کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شۆڕش لە نێوان شەرعیەت و ماف دا، کردار و قسەکردن

Wednesday, 15/06/2011, 12:00



٢

با شەرعیەت بە جیا لە یاسا و یاسای بنەڕەتی واتا دەستور باسبکەین:

گەر بۆم هەبێت "شەرعی" بە "ڕێگەپێدراو" یان "سەرپشککراو" دابنێم ئەوا "شەرعیەت" دەبێتە ڕێگەپێدان یان سەرپشککردن. بەوجۆرە شەرعیەتی یاسایی بۆی هەیە ببێتە سەرپشککردن یان ڕێگەپێدان بە پێی یاسا. گەر ئەو کەسەی یان کەس و لایەنانەی دەکرێنە دەسەڵاتدار شەرعیەتیان هەبێت لە ڕووی یاساوە ئەوا دەبێت لەلایەن کۆمەڵێک یان کۆمەڵگەیەکەوە سەرپشککرابن یان ڕێگەیان پێدرابێت ببنە نوێنەر یان سەرپشککراو.






٣

هاونیشتمانیان لە سەدەی بیستەمدا دوچاری ژمارەیەک لە شەرعیەت بوون، لەوانە شەرعیەتی یاسایی، شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی و شەرعیەتی ئاینیی و هەتاد.
شەرعیەتی یاسایی گەر ئەوە بێت کە فەرمانڕەوا یان دەسەڵاتدار هێزی خۆی لە دەستوور و لەو ڕێگەیانە وەردەگرێت کە بە یاسایی ناو دەبرێن ئەوا ئەوە بابەتی ئەم باسەمان نییە تەنیا بە کورتی نەبێت ئەویش سەبارەت بە کوردستانە.
لە سەدەی بیستەمدا بێجگە لە شەرعیەتی یاسایی کە لە دێر زەمانەوە باسی لێدەکرێت، شەرعیەتێکی تریش لە بەرانبەریدا قووتکراوەتەوە، ئەویش شەرعیەتی شۆڕشگێڕییە. دەتوانرێت لێنین بە داهێنەری ئەم جۆرە شەرعیەتە دابنرێت، ئەویش کاتێک کە باسی لە دیکتاتۆریی پرۆلیتاریی کرد.

لێنین کاتێك لە تیۆرەکانی خۆیدا باسی لەوە کرد کە شۆڕشی کرێکاری بۆی هەیە لە تەنیا یەک وڵاتیشدا بێت بەرپا بکرێت و، دەسەڵاتی کرێکاریی دابمەزرێنرێت، بۆ درێژەپێدان و چەسپاندنی ئەو دەسەڵاتە باسی لە دیکتاتۆریی کرێکاریی کرد. پێشتر ڕایەک هەبوو کە کرێکارانی دنیا هەمووی پێکەوە شۆڕش بکەن و دەسەڵات بگرنە دەست بەڵام ئەوە واقیعی نەبوو.

دیکتاتۆری پرۆلیتاریی وەکو سیستەمی حوکم کردن شەرعیەتی دەدا بە کرێکار. پێش ئەوەی دەسەڵاتیش بگرێتە دەست مافی ئەوەی پێدەدا کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی دابمەزرێنێ بۆ ئەوەی دواتر دەوڵەتی کۆمۆنیستی دابمەزرێنێت. لە کاتی دەسەڵات گرتنەدەستیشدا بۆی هەبوو بمێنێتەوە، واتە شەرعیەتی مانەوەی هەبوو لە دەسەڵاتدا و، ئەو شەرعیەتەش ڕێگەی پێدەدا هەموو ئەوانەی تر بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە و بیانکات بە قوربانی دەسەڵاتە کرێکارییەکە. ئەم جۆرە شەرعیەتە بۆی هەیە بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتی ناوببرێت، لە پێناوی پرسی کرێکاراندا.

ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بوو بە ڕێنیشاندەر بۆ زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی جیهانی سێیەم گەرچی کرێکارییش نەبوون، واتە ئەوانەی کە لە ڕێگەی شۆڕشەوە هاتبوونە سەر کورسی دەسەڵات.

کرێکار بۆی هەبوو دیکتاتۆری کرێکاریی دابمەزرێنێت و دەسەڵات بداتە دەست کرێکارەکان، ئەمە لەلایەن سەرکردەی شۆڕشەکانی جیهانی سێشەوە، کە زۆربەیان پەیوەندیان لە گەڵ سۆڤییەت هەبوو چاوی لێکرا و شەرعیەتی دەسەڵاتیان بە ناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە دا بە خۆیان. گەر ئاوڕێکیش لە سەدەی بیستەم بدەینەوە دەبینین ئەو شۆڕشگێڕانە چییان بەسەر وڵاتەکانیان هێناوە و، دواتریش چۆن دژی میللەتی خۆیان جەنگاون، بە بیانووی ئەوەی شۆڕشیان کردووە و وڵاتیان ئازاد کردووە. نمونەش زۆرە، لەوانە موگابی.

دیارە لێنین کە باسی دیکاتۆری کرێکاری دەکرد، سوودی لە ڕاپەڕینە کرێکارییەکانی ١٨٤٨ و لە ئەزمونی کۆمونەی پاریس وەردەگرت. ئەو کۆمونەیەی کە لە بەر گەمارۆدراوی و لەبەر کەم ئەزمونیی زوو لەناوچوو.

شەرعیەتی شۆڕشگێرێتی خۆی لە خۆیدا ناشەرعیە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی وڵات لە بڕیار و لە بەشداریکردن بێبەش دەکات. لە حاڵەتی دیکتاتۆری کرێکاریدا هەموو بۆرژوا و غەیرە کۆمۆنیست و جوتیار و ڕۆشنبیر و هەتاد بێبەش دەکرێن. ئەمە لە تیۆریدا، بەڵام لە ئاستی پراکتیکدا هێندە بەسە ئاوڕێک لە سیستەمی حوکمی یەکێتی سۆڤییەت و کەسە دەسەڵاتدارەکانی بدەینەوە بۆ ئەوەی بزانین کە ئایا بە کردار کرێکار حوکمی دەکرد یان چەند کەسێکی ناکرێکار حوکمیان بە ناوی کرێکارەوە دەکرد!

لە وڵاتانی تریش کە ئەم جۆرە لە شەرعیەت بینای لەسەر دەکرا، سەرکردەی شۆڕشەکە دەسەڵاتێکی مافیایی تیرۆریستی پەیڕەو دەکرد و، لەو جێگەیەدا کە شەرعیەتی دەستووریی و یاسایی کورتی بهێنایە پەنای بۆ مێژووی شۆڕشگێڕێتیی خۆی دەبرد و، بە بیانووی ئەوەی شۆڕشی کردووە، شەرعیەتی مانەوەی بە خۆی دەدا، ئەمەش بۆی هەیە ناوی بنرێت شەرعیەتی شۆڕشگێڕیتی. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە لە شەرعیەت بوونی نییە و تەنیا شێوازێکە بۆ مانەوە و خۆ فەرزکردن. ئەم شەرعیەتە ئەوەی دەگەیاند کە گوایە کەسی تر بێجگە لە شۆڕشگێڕەکان ناتوانن بەرنامەی شۆڕشەکە تا سەر جێبەجێ بکەن، بۆیە دەبوو دەسەڵات لە دەستی کەسانی ئەمین دا بمێنێتەوە، ئەوەش تەنیا شۆڕشگێڕەکان بوون کە دڵسۆزی ئەو بەرنامەیە بوون کە شۆڕشی لە پێناودا بەرپا کرابوو.

دەسەڵاتدار لە ڕێگەی ئەم جۆرە لە شەرعیەتەوە کۆمەڵێک تاوانی نامرۆڤانەی دژی هاونیشتمانیان ئەنجامدەدا و، خۆیشی لە دەسەڵاتدا کڵۆم دەدا.

لەو شوێنەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتی لە دەسەڵاتدا حسابی بۆ کرابێت ماڵوێرانی بە دوای خۆیدا هێناوە و تاوانی دژی مرۆڤایەتی تێدا ئەنجامدراوە.

ئەم شەرعیەتە شۆڕشگێڕییە هەمان ئەو مافی یاخیبوون و شۆڕشکردنە نییە کە جۆن لۆک و تیۆریزەکەرانی تر بانگەشەیان بۆ دەکرد. ئەوەی ئەوان زیاتر بە ناشەرعی کردنی دەسەڵات بوو کاتێک لە پەیمانە کۆمەڵایەتییەکە لای دەدا.

ئەوان پێیان وابوو کە، کاتێک دەسەڵاتدار، کە ڕیگەپێدراو یان سەرپشککراوی خەڵک و کۆمەڵگەیە، لە پەیمانە کۆمەڵایەتییەکە لادەدا، واتە نەیتوانی یان نەیخواست پارێزگاریی لە ژیان و ماڵ و موڵکی تاکەکان و کۆمەڵ بکات ئەوا شەرعیەتی دەسەڵاتی نامێنێت، ئەو شەرعیەتەی بە لێگیتیمیتێت یان لێجیتیمەسی ناو دەبرێت. واتە کە شکستی هێنا لە پارێزگارییکردنی خوێن و ماڵدا ئەوا مافی مانەوەی وەکو سۆڤەرین لە دەستدەدات. گەر خۆشی بە ئانقەست یان بۆ خۆ سەپاندن خوێنی هاوڵاتیانی ڕشت ئەوە بە هەمان شێوە بە سەرپشککراویی یان بە ڕێگەپێدراویی نامێنێتەوە و پەیمانە کۆمەڵایەتییەکە هەڵدەوەشێتەوە. بۆ ئەوەی لاشببرێت یاخیبوون و شۆڕشکردن ڕەوابوو. ئەم ڕەوایەتییە شەرعیەتی دەدا بە شۆڕشکردن. ئەم جۆرە شەرعیەتە وەکو وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ دەسەڵاتدار کە دەیوت شەرعیەتی یاسایی و خوداوەندیی هەیە و خەڵکی دەکوشت. ئەم جۆرە لە شەرعیەت سنوردار بوو، تەنیا بۆ ڕەوا کردنی کردەی شۆڕشگێڕەکان بوو بۆ ئەوەی بە یاسالادەر ناونەبرێن، نەک بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت لە کاتی سەرکەوتنداو، بەکارنەهێنرێت بۆ مانەوە و خۆ کڵۆمدان لە دەسەڵاتدا. چوونکە بە پێی لۆک هەر دەسەڵاتدارێک جا لە شۆڕشەوە هاتبێت یان نا، کە نەیتوانی پارێزگاری لە خوێن و ماڵ بکات یان دەستی بە خوێن سوور بوو، شەرعیەتی نەدەما. واتە گەر شۆڕگێڕەکانیش سەرکەوتن و بوون بە دەسەڵاتدار و خوێنیان ڕشت بە هەمان شێوە شەرعیەتیان نەدەما.

کەواتە شۆڕکردن و یاخیبوون شەرعیەتیان هەبوو و نە دەچوونە خانەی تاوان و لە یاسا لادانەوە، ئەو یاسایانەی کە سۆڤەرین لەدەستی خۆی گرتبوون، تەنیا تا ئەوەندەی سۆڤەرین لە دەسەڵات لادەبرا، نەک وەک ئەوەی لێنین کە مافی دامەزراندنی دیکتاتۆریەتی بە کرێکار دەدا.

هەرچی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی سەدەی بیستەمە، کە ئاڕاستەکەی لە خۆسەپاندنی دەسەڵاتی کرێکارییەوە، واتە لە دیکتاتۆری کرێکارییەوە وەرگرتووە، بابەتێکی ترە. ئەمەیان وەکو باسمان کرد پشت نابەستێت بە هەموو خەڵک بەڵکو بە بەشێکی دیاریکراو لە خەڵک و لە میللەت و شەرعیەتێکی ناشەرعییە.
هیتلەر و مۆسۆلینیش شەرعیەتی شۆڕشگێڕییان بە خۆیان دەدا، سەدامیش هەروەها.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە، ئایا گەر شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتی بوونی نییە، دەسەڵاتدار یان شۆڕشگێڕی سەر کورسی چۆن دەتوانێت بمێنێتەوە، وزەی خۆی لە کوێ دێنێت، هێز و توانای خۆی لە کوێوە دێنێت؟

بنەمای ئەم هێز و توانا و وزەیەش حیزب و ڕێکخراوە. ئەو وزەیەی لە یەکەیەکەی ئەندام و لایەنگرەکانی حیزبەوە کۆدەبێتەوە هێندە زۆرە، کە بەشێکی گرنگ و کاریگەریی لە لایەن سەرکردەوە بە کاردەهێنرێت بۆ خۆ کاریزمە کردن و بۆ خۆ بە سیمبۆلکردن.

زۆربەی حیزب و بەرە شۆڕشگێڕەکانیش سودیان لە نمونەکەی حیزبی کرێکارییەوە وەردەگرت. بە تایبەتی لە حیزبە ستالینیەکەوە.

مەخسەرەی مێژوو ئەوەیە کاتێک لێنین داوای دیکتاتۆری کرێکاری و دامەزراندنی حیزبی کرێکاری دەکرد، بۆ ئەوەی کە بۆرژوا و کۆنەپەرستەکان زاڵ نەبن، کەچی هەمان دیکتاتۆریەت و هەمان هەیکەلی حیزب لەلایەن بۆرژوا شۆڕشگێڕ و دەرەبەگ و خێڵەکیەکانی جیهانی سێ وە بەکار هێنرا بۆ خۆ فەرزکردن و دەسەڵات گرتنەدەست. بەو هۆیەشەوە هەزاران کرێکار و زەحمەتکێش تاوانیان بەرانبەرکرا و کوژران، بە هەمان ئەو ئامڕازانەی کە دەبوو بۆ سودی کرێکاران بەکار بهێنرێن نەک بۆ لەناوبردنیان.

ماویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە