خالیدی خوله سوور خه‌ڵات بکه‌ین، یان دادگایی؟
Saturday, 10/09/2011, 12:00
گه‌ڕانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی مێژوو تێگه‌یشتنه له‌و راستییانه‌ی له رابردوو تا ئیستا ئێمه‌ی تێدا دروست بووین، ئه‌گه‌ر به راستیی بمانه‌وێت له خۆمان بگه‌ین، نابێت درۆی تێدا بکه‌ین چ له گێڕانه‌وه، چ له هێنانه‌به‌رچاوی رووداوه‌کان، تا ئێمه راستگۆتر بین، هه‌نگاوه‌کانی دواتر گورجوگۆڵترمان ده‌کات، تا کاری باشتر و جوانتر بکه‌ین.
راستگۆیی متمانه‌ی به‌رامبه‌ره، یه‌کێکه له خه‌سله‌ته‌کانی به موڕاڵبوونی ئێمه، چ له ناو خۆماندا، چ له ده‌ره‌وه‌ی خۆمان، راستیی درکاندن و باسکردنی رابردوو، واته نووسینه‌وه‌ی مێژوو، باسکردن و نووسینه‌وه، به‌شێکه له ئازایه‌تیی، هه‌موو که‌سێک ئه‌وه‌نده ئازا نییه، راستی بڵێت و بیکاته مێژوو و بینووسێته‌وه، به‌تایبه‌تیی ئه‌وانه‌ی که رۆڵیان هه‌بووه، جا رۆڵه‌که چاک بووبێت یان خراپ، ئه‌گه‌ر ئێمه موڕاڵ بکه‌ینه پێوانه‌ی هه‌موو کار و هه‌نگاوه‌کانمان، ده‌توانین مێژووه‌که‌مان له هه‌ڵه راست بکه‌ینه‌وه، تا دووباره‌یان نه‌که‌ینه‌وه، مه‌به‌ستم له‌وانه‌یشه مێژووه‌که دروستده‌که‌ن، ئه‌وانه‌یش که ده‌ینووسنه‌وه. به‌داخه‌وه ئێمه نه بکهرهکانمان موڕاڵیان هه‌بووه، نه مێژوونوسه‌کانیش به ئه‌مانه‌ته‌وه نووسیویانه‌ته‌وه، لێ که‌سی وریا و زیره‌ک ده‌توانێت سه‌ره‌داوێکی لێوه‌ربگرێت هه‌ندێک له‌و راست و دروستیی و درۆیانه‌ی لێ ده‌ربهێنێت، تا له‌وه بگه‌ین کێ و چۆن ئه‌مڕۆی به‌و چه‌وتیی و به‌و ناهه‌قییه بۆ به‌رهه‌م هێناوین، به داخه‌وه من که‌س له مێژووی ئه‌م هه‌شتا ساڵه‌دا نابینمه‌وه، که بووبێته پاڵه‌وانێکی کاریزما، بۆیه که‌س له پاڵه‌وانانی مێژووه چه‌وته‌که‌ی کورد ناتوانێت میلله‌تێک به قه‌رزارباری خۆیان بزانن، که‌چی وه‌ک ده‌بینین هه‌ر خاوه‌ن قه‌رزه له ناو کورددا سه‌ره‌یان گرتووه و داوای قه‌رزێک ده‌که‌نه‌وه، که جگه له سه‌رمایه‌ی پووچ هیچی تریان بۆی به‌رهه‌م نه‌هێناوه، گوایه ئه‌وه‌ی کردوویانه بۆ ئازادیی و سه‌رفرازی خاک و خه‌ڵکه‌که بووه. تا ئێره په‌یوه‌ندی به خالدی خوله‌وه سوره‌وه نییه، به‌ڵکو به گشتگیری قسه ده‌که‌م.
فه‌یله‌سوفی هاوچه‌رخی هیندی (ئۆشۆ) ده‌ڵێت:
پێش ئه‌وه‌ی شۆڕش بکه‌ین، پێویسته له سه‌ره‌تاوه ئه‌و مرۆڤانه دروست بکه‌ین، که شۆڕشه‌که بپارێزن.
له‌و قسه جوانه‌ی ئۆشۆوه منیش ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ شۆڕشه‌کانی کورد، بۆ ئه‌و کوردستانه‌ی، نیشتیمانی ئێمه‌یه، گوایه بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاله‌بانیی، هه‌روه‌ها پارتییه‌کان و یهکیتییهکان خه‌باتیان بۆی کردووه، رزگاریان کردووه، ئێمه‌یان به‌م رۆژه خۆش و پڕ به پیت و به‌ره‌که‌ت و دۆلاره گه‌یاندووه، ئەو نیشتمانە پڕ مەهزەلەیەی هەموو هاوکێشەکانی دنیای لەبەر دەم ڕاماندا ڕاگرتووە، ئه‌و وڵاته‌ی ناوی کوردستانه، ئه‌و خاکه خوێناوییه سەر سوڕهێنەرەی، که هەموومان پێی دهویرین سووکایه‌تیی پێبکه‌ین و هه‌تکی ده‌که‌ین، درۆی به سه‌ردا راده‌خه‌ین، خه‌ڵکه‌که‌ی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنین، ئه‌وه‌ی کردوومانه ده‌یکه‌ین به قه‌رز لێیان داوا ده‌که‌ینه‌وه، داوای قه‌رزه‌که‌ش به ئاژه‌ڵبوون و کۆیله‌بوونه، بۆیه ئه‌وانه‌ی مێژوویان بۆ تۆمارکردووین، بێ ئه‌وه‌ی نرخ و به‌هایه‌ک به مرۆڤه‌کان بده‌ن، سووکتر له ئاژه‌ڵ مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و ئه‌و نیشتیمانه بێکه‌سه‌دا ده‌که‌ن، نیشتیمان و خه‌ڵکانێک هه‌موو بەگێژدا ده‌چنه‌وه و ناشرینی ده‌که‌ین و سووکایه‌تیی پێده‌که‌ن.
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت له‌وێوه ده‌ست پێبکه‌م و به خوێنه‌ری خوشه‌ویست ئه‌وه بڵێم، که چاوپێککهوتنهکهی که‌ناڵی (NRT) له‌گه‌ڵ خالیدی خوله سوور، بووه هۆی نووسینی ئه‌م وتاره، حه‌زم کرد له‌و باره‌یه‌وه منیش چه‌ند قسه‌یه‌ک بکه‌م، چونکه وه‌کو پێشمه‌رگه‌یه‌ک که مێژوویه‌کم هه‌بووه و ئیستا لێی په‌شیمانم، به‌م چاوپێککه‌وتنه هێنده‌ی دیکه چاوی خۆمم کرده‌وه و زیاتر سه‌رزه‌نشتی خۆم ده‌که‌م، لێ ته‌مه‌ن ناگه‌ڕێته‌وه، بتوانین له سه‌ره‌تایه‌که‌وه تێهه‌ڵچینه‌وه، تا ئه‌وه‌ی هه‌ڵه بووه راستی بکه‌ینه‌وه، راستکردنه‌وه‌یه‌ک له خۆمان و له‌وه‌یشدا سنورێک بۆ ئه‌وانش دابنێین که سه‌رده‌مانێک کردبوومان به ده‌مراست و رابه‌ڕی خۆمان، ئه‌وانه‌ی تا ئیمڕۆش پێیان وایه ئه‌م نیشتیمانه‌ی که به درۆی ئه‌وان و به خوێنی ئێمه گه‌یاندوویانه‌ته ئه‌م ژیانه خۆشه، هه‌موو ئه‌مانه‌یش په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه، ته‌نها دهیهیانهوێت ئه‌وه‌مان پێ بڵێن: درۆ ده‌که‌م، درۆت بۆ ده‌نووسمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بژیم و بمێنمه‌وه.
