بەدران ناحەبیب هەرقسەكردنێكى تاوانێكە
Sunday, 06/03/2011, 12:00
ئەفلاتون دەڵێت :(ئەو پەڕى شەرم و حەیا ئەوەیە مرۆڤ شەرم لەخۆى بكاتەوە)
لەسایتى ئاوێنەدا لەڕۆژى 4/3/2011 بەدران ناحەبیبى جاشقەڵەم و ئەڵقە لەگوێى حزبى بنەماڵەى بارزانى بابەتێكى پڕ لەڕق و كینە وكرچوكاڵى نووسیبوو , كەزۆر بێئابڕووانە ئەو هەڵپەڕین و قونبادانەى (25) ى شوباتى پارتە ڕیسوابووەكەى بەجەژن و شادى شارى هەولێر ناوزەدكردبوو . كەلەڕاستیدا شارى هەولێر و خەڵكە سەربەرزەكەى بەتەواوى لەم كارە قێزەون و ناشارستانیە بێبەریینە كە حزبە تۆقیوەكەى بنەماڵەى (31) ى ئەنجامیدابوو .
لێرەدا من لەم قەَڵەمفرۆش و بەكرێگیراوە ناگرم هەرچى دەڵێت بابیڵێت , چونكە ڕەنگە بەرامبەر ئەم چەواشكارییەى چەند قرۆشێك لەپارەى دزراوى خەڵك لەئاغاكانى وەربگرێت . بەڵام ئەوەى مایەى نیگەرانیە كەوا هەندێك كەسى دیكە لێرە و لەوێ وادەزانن خەڵكى بەشەرەفى شارى هەولێر بەشدارى ئەم ئاهەنگە دزێوەیان كردووە, كەبەووتەى زۆرینەى ڕۆشنبیر و خاوەن هەڵوێستانى ئەم شارە (پارتى ئەمجارەیان بەقەرار سەركەوتنى بەدەستهێنا) . بۆ ئەم مەبەستەش دەمەوێ چەند ڕوونكردنەوەیەك بۆ خوێنەرانى خۆشەویستى كوردستان وەك شایەتحاڵێك و دانیشتویەكى شارى هەولێرى زۆرلێكراو ڕوون كەمەوە .
بەڕێزان لەڕۆژى هەینى (25) ى شوباتدا هەموو بەرپرس و چڵكاوخۆرەكانى پارتى خێڵەكى تاكو كاتژمێر (2) پاش نیوەڕۆ لەترسان تۆقیبوون , زۆربەیان ڕوویان كردبووە سەرى ڕەش و هاوینەهەوارى سەلاحەدین ڕەنگە هەندێكیان دوورتریش ڕۆیشتبن , ئەمەش ئەوەى بەبیر دەهێنامەوە كەوا چۆن لەساڵانى شەڕى ناوخۆدا منداڵە جەلالیەكان ڕاویان نابوون و هەولێریان پێ پاككردبوونەوە , بڕوابكەن ئەم پارتیە هەمان پارتیە ترسنۆكەكەى جارانە , تەنانەت لەشارى هەولێردا متمانەیان بە پۆلیس و ئاسایشیش نەمابوو , تەنیا دەزگا بەدناوەكەى پاراستن كەجلوبەرگى پۆلیس و مەدەنیان لەبەردابوو, بۆ داپلۆسینى خەڵك لەشاردا بڵاوببونەوە . ئەوەبوو تاكو كاتژمێر (6) ى ئێوارە هێشتا هەرباوەڕیان بەخۆیان نەبوو , هەرچەندە تائەو كاتەش خەڵكێكى زۆریان بەنامەردانە ڕەشبگیركردبوو .
پاش ئەو هەموو ترس و تۆقینەى بەرپرسانى پارتى لەخەڵكى بەشمەینەتى شارى هەولێر و بەكارهێنانى ئەو هەموو زەبروزەنگەش , كەبینیان تەواو لەلایەن دەزگا سەركوتكەرەكانیان كۆنتڕۆڵى بارودۆخەكەكراوە . ئینجا بڕیاریاندا ئاهەنگێگ سازبكەن بۆ ڕەوینەوەى ترسەكانى خۆیان , ئەوەبوو لەزۆربەى قەزا و ناحیەكان و كۆمەلگایەكانى نیشتەجێى دەورووبەرى شارى هەولێر لەڕێگەى ڕێكخراوە حزبیەكانیانەوە خەڵكانێكى حزبى خۆیان بەزۆر هێنا بۆ ئەوەى وانیشان بدەن كەوا ژمارەیان زۆرە ئەمەش بەزەبرى پارە وپولى دزراوى بودجەى حكومەت .
جا هەموو خەڵكى كوردستان ئەم حزبە باش دەناسێت , كەوا چۆن لەهەڵبژاردنەكاندا ساختە دەكات ئەمجارەشیان ئاوا بەساختە خۆى پەڕاندەوە .
لێرەدا ڕاستیەك هەیە دەبێت بیزانین ئەم جەماوەرە حزبیەى كەپارتى بەزۆرى هێنابوویە سەرشەقام ئەوا كۆمەڵ و یەكگرتووش و هەر حزبێكى گەورە و بچووكى تریش دەیتوانى لەوەزیاتر خەڵكى خۆیان بێننە سەرشەقام , هەر شتێك جەماوەرى خۆى هەیە . بۆنموونە لەكاتى یارى تۆپى پێدا بەهەزاران كەس ڕوو لە یاریگا دەكەن ئایا ئەمە ماناى ئەوە دەگەیەنێت كەوا خەڵكى ئەم شارە هەموویان جەماوەرى تۆپى پێن ؟!
لەلایەكى تردا ئەم قەڵەمفرۆشە سەر لێشێواوە باسى ئەوە دەكات كەوا پارتى شارى هەولێرى گرتۆتە باوەش , یان دەڵێت پارتى خزمەتى هەولێرى كردووە بۆیە هەولێریەكانیش بۆى وەفادارن !!! بەڕاستى بەم درۆیە شاخدارە ناتوانێت خۆڵ بخاتە چاوى خەڵكەوە تەنیا دەتوانێت خۆى هەڵخەڵەتێنێت , چونكە كەس نیە نەزانێت كەوا پارتى دواى خیانەتە مێژوویەكى (31) ى ئاب كەهەرخۆشى بێئەوەى شەرم لەخۆى بكات لەنووسینە بێسەروبەرەكەیدا باسى دەكات , چۆن شارى هەولێریان خاپوور كرد هەر لەشوونبزركردنى هەزاران ڕۆڵەى بەشەڕەف و بەغیرەتى ئەم شارە كەتاكو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە . ئەوانەش هەرتەنیا ئەندام و لایەنگیرانى ینك نەبوون بەڵكو لەیەكگرتوو و كۆمەڵ و پەكەكە و چەندین خەڵكى بێتاوانى دیكەپێكها تبوون.
ئەمە وێڕاى تاڵانكردنى ماڵى خەڵك و دامودەزگا حكومیەكان و كارگەكان شان بەشانى حەرەس جمهوریەكانى بەعسى فاشیست .. با ئەم جاشقەڵمە پێمان بڵێت كارگەى رستن و چنین و كارگەى جگەرە و مافوور و دەیان كارگەى تر چیان بەسەر هات ؟! ئەوانە زۆر قەوانى ئاوەدانكردنەوەى شارى هەولێر بەگوێى خەڵكدا لێدەدەنەوە, كام ئاوەدانى ؟! ئایا ئاوەدانى ئەوەیە كەوا چەند پاركێك كەبەپارەى دزراوى خەڵك دروستكراون یان چەند سوپەر ماكێتێك كەسەرمایەدارانى ئەم شارە بەهەزارن دەردە سەرى دروستیان كردووە و بەناچارى بەشى مەسولەكانیشیان تێداكردووە .. كام ئاوەدانى ؟ ئەوەنیە لەسایەى ئەم حزبە مشەخۆرەتاندا ڕۆژ بەڕۆّژ گەڕەكە هەژارنشینەكانى شارى هەولێر وەكو (تەعجیل و عەرەبان و كوران و كورانى عەنكاوە و سەیداوە و سێتاقان و تەیراوە وخانەقا و مەنتكاوە و ئیسكان و نەورۆز و كرێكارن و كوردستان و باداوە و لەتیفاوە و حەدید و خەشەب و گێمەدێ و شاپاوە و ..هتد) بەژیانى كولەمەرگى دەژین . هەر لەسایەى ئەم حزبە دز و جەردەتاندا چەند گەڕەكێك لەشارى هەولێردا هەبوون كەوا بەگەڕەكە راقیەكان دادەنران ئێستا دانیشتوانى ئەمانەش لەوپەڕى نەهامەتى دەژین وەكو گەڕەكى (روناكى و مفتى و كشتوكاڵ و ئازادى و شۆڕش و ...هتد) ئەمەیە ئاوەدانیەكەى هەولێر . سەربارى ئەوەش یەك پارچە زەویتان لەم شارە نەهێشت هەمووتان هەڵلووشى . بڕۆن لەشارەوانى بپرسن بزانن كێ ئەم زەویانەى وەرگرتووە ؟ ئایا ئەمە ڕاستە سەرسۆرێك لەگوندێكى دوور سنوورەوە بێت دوو سێ جار زەوى بدرێتێ یان بەرپرسەكان و سیخوڕەكانتان چەندین جار زەوى وەرگرن كەئەمە موڵكى ڕۆڵەكانى ئەم شارەیە . جا خەڵكى زۆرلێكراو و بەشخوراوى ئەم شارە جەژنتان بۆ دەكات یان زۆر لێتان پەست و تووڕەیە هەر ڕۆژێك بێت ئەم تووڕییە بتەقێتەوە دەزانن چارەنووستان چى بەسەردێت ؟
لەشوێنێكى تردا بەدرانى كۆیلە و قەڵەم و ویژدان فرۆش دەڵێت (هەموو پێشكەوتنێك لەهەولێر جێى پەنجەى پارتیە) كە ئەمەش جۆرە بیركردنەوەیەكى بەعسیانەیە , جاهەر كۆنە بەعسیەكى ناو پارتى ئەم قسەیەى كردبووایە ئەوا ئاسایى بوو , بەڵام كۆنە شیوعیەك ئەم قسەیە بكات ئەوا تاوان و ناپاكییە , لەگەڵ ڕێزم بۆ خەباتى شیوعیەكوردستانیەكان كەمێژوویەكى پڕ لەسەروەریان هەیە لەبززوتنەوەى ڕزگاریخوازى نەتەوەكەماندا , هەرچەندە بەعسیەكانى ناوپارتى زۆر بەشەرەف ترن لە كۆنە شیوعیەكانى ناو پارتى ,چونكە تاكو ئێستاش وەفایان بۆ بەعس و سەدامى دكتاتۆر هەیە و بێ منەتن لەپارتى, بەڵام ئەم كۆنە شیوعیە دۆڕاوانە تەنانەت وەفایان بۆ هاوڕێیە شەهیدەكانیشیان نیە كە سەدان داستانى ئەفسوناویان لەزیندان و خەباتى پێشمەرگایەتیدا تۆماركردووە . بەڵێ بەم قسەیە چۆن سووكایەتى بەلایەنەكانى تردەكات كەئەوانیش لەحكومەتە دزو جەردە وفاشیلەكەى هەولێردا بەشداریان كردووە ئەو تەنیا پارتى بەسەركەوتوو دەزانێت .
سەبارەت بەناشرین وێناكردنى گەنجان و ڕۆشنبیرانى سەراى ئازادى شارى سلێمانى خۆشەویستیش هەر ئەوەندە بەم جاشقەڵەمە ئەڵقە لەگوێى بنەماڵە دەڵێم دەریا بەدەمى سەگ پیس نابێت و كەكاروان ڕۆیشت سەگ دەوەڕێ ..سەركەوتن هەر بۆ خواست و ئیرادەى گەل و ئازادیخوازانە , ڕووڕەشى و ڕیسوایى هەر بۆ گەندەڵ و ناپاكانە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست