کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردن و دێوه‌زمه‌کانی گۆڕان و کاره‌ قێزه‌ونه‌کانی ده‌سه‌ڵات.

Wednesday, 17/03/2010, 12:00


به‌شی یه‌که‌م
کۆمه‌ڵگا له‌سه‌رانسه‌ر دنیادا بۆ ڕێکخستنی خۆی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی وه‌کو داهێنانێکی عه‌قڵانی به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌دوتوێ ی حکومه‌تدا پیاده‌ی ده‌کات. ئه‌م حکومه‌تانه‌ به‌پێ ی دیدی دیموکراسی، بۆ به‌شه‌رعیکردنی خۆیان له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنیانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وامی به‌ بوونی خۆیان بده‌ن. زۆرێك له‌ حکومه‌ته‌کان سیسته‌مێکی په‌رله‌مانییان هه‌یه‌ و ئه‌م په‌رله‌مانه‌ش له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت و پاشان وه‌کو ده‌زگایه‌کی یاسایی ده‌زگاکانی به‌ڕێوه‌بردن له‌وڵاتدا پێك ده‌هێنێت(ئه‌م ده‌زگای یاساییه‌ ئه‌نجومه‌نه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ووڵات به‌هه‌ر سێ به‌شه‌که‌یه‌وه‌(سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان ولیژنه‌کان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی، سه‌رۆکایه‌تی کومار) هه‌ڵده‌بژێردرێت). که‌واتا هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی په‌رله‌مان بنچینه‌ی دامه‌زراندنی یاسایی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی وڵاتی له‌ئه‌ستۆدایه‌. بێجگه‌ له‌مانه‌ش توانای لێپێچینه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ دیاری ده‌کات.
هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م جاره‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گاڵته‌جاڕی بوو به‌ پیرۆزییه‌کانی خه‌ڵك به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی کورد له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق و کوردستاندا. ئه‌م سوکایه‌تیپێکردنه‌ له‌لاوازی تاکی کورده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌. تاکی کورد له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ نه‌بووه‌ته‌ مه‌خسه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی. به‌داگیرکراوی و بچوکی له‌وانی دیکه‌ نه‌هاتۆته‌ ئه‌فراندن. ئه‌و نه‌یویستووه‌ وه‌کو مه‌له‌که‌ی مه‌لای مه‌شهوره‌ ده‌ندوك و قاچه‌کانی ببڕن و سیمایه‌کی جوانکاری نوێی بۆ به‌جیهان به‌رهه‌م بهێنن. ئه‌و نه‌یویستووه‌ وه‌لابنرێت و یاری به‌ هه‌ستی بکرێت. ئه‌م تاکه‌ی کورد و بنچینه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی نه‌یویستووه‌ و نایه‌وێت به‌سه‌ر شانی ئه‌ودا کورسییه‌ ئاڵتونییه‌کان پڕپشتیان ببێت له‌ جه‌سته‌ی ته‌وه‌زه‌لی ئه‌وانه‌ی ڕۆژگارێك به‌هۆی که‌شی ژیانی ناوچه‌ نوێکه‌یانه‌وه‌ سمێڵیان ده‌تاشی و ئێستا وه‌کو چه‌پکێك کلکی بزن ده‌یهۆننه‌وه‌. ئه‌م تاکه‌ هه‌رگیز نه‌یویستوه‌ و نایه‌وێت جارێکی دی به‌رژه‌وه‌ند په‌رسته‌کانی دوێنێ و ڕکابه‌ره‌چاوچنۆکه‌کانی ڕابووردوو، ئه‌وانه‌ی له‌داوه‌تی به‌رپرسێکدا هه‌زاران دۆلاریان خه‌رج ده‌کرد تاکو ته‌نده‌رێك وه‌ربگرن، بێنه‌وه‌ و له‌جێگای مشه‌خۆره‌کانی دی ببنه‌وه‌ به‌ به‌رپرس.
هه‌ڵبژاردن له‌کوردستان و عێراق ده‌ستی پێکرد و هه‌زاران ده‌نگیان ته‌زویرکرد. ده‌یان که‌سیان ده‌ستگیر کرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌نگی بۆ ده‌سه‌ڵات نه‌دا. هه‌زاران که‌سیان به‌زۆره‌کی کرده‌ نه‌خوێنده‌وارو پیاوه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵیا نارده‌ سه‌ر سنوقه‌کانی ده‌نگدان. هه‌زاران ده‌نگیان له‌ووڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌هۆی جیاجیاوه‌ پوچه‌ڵ کرده‌وه‌. ئه‌مانه‌ و زۆری تریشیان کرد ته‌نها و ته‌نها له‌پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیاندا، که‌چی هێشتا نه‌یانتوانی به‌ر به‌ شاڵاوی ده‌نگی ناڕازییان بگرن.
گۆڕان، ئه‌و شۆڕشه‌ فه‌رهه‌نگییه،‌ که‌لتوورییه‌، ڕۆشنبیرییه‌، کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، سیاسییه‌ بوو که‌ سه‌دانی وه‌کو من و ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ گۆڕانکاری هه‌بوو له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵلوشی و خستنیه‌ هه‌ڵوێستێکی ته‌ریقبوونه‌وه‌ و دووباره‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌وه. گۆڕان، ‌ له‌باتی ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێك به‌ره‌ و خواست و داواکارییه‌کانی خه‌ڵك به‌ره‌ و پێشه‌وه‌ بچێت و ببێته‌ میمبه‌رێك بۆ ئه‌وان، که‌چی بوو به‌‌ دێوه‌زمه‌یه‌ك و به‌ربووه‌ گیانی ئه‌وان.
(من لێره‌وه‌ ته‌واوی خوێنه‌ران ئاشنا ده‌که‌م له‌ کاره‌ قێزه‌وه‌بووه‌کان و ئه‌و هۆیانه‌ی بوونه‌ قه‌تیس بوونی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی بۆگه‌ن بوو و ناشه‌رعیدا. له‌ به‌شه‌کانی دیدا ته‌واوی ئه‌وانه‌ ڕوون ده‌که‌مه‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و کاره‌ قێزه‌ونانه‌ی ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه‌ کوردییه‌کان کردیان بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان).
ڕاسته‌وخۆ له‌دووای هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/07/2009 وه‌ ته‌وژمی خه‌ڵك به‌ره‌و گۆڕان ڕۆژ به‌ڕۆژ زیادی ده‌کرد. گۆڕان هیچ به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌ی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و ڕێکخستنی پێ نه‌بوو. بیرمه‌ندان و پێشه‌واکانی گۆڕان هه‌رگیز به‌خه‌یاڵیشیاندا نه‌ده‌هات که‌ ڕووبه‌ڕووی وه‌ها خه‌ڵکێکی زۆر ببنه‌وه‌. ئه‌وان نه‌یانده‌توانی باوه‌ڕ به‌و پشتگیرییه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌ بکه‌ن که‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کورده‌وه‌ لێیان کرا. پشتگیری خه‌ڵك بۆ لیستی گۆڕان، خودی ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌که‌شی‌ توشی سه‌رسوڕمانکرد. ده‌یان به‌رپرس و ده‌یان که‌سی خۆبه‌ره‌وپێشه‌وه‌به‌ر به‌بێ ڕه‌چاوکردنی هیچ مه‌رجێك بوونه‌‌ ده‌مڕاستی بزوتنه‌وه‌که‌. به‌ سه‌دان که‌س خۆیان به‌مه‌رجه‌عی بزوتنه‌وه‌که‌ ده‌زانی. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌که‌دا به‌هۆی نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌کی پێشینه‌ فه‌وزایه‌کی تێدا درووست ببوو که‌س که‌سی دی وه‌بیر نه‌ده‌هاته‌وه‌ و ده‌مڕاسته‌کانیش چاویان کوێر و گوێیان کپ بوو له‌به‌رامبه‌ر بیرکرنه‌وه‌ و تێڕوانینه‌ جیاوازه‌کاندا. زۆر دڵسۆز و ڕوناکبیر و بیرمه‌ند و چالاکوانی ناو گۆڕان (نه‌وشیروان مسته‌فا)ی ڕێبه‌ری گۆڕانیان ئاگادارکرده‌وه‌ له‌ته‌واوی ئه‌گه‌ره‌کانی داڕوخان و لێبونه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌گۆڕان، به‌ڵام ئه‌وان به‌بیانووی جیاجیاوه‌ پشتگوێیان خست. نه‌یانده‌توانی بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ گۆڕان به‌ره‌و ئاقارێکی هه‌ڵه‌ ده‌برێت. سه‌رکردایه‌تی و ده‌مڕاسته‌کانی گۆڕان له‌ناو حیزبه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه‌ هاتبوون. که‌لتوورێکی سه‌قه‌تی حیزبایه‌تییان پێ بوو. ئه‌وان تازه‌ له‌ناو ماشێنه‌ ده‌وه‌ره‌ دراو به‌ په‌رژینه‌کانی چاودێری و پاراستنیان دابه‌زیبوون. ئه‌وان پڕ گیرفانیان له‌دۆلاره‌ دزراوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتێك بوو که‌ تاکو دوێنێ قوربانیی مانه‌وه‌ و پاراستنی بوون و ئه‌مڕۆش دژی به‌رده‌وامیی مانه‌وه‌ی ئه‌وده‌زگایه‌بوون که‌ پێشتر هۆی به‌ده‌ستهێنانی پاره ‌زۆر و زه‌وه‌نده‌کانیان بوو. ئه‌وان که‌پێشتر له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی سه‌رۆکه‌کاندا ڕه‌شماڵی ئاسووده‌ییان هه‌ڵده‌دا، لێره‌ ڕانه‌هاتبوون خۆیان بیر له‌ هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن بکه‌نه‌وه‌. نه‌یانده‌زانی که‌نگێ ده‌بێت خۆیان ڕێك بخه‌ن و چۆنیش خۆیان ڕێك بخه‌ن. هه‌رچی پرۆژه‌یه‌کیان ده‌چووه‌ به‌رده‌ست ڕه‌تیان ده‌کرده‌وه‌ و هه‌رکه‌سێکیش نه‌ختێك جم و جۆڵی بکردایه‌ به‌هه‌موویان له‌ڕێگای پیاوه‌کانیانه‌وه‌ په‌لاماریان ده‌دا. ئیتر یان دووریان ده‌خسته‌وه‌، یان به‌رکه‌ناریان ده‌کرد، یان پشتگوێیان ده‌خست.
ئه‌م نوسینه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت...


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە