ئاوارەكانى شەڕى ناوخۆى پارتى لە هەولێر دەنگ بە پارتى نادەن
Wednesday, 15/04/2009, 12:00
2012 بینراوە
هەولێر
بڕیارە رۆژى یەكشەممەى داهاتوو كۆمەڵێك لە ئاوارەكانى متەفەریقەى پارتى خۆپیشاندان بكەن، ئەمەش لەبەر لا لێنەكردنەوەى حیزبەكەیان بەرامبەر بە شوێنكەوتوویى و ئاوارەبوونیان، سەرچاوەیەك لەو ئاوارانەى كە بەشدار دەبێت لە خۆپیشاندانەكە تایبەت بە كوردستانپۆستى راگەیاند، "ئێمە پاش 13 ساڵ دەربەدەرى و ئاوارەیى لە پێناو حیزبێكى وەك پارتی، كەچى تا ئێستا هیچمان بۆ نەكراوە"، ئەو گلەیى لەوە هەبوو كە ئاوارەى نیشتەجێى شوقەكان قەرەبوو كراونەتەوە وتى: "پارتى لە ترسا قەرەبووى ئاوارەى شوقەكانى كردەوە، ئەویش لەبەر دەوڵەمەندەكانى شارى هەولێر، كە چووبوونە لاى پارێزگارى هەولێر و پێیان وتبوو، كە ئەگەر قەرەبوومان نەكەنەوە، دەچینە لاى ئەمەریكیەكان و دەڵێین ماڵمان مسادەرە كراوە، بۆیە قەرەبووى ئەوان كرانەوە بە پارچە زەویەك و 40 وەرەقە"، هاوكات ئەم سەرچاوەیە كە نەیوێرا ناوى ئاشكرا بكرێت سەبارەت بە داواكاریەكانیان گوتى: "دەبێت ئێمەش هەمان حیسابمان بۆ بكەن، گەرنا لە هەڵبژاردندا بە تێكڕاى دەنگى ئاوارەكانى متەفەریقە، كە نزیكەى 9000 ماڵین و خۆى لە 20000 بیست هەزار كەس دەدات، دەنگ بە پارتى و لیستى هاوپەیمانى نادەین".
تێبینى: بەهۆى شەڕى ناوخۆى هەردوو زل حیزبى كوردستان (یەكێتى و پارتى) خەڵكانێكى زۆر لە شوێنكەوتوانى ئەو دوو زل حیزبە ئاوارەى هەریەك لە شارەكانى سلێمانى و هەولێر بوون و هەندێك لەو ئاوارانە قەرەبوو كراونەتەوە، بەڵام ئاوارەى متەفەریقەى هەولێرى پارتى تا ئێستا قەرەبوو نەكراونەتەوە.