پارتی و ئاكەپە و داعش هاوپەیمانن دژ بە رۆژئاوای كوردستان
Sunday, 20/04/2014, 12:00
1222 بینراوە
هەر چاودێرێكی سیاسی، تەنانەت هاوڵاتیەكی هوشیار و بەئاگای كوردستان كە ئاگاداری مێژووی ئەو پەنجا ساڵەی دوایی بێت، ئەو حەقیقەتەی لا روون و ئاشكرایە هەر كاتێك بزوتنەوەیەكی شۆڕشگێڕی یان پەرەسەندنێكی جەماوەری و دەرفەتێكی لەبار لەهەر بەشێكی داگیركراوی كوردستان رەخساوە رێكەوت نییە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ـ ئێراق یەكێك لەهێزە تێكدەر و لەبەین بەرەكەی ئەو هەل و دەرفەتانە بووە، جا ئەمە لەباكوری كوردستان بوو بێت یان خۆرهەڵات.
سێ ساڵ زیاترە هەلومەرجێكی لەبار بۆ كوردانی خۆرئاوای كوردستان رەخساوە، بۆ جاری یەكەمە گەلەكەمان لەو بەشەی كوردستان خۆی بەڕێوە دەبات و لەمیانی سێ كانتۆن خۆبەڕێوەبەرێتی راگەیاندووە.
بێگومان شۆڕشی گەلەكەمان لەو بەشەی كوردستان جگە لەوەی بۆتە جێی هیوا و ئۆمێدی پارچەكانی دیكەی كوردستان، بە مۆدێلە خۆبەڕێوەبەرێتیەكەی بۆتە تاكە ئەلتەرناتیڤ و چارەسەر بۆ دۆخی بنبەستبووی سوریا و جێگای چاوەڕوانی تەواوی گەلانی ناوچەكەمان.
راستیەكی روون و ئاشكرایە كە هێز و لایەنێك هەن نەك تەنیا چاویان بەم دەسكەوتانەی كوردان هەڵنایەت؛ بەڵكو بەهەموو جۆرە شێوازێك دژایەتی دەكەن و هەوڵی لەبەین بردن و لەناوبردنی دەدەن. بێگومان دەوڵەتە داگیركەرەكان لەسەرووی ئەم هێزانەوە دێن. ئەوەی زیاتر جێگای سەرنجە هەڵوێستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ ئێراقە؛ چونكە مێژووی دەوڵەتە داگیركەرەكان و رەوتە سیاسییە جیاوازەكانی ئەو دەوڵەتانە سەبارەت بە دەسكەوت و بزاڤەكانی كوردبوون و ئازادیخوازی دیارەو لێی ئاگادارین، جا ئەمانە كەمالیستەكان و ئیتحادگەرا كۆن و نوێكانی توركیا بن یان رەوتە میللیگەرا و نەژادپەرستە عەرەبیەكان یاخود بزوتنەوە میللیگەرا و مەزهەبگەراییەكانی فارس و ئێران، وەك چۆن جاران بەهەموو شێوازێك دژایەتی بزوتنەوە و شۆڕشەكانی كوردستانیان كردووە، ئەمڕۆش بەهەموو شێوە و شێوازێك دژایەتی شۆڕشی خۆرئاوای كوردستان و دەسكەوتەكانی دەكەن.
لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی"18"ی ئاداری گەلانی سوریا پارتی دیموكراتی كوردستان ـ ئێراق هەوڵیدا رێكخستنەكانی خۆرئاوای كوردستان لەژێر ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردان ـ سوریا كۆبكاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لەناوە و دەرەوە هەڵمەتێكی بەرفراوانی دژی پارتی یەكێتی دیموكراتی"پەیەدە" دەستیپێكرد و هەر لەسەرەتاوە لەرێگای دیبلۆماسی، راگەیاندن و بواری دیكەوە بە ئامانجی گۆشەگیركردن و تاشیركردن كامپینێكی پرۆپاگەندە و ناوزڕاندنی بەرێوەبرد، كاتێك ئەم هەوڵەی سەری نەگرت، ناچار بوو بێتە ژێرباری ئاواكردنی دەستەی باڵای كورد، بەڵام دیسان كاتێك زۆربەی زۆری ناوچەكانی خۆرئاوا وەك ئەنجامێكی شۆڕشێكی جەماوەری"19"ی تەمموزی"2012"كەوتە دەست خەڵكی خۆرئاوا و تەڤگەری كۆمەڵگای دیموكراتیك"تەڤدەم"، ئەمجارە لەرێگای "ئەنەكەسە"ەوە دەستەی باڵای كوردیان ئیفلیح كرد و چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ كاربەدەستانی توركیا و دەزگا هەواڵگریەكانی ئەنجامدا كە"پ.د.ك.ع"سەركێشی بۆ دەكرد و ئامانج لێدانی پەیەدە و تەڤدەم و ئەنجومەنی گەلی خۆرئاوای كوردستان و لەبەین بردنی دەسكەوتەكانی گەلی كورد بوو.
دواتریش كاتێك دەوڵەتی تورك ئابڵۆقەی لەسەر خۆرئاوای كوردستان توند كرد و پشتگیری چەكدارانی جەبهەی نەسرەی كرد و هێرشێكی دژواریان بۆ سەر سەرێكانی دەستپێكرد. "پ.د.ك.ع"یش ئابلۆقەی لەسەر خۆرئاوا داناو رێگای نەدا هیچ شتێك لەباشورەوە بۆ خۆرئاوا بچێت، تەنیا ئەوە نەبێ كە پرۆپاگەندە و سیاسەتێكی تایبەتی بەڕێوە برد تا خەڵكی خۆرئاوا بەرەو باشوور رابكەن و شەپۆلێكی كۆچبەری روویدا كە پارتی سیاسەتێكی تایبەتی لەبەرامبەر پەیڕەو دەكات و بۆ مەرامی جۆراوجۆر خوازیاری بەكارهێنانیانە.
دوای راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەرێتی خۆرئاوای كوردستانیش سێ لایەن بەدژواری دژایەتی خۆیان راگەیاند، لەلایەك دەوڵەتی تورك كە ئاوابوونی ستاتۆی كورد لەسوریا بەهێڵی سووری خۆی دادەنێت، هەروەها ئۆپۆزسیۆنە شۆڤینیەكەی سوریا كە لەباوەشی دەوڵەتی توركدایە لەگەڵ پارتی كە بەناوی سەرۆكەكەیەوە دژایەتی كرد و تەنانەت زمانێكی هەڕەشە ئامێزانەش بوو. ئەمەش جگە لەئێران و سوریا كە هەرچەندە بەفەرمی لێدوانیان نەدا، بەڵام بەكرداری دژایەتی دەكەن و پەسەندیان نییە.
لەو كاتەوە بەپشتگیری راستەوخۆی توركیا و ناراستەوخۆی ئێران و سوریا داعش هێرشێكی بەرفراوانی دژی دەڤەرەكانی خۆبەڕێوەبەرێتی دەست پێكردووە، شانبەشانی بەردەوامی ئابلۆقەكانی دەوڵەتی توركیا، ئابلۆقەكەی پارتییش بەردەوامە.
دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەكانی توركیا ئەردۆغان بەئاشكرا رایگەیاند كە لەسوریا لەدۆخی شەڕدایە، بێگومان ستراتیژی هەڵبژاردنیشی بەگوێرەی ئەمە بەڕێوەبرد، بۆیە بەساختەكاری و زۆرداریشەوە بێت دەستی بەسەر شارەوانیەكانی ئورفا و سەرێكانی باكوری كوردستان دانا و بەنیازە بیكات بەبنكەی بەڕێوەبردنی هێرش بۆ سەر خۆرئاوا، لەم چوارچێوەیەشدا لەسنوور خەندەق لێدەدات و دیوار بەرز دەكاتەوە.
لەكاتێكدا سێ مانگ زیاترە داعش ئابلۆقەیەكی بەرفراوانی داناوەتە سەر شاری كۆبانی و نزیكەی مانگێكە هێرشێكی هۆڤانە ئەنجامدەدات، ئامانجی نەیارانی كورد داگیركردنی شاری كۆبانێ و لێكدابڕانی دەڤەرەكانی خۆبەڕێوەبەرێتی و دواتر داگیركردنی تەواوی ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەرێتیە بەتایبەتیش جەزیرە كە بەنەوت و كشتوكاڵ دەوڵەمەندە. لەو نێوەندەشدا جگە لەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ ئێراق ئابلۆقەی سەر خۆرئاوای توند كردووە، لەهەمانكاتدا بەشێوەیەكی هەمئاهەنگ لەگەڵ دەوڵەتی تورك بەئامانجی پشتگیركردنی داعش و دوژمنایەتیكردنی دەسكەوتەكانی خۆرئاوا بەدرێژایی"25"كیلۆمەتر خەندەق لێدەدات.
وەك دەزانرێت درێژایی ئەو هێڵەی خەندەقەكەی لێدەدرێت ناوچەیەكە لەژێر كۆنترۆڵی خۆبەرێوەبەرێتی خۆرئاوا و یەكینەكانی پاراستنی گەل"یەپەگە"دایە، واتە وەك پڕۆپاگەندەی بۆ دەكەن شوێنێك نییە داعش بتوانێ لەرێگایەوە دەربازی باشوور بێت، تاكە راستیەك هەیە ئەویش ئەوەیە داگیركەرانی كوردستان هەوڵی لەبەین بردنی خۆبەرێوەبەرێتی و دەسكەوتەكانی خۆرئاوای كوردستان دەدەن، بەو ئامانجەش راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتگیری داعش دەكەن، پارتی دیموكراتی كوردستان ـ ئێراقیش بەم هەڵوێستانەی هەمئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورك دەكات، پشتگیری لەهێرشەكانی داعش دەكات. ئەمەش بەهەموو جۆڕێك دژایەتیكردنی ئاوات، هیوا و ئامانجەكانی گەلی كوردستانە، هەر هێزێكیش پشتگیری لەهیوا و داخوازیەكانی داگیركەران بكات خۆی ریسوا دەبێت، بەتەنیا دەمێنێتەوە و لە ویژدانی هەر مرۆڤ و كورد و كوردستانیەكی شەرەفمەنددا مەحكوم دەبێت.