كوردیش پاش شەنگال چووە قۆناغێكی ترەوە
Tuesday, 19/08/2014, 12:00
1608 بینراوە
وەك چۆن عیراق پاش روداوەكانی موسل چووە قۆناغێكی زۆر جیاوازەوە و هاوكێشەكان بە جۆرێك گۆڕان، كە لەم ساڵانەی دواییدا چی هەنگاوێك لە زاڵبونی تاك لایەنی نرابوو، لەگەڵ ئەوەی زۆر فاكتەری یارمەتیدەر هاتنە ئاراوە بۆ گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ حوكمێكی سەنترالیزمانە و بەرهەمهێنانی سەركردایەتیەكی تاكرەو و بەهێز، ئەمانە هەمووی سەرنگون بون، نەك هەر ئەمە، بەڵكو روبەرێكی ستراتیجی زۆر لەئەرزی عیراق لەدەست سەنتەر دەرچوو و، عیراق لە زۆر بارەوە گەرایەوە دواوە، ئەمەش وای لەم دەسەڵات و سەركردایەتیە و سەرجەم حزب و لایەنەكان و خەڵكی تری دەرەوەی عیراقیشی كرد جارێكی تر بەو شێوەیە بیر لە حوكمرانی عیراق نەكەنەوە و، بۆیان دوپات بووەوە كە جارێكی تر نە گەلانی عیراق و نەش هاوكێشە سیاسیە ئیقلیمیەكە رێگە نادەن تاكە پێكهاتەو لایەنێك زاڵ بێت بەسەر ئەم دەوڵەتە مۆزائیكیەدا لە خزمەت بەرژەوەندی ئەقلیمی تاكە دەوڵەتێكدا بێت .
كوردستانیش، زۆر حاڵەتی تاكرەوی تێیدا رویدا و و ململانێی حزبی و سەركردایەتی تاكرەو و لەخۆبایی زۆری تێدا دروست بوون، نەك بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەڵكو لە ئاست كوردستانی گەورەشدا خۆی بەتاكە لایەن و سەركردە دەزانی كە شایانی بەرێوەبردن و سەركردایەتی وڵات بێت و خۆی بە شێخ و ئاغا دەزانی و خەڵكی تریش بە شێخی بەرماڵ . ئەگەر هەروا بەو شێوەیە برۆیشتایە روی سیاسەتی هەرێم بەرەو هەمان رەفتاری حومرانی بەغدا دەرۆیشت، سەلمێنەری ئەم رایەش ئەوەیە، كە بە ئاشكرا لە پێكهێنانی دەسەڵاتە خۆجێیەكانی دهۆك و هەولێر بینیمان ئەو رەفتارانە چۆن نیاز و بۆچونی ژێرپەردەمان لە كوردستانیش بۆ ئاشكرا دەكات و، نەك لە عیراق بەڵكو لە كوردستانیش خەڵك رووە و تاكرەوی دەروات و رەخنە لە تاكرەوی دەسەڵاتی عیراق لە بەغداش دەگرێت .
پاش داگیركردنی شەنگال و ئەو ناوچە فراوانەی هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزە تیرۆریستەكەی داعشەوە، هاوكێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانیش گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا هات كە لە بوغرایی لایەنەكان كەم بێتەوە و، حەقە ئەم روداوە پاڵنەر بێت بۆ بە قوڵی بیركردنەوە و بە خۆداچونەوەیەكی وا روبدات كە لەقازانجی دیموكراسی كوردستاندا بكەوێتەوە و ، پێویستیشە بە ئیستراتیجیەتێكی نوێوە حوكمرانی كوردستان بەرێوەبچێت و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیەكەی هەرێمی كوردستان و كوردستانی گەورەش لەبەرچاو بگیرێت و پەیوەندیە دیبلوماسیەكانی لایەنەكان لەگەڵ وڵاتە داگیركەرەكانی كوردستان لەسەر حسابی هیچ لایەنێكی كوردستانی نەبێت، لە مەڕ مامەڵە كردن لەگەڵ ئەم روداوەدا، خۆش بەختانە سەرجەم لایەنەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان سەلماندیان كە لە پێناو ئامانجە نەتەوایەتیەكان خەبات دەكەن و چارەنوسمان یەكە و هیچ لایەنێك بەتەنها ناتوانێت لەدەردانە سەلبیاتەكانی ئەم هاوكێشە هەرێمایەتیانە خۆی رزگار بكات و زەرەر بە بەرژەوەندیە باڵاكانی كورد نەدات .
ئەوەی زۆر گرنگە، هەڵوێستەكانمان هەمیشە لەسەر كاردانەوەی كاتی نەبێت كە لە سیاسەتی هەرێمی كوردستان، كە بەروونی لەم چەند رۆژەدا دەركەوت و، پێویستە روداوی شەنگال دەرس و پەندێك بێت بۆ هەموان و، لەم كاتەدا واقعە نوێكە وافەرز دەكات كە بەخۆداچونەوەیەكی خێرا بكرێت لە سیاسەتی هەرێم و پەیوەندیە نێوخۆیی و كوردستانی و هەرێمایەتیەكان ومامەڵەیەكی نوێ لەسەر بنەما و رێبازێكی نوێی جیاواز لەگەڵ رەوتی سیاسی ناوچەكە و كوردستاندا بكرێت، لەپێناو سەرخستنی پرسە حەقەكەماندا، چاوەرێین .