کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


مەهزەلەی جەنگ و هەڵپەڕكێی پارتی، وەڵامێكیش بۆ محەمەد سەلیم مزووری

Monday, 03/12/2012, 12:00


(له‌ هه‌ولێر چەند عەرەبێك لە دوو سێ كوردیان دابوو، پۆلیسە کورده‌کان وه‌ک ده‌ستخۆشیی و ته‌حییه‌یان بۆ عەرەبەكان كردبوو، دوایی كوردەكانیان لە ناو ئاودەستا بەند كردبوو).

لە واڵی خۆم لە فەیسبووك ئەم سەرنجەی خۆم نووسی: "هەر مناڵێك بەرەو كەركووك ئەڕوات و لێمانی ئەكەن بە رۆستەمی زاڵ! ئەی بۆ لێمانی ناكەن بە تاڵانچیی و جانفالچییه‌کی كورد، چونکه‌ ئه‌مانه‌ بۆ دزینی نانێك.. بۆ دزینی نەوتی ئەوشارش رێ دەكەن و بە كوردایەتی پێمانی ئەفرۆشنەوە! دانیشن بەخێر"،
پاش نووسینی ئه‌و سه‌رنجه‌، هێندەی نەبرد وەك ئەوەی هەنگیان لە كلۆرە داردا دۆزیبێتەوە هەندێ‌ لە پەیجە سارد و سڕ و پڕ لە پیاهەڵدانەكانی پارتی كەوتنە بابەت نووسین لەسەرم، بە خائین و جاشی مالیكی ناویان بردم! لە كاتێكدا دەیان نووسەری عەرەب و ئەوروپی و ئەمریكی بە دەیان شێوە باس لە گەندەڵی و كارە دزێوەكانی پارتی دەكەن، تاكە قەڵەم چروكێكی پارتیم نەدی بتوانێت وەڵامیان بداتەوە و بە بەكرێ گیرا و دوژمن و جاش ناویان بەرن! كورد جوانی وتووە: ".......بە خاڵی خۆی فێرە".

با بۆ كۆیلەكانی روون بكەمەوە، هەمیشە پارتی هەر لە شۆڕشی ئەیلولەوە كاری لەسەر راكێشانی عەتف و سۆزی هاوڵاتیانی كورد كردووە، رایكێشاونەتە ناو شۆڕش و لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان بە كوشتیان داون.


(مەهزەلەكان)



شۆڕشی ئەیلول
بە نانە رەقە و شوتییەكی كۆڵەوە، كوڕی خەڵكیان به‌ کوشت ده‌دا و به‌ره‌و رووی رەبایەی حكومەتیان ده‌کردن و خۆشیان لە ناو چادره‌کاندا خەریكی گۆشتی مه‌ڕ و ئاسک بوون، له‌ ئێرانیشه‌وه‌ شه‌راب و مه‌شروبیان بۆ ده‌هات و نۆشیان ده‌کرد! بۆ رابواردنیش گاڵته‌یان به‌ شه‌هیده‌کان ده‌کرد، وه‌کو چۆن له‌و دواییه‌دا هه‌ر که‌سێک بکوژرایه‌ تاله‌بانی پێی ده‌گوتن: ئه‌میش قنگی کرده‌ ره‌شه‌با؟!

شۆڕشی گوڵان
ئێران ببووە پاڵپشتی ئه‌م شۆڕشگێڕانه‌ و جار و بار كوڕی خەڵكیان بە پشتیوانی سۆسیالیست دەناردە ناو خاكی كوردستان، گەرنا خۆیان لەودیو هەر خەریكی دەسكەنەی نۆك و رنینەوەی سێو و دینار بە تمەن بوون!

شۆڕشی بەرگری، (شەڕی ناوخۆ)
پێشمەرگە و كوڕی فەقیر و هەژاریان فێری حەبی سەلیب خواردن و مەشروب خواردنەوە كردبوو و بەریان دەدانە رەبایەكانی یەكێتی و خۆشیان لە هەولێر و مەسیف خەریكی شەوی سوور بوون!

بەرامبەر دیجلە
پێشمەرگە و كوڕی فەقیر و هەژار بە گۆرانیبێژێك هەڵدەپەڕێنن بۆ مەرگی خۆیان و خۆیشیان هەر كە گەیشتە قورسایی لە نەمسا و ئەمریكا و ئەوروپاوە دەیانبینینەوە!


بەڕێز كاك محەمەد سەلیم مزووری....
ئێمە جاشی مالیكی نین، وەك جەنابتان لە كۆمێنتێكدا پێمان ده‌ڵێن: ئەوانە جاشی مالیكین كە هێنایانە سەر تەخت! بۆ تاكو پارەی كۆمپانیا نەوتییەكانی نەبڕی ئێوه‌ لێی نەهاتنە دەنگ؟!
ئەوانەی پێیان ده‌گوترێ جاش، ئه‌وانه‌ن، که‌ لە پێناو مانەوەیان شەڕی كوردانی رۆژهەڵاتیان بۆ فارس ده‌كرد!
ئەوانەی جاشن ئه‌وانه‌ن، كە دەبابەیان هێنایە شاری هەولێر!
ئەوانەی جاشن، ئه‌وانه‌ن، که‌ لە پێناو پارەدا ئاشبەتاڵیان بە شۆڕشێكی مەزن كرد!
ئەوانەی جاشن، ئه‌وانه‌ن، كە بە رۆژی رووناك لەم هەولێرەی لەمەڕ تۆ كورد ناتوانێت بە عەرەبێك بڵێ پێت خوار داناوە، (بۆ نموونەش لەم شەوانەی رابردوودا چەند عەرەبێك لە چەند كوردێكیان دابوو و پۆلیسەكانتان وه‌کو سه‌ربازێک ته‌حییه‌یان بۆ عەرەبەكان كردبوو و كوردەكانیان لە ناو ئاودەستا بەند كردبوو!)
ئەوانەی جاشن، ئه‌وانه‌ن، كە زەوییان بە كوڕ و زاوای مالیكی بەخشیبوو، لە كاتێكدا هەزاران ماڵە كورد لە بەر نەبوونی نیشته‌جێبوونیان ژیانی هاوسەرێتیان هەڵدەوەشێننەوە!
ئەوانە جاشن كە رۆڵەی نەتەوەكەی خۆیان لە پێناو نووسینێك تیرۆر دەكەن و بەرامبەر ئیهانەی بیانییەكان كرنووش بەرن.
زۆر شتی تریش هەن كە جاشیان پێ بناسیتەوە.
جا كاك محەمەد سەلیم مزووری، تکایه‌ بە هەڵە خوێندنەوە بۆ جاشبوون مەكە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە