کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ "نینا" بەرلەوەی داعش بێت

Thursday, 28/08/2014, 12:00


نینا
خنجیلانەم
بە دایکت بڵێ ، نیقابێک وەک کچە
پەشتووە چاو جوانەکانی
" کابوڵت" بۆ ئامادەکات
کە داعش هات لەسەریکە و لە درزی دەرگا ژەنگاوێکەی ماڵەوەتان
سەیری باخچە سوتاوەکەی گەڕەک بکە
لە تەرمی پەپولەکان
بڕوانە
چۆن لە ناو ئاگرەکەدا سەمادەکەن
وەک باڵی تاوسەکانی سەر چیا لە ووڵاتی لالش

,,,,,,,,,,,,
هاوڕێم
نینا
تۆ دەزانی ؟!
کە داعش هات
خاڵیت دەکەنەوە لە خۆشەویستی
پڕت دەکەن لە هەستکردن بەگونا‌‌‌‌ه و تاوان
فێرت دەکەن تۆبە بکەیت
لە نێوان بەهەشت و دۆزەخدا
ڕاتدەگرن تاکو پیری
ئیتر سەرکەشی تۆ
ڕارایی تۆ
مێژووی هاتنی مەغۆلەکانمان بۆ دەگێڕنەوە
،،،،،،،،
نینا گیانم
بە دادەکەی باخچەی ساوایانیش بڵێ
لەباتی گۆرانی گوڵ و بولبل و وێنەی ڕەنگا و ڕەنگ
یاساکانی "خەلافەتان " با فێربکات
کە داعش هات تەنها ئەوە بەکەڵکتان دێت

ئەندێشەکانی ڕۆژهەڵات
گەلێکی لە لێواری دەریایی خوێندا ڕاگرتوە
هەست بە قەیرانی باوەڕ دەکەین
دەبێ بەدوای نهێنێکانی ژیانەوە بین
دوعای حەشر کەین
بۆ ئەوەی بارانی ڕەحمەت
لەم مەملەکەتە جارێکی تر داکاتەوە
،،،،،،،،،،،،،،،
نیناکەی من
تۆ دەتزانی ؟
بەر لەوەی داعش بێت
وەکو ئەجەل
ئێمە بە کاوەخۆ
سەرقاڵی پارچە پارچەکردنی یەکتری بووین
بەدەم گوێگرتنەوە لە بانگ
بەدەنگی
مەلا چاو پڕلەکلەکەی گەڕەک
کە هەمیشە لەسنگ و بەرۆکی ئەو کچانەی دەڕوانێ کە بەردەرکی
ماڵەکانیان ئاوپرژێن دەکرد و
گەسکیان لە هەتاو دەدا
،،،،،،،،،،
نینا
نیشتمانی منداڵێم
لەگەڵ پیرۆزێکاندا، یەکیان گرتەوە
یاسای جەنگ، یاسای قوربانی دانە
هەر دەڵێی ماسی گرین و
لەجیهانی خۆماندا پەنگمان خواردوە
بەهاتنی داعش
ئازارێکی سامناک، دەچێتە سەر ئازارەکانی ترمان
بەزەیم بە بەختی تۆ دێتەوە
وێنەکەت کۆتا وێنە دەبێت
بەسەری ڕووتەوە
دواجار
وێنەکەت وەک هەموو شتێک یاساغ دەبێت
وەک
ڕەنگ، مۆسیقا، سینەما. شانۆ ، فلیم، هۆنراوە، کتێب
،،،،،،،،،،،
نینا گیانم
ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیە
٢٣ساڵە، پڕی کردووین لەقین
تژی کردووین لە بوغز
فێری کردین لەباتی گوڵ
بۆنی لاشەی سوتاوی کچە عازەباکان بکەین
وەک هیندێکان کە چۆن لەسەر ڕوبارە پیرۆزەکەی
"گەنجی نازین"
بۆنی لاشە سوتاوەکانیان دەکەن
ئێمەش هەروا
ئەوە ئێمەین
لەسەر شەرەف کە نیمانە
ئاگرمان لە جەستەی کچەکانمان بەردەدا
هەر لەبەر خاتری شەرەف
هەر بۆ گەڕانەوەی شەرەف
دوعاشمان بەردەباران کرد
،،،،،،،،،
نینا
خنجیلانەکەم
دەڕۆم بۆ سەفەری شاری پیرۆز
دەشزانم ئەمڕۆ هەموو شتێک وێرانەیە
دەڕۆم
تۆبە دەکەم لەو گوناهانەی ئازاریان داوم
بیر لە هاتنت مەکەرەوە
ئیتر منیش لێرە دەڕۆم
چی دەبێت ئەگەر دڵم
لە چاوەکانتا جێ بێڵم
نهێنێکانم لەدڵمەوە نزیکترن
دەشزانی
باڵندەکان کە دەفڕن
هیچ ئاسەوارێک لە دوایی خۆیان جێناهێڵن
ئێستاکە

جەستەی لاوازی ڕزگاربووی
مێژوومان، لەبەردەم دەروازەکانی
خۆرهەڵاتی ئەفسانەدا وەستاوە
نینا
گیانم
دیسانەوە
ئاتەشگاکانمان
جارێکی تر خامۆش دەکرێت بە هاتنی داعش
ئەمە چەندەمین جارە
مێژوو دووبارە دەبێتەوە؟
لە مەملەکەتە بێ خودانەکەی ئێمەدا
کەچی هێشتا هەر فێرنابین
هەر فێرنابین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە