کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"ئێمە یەكێتیین بروخێ یەكێتی!"

Wednesday, 27/05/2009, 12:00


دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی فراكسیۆنى سەوز لەپەرلەمان، هاوكاتبوو لەگەڵ پرۆسەی لابردنو گواستنەوەی بەشێك لە ئەندامو بەرپرسی ترى سەر بەیەكێتى لەسلكی مەدەنیو عەسكەری حكومەت، كە قسە زۆرە هۆكاری لابردنیان پەیوەندی بە ئینتیمای ئەو سزادراوانەوە هەبێت بەقەوارە سیاسییەكەی نەوشیروان مستەفاوە، لێدوانی ڕەسمی حكومەت نییەو یەكێتیش ڕونینەكردۆتەوە كە ئایا لەم كاتەدا، ئەم ئیجرائاتانە بۆ؟

بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی خاتو كوێستان مەسەلەیەكی تەواو جیاوازە، ئەو بەخواستی خۆی بەبێ چاوەڕوانی بڕیارێكی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بێت، تەرجەمەی هەڵوێستەكەی خۆی بەوە ڕاگەیاند كە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ ڕای گشتی بڵاوبكاتەوە.

بەئاشكراكردنی هۆكاری وازیهێنانەكەی سەرۆكی فراكسێۆنی سەوز ئەو گومانانەی رەواندەوە، كە لەدەوروبەری ئەو جۆرە وازهێنانە دروستدەبن، لە بەر هۆیەكی زۆر سادە، ئەویش ئەوەیە كە خاتوو كوێستان لە نێوان لیستی یەكێتیو ئەوانیتردا، لیستی گۆڕان هەڵدەبژێرێت، كاندیدكراویانە، دەنگیان بۆ دەدات و جەماوەریان بۆ كۆدەكاتەوە، بێگومان لەگەڵ جەختكردنەوە لەمانەوەی شەرەفی ئەندامێتی لەیەكێتیدا.

مانەوەی ئەندامێتی لایەنگرانی قەوارەی سیاسی " گۆڕان" وەك ئەندام لەناو یەكێتیدا، لەهەمان كاتدا وەك مونافسێكی لە هەڵبژاردن، كۆمەڵێك پرسیاری رێكخراوەیی دەوروژێنن، كە سەركردایەتی یەكێتی لە مەدای بینراودا وەك بڵاودەركرێتە بەئیجرئاتی ئیداری مامەڵەی لەتەك دەكات، وادیارە ئیجرائاتی ڕێكخراوەیی بۆ باڵاترین ئۆرگانی یەكێتی جێهیشتووە كە گۆنگرەیە.

بونیادی نێوخۆی هەر حزبێكی سیاسی لەم هەرێمەدا لە سەر بنەمای یەك چواچێوەی رێكخراوەیی، یەك ئیرادە، یك بڕیار، یەك ڕێبازی فكریو سیاسی داڕێژراوە. شتێك نیە بەناوی فرەیی كوتلەو فرەیی مینبەری رێكخراوەیی سەربەخۆ، بونیادێكە لەدابەشكردنی دەسەڵاتو ئەركو مافەكانی ئەندام كە ئەستەمە كەمینە هەموو كاتێك مافی جیاوازبونی لەگەڵ خەتی گشتی ئەو حزبانە پارێزراو بێت.

نەخشەى ڕادەربڕین بە شێوەیەك داڕێژراوە، بە شێوەیەك مەرجدارو كۆتو بەندكراوە، كەئەندام ناتوانێت لەحزبێكی لیبراڵیشدا هێڵەكانی دیموكراسییو ناوەندی لەیەكترجیابكاتەوە، بە ئەندازەیەك "كەمینە" لە ناو دیمەنی حزبایەتیدا كەنەتوانێت شوێنێیكی موحتەرەم بۆ دەربڕینی جیاوازی بدۆزێتەوە. مۆدێلێك لەحزبایەتی كە جۆرج تەرابیشی بە"تاعونی دیموكراسی" ناوی دەبات ، سیستمی یەك بیركردنەوەو قسەكردنی حزب بەناوی هەموانەوە.


سەركردایەتی ئەم پارتانە چەندە لیبراڵیش بن بەردەوام ئەركی رێكخراوەیی داوات لێ دەكات وابەستە بیت بەهێڵیكی سیاسیەوە كە جیاوازیت لە گەڵیدا، وازهێنان لە ڕای تایبەتی لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركی ڕەسمیو حزبیدا، ئەمەش كەمینەو زۆرینە لەكۆنگرەكاندا بڕیاری لەسەر دەدەن، هەنگاوی پێچەوانەی ئەمانەش مانای دابڕانە لەهێڵی گشتی حزب، دەرگاكانیش بۆ سزادانو وازهێنانو تەنانەت جیابونەوەش، واڵا دەكاتەوە.

ئەندامانی قەوارە سیاسییەكەی "گۆڕان"، ئەوانەی وەك سەرۆكی فراكسیۆنى سەوزی یەكێتی، تا هەنوكە وابەستەن بە ئەندامێتیان لەناو یەكێتی، لەبەردەم دوو پرۆسەو دوو كاردانەوەی حزبیدان، یان ئەواوەتا چاوەڕوانی ئەوە بكەن كۆنگرە پێیان بڵی قەوارەی ڕێكخراوەیی سەربەخۆو لیستی جیاواز بۆ دەرەوەی یەكێتی ، بەمەش كۆنگرە رێگا باوەكەی حزبایەتی هەڵدەبژێرێت ، رێگای دوهەمیش گۆڕانكاری لە هەندێك بەندی ئەو دەستورە بكرێت، چەخت لە فرە مینبەری فرە رێكخراوەیی بكرێت، ئەمەیان مەحاڵ نییە.

بەڵام پەیڕەوی ناوخۆی ئێستای یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە دەستوری كەمینەو زۆرینەشە، ئەگەر لەكتێبخانەكەی مەكتەبی رێكخستن خۆڵی زەمانەشی لەسەر نیشتبێت، ئەوە لە ڕووی تیۆری حزبییەوە، ئەگەری ئەوە بۆ ئەو كەسانە ناهێڵێتەوە بڵێن: ئێمە یەكێتینو ئاواتەخوازیشین لە هەڵبژاردن یەكێتی بە دۆڕاوی ببینین، ئەوانەشی سەریان لە حزبایەتی سپی كردەوە دەزانن ناكرێت ئەندام بڵێت :"ئێمە یەكێتینو بڕوخێ یەكێتی".
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە