کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پاش ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر شەهیدکردنی کوان بکوژانی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی‏

Monday, 08/12/2014, 12:00


ئەوا ساڵێک بەسەر کوشتنی سێهەم شەهیدی قەڵەم (کاوەگەرمیانی) تێپەڕی و هیچمان لەسەر بکوژانی نەبیست و نەبینی،خانەوادەکەشی ڕێگە نەما نەیگرنەبەر و دادگا نەما ملی نەگرن بۆ سەندنەوەی خوێنی ڕۆڵەکەیان لە بکوژەکانی وەڵامی دادگاش ١١ مانگە تەنها دەڵێن ئەمری گرتنمان بۆ چەند کەسێک دەرکردووە بەڵام تا ئێستا تاوان بارانی سەرەکی ئەم دۆسیەیە بە ئازادی خۆیان سەفەری وڵاتان دەکەن ڕابەری تاڵانکردنی پاشماوەی جەنگەکان دەکەن،بە گوێرەی بڕیاری دادگا دەبێت ئەو کەسانە دەست بەجێ دەستگیربکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت بەڵام تا ئێستاش نەمانبینی بۆ تەنها جارێکیش بێت پەلکێشی دادگا بکرێن،نەک هەر پەلکێش نەکراون بەڵکو پێش شەهیدبوونیشی کاوە چەند دۆسیەیەکی لەگەڵ هەریەک لە ()محمود سەنگاوی و (عەدنانی حەمەی میناش) هەبووە کە تائێستاش یەکلایی نەبوونەتەوە،ڕەنگە یاساکانی دادگا لای ئێمە وەک یاساکانی تۆپی پێ یەکسانبوونیشی تیابێت!.هەموومان دەزانین کە بکوژانی کاوە کێن و وەک ڕۆژی ڕوناک دیارە کە کێن ئەوانەی دەستیان بە خوێنی ئەم جوانەمەرگە سوورە بەڵام دادگاکانی هەرێم کە بە حیزبی کردنێکی تەواویان پێوە دیارە هیچ دەسەڵاتێکیان نیە لە هەمبەر دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان،بەپێی یاسای حیزبیش هەرکەسێک لە ناو حیزبدا دۆسیەی لەسەربێت تا تەواو بوون و یەکلای بوونەوەی دۆسیەکە هەموو پلەیەکی حیزبی لێوەردەگیرێت و وەک کەسێکی ئاسایی دەبێ ئامادەی دادگابێت ئامادەباشی بۆهەموو لێپێچینەوەیەک دەرببڕێت،بەڵام ئەمان نەک پلەکانیان لەلایەن حیزبەکەیانەوە لێسەندراوەتەوە بەڵکو کراون بە فەرماندە و پێشەوای سوپایەک دەکەن بۆ پاراستنی گەل،ئەرێ کەسێک دەستی بەخوێنی ڕۆڵەی نیشتیمان سووربێت ئەکرێ متمانەیەکی وەهای پێبکەین؟؟هەرچەندە لە ئێستادا بەڵگەیەکی یەکلایی کەرەوەی وەها نیە کە بکوژی سەرەکی پێ دیاری بکرێت بەڵام گومانێکی زۆر لەسەر ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی یەکێتی هەیە و وە ئامادە نەبونیشی لە بەرامبەر دادگادا و ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی کە پێشووتر لە نێوانن ئەو ئەندام سەرکردایەتییەو شەهیدی قەڵەم (کاوە گەرمیانیدا)هەبوو کە پێش چەند مانگێک پێش شەهید کردنی هێرش دەکەنە سەری و لەلایەن پاسەوانەکانی ئەو ئەندام سەرکردایەتییەوە لوتی دەشکێنن تاڕادەیەک گومانەکە بە باری ڕاستیدا دەبات.ئێمەش دەڵێین ئەگەر ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی یەکێتی خۆی بە پاک و بێ گوناح دەزانێت بۆ ئامادەی دادگا نابێت؟یاخوود بۆ حزبی ناوبراو ڕادەستی دادگای ناکەن؟خەڵکی کوردستان بە گشتی و کەسووکاری شەهیدی قەڵەم بەتایبەتی نەک هەر ئەو ئەندام سەرکردایەتییە بەڵکو هەموو حزبەکەشی بە تاوانبار دەزانن ئەگەر وانیە وەرن ئەوە عەرز و ئەوە گەز بیسەلمێنن کە وانیە.لە کوردستاندا ماوەی چەند ساڵێکە ڕۆژنامەنووسان لەسەر ووتنی ڕاستییەکان و ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی بەرپرسانی دەسەڵات پۆل پۆل شەهید دەکرێن و تا ئێستاش دەستە ڕەشەکانی پشت ئەو تاواونانە ئاشکرانەبوون دۆسیەکانیان لە دادگا هەروا بەلێڵی ماونەتەوە لێکۆڵینەوەش لەسەر زۆربەیان وەستاوە ،لەبەرچی؟لەبەر ئەوەی کەس بە دەستی خۆی ماڵی خۆی وێران ناکات و چونکە دەسەڵتێکی وەها سەربەخۆیان نیە کە بڕیاری پێبدەن و دادوەرەکانمان تەنها پەیکەرێکی بێ ناوەڕۆکن و وەک شتێکی ڕەمزی وان و هەموو بڕیارەکانیان لە حزبەکانیانەوە بۆ دێت دەبێت تەنفیزیشی بکەن،بۆیە دەبێت هەتا بەم شێوەبێت دەبێت لە شوێنی خۆمان دانیشین و ئینشاالله بۆ گەشتن بەڕاستییەکان بکەین چونکە لە وڵاتێکی پڕ سەیرو سەمەرەو لە ژێر دەسەڵاتێکی تەواو تاریکداین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە