فرسەت لەبەردەستدایە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان ..
Friday, 13/06/2014, 12:00
2082 بینراوە
وەک پێشتریش باسمکرد لەوەتەی شەری گرتنی موسڵ دەستیپێکردووە و داعش پێشرەوی کردووە لە خاکی عێراقدا ، واتە جگە لە کوردستان و ناوچە کوردیەکان من بە وردی چاودێری دۆخەکان ئەکەم و تێبینی و وردبونەوەشم لە میدیا جیهانی و عەرەبیەکان هەیە کە هەموو باس لە ئازایەتی و یەکریزی و بوێری کوردەکان ئەکەن و ڕوون بۆتەوە کە دەولەتی ئێستای عێراق دەوڵەتێکی تایفی فاشیلە و داوا دەکرێت کوردستان جیابکرێتەوە بەو پێیەی تاکە شوێنە کە ئارام و بێ کێشەیە لە ناوچەکەدا و کاتی ئەوە هاتووە بیرۆکەکەی زووی جۆ بایدنی ئەمریکی کاری پێ بکرێت کە دابەشکردنی عێراقە و بوونی بەشە کوردیەکەیەتی بە هەرێمێکی سەربەخۆ وەک دەوڵەتێکی ڕوو لە ئەوروپاو و ئەمریکا وەک دەوڵەتانی بچوکی تری کوەیت و قەتەر و بەحرەین ، بەتایبەت لە ئێستادا کە کوردستانی عێراق تەواوی ئەو شوێنانەی بەدەستەوەیە کە مافی یاسایی و جوگرافی خۆیەتی و هەرئەوەندە ماوە کە بوون بە دەولەت رابگەیەنرێت و دۆخەکە زۆر لەبارە لەبەرئەوەی تەنها ناوچەی ئارام لە ناوچەکەدا هەرێمی کوردستانی عێراقە کە متمانەی ئەوروپا و ئەمریکا و دەوڵەتانی عەرەبیشە بە هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقیشەوە کە دەمێکە ئەوان هەرێمەکە بە دەولەتێکی سەربەخۆ دەزانن لە رووی ئارامی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنەوە ، هەبوونی دەولەتێکی سەربەخۆی کوردی لەم ناوچەیەدا لە ئێستادا بارێکی قورسی سەرشانی ئەوروپا و ئەمریکا سووک دەکات و هاوکات دەوڵەتێکی پشتگیر و پڕ خێر و بەرەکەت و نەوت دەکاتە دۆستی زۆر کەس ، کاتی ئەوە هاتووە کورد پێداگری بکات لەسەر بوون بە دەوڵەت بەتایبەت کە لەسەر ئەرزی واقع سەلمێنرا کە دەوڵەتی عێراقی فشەڵە و هەرگیز جارێکی تر لە توانایدا نیە هەموو خاکی عێراق بە سەرجەم نەتەوە و بیر و راکانەوە یەکبخات و وەک دەوڵەتێکی عەرەبی یەک پارچەی بناسێنێت و تا رادەیەکی زۆر باشیش وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاش لەوە گەیشتوون ، بۆیە وا باشترە بۆ هەموو لایەنەکان و دۆخەکان هەرێمی کوردستان بە توندی و بێ تێرامان بکرێتە دەوڵەت و پشتگیرێکی تۆکمەی جوگرافی و ئەرێنی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست ، کە کورد دۆستایەتی هەموو جیهانی قبوڵە و هەرگیز چاوی نەبریوەتە خاک و سامانی هیچ کەس و گەلێکی چاونەترس و داهێنەر و پێشکەوتنخوازن گەر بواریان بۆ برەخسێنرێت و پشتگیری بکرێن یەکێکە لەو گەلانەی دەتوانرێت لە هەموو پرسە هەرێمی و جیهانیەکاندا مشۆرەتی پێ بکرێت و سوود لە توانا مرۆیی و جوگرافیەکەی و داهات و دەوڵەمەندیەکەی وەربگیرێت لە چوارچێوەی دەولەتی کوردستاندا ، بەو هیوایەی کە ئەم فرسەتە لە دەست نەدرێت و کار بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە پاشکۆیەتی دەوڵەتی عێراقی کە لەوەتەی هەیە جگە لە نەهامەتی و جەنگ و بێ ڕێزی و غەدرێکی زۆر و بەهەدەردانی توانا مرۆیی و ئابووریەکانی هیچ سودێکی بۆ ئەم هەرێمە نەبووە بە ئێستاشەوە .
جیڤارا کمال