ئاڵا مەسوتێنن!
Thursday, 09/10/2014, 12:00
2318 بینراوە
ئاڵا سوتاندن کلتوری عەرەبە بۆ ئێمە ماوەتەوە، عەرەب بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەر خەریکی سوتاندن و قرکردن بووە، عەرەب دەڵێت: گەر برسێتی تاکە مرۆڤێک بووایە ئەوا بە شمشێر ملم لە جەستەیی دەکردەوە، عەرەب هەروابووە هەرگیز ئەڵتەرناتڤو بیرێکی تری نەبووە بۆ ئەو ژینگەیەی کەتێدایەتی تەنها کوشتن و برین نەبێت، عەرەب لە نوکی شیمشێرەکەیدا چارەسەری بۆ هەموو شتێک داناوە ئێستاکە عەرەب گەراوەتەوە سەر ئەو دۆخەی جارانی بۆنی لاشەی بۆگەنی ئەهلی دەکات.
عەرەب لە شپڕزەییدا هەموو شتێک دەکات، دەست دەکات بە سوتاندی ئاڵای ئیسرائیلو ئەمەریکا کە تێشیدەگیرێت هانا بۆ پێڵاوەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبات لێیان دەپارێتەوە، ئێمە بینیمان کە چۆن سەربازەکانی سوپای عێراقی لە شەری کوێتدا کرۆنۆشیان برد و پێڵاوەکانی ئەمەریکییەکانیان ماچ دەکرد. سوتاندن مەکەن بە کلتوری ئێمە، ژینگەکەمان بە سوتانی ئاڵای فاشیستەکان پیس مەکەن، زۆر رێگای تر هەیە بۆ تۆڵەکردنەوە بۆ دەرباز بوون لەو جەهەنەمەی کە فاشستەکان بۆیان خوڵقاندوون.
ئێوە دەتوانن لە جیاتی سوتاندن، بەرگە بگرن ڕۆژێک ماستی تورکی مەخۆن، ماڵەکانتان پڕن لە سۆفا و قەنەفە و پەردەی تورکی، کۆگاکانتان پڕن لە پۆشاکی تورکی، پێلاوکانتان هەر لە کارگەکانی تورکیاوە بۆتان هاتووە، چێشتخانەکانتان پڕن لە ڕۆنو برنجی تورکی، ژووری تەوالێتان پڕن لە سابوون و لفکەی تورکی، بۆنی جەستەتان پڕ بووە لە بۆنی ئەکسرا و مەرمەر و ئەنقەرە، کاشیی ماڵتان، بەردەرگای ماڵتان، جامی شوشەی پەنجەرەی ماڵتان هەر تورکی، سەفەر و گەشتوگوزارتان هەر فرۆکەی تورکی، مۆزیکی فاڤۆریتان هەر موسیکی تورکی، سەمای نیگاتان هەر تورکی، خواردنی ڕێستورانتان هەر تورکی ، پۆشاکی بەرتان هەر تورکی، کۆستیمی ئەندامانی پەرلەمانتان هەر تورکی، ناتری حەمامتان هەر تورکی، شەهوەتی حەزتان هەر کچانی تورکی، خوێندەوەتان هەر ئەدەبی ئێرانیو تورکی، تێروانیتان هەر چاوی تورکی. درامایی تەلەڤیزۆنتان هەر بینەری تورکی، هەر سوڵتان سولێمان، هەر کات کوشتنە بە دیار ئەو دراما تورکییە قۆرانەوە بە ترووکە ترووکی چەراست و گوڵەبەڕۆژەیی تورکییەوە.
ئێوە دەتوانن لە جیاتی ئاڵا سوتاندن، منداڵەکانتان مەنێرن بۆ خوێندگای تورکی، کە منداڵانی کورد وا خەریکە بە هزر و هۆش و زمانی تورکی گەورو پەروەردە دەکرێت، قوتابخانەکان پڕکەن لە ووشەی ڕەسەنی کوردی، بە زمانی ڕەسەنی کوردی لەگەڵ یەکتریدا بدوێن، هەوڵبدەن هەریەکەتان لەلای خۆتانەوە دەستەواژەیەک، ڕستەیەک، تەنها یەک وشەی کوردی لە جێگەی وشەی تورکیو عرەبی و فارسی لە ئاخافتنتان بەکاربهێنن، ئاوا بەو جۆرە دەتوانن تۆڵە بکەنەوە، ئاڵا مەستوتێنن کە بۆ ماوەیەکی کەم ئیتر وەک ئەوەی {نەباتان دیبێت نەبارن} دهێنەوە دۆخەکەی جارانتانو دەستدەکەنەوە بە خواردنەوەی عارەقی تورکی، ئێوە ئەگەر ئازان ئەگەر تۆزێک هۆش و بیرتان هەبێت بەس یەک ئێوارە لەو مەیە تاڵە ژەهرەی تورکیا مەخۆنەوە کە کوردستانی پڕکردوە لە مەی و مادەی ئەلکهولی ، کە کوردستانیان پرکردووە لە دووکەڵی سیغارەی تورکی، بە دوکەڵی سیغارەی تورکی ژینگەی نیشتیمان پیس مەکەن، هەر کەسێک ڕێی بەردەمی ماڵی خۆی پاک ڕاگرێ بەوە نیشتیمان جوان و خاوێن دەبێت، هەر کەسێک جوان بیرکاتەوە، تەندروست زیندەگی بکات ئەوە ڕێگایی ئاسودەیی و دەربازبوونە لە دووژمن، ئەوە کوردایەتییە نەک ئاڵا سوتاندن. زەردەشت دەڵێت: بیری باش، قسەی باش لەگەڵ کرداری باش!
قونسوڵێتی تورکیا لەبەردەم شەق و قاچی ئێوەدایە کەچی لە دووری سەدان کیلۆمەترەوە دەچن ئالاکەیان دەسوتێنن! ئەمە وەک ئەوا وابوو ١٩٧٠ هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی لە بەغدادی پایتەخت بوون هەروەک ئێستاکە کە چۆن کورد هەموو وەزیر و ئەندام پەرلەمانی لە بەغدادایە ئەو کاتەیش وابوو، ئەوان لە پاڵ حەجەکەدا بوون دەیانتوانی زۆر شتبکەن بەڵام نەیانکرد سەرکردایەتیان چۆڵکرد و بە دزییەوە هەڵهاتنو لەکوێرە دێیەکی وەک گوندی بەرزان بڕنەوێکیان بەمەخفەرێکی پۆلیسی حدودی حکومەتی عێراقیەوەو ووتیان برۆخی ڕژێمو دەستیان کرد بەشۆرش ئەو شۆرشەی بینیتان، کەچۆن تاک بەتاکی کوردی هەپروون کرد.
ئاڵا مەسوتێنن! بچنە بەردەرگای پەرلەمانی خەمخۆرانی کورد لە هەولێر پێیان بڵێن: قونسوڵخانە شوێنی بازرگانییە نەک پلان دانان بۆ لەناوبردنی میللەتێک! پێیان بڵێن: قونسوڵخانە شوێنی پیاوانی قات لەبەرە نەک سیخوری کردن بەسەر خوێنی ملیۆنی کەسەوە! پێیان بڵێن: ئەی ئەندامانی دەستەی هەڵبژێراوی گەل! ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە سەربازگا و سیخوری و قوتابخانە تورکیەکان بچنە دەرەوە و نیشتیمانەکەمان چۆڵکەن؟ با ئیتر ئێمەیش وەک کەسێکی ئاسایی بژین نەک هەمیشە بیر لە تفەنگ و سوتاندن بکەینەوە کە دووژمن لەم ڕێگایە زیاتر هیچی تری بۆ ئێمە نەهێشتۆتەوە، دووژمن شەڕە نەگلیسە شوومەکەی خستە ماڵمانەوە کەچی ئێمە هەر خەریکی حیلکە حیلک و تروکاندنی چەرەساتی تورکین!