زۆرینەی كۆڵنەدەرو كەمینەی بەختەوەر!
Friday, 25/09/2009, 12:00
زۆرن ئەو كەسانەی لاپەڕەكانی ژیانیان تژییە لە هەڵوێستی جوامێرانە، لێ كەمن ئەوانەی ئەو هەڵوێستەیان بۆ بووبێ بە دەلیڤەیەك، كە هەموو ژیانیانی پڕاو پڕ كردبێت لە بەختەوەری!
ئەوانەی وا لەبەرانبەر دوژمنێكی سەر سەختدا كۆڵنەدەر بوون، ئەمڕۆش لە بێدەربەستی دەسەڵاتی كوردیدا، كۆڵ هەڵگرن؛ كۆڵ هەڵگرێك بارگەیان ناگوێزنەوەو ناتوانن سنوورەكان ببەزێنن، ئەوان ئەم نیشتیمانەیان خۆش دەوێت، بۆیە شەوانیان دەخەنە سەر رۆژ تا خەمەكان بچننەوە. هیچ كاتێ چاوەڕوانی بەختەوری ناكەن تا دەرگایان بكوتێ و فاكتیان تێك بدات، چونكە لە بەراییەوە لە پێناو بەختەوەری میللەتێكدا تێكۆشاون، ناتوانن پێڵوی چاوەكانیان دابخەن و تەنهاو تەنها خۆیان ببینن! ئەوان وا راهاتوون شەوانیان بە تاریكی و رۆژانیان بە هەناسە ساردی بگوزەرێنن. ناتوانن خەمەكان لە خۆیان داببڕن، وا راهاتوون ئازار بكەن بە سێبەرو لە پاڵیدا بحەوێنەوە، وا فێر بوونەو خۆشەویستی نەتەوەیەكی ستەمدیدە رایانی هێناوە كە خەم و ئەندێشە ئاوێتەی یەكدی بكەن و لە پاڵ سێبەری ئازارێكی تووناویدا شەو و رۆژ سەرە مەرگی خەوێكی كوللە مەرگ بشكێنن!
ئاخ ئەگەر دەمانزانی تاریكایی دەبێت بە بەشێك لە ژیانمان و رووناكی لە ئاسمانماندا ناهێڵێت، ئەگەر دەمانزانی جگە لە ستەم و شەپا زللەی دوژمن هی دیش هەیە تێمان بسرەوێنێ، ئەوكات تێدەگەیشتین دەبوایە شەڕێكمان بكردایە تا بۆ یەكجاریی تاریكیمان بدڕیایەو رووناكیمان بەرهەم بهێنایە! رەنگبێ زۆر كەسان بەوە رازی بن ئەم هەموو نەهامەتییانە بۆ قەدەر بگەڕێننەوە، لێ ئەو قەدەرە لەوێدایە كە ئێمە خۆمان دەمانەوێت وا ببێت! من لەوە دڵنیام رۆژ بە تیشكی خۆی دنیا رووناك دەكاتەوە، كەچی هەرگیز وەكو هەور ناگرمێنێت، لەوەش دڵنیام هەر ئێمەو ئێمە بووین لە بەختەوەرییەكانی خۆمانمان گرتەوە بە بێ دەنگی دامان لە یەخەی كەسانێك، كە هەر كاتێ بیانەوێت، وەكو گرمەی هەور هەموو رابردووە لە خۆ بوردووەكانی ئێمە دەدەن بە چاوی نەوە بێنازە كۆڵنەدەرو كۆڵ هەڵگرەكانی خۆماندا!
ئەم كوردستانەی من، ئەمڕۆ نە گوندەكانی هەمان گوندی جارانە و نە شارەكانی هەمان شارەو نەش شارۆچكەكانی هەمان رۆحیان تێدایە. تا جاران بوو، نیشتیمانێك پێكەوە شاد دەبوون و دەگەشانەوە، هەر هەمووشیان بۆ گیانبازی شەهیدێك ئەستێرە لە ئاسمانیاندا دەكوژایەوە! بۆ وامان لێهات، بۆ تەنها بەشێكمان رووناك و سەرتاپای نیشتیمان ئازاراوی و تاریك؟! تۆ بڵێی ئەو رێگایەی ئێمە بۆی دەڕۆیشتین، هی ئەو كەسانە بووبێت وا ئەمڕۆ لە نازو نیعمەتدان؟ لە ناو میللەتی نەزاندا هەموو شتێك واریدە! بیریشی لێ مەكەنەوە سبەی خۆر هەڵدێ و دەتوانن گوڵ بژێرێك لە نێوان ئەو روومەتانەدا بكەن وا لە حەژمەتی میللەتێكدا خەویان لە چاوانیان تۆراندووەو ئەوانەش وا رەنگ و روویان بۆنی سێوو هەناروو پرتەقاڵیان لە خۆیان گرتووە! ئەوانەی وا شەوانیان بە بیركردنەوە لە كوردستانێكی سووتماكدا دەگووزەرێنن، لە گەڵ ئەوانەی وا بەبێ تیشكی خۆر نە گەرماو نە سەرما پێیان دەوێرێت! ئێمە، ئێوە، ئەوان ئەی گەل دەتوانین گوڵ بژێرێك لەم نێوەندەدا بكەین، بەڵام وا دیارە جارێكان ئەفیونی ئەم باشە یان ئەویان، خانەكانی مێشكمانی داگیر كردووەو بەردەوامین، خەبات دەكەین تا كەمینەیەك بەختەوەرو زۆرینەیەك تا ئەزەل كۆڵنەدەرو بەشخووراو بكەین!!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست