکەوە ئەبێت کە دەسەڵات ناچارئەکرێت مل بە داخوازییەکان بدات‌و هەندێ ڕیفۆرم قبوڵبکات.

بایکۆت، واتای ئەوەیە کە خەڵک وەکیلیان ناوێت بچن لە دیوەخانی پارلەماندا دانیشن‌و بەناوی ئەوانەوە سیاسەت داڕێژن کە لە خزمەتی چینە داراکان‌و فیرعەونەکانی کوردستاندا بێت! هەر ئەوان سەروەرو هەمەکارەو ببڕو بکوژ بن، خەڵکیش مل بە ژێردەستەیی‌و ژێرچەپۆکیی ئەوان بدات. بایکۆت، بە واتایەکی تریش، ئەوە ئەگەیەنێت، خەڵک ووشیارن، تێئەگەن کە سازماندانی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن، مەیدانی تەراتێنی ئەو حزبە بۆرژوازیانەیە کە یان دەسەڵاتن یاخود ئۆپۆزیسیۆنن، هەر دوو لایان ئەیانەوێ بەسەر پەیژەی خۆشباوەڕی بەم هەڵبژاردنە پڕ ساختەکارییەدا، لە ڕیی ئەم هەڵبژاردنەوە بپەڕێتەوە بۆ دەسەڵات، هەتا دەنگ‌و دەخاڵەتی واقعی‌و پراتیکی‌و ڕاستەوخۆی خەڵکی بەدژی چینی بۆرژوازی کوردی نەکەوێتەکار‌و پووچەڵبکرێتەوە، یان هەتا ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەری خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیاندا لە دەستیان دەربێنن‌، خۆیان بکەنە وەکیلی ئەوان لە پارلەماندا. ئیرادەی خەڵکی بکەوێتە دەستی ئەو کۆمەڵە حزبەو بیگرن بەدەستەوەو سیاسەتی کۆمەڵگا بۆ جێگایەک ئاراستە بکەن کە هەمان ڕۆڵی چینە داراکان‌و حزبەکانیان بەسەر چارەنووس‌و موقەدەراتی کۆمەڵگاوە بهێڵێتەوە، خەڵکیش هەروا وەکو هەڵبژاردنەکانی پێشوو چاوەڕوانی لوتف‌و مەرحەمەتی بۆرژوازی بەدەسەڵاتگەییشتوو بن تا لایەک لە داخوازییەکانیان بکاتەوە!! پەیامی ڕاستەقینەی هەڵبژاردن ئەمەیە، بەڵام پەیام‌و بەرنامەی بایکۆتیش بەرامبەر و بە دژی ئەم سیاسەت‌و یارییەی بۆرژوازییە. وە ئەمەش وەرچەرخانێکی پۆزەتیف‌و گرنگە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا دێت! ئێستا هاوڵاتی کوردستان ئەو بانگەشە فریوکارانەیە چەواشەی ناکات، کە ئەڵێت، ئەگەر نەچیت بۆ دەنگدان، دەنگەکەت بۆ دەسەڵات بەحساب دێت! بەڵکو بایکۆتکردن، بە واتای مۆرنەکردنی پرۆتۆکۆلێکە بۆ بۆرژوازی کوردی‌و حزبەکانی، کە تا چوار ساڵی تر لەجیاتی خەڵکی بیربکەنەوەو سیاسەت بکەن‌و بۆ کوێ لە بەرژەوەندییاندا بێت سوکانی سیاسەت‌و کۆمەڵگا بۆ ئەو لایە بسووڕێنن!

٦ئەیلوول١٣




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە