سەیر بكەن و بزانن مەكتەبى سیاسى یەكێتى لەسەرچى هاتۆتە دەنگ
Monday, 20/05/2013, 12:00
لەكاتێكدا دۆخى ڕێكخراوەیى یەكێتى لەوپەڕى ئاڵۆزى و شكستیدایە ناڕەزایى خەڵك و جەماوەر و بەشێك لەسەركردایەتى و كادیرە دیارەكانى بەئاشكرا دیارە ، بێ متمانەیى و گەندەڵى و شەڕى كوتلەكانى گەیشتۆتە لووتكە ، چارەنووسى سكرتێرەكەیى و ئایندەى حزبەكەیان لەگەڵ سەدان كێشەو گرفتى ترى ناوخۆیى حزبى و هەرێمى لەلێوارى مەرگ و پرسەدایە ، لەجیاتى دۆزینەوەى ڕێگا چارە بۆ ئەم كێشانەو ئاشتكردنەوەى جەماوەرەكەیان و ڕاوانەكردنى دۆسیەیى گەندەڵى بەرپرسەكانیان و ڕاپۆرتەكانى چاودێرى دارایى بۆ دادگا ، لەجیاتى بەدواداچوون و بەدەنگەوە هاتنى كەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگەو خەڵكى كوردستان ، لەجیاتى بەدەنگەوە چوون بۆ هاوارو ناڕەزایى و ڕەخنەى خەڵكى لادێكان و ئەندامەكانیان لەو هەلومەرجە ناسكەى حزبەكە تێیكەوتووە مەكتەبى سیاسى یەكێتى لەسەر كۆنە وەزیرێكى دزو گەندەڵ هاتۆتە دەنگ و ئەمرى بەدەزگاكانى ئاسایش كردووە ئیجرائات بكەن بەرامبەر بنەماڵەى شەهیدێكى سەركردەى دیارى یەكێتى لەدۆڵى خۆشناوەتى و هیران لەسەر وەزیرێكى كۆنە دز ، لەكاتێكدا ئەو كۆنە بەرپرسە بۆ دەقیقەیەكیش نەپێشمەرگە بووە نەلەهەموو بنەماڵەكەشیدا تاكە شەهیدێكى هەیە كەچى چەندین ئەندامى مەكتەبى سیاسى و سەركردایەتى و لێپسراوى مەڵبەندى كۆیەو قائیمقام و مودیر ناحیە و چەندین بەرپرسى ترى سەربازى و حكومى لەخۆشناوەتى هاتوونەتە سەر خەت بۆ جەنابى كۆنە وەزیر لەدژى بنەماڵەیەكى تێكۆشەر ، لەكاتێكدا بەشایەدى هەموو خەڵكى خۆشناوەتى و هیران و نازەنین و سكتان و جەلى دكتۆر محەمەد خۆشناو بەئاشكرا غەدر و تەعدا لەو بنەماڵە تێكۆشەرە كوردپەروەرە خاوەن شەهیدە دەكاو دەیەوێت بەنوێژى نیوەڕۆ زەوى و ڕەزو باغ و ئاوەكانیان داگیر بكات وەك سەدان بیناو زەوى و ڕەزو باغى تر كەعومەر فەتاح و كۆسرەت رەسوڵ لەسەریان تاپۆ كرد ، سەیرەكە لەوەدایە هەموو خەڵكى كوردستان و خۆشناوەتى ئەم كۆنە وەزیرە و ڕابردووە ناشیرینەكەى دەزانن و دەناسن ، كەچى تائێستا مەكتەبى سیاسی حزبێكى گەورەو گران خەبەرى نەبۆتەوەو ئێستاش خۆیان بەهاوكارو پشتیوانى ئەم گەندەڵە دەزانن ، ئێستا لەكاتى ئەم نووسینەدا ناوبراو لەسەر گەندەڵیەكانى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە لەگەڵ عومەر فەتاحى شەریكى دۆسیەیی گەندەڵیان لەدادگای سلێمانیە .
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەم ڕووداوە لەچەند ڕاستیەكى حاشا هەڵنەگر زیاتر بەدەر نیە ...
1 _ ئەم حزبە بەتایبەتیش مەكتەبى سیاسیەكەى نەك هیچ پیلان و بەرنامەیەكى چاكسازى و بەخۆداچوونەوەیان نیە تا ئەم چركە ساتەش پشتیوان و هاوكارى بەرپرسى دز و گەندەڵن .
2 _ ئەمە وەڵامێكە بۆ هەموو ئەوانەى خەون بەسەروەرى یاساو بەدادگایكردنى عومەر فەتاح و دكتۆر محەمەد خۆشناو بەرپرسە دز و گەندەڵەكان دەبینن ، ئەمە پێمان دەڵێ ئەمانە نەك هەر ترسیان لەیاسا و دادگا نیە بگرە گاڵتەیان پێ دێ و بەپێچەوانەوە ئەمان هەڕەشە لەخەڵك دەكەن بەوەى ڕووبەڕووى دادگایان دەكەنەوە .
3 _ ئەم حزبە ئێستاش ئامادەیە لەسەر بەرپرسی دز و گەندەڵ كەهیچ خەرمان و بەرهەمێكى باشیان نەبووە بۆ ئەم حزبە بەڵكو ناوو ناوبانگى ئەم حزبەشیان ناشیرینكرد بێنە دەنگ و ئامادەن لەسەرئەمان دڵى سەدان بنەماڵەى شەهیدو كادیر و فەرماندەى تێكۆشەرو كوردپەروەر بڕەنجێنن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست