پۆلیسی ئاماده..پلاتفۆرمی ئاشته‌وایی کوردی-تورکی یان نۆکهرایهتییهکی هه‌رزان به‌ها ؟
Wednesday, 18/02/2009, 12:00
1930 بینراوە
کاره‌ساته ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک داگیر بکرێت به‌ڵام کاره‌ساتتر له‌وه‌دایه که نه‌ته‌وه‌ی داگیرکراو خۆی به به‌شێک له داگیرکه‌ره‌که بزانێت .
کاره‌سات له‌وه‌دا نییه که نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو بێ پارت و ڕێکخراوی سیاسی بێت ، به‌ڵکو کاره‌سات له‌وه‌دایه که پارت و ڕێکخراوی سیاسی له نێو نه‌ته‌وه‌ی داگیرکراودا پێناسه‌ی داگیرکه‌ره‌که‌ی به برا و پشتوپه‌نای ڕۆژانی ته‌نگانه پێناسه بکات .
کاره‌سات له‌وه‌دا نییه که پارت و ڕێکخراوێک بێ هێزی چه‌کداربن ، به‌ڵکو کاره‌سات له‌وه‌دایه که هێزی چه‌کداری گه‌لی داگیرکراو له ڕێگه‌ی حیزبه‌که‌یه‌وه ببێت به پۆلیسێکی ئاماده‌باشی داگیرکه‌ره‌که و مۆرکی شۆڕشگێڕیش له خۆی بدات .
کاره‌سات له‌وه‌دا نییه که نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو متمانه‌ی خۆی نه‌داته سه‌رکرده‌یه‌کی حیزبی ، به‌ڵکو کاره‌سات له‌وه‌دایه متمانه‌ی گه‌لی داگیرکراو به سه‌رکرده‌یه‌ک بدرێت و ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ش له داگیرکه‌ره‌که زیاتر دڵسۆز و ئاشقی داگیرکه‌ره‌که بووبێت .
کاره‌ساته ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو سه‌رهه‌ڵدان نه‌کات ، به‌ڵام کاره‌ساتتر له‌وه‌دایه که به‌ر له سه‌رهه‌ڵدان هوشیاری جه‌ماوه‌ری نه‌گه‌یشتبێته ئاستێک که چاک و خراپ لێک جیابکاته‌وه .
له هیچ کوردێک شاراوه نییه که هه‌ریه‌ک له وڵاتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا داگیرکه‌رن له‌سه‌ر کوردستان و نه‌ته‌وه‌که‌نی تورک و عه‌ره‌ب و فارسیش سێ نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌رن له‌سه‌ر کوردان . ئه‌ی تۆ بڵێی داگیرکه‌ر دوژمنی گه‌لی داگیرکراو بێت یاخود ببێته برا و پشتوپه‌نای گه‌لی داگیرکراو ؟
کاتێک جه‌زائیریه‌کان شۆڕ‌شیان به‌رپاکرد دژ به داگیرکه‌ری فه‌ره‌نسی (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی فه‌ڕه‌نسیه‌کانیش دژ به ڕه‌شه‌کوژیه‌کانی فه‌ڕه‌نسی بوون) که‌چی نووسه‌ری پایه‌به‌رزی فه‌ڕه‌نسی " سارته‌ر " بانگه‌وازی بۆ جه‌زائیریه‌کان ده‌کات و ده‌ڵێت :- [خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی جه‌زائیر ، هیچ کاتێک نه‌ڵێن ته‌نها حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسی تاوانباره له‌م کوشتارانه‌دا و تاوانی گه‌لی فه‌ڕه‌نسی تێدا نییه ، به‌ڵکو ده‌بێت بزانن که هه‌موو تاکێکی فه‌ڕه‌نسی به منیشه‌وه له‌و کوشتارانه‌دا به‌شدارین و بێ‌تاوان نین ، تانها ئه‌و فه‌ڕه‌نسیانه بێ‌تاوانن که هێشتا له دایک نه‌بوون] .
به‌ڵام له چاره‌ڕه‌شی کوردان‌دا ، گیرۆده‌ی ده‌ستی چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ک بووین که نه‌ک هه‌ر گه‌لی داگیرکه‌ر به داگیرکه‌ر نازانن به‌ڵکو ڕژێمه‌که‌شی به برا و پشتوپه‌نای ڕۆژانی ته‌نگانه‌ی ده‌زانن و له هه‌موو بۆنه‌یه‌کدا یادیان ده‌کاته‌وه .
هێشتا یادکردنه‌وه‌ی مه‌رگی خومه‌ینی نه‌گریس له هۆڵی پێشه‌وای شاری هه‌ولێر له بیر نه‌چۆته‌وه که ئاڵای شۆڕشی 30 ساڵه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر سه‌ری کاربه‌ده‌ستانی باشوور ده‌شه‌کێته‌وه .
هێشتا خوێنی سه‌دان شۆڕشگێڕی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ووشک نه‌بۆته‌وه که کونسوڵگه‌ری کۆماری ئیسلامی له شاره‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌کرێته‌وه .
هێشتا بارانی ڕه‌حمه‌تی ئاغای مگری نه‌بڕاوه‌ته‌وه که‌چی شنه‌ی شه‌ماڵی مه‌نوچه‌هر موته‌کی په‌ڕۆ چڵکنه‌کانی زه‌رد و سه‌وز ده‌شه‌کێنێته‌وه .
هه‌زار ساڵ بکه‌یت بێگانه‌په‌رستی هه‌ر ده‌هێنیت نووشوستی :-
له‌گه‌ڵ هاتنی مه‌نوچه‌هر موته‌کی بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی دۆستانی ڕۆژی ته‌نگانه‌ی له باشووردا ، سه‌ختترین ئاگربارابی گونده‌کانی بناری قه‌ندیل ده‌کرا ، که‌چی سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی نه‌ک هه‌ر گوێبیستی بۆمببارانی گونده‌کان نه‌ده‌بوون به‌ڵکو کۆماری ئیسلامی ئێرانیشیان به پشتوپه‌نای ڕۆژانی ته‌نگانه و فریاکه‌وتنی لێقه‌وماوانی ئه‌نفال و کیمیاباران و ئاواره‌کانی باشوور ده‌ناساند .
کۆماری ئیسلامی ئێران نه‌ک هه‌ر به‌و هه‌موو خۆشخزمهتیانهی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی له تیرۆرکردنی سه‌دان شۆڕشگێڕی ڕۆژهه‌ڵاتی و به ئیتڵاعاتکردنی باشوور و ساخکردنه‌وه‌ی هه‌موو کاڵایه‌کی به‌سه‌رچوو منه‌تی نه‌بوو به‌ڵکو مه‌رجی کردنه‌وه‌ی بنکه‌ی ئیتڵاعاتی زیاتر له شاره‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی (به‌ناوی کونسوڵگه‌ری) و سه‌رکوتکردنی گه‌ریلاکانی پژاکی به گوێی کاربه‌ده‌ستانی باشووردا ده‌دا .
ئه‌ی مه‌رجی سه‌رانی خه‌ڕه‌کی هه‌ردوو بنه‌ماڵه ده‌بێت چی بێت بۆ داخوازیه‌کانی ئاغای موته‌کی ؟ بێگومان مه‌رجی سه‌رانی باشوور زۆر ڕوون و ئاشکرایه که هه‌ر به‌ڵێ قوربانه ، چونکه کرده‌وه‌کانی ڕابردوویان کلیلی داهاتووشیانه . کرده‌وه‌ی ڕابردووشیان خۆی له تیرۆرکردنی موعینی و هاوه‌ڵه‌کانیدا ده‌بینێته‌وه ، خۆی له گوێ له مستی عیسا پژمان و بنه‌ماڵه‌ی حه‌مه ڕه‌زا شادا ده‌بینێته‌وه ، خۆی له ڕه‌شه‌کوژی خۆرهه‌ڵاتیه‌کان و پێش سوپای پاسداران‌دا ده‌بینێته‌وه .
پلاتفۆرمی ئاشته‌وایی کوردی-تورکی یان نۆکهرایهتییهکی هه‌رزان به‌ها ؟
له ساڵی 1993ی زاینیه‌وه به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بانگه‌وازی بۆ کۆنفرانسێکی هاوبه‌شی کوردان ده‌کات و سه‌رانی باشووریش خۆیانی لێ نه‌بان ده‌که‌ن .
له ساڵی 2004ی زاینیه‌وه کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان داوای به‌ستنی کۆنگره‌یه‌کی هاوبه‌شی هه‌موو پارت و ڕێکخراوه کوردیه‌کان ده‌کات و که‌سیش گوێبیستی نابێت .
به‌ڵام کاتێک تورکه فاشسته‌کان هه‌وڵی کۆنفرانسێک له شاری ئامه‌دی باکوری کوردستان ده‌ده‌ن و جه‌ماوه‌ری قاره‌مانی ئامه‌دیش ڕێگه‌یان پێناده‌ن ، که‌چی سه‌رانی باشوور سنگی خۆیان بۆ وه‌ها کۆنفرانسێک ده‌که‌نه‌وه که جگه له‌وه‌ی بێڕێزییه‌که به هه‌موو کوردان ده‌کرێت له هه‌مان کاتدا ژێرپێخستنی ده‌نگی هه‌موو ئامهدیهکانیشه .
کۆنفرانسێک که ڕۆژانی 15 و 16 شوباتی بۆ ته‌رخان ده‌کرێت که هاوکاته له‌گه‌ڵ پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی دژ به ڕێزدار عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان .
کۆنفرانسێک که له ژێر چاودێری تورکه فاشسته‌کانی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن ببه‌سترێت و ڕۆژی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یشی بۆ دیاری بکرێت به‌بێ مه‌به‌ست نییه و دوو ئامانجی شوومی له دواوه‌یه :-
1- ڕه‌وایه‌تیدان به پیلانگێڕی گڵاوی نێونه‌ته‌وه‌یی 15ی شوبات ، که دژ به به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سازکرا .
2- به ئاشتیخواز نیشاندانی دژه‌کورده‌کانی ئاکه‌په ، تاوه‌کو هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کانی مانگی داهاتوو به‌ده‌ست بهێنن .
گێلی و خیانه‌ت :-
به که‌سانێک ده‌گوترێت گێل که هه‌ست به کرده‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه ناکه‌ن و پاش ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌که هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌ی لێده‌که‌وێته‌وه ، ئه‌گه‌ر بڵێم زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری گێل بوون ئه‌وا نه خۆ به که‌مزانینه و نه شکاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیشه ، له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێنی خۆمان بۆ که‌سانێک کرده کاسه‌وه که جگه له به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌ییان زیاتر ئه‌وا هیچ هه‌ستێکی نه‌ته‌وایه‌تیشیان تێدا به‌دی ناکرێت ، که‌سانێکمان کرده سه‌رکرده‌ی شۆڕشگێڕ که ئازادی کوردان و ده‌وڵه‌تی کوردی به خه‌ونی شاعیران بزانێت ، که‌سانێکمان کرده کاریزما و باوکی ڕۆحی که جگه له ئاشبه‌تاڵ و شه‌ڕه عه‌شایه‌ری و هه‌ڵهاتن زیاتر هیچ کرده‌وه‌یه‌کی دیکه‌مان لێ به‌دی نه‌کرد ، که‌سانێکمان به دژه داگیرکه‌ر پێناسه ده‌کرد که هه‌م داگیرکه‌ر به پشتوپه‌نای ڕۆژانی ته‌نگانه و برا ده‌زانن و هه‌م باشووری کوردستانیان کرده ئارامترین ناوچه بۆ ته‌راتێنی بنکه ئیتڵاعاتی و میتیهکانیان ، که‌سانێکمان کرده تۆڵه‌ستێنی کوردان که باشووری کوردستانیان کرده شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی ئه‌نفالکه‌ران و جینۆسایدچیان و ته‌نانه‌ت که‌سوکاری شه‌هیدانیش بکه‌نه پاسه‌وان و پارێزه‌ریان ، که‌سانێکمان کرده ڕزگارکه‌ری کوردستان که داگیرکه‌رمان بۆ دروستبکه‌نه‌وه و به زۆری زۆرداری له داگیرکه‌رمان ماره ببڕنه‌وه .
به که‌سانێک ده‌گوترێت خیانه‌ت یاخود تاوانبار که به زانابوونه‌وه کرده‌وه‌یه‌کی چه‌وت و کاره‌ساتهێنه‌ر ئه‌نجام ده‌ده‌ن و خۆشیان له ئاستی ڕووداوه‌که‌دا هه‌م گێل ده‌که‌ن و هه‌م بێ‌تاوانیش خۆیان نیشان ده‌ده‌ن . ته‌نانه‌ت که‌سانێکیش که پاساو بۆ کرده‌وه‌یه‌کی کارهساتخوڵقێنهر و دژه نه‌ته‌وه‌یی بهێنێته‌وه هه‌مان پێناسه‌ی تاوانبار یاخود خیانه‌تی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت .
که‌مێک نین ئه‌و که‌سانه‌ی که پاساو بۆ دهستتێکهڵاویهکانی سه‌رانی باشوور و داگیرکه‌ران ده‌هێننه‌وه و به کرده‌وه‌یه‌کی ڕه‌واشی ده‌زانن ، که ئه‌و که‌سانه‌ش هه‌ندێکیان له نه‌زانینی خۆیانه‌وه‌یه و ده‌چنه خانه‌ی گێلیهتیهوه ، هه‌ندێکیشیان به زانابوون ئه‌و پاساوانه ده‌هێننه‌وه و ده‌چنه خانه‌ی تاوانه‌وه .
چ په‌یوه‌ندیکردنێک له‌گه‌ڵ داگیرکه‌راندا ؟
ئایا په‌لکێشکردنی داگیرکه‌ران بۆ سه‌ر ئازادیخوازانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان په‌یوه‌ندیکردنێکی ڕه‌وایه ؟ ئایا یادکردنه‌وه‌ی فه‌تواده‌ری جیهاد دژ به کوردان له هۆڵی پێشه‌وای نه‌مر کارێکی دیپلۆماسییه ؟ ئایا به‌رز ڕاگرتنی یادی 30 ساڵه‌ی کۆماری ئیسلامی دژه کوردی ئێران و به برا و پشتوپه‌نا زانینیان کارێکی شایسته‌یه ؟ ئایا تاجه گوڵ بردنه سه‌ر گۆڕی خوێنخۆرانی وه‌کو ئه‌تاتورک و خومه‌ینی کارێکی ژیرانه‌یه ؟ ئایا زوڕناژهنین بۆ ئاکه‌په و ته‌واوی داگیرکه‌رانی دیکه‌ی کوردستان مافی سه‌رانی باشووره ؟ ئایا به میتکردن و ئیتڵاعاتکردنی باشووری کوردستان ئه‌رکی جیرانهتییه ؟ ئه‌گه‌ر که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه دواوه بۆ سه‌ره‌تای ساڵی هه‌شتاکانی زاینی و به‌راوردکردنی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به ئیمڕۆی باشووری کوردستان ئه‌وا ته‌واو هاوشێوه‌ی یه‌کترین له ڕووی ناوچه‌ی ئازادکراوه‌وه ، چونکه ئه‌و کات زۆربه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئازادکراو بوو و له‌ژێر چاودێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران‌دا بوو ، به‌ڵام هیچ کاتێک شه‌هیدی سه‌رکرده و هه‌میشه زیندوو دکتۆر عه‌بدول ڕه‌حمانی قاسملوو هه‌وڵی بێده‌نگکردن و ئۆردوگانشینی داروده‌سته‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی نه‌دا و به پۆل کادرانی باشووریان تیرۆر نه‌کرد و په‌لکێشی بهعسیهکانیشیان نه‌کرد بۆسه‌ر هێزه داسه‌پاوه‌کانی باشوور ، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تۆمه‌تی ێداملوو ده‌خرایه پاڵ دکتۆر قاسملوو و به نۆکه‌ری به‌عسیشیان پێناسه ده‌کرد .
ئه‌ی ده‌بێت سه‌رانی باشوور ئێستا چ ناوێک له خۆیان بنێن بۆ ئه‌م ساتوسه‌ودایه‌ی که بۆ داگیرکه‌رانی کوردستانی ده‌که‌ن له‌سه‌ر حسابی کوردی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ؟
ئه‌ی ده‌بێت چ وه‌ڵامێکیان بۆ خه‌ڵکی ئامه‌د و ته‌واوی شاره‌کانی دیکه‌ی باکووری کوردستان هه‌بێت که ڕۆژانه ده‌بنه تیرۆری ئاکه‌په‌ییه‌کان و سه‌رانی باشووریش ده‌هۆڵی ئاشته‌وایی کوردی تورکی لێده‌ده‌ن ؟
ئه‌ی ده‌بێت سه‌رانی باشوور چ وه‌ڵامێکیان بۆ مێژوو پێبێت که تاوه‌کو ئێستا بۆ ساتێکیش سه‌ردانی گۆڕی یه‌که‌مین سه‌رۆککۆماری کوردستان پێشه‌وای نه‌مریان نه‌کردووه ، که‌چی ساڵانه یادی ئه‌تاتورک و خومه‌ینی ده‌که‌نه‌وه و تاجه‌گوڵینه ده‌به‌نه سه‌ر گۆڕیان ؟
ئه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌ی هه‌ر حیزبێکی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌بێ پرس‌وڕای سه‌رانی باشوور سه‌ردانی مالکی و حکومه‌ته‌که‌ی بکات (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که سه‌رانی باشووریش دروستیان کردون و له‌سه‌رپێ ڕایانگرتوون) ، ئایا هه‌زار و یه‌ک تۆمه‌تی جاشایه‌تی و نۆکه‌رایه‌تییان ناخرێته پاڵ و لافاوی خوێنیان لێ‌ساز ناکه‌ن ؟
له کۆتایدا یه‌ک پرسیار له ته‌واوی خوێنه‌ران ده‌که‌م و ده‌ڵێم :- ئایا ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ی سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی کارێکی شۆڕشگێڕییه یاخود کاری پۆلیسێکی داگیرکهرپارێزی ئاماده‌یه ؟