-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-
هه‌ندێ له قسه‌کانی خالیدی خوله سوور له خواره‌وه ده‌گێڕمه‌وه، هه‌ندێک زانیاری پێویستیش تۆمار ده‌که‌م. له‌گه‌ڵییدا قسه و سه‌رنجه‌کانی خۆم ده‌خه‌مه روو ئه‌م هه‌ویره‌ش ئاوی زۆر ده‌کێشێت، بۆیه به چه‌ند به‌شێک هه‌وڵ ده‌ده‌م مه‌به‌ستی خۆم به بده‌م به ده‌سته‌وه.
خالیدی خوله سوور کێێه؟- خالیدی خوله سوور سه‌رۆکی عه‌شره‌تی غه‌واره، به پێی ئاینی ئیسلام و کۆمه‌ڵگای دواکه‌وتووی کوردیی سێ - چوار ژنی هه‌یه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وانه‌ی بڕوایان به عه‌شره‌ت و قه‌بیله هه‌یه، له رێگای خستنه‌وه‌ی منداڵ و وه‌چه‌ی زۆره‌وه، ده‌یانه‌وێت بره‌و به کۆمه‌ڵگایه‌کی دواکه‌وتووی عه‌شره‌تگه‌ریی بده‌ن، شورایه‌ک بۆ خۆیان و بۆ ده‌سه‌ڵاتێک دروست بکه‌ن، خۆیان له پاڵیدا بپارێزن. بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی یه‌کێکه له نمونه زه‌قه‌کان، که هێنده‌ی ئه‌م سه‌رۆکی هه‌رێمه، له ژوورێکی تاریک‌دا خه‌ریکی منداڵ دروست کردن بووه، نیو ئه‌وه‌نده کاتی به‌وه خه‌ریک نه‌کردووه له ژوورێکی رووناکدا دوو سێ کتێب بخوێنێته‌وه خۆی زیره‌کتر بکات و له مانای دنیا و نهێنییه‌کانی ژیان بگات.
وه‌ک له سه‌ره‌تای چاوپێککه‌وتنه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت، خالیدی خوله سوور ژماره‌یه‌کی زۆر له کوڕی گه‌نج و تازه‌پێگه‌یشتوو که هه‌موویان کوڕی خۆیه‌تیی ئه‌وانه‌ی پێش خۆی داوه، هاتووه بۆ ستۆدیۆی ته‌له‌فیزیۆنه‌که، که‌وابوو خالیدی خوله سوور ژیانێکی ئاسایی ناژی و که‌سێکی ئازاد نییه، به‌و مانایه‌ی وه‌ک هه‌موو که‌سێک به‌بێ ترس بتوانێت بێته‌ده‌رێ و هاتووچۆ بکات، ئه‌مه‌ش له که‌یدا؟ له ساڵی 2011 له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ک ده‌خوێنینه‌وه، که کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتووه‌کان ئه‌مڕۆ گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی ده‌یانه‌وێت زه‌وی جێ بهێڵن، بزانن له دوای زه‌ویی و ئه‌ستێره‌کان و هه‌ساره‌کان چیتر هه‌یه، له ژیان و نهێنییه‌کانی بگه‌ن، تا مرۆڤ له‌و زه‌وییه‌ی تێیدا گیری خواردووه، ئازادتر بکه‌ن و پاشه‌ڕۆژێکی رووناکتر و پڕ له زانست بۆ نه‌وه‌کان بدۆزنه‌وه، که من ره‌خنه ده‌گرم مه‌به‌ستم ته‌نها له خالیدی خوله سوور نییه، به‌ڵکو مه‌به‌ستم له‌و عه‌قله عه‌شایره دواکهوییهیه که له ناو کۆمه‌ڵگای کوردییدا بۆته هۆی دروستکردنی ماشێنێک بۆ دروستکردنی خهلیدی خوله سووره‌کان، لێره‌دا خالید تاوانبار نییه، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت بڵێم سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و شۆڕشه تاوانباره، که زیاتر له حه‌فتا ساڵه نه‌یتوانیوه هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێشه‌وه بنێت و کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست دروست بکات، مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاله‌بانی و زۆر له سه‌رانی تر به هه‌موو حیزب و نووسه‌ره‌کانی کوردیشه‌وه تاوانبارن، که سه‌رو ناوی عه‌شره‌ت، شار و گوند و دێی خۆیان لکاندووه به ناوی خۆیانه‌وه، بگره خالیدی خوله سوور له زۆریان باشتره که توانیوێتی بڵێت من ئه‌وه‌م که ئه‌مڕۆ ده‌مبینن.
- خالیدی خوله سوور وه‌ک خۆی باسی ده‌کات، له ساڵانی 1973، 1974، 1975، 1976 یه‌کێک بووه ئه‌ندامه کۆنهکای کۆمه‌ڵه و چالاکی سیاسیی ئه‌نجامداوه، ساڵی 1976 چۆته ده‌ره‌وه و بۆته پێشمه‌رگه و له رۆژی 21 / 6 / 1980 گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ لای حکومه‌ت، گه‌ڕاویشه‌ته‌وه، تاله‌بانی ، نه‌وشیروان، کۆسره‌ت و جه‌بار فه‌رمان ئاگاداربوون، وه‌ک خۆی باسی ده‌کات، فه‌رمانی حیزبی به‌جێهێناوه، واته ئه‌وان پێیان وتووه، تۆ له پێشمه‌رگه‌وه ببه جاش، ببه به موستهسار. دیاره کاتێک فه‌رمانێکی وای پێده‌ده‌ن، مانای وایه خالیدی خوله سور بۆ ئه‌وسای شۆڕش قازانج و سوودی زۆرتر بووه، ئه‌گه‌ر له لای حکومه‌ت بێت، نه‌ک وه‌کو پێشمه‌رگه‌یه‌ک له ریزه‌کانی شۆڕشدا بمێنێته‌وه.
ره‌خنه و سه‌رزه‌نشتی من له خالید نییه، چونکه نازانم له ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵه‌دا که پێشمه‌رگه بووه چی کردووه و چی نه‌کردووه، یان که گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ناو حکومه‌ت چی کردووه و تا هه‌موویان بخه‌مه تای ترازوویهک و هه‌ڵی بسه‌نگێنم،؟ ئه‌گه‌ر من له شوێنی خالید بوومایه ئه‌وه‌م نه‌ده‌کرد، چونکه ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه که خۆم یه‌کێک بووم له ئه‌ندامه‌کانی ، په‌یامه‌که‌ی ئه‌وه نوبووه، که‌س خۆی بکات به موسته‌شار و به جاش، بۆ خۆم هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییم که‌سێک به‌هه‌ر پاساوێک بێت، بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێک بێت ئاماده‌بێت دیوێکی خۆی ناشرین بکات، بڵێ قه‌یدی نییه، له کاتێکدا کۆمه‌ڵه‌ش نه‌ماوه، جه‌لال تاله‌بانی سه‌رکرده بووه، نه‌وشیروانیش خۆی به کۆمه‌ڵه نه‌زانیوه و پاشقولی لێگرتووه، به‌ڵکو نه‌وشیروان له رابردووش‌دا وه‌کو تاکتیک کۆمه‌له‌ی هه‌ڵبژاردووه، ئه‌مه‌ی خالیدی خوله سوور وه‌ک ئه‌وه وایه کوڕێکی گه‌نجی دڵدار جلێکی جوانی له به‌ردا بێت، بۆنی خۆشی له خۆی دابێت و پێی بڵێن، بڕۆ خۆت له‌و قوڕاوه هه‌ڵکێشه یان ئه‌و به‌رگه جوانه دابکه‌نه، بۆ ئه‌وه‌ی دڵخوازه‌که‌ت بتبینێت و پێبکه‌نێت، ئه‌وسا قسه‌ی له‌گه‌لدا بکه و بچۆره خوازبێنی. ئه‌مه جگه له فلیمی هیندی که دیمه‌نی وای تێدا نمایش ده‌کرێت لێ کاره‌ساته شۆڕشێک وه‌ک فلیمی هیندی نمونه‌ی له‌سه‌ر بهێنیته‌وه، که هیچ پێویستی نه‌ده‌کرد که‌سێک ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده دڵسۆز بێت ئاماده‌بێت خۆی تێدا ناشرین بکات، له‌و لاشه‌وه رووی خیانه‌ت و ناپاکیی و ناشرینی تاله‌بانی پێ جوان بکات؟ تاله‌بانی که خۆی هه‌موو شتێک بووه، له خائین خائینتر، له ئه‌نفالچی، ئهنفالچیتر، له موسته‌شار و جاش جاش جاشتر بووه، چ پێویستی به‌وه بووه، خالیدی خوله سوور بنێرێت ئه‌م کاره‌ی بۆ بکات، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه ته‌نها بۆ مه‌به‌ستێکی تر بووه، لێره‌وه من گه‌یشتمه ئه‌و ئه‌نجامه‌یش، که تاکتیکێکی دیکه‌ی سه‌رانی کورد بووه، که که‌سانی ساده و به‌توانا له شۆڕش داماڵن، ئه‌وه بۆ خۆی هه‌رچی سه‌رکردایه‌تییه‌که‌یه‌تی په‌یوه‌ندیی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ حکومه‌تدا هه‌بووه، له‌ملاوه هه‌رچی پێشمه‌رگه‌ی دڵسۆز و کوردپه‌روه‌ر بووه، به کوشتی داون، له‌ولاشه‌وه چه‌کداری خاوه‌ن عهشرهتیشی ناردۆته‌وه پێی وتوون بڕۆنه‌وه ببن به جاش. که‌وابوو شۆڕش که شۆڕش نه‌بووه، که‌سی باشی تێدا نه‌ماوه، هه‌مووی سیناریۆ و فلیم بووه بۆ قڕکردنی کورد، لێ ده‌توانم ئیستا بڵێم ئه‌وه‌ی چه‌کی تێدا هه‌ڵگرتووه هه‌مووی له‌و شاخه هه‌مووی به ته‌له‌وه بوون بۆ راوکردنی که‌سانی ئازا و دڵسۆز و کوردپه‌روه‌ر، ئه‌م هه‌موو سه‌رکردانه بۆیه وایان کردووه و ناویان ناوه شۆڕش تا ده‌ستنیشانی گه‌نج و لاو و که‌سه دڵسۆزه‌کانی کورد بکه‌ن تا دوژمنانی کورد کۆمه‌ڵگا له‌و که‌سانه پاک بکه‌نه‌وه، که مه‌ترسین بۆ پاشه‌ڕۆژی داگیرکه‌ران و که‌سێکی تێدا نه‌مێنێت.
لێره‌وه ده‌توانم ده‌ست بۆ راستییه‌کی تریش رابکێشم، که قوربانییه‌کان ته‌نها پێشمه‌رگه نه‌بوون، به‌ڵکو جاش و موسته‌شاره‌کان، چاک و خراپیش هه‌مووی قوربانیی ئه‌وه سیاسه‌ته بووه، که سه‌رانی کورد به‌ڕێوه‌یان بردووه، کاتێک باس له چاک و له خراپیش ده‌که‌ین، یان ناوی جاش و پێشمه‌رگه ده‌هینین، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مانه چاکتر ههبووهه، چاکه‌کان ئه‌وانه‌بوون که له ناویان بردوون، یان ئه‌مڕۆ په‌راوێز خراون، خراپه‌کانیش به ته‌نها ئه‌م جاش و موسته‌شارانه نیین، به‌ڵکو بنه‌ماله‌ی بارزانیی و تالهبانیین که من لێره‌وه ناویان لێده‌نێم به سوپه‌ر جاش، سوپه‌ر ناپاک، ئه‌م دوو سه‌ره، سوپه‌ر گه‌نده‌ڵ و سوپه‌ر خائینن، بۆ ئه‌وه دروست بوون و سیاسه‌ت ده‌که‌ن، تا کورد له ناو به‌رن. بۆیه پێویسته ئێمه به گومانه‌وه ده‌بێت له ره‌چه‌ڵه‌کی کوردبوونی ئه‌مانه بڕوانین.
له به‌شه‌کانی تردا دێمه سه‌ر ئه‌مه و قسه‌ی تریش ده‌که‌م.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست