ئۆپوزسیۆنیكى لاواز ئاسۆى قەیرانەكانى فراوانتركردووە
Monday, 18/02/2013, 12:00
هەموومان لەوە تیگەیشتین كە هۆكارى هاتنە سەر شەقامى خۆپشاندەران داواكارى و داخوازى ماف و ئازادى و سەروەریەكان و كۆمەڵێك پیداویستى و ئامانجى پاك و چارەنووس ساز بوو، كە بەئیرادەیەكى بەهێز و بە ئومێدەوە چاوەڕوانى دەرئەنجامى خۆپیشاندانەكانیان دەكرد، بەڵام بە بە پێچەوانەى ئەوە بینرا كە چاوەڕوان دەكرا و دڵى پێ خۆش دەكرا ، ئۆپوزسیۆنێك كە خۆى لە بەرەى گەل و شەقام دەبینیەوە و خۆى بە پارێزەرى ماف و ئازادى و داخوازیەكانى ئەوان دەزانى كۆمەڵێك شێوان و ئینحرافى خوڵقاند كە دواتر ئاماژەى بۆ دەكەین .
لە جیاتى دروستكردنى ئاوەدانى زیاترى باروودۆخ و چاندنى نەمامى ئومێد كەچى خۆى بوە هۆكارى دواخستنى چاكسازى سیاسى و هاندان بۆ پێك هێنانى سەنگەر لە لایەن خودى ئەوانەى كە دەبوایە پڕۆسەى چاكسازى و گۆڕانكارى بیانگرێتەوە چونكە ئۆپۆزسیۆن واى كرد ئەوان وەكو جیهەتى مەعنى و خاوەن دادگەرى خۆیان نیشان بدەن و وەك ئەوەى خۆیان بەشێك نەبن لە خوڵقاندنى گەندەڵى و ناعەدالەتى و ناشەفافى و خزم خزمینە و بەهەدەر دانى موڵك وماڵى خەڵك و... بۆیە ئەوان خۆیان كردە خاوەن مافێك كە كار بكات بۆ بەدواداچوونى داخوازى ئۆپوزسییۆن لە كاتێكدا خۆیان بەشێك بوون لە داخوازى شەقام كەواتە بەم پێیە ئۆپۆزسیۆن ئەوانى لە هێڵى ڕەخنە و گلەیى دەركرد و هەڵەیەكى تۆماركرد كە بێگومان هەوڵەكانى چاكسازى و گۆڕانكارى دوورتر خستەوە
داخوازى بەشێك لە خۆپیشاندەران زۆر لەوە گەورەتر بوو كە ئۆپۆزسیون كردیە پاكێج و مەرجى چاكسازى هەرچەندە لە سەرەتاى خۆپیشاندانەكاندا بەشێك لە ئۆپۆزسیۆن هەمان داخوازى بە خەڵك ناساند و ڕایگەیاند سیستەمێكى سیاسى بەم شێوەیە بە هیچ كلۆجێك جێگەى قەبوڵكردن نیە و نوقتە سەرى دێڕ، بەڵام ئیستا ئەوە دەمێك ڕاچووە بە سەر خۆپیشاندان وناڕەزایەتى و خوێن ڕشتن و سەرالێگرتنەكاندا و لە سەروو بەندى 17 ى شوبباتیشدا كە شەقام و كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان چاوەڕوانى دووبارە گەڕانەوەى دەنگى ئاشتیانەى ناڕوەزایەتیەكان دەكەن و هیچ داواكاریەكیان گۆڕانكارى بەسەردا نەهاتوە و بازرگانەكانى ناو شانۆى سیاسى هەمان ئەوانەن و هەنگاوێكیان بۆ چاكسازى نەناوە لە حوكومەت و ئەدائى پەڕلەمانى كە سەرچاوەى دروستكردنى نەهامەتیەكانە بە ڕێگەیەكى یاسایى و بەردەوامیشن لە تەشریع كردن كەچى ئۆپۆزسیۆن تەنها وەكو یادیكى مێژوویى باسى دەكات و هیچ ستراتیجێتیەك و كارنامەیەكى نیە و خۆى داواى دانیشتن دەكات و دەسەڵات گرنگ نیە بەلایەوە وقسەیەكى ئەوتۆى بۆى نیە وەك كوردەواریش دەڵێت دەستى لەبنى هەممانەكەوە هاتۆتە دەرێ سەبارەت بە پرسى چاكسازى و گۆڕانكارى.
ماوهتەوە بڵێین دەبێت ئۆپۆزسیۆن لاى ببێتە ڕاستى و لەوە تێبگات كە چاوى گلەیى لە سەرە و كاتى داخوازى گەورە و ئیرادەى بەهێز هاتوە و خەڵك و جەماوەر دڵخۆش و ڕازى نین بە تەنها هەولێك یاخود هەڵوێستێكى پەڕلەمانى كە شتێكى ئەوتۆ ناگوڕێت لە تێپەڕاندنەكانیان لەڕێگەى زۆرینەوە ئۆپۆزسیۆن دەبێت پەیامى خۆى ڕوونتر بخاتە ڕوو تاكو شەقام بێئوومێد نەبێت لە هەموولایەكتان و گەشبین بڕواننە داهاتووى باروودۆخەكە ، ئەگەرنا لە باربردنى توانا و ئیرادەى خەڵك بۆ ماف و ئازادى ستەمێكى مێژوویى تۆمار دەكات و ناوێكى تر دەبڕێت بە سەرتانا كە ئەویش دوودڵى خەڵك و دروستكردنى نیشانەى پرسیارە بەوەى كە ئایا استحقاقاتى حیزبى و شەخسى ؟ یاخود بڕیارى میزاجى پێوەر نەبوون لەهەڵوێست و بڕیارەكانتاندا ؟
گەر وایە لە كۆتایى دا دەبێت ئەوە بزانن كە كەسێك داخوازى خۆى هەبێت ناتوانێت پێشەوا و موڕشید بێت بۆ داخوازى خەڵك.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست