کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سلێمانى بە ئارامیەوە جوانە... با نەژاكێ.!

Saturday, 09/01/2010, 12:00


بەهەشتى زاتى پاكى خوا بەناوبانگە لەبەر جوانى
كتومت رەنگى رێژراوە لەسەر شێوەى سلێمانى.....! جەمال ئاغا
سلێمانى مەسكەنى بابانەكان، شارى شێخى نەمر، شارى هەڵمەت و قوربانى، قوتابخانەى فێربوونى كوردایەتى، شارى شاعیرو زانا و ئەدیبان، تا دەگاتە شارى قسەى خۆش و نوكتەبازى و چەندین تایبەتمەندى جوانتر لە نمونەى (شارى گۆڕان)، راستیەك هەیە كە دەكرێت هەستیارترین سیماى ئەم دەڤەرە بوك ئاسایەى كوردستان بێت، ئەویش دۆخى ئارامى و ئاسایشەكەیەتى، ئەم شارە بەدرێژایى چەندین ساڵ شەڕى شومى ناوخۆ، دۆخە ئارامەكەى رێگەى نەدا ببێت بە لانى كەمى مەیدانى شەڕەكە، پارتە شەڕ خوازەكان هەمیشە و لە كاتى شكستدا بێ تەقە ئێرەیان جێئەهێشت، لەم شارەدا هەرگیز تیرۆرستان نەیان توانى زەفەرێكى بەرچاو بە ئارامیەكەى بەرن كە زۆریش مەبەستیان بوو، ئارامى و ئاسایشى سلێمانى ئەو خەسڵەتە شیرینەبون كە هەمیشە شانازیمان پێوە دەكرد و شیعرمان بە باڵایدا ئەهۆنیەوە، ئەوەى گرنگە ئەوەیە كە پشكى شێرى ئارامى و ئاسایشى سلێمانى بۆ ئاستى تێگەیشتن و دڵسۆزى هاوڵاتیانى ئەگەڕێتەوە كە هەمیشە هاوكار و پشتیوانى دەزگا ئەمنیەكان بوون،یان هەرخۆیان بەرگریان لێدەكرد،لە بیرتان چوو! سلێمانى پایتەختى رۆشنبیرى بوو.! ئەسەف..ئێستا ئەم شارە بەو هەموو تایبەتمەندى و جوانیەوە دووچارى مەترسیەكى هەستیار بۆتەوە، رۆژانە تەقەكردن لە لاوێك و كوشتنى یەكێكى ترو هەڕەشە لە دوانى ترو تەقەكردن لە ماڵان و سوتاندن و پێشێلكردنى حەرەمى ئابڕومان (نوسینگەى پەڕلەمان) و تفەنگ و بیئێمى رەش و دروست بوونى گروپى (....) و سزادان لەسەر بیروڕاى سیاسى بەردەوام خوێ ئەكەن بە برینیا، هەر ئەڵێى ئەو سلێمانیەى جارانیش نیە، بە داخەوە ئێستا ئەم شارە زیاتر لە (شارى كوشتنى جوانیەكان) نزیكە، بۆ.؟ دەبێت تاوانمان چى بێت.؟ كام فەلسەفەى مرۆڤ كوژى و كام تیۆرى ترس و كام خائینى مێژوویى بەرهەمى ئەم شارەن.؟ كام داهێنانى رەش و كام قبوڵكردنى سیاسەتى ملهوڕى و مێگەل ئاسا بەرهەمى ئەم شارەن.؟ كام كێڵگەى تریاك و كام چەكى كۆكوژ و كام پەتى سێدارە و كام دیكتاتۆرى مێژوو لەنەوەى ئەم شارەن.؟ ئاخر خۆ ئێمە هەر شیعر و پەخشان و چیرۆكە جوانەكانى تەمەن و ئازادى و عیشقمان دیارى بوو.! ئێمە هەمیشە سەرقاڵى تۆماركردن و نوسینى داستانێكى ترى خۆشویستن بوین.؟ چ گوناهێك...؟ ئاخر سلێمانى و نائارامى.؟ سلێمانى و چەك و تەقە.؟ سلێمانى و بیئێمى تاوان.؟ سلێمانى و باندى رفاندن.؟ سلێمانى و كوشتنى جوانیەكان.؟ لە بیرتان چوو (جەمال ئاغا) كە ئێستا ئەندامى ئەنجومەنى ناوەندى (ى.ن.ك)ە، بەهەشتى بەم شارە وێنا ئەكرد
" بەهەشتى زاتى پاكى خوا بەناوبانگە لەبەر جوانى
كتومت رەنگى رێژراوە لەسەر شێوەى سلێمانى.....!"
ئاخر چۆن دەگونجێت (بەهەشت و تاوان، بەهەشت و چەك و تەقە، بەهەشت و كوشتنى جوانیەكان) لەبیرمان چوو هەمیشە (تاڵەبانى) سەرۆك كۆمار دەیگوت "شارە حەیاتەكە" ئاخر چۆن دەبێت (شارە حەیاتەكە و تاوان، شارە حەیاتەكە و چەك و تەقە، شارە حەیاتەكە و كوشتنى جوانیەكان) چۆن لە بیرمان دەچێت (حاكم قادر) كە ئێستا بەڕێوەبەرى گشتى ئاسایشى هەرێمە لە نامیلكەى (شەڕى بەردەركى سەرا)دا دەڵێت "شارى سلێمانى بوو بۆ یەكەمینجار لە مێژووى هاوچەرخدا راپەڕى" بەداخەوە ئێستا سلێمانى لە ژێر هەڕەشەى هەورێكى رەشدایە، ئەم سێ كەسایەتیەش لوتەكەى سەرۆكایەتى كۆمار و دەزگاكانى ئاسایش و ئەنجومەنى ناوەندیان گرتووە و ئەركیان پارێزگاریكردنى سەر و ماڵى هەر مرۆڤێكى ئەم كۆمەڵگایەیە، هەر بۆیە زۆر نائاساییە رێگە بەو جۆرە تاوانانە بدەن و بێدەنگ بن لە ئاستى، دەبێت بە زووترین كات نەهێڵن بە هەر جۆر و مە بەستێك بێت (شارە حەیاتەكە و بەهەشتە بێوێنەكەى خوا و شارە رچەشكێنەكەى راپەڕین بژاكێت)، ئەوەى جێگەى نیگەرانیە ئامانج و مەبەستى ئەم كارە دزێوە كاراكتەر و چالاكوانەكانى ئۆپۆزسیۆنن، چ دۆخێكى ناسروشتیە تا ئێستا عەقڵێك هەبێت بڕواى بەكاركردن بێت بە مەبەستى كپ كردنەوەى دەنگى ئۆپۆزسیۆن، لە كاتێكدا كە مەحەكى هەڵبژاردن بۆ یەكەمجار لە كوردستاندا سەلماندى كە ئۆپۆزسیۆن دوور لە هەر چاوبەست و فرت و فێڵێك، سەرەڕاى ئەوەى كە ئۆپۆزسیۆن بوە خاوەنى داهێنانى دەنگى سروشتى، دەنگى دوور لە بازرگانى و هەڕەشە و تۆقاندن، بۆ یەكەمجار لە كوردستاندا مۆدێلى دەنگدانى ئارەزوو مەندانەى هێنایە كایەوە، كە ئەمە مەزنترین جۆرى خزمەتكردنە بە ئاراستەى دیموكراسى و بە مەدەنى بوونى كۆمەڵگا، لە سەرو ئەمەشەوە توانى رێژەیەكى بەرچاوو كاریگەرى كورسیەكانى پەڕلەمان بە دەستبێنێت، بۆیە هەر هەوڵێكى لەو جۆرى سزادانى سیاسیە بە مەبەستى ترساندن دەبێتە سەلمێنەرى كاریگەرى گۆڕان و دواجار دیوێكى ترى سیاسەتى ترس ئامێزى لایەنى بەرامبەر دەردەخات، لە كۆى مەبەستەكەشدا هیوا خوازى بنبڕكردنى دیاردەكەین كە دواجار دەسەڵات و دەزاگا ئەمنیەكان لێى بەرپرسن..!
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە