سەرسامم بە مالكی !

Thursday, 28/06/2012, 12:00






تا دوا دێری ئەو نوسینە لەگەڵم بن ناهەقم ناگرن كاتێ دەڵێم سەرسامم بە مالكی.
 ئەو ناوە لەوەتەی ساڵی 2005 بە گوێچكەی شەقامی كوردی دەخولێتەوەو هەرجارەو وێنەی جیاوازی بۆ دەكێشرێت جارێك پاڵەوان و جارێك دیكتاتۆر ! وای لێهاتووە شەقامی كوردی بە تەواوەتی بیناسێ چ لەڕووی ئەوەی كە سەرۆكوەزیرانە یاخود لەوەی كە پێشتر لە هەولێربووەو زەوی بە كورەكەی دراوە. مالكی ئەگەر چی پەروەردەی قووم بوو، بەڵام كابرایەكی ژیر و یاریچیەكی باش بوو لەسەر هەردوو پەتی ئێران و ئەمریكا یاری كرد. ئەو تا نوسینی ئەو بابەتی من سەرۆكوەزیرانە. بەڵام كێ مالكی وەها گەورە كرد؟ با لە خۆمانەوە بپرسین ؟ ئەی هەر بەرپرسانی كورد بوون مالكیان هێنایە سەر تەخت و ئێستاش هەر بەرپرسانی كوردن دەیانەوێ بهێتە خوار . هاتنە سەرتەخت بە زەنگی بارزانی و تاڵەبانی بوو هاتنە خوارەوەی بەهەمان زەنگ بۆچی ؟
كێشەی مالكی لەگەڵ بەرپرسانی كورد هێندەی كێشەیەكی ئابووریە باوەڕم نییە كە كێشەیەكی نەتەوەی بێ؟ چونكە هەمومان لامان روونە كە سەركردایەتی سیاسی كورد چۆن چۆنی رەزامەندی هەبووە بە مەرگی مادەی 140 و بەر لەوەی مالكی بهێننە سەرتەخت دەیانزانی كە ئەو كابرایە هەڵوێستی لەبارەی مادەی 140 چییە . بەڵام خۆ دیارە كێشەكە نەوتە، نەوتیش بۆ بەرژەوەندی تایبەتی هەندێ بەرپرسی دیاریكراو. من لەوە سەرسام نیم كاتێ مالكی دژی مادەی 140 قسە دەكات، بەڵام ناهەقیشی نییە خۆ ئەو كورد نییە و بە كوردی نادوێ! خۆ ئەو سەرۆككۆمارە كوردەكەی ئێمە نییە ؟! بەرپرسانی ئێمە خۆیان مەرگی ئەو مادەیان واژۆكردووە. پرسیارێكی تر ئەوەیە مالكی ئەوە دەهێنێت شەقامی كوردی پربكرێت لەو ناوە ؟ مالكی كراوە بە ئەكتەری نێو هەمو شانۆكانی عێراق و ئەو ناوەش میدیای كوردی وەها گەورەیی كردووە. بۆیە دەڵێم سەرسامم بە مالكی ئاخۆ ئەو سیحرە چییە كە وایكردووە تیڤی و رۆژنامەو گۆڤارو رادیۆو مەجلیسی چایەخواردنەوەش پڕبێت لەناوی ئەوكابرایە. میدیای كوردی وەها كردوویەتی بە پاڵەوان كە لەگەڵ سفرەی نانخوادرنیش كاتێ تیڤی دەكەیتەوە مالكی لەسەر سفرەی نانخوادرنەو لەكاتی خەوتنیش لەسەردێری هەواڵەكان هەیەو لە نێو فیلمی تیڤیەكانیش بەسەب تایتل ناوی دەنوسرێ !. ئەوە من نیم خۆشم دەوێ ! ئەمە میدیای كوردیە وایكردووە ئەوەندە ناوی ئەو كابرایە لەنێو ماڵ و كوچەو كۆڵان و شەقامەكان بێت و وابكات بە گوشاری میدیاو بە جەختی ئەوانەوە سەرسامی بیت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە