کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەپەراوێزی بەیانەكەی بزوتنەوەی گۆڕاندا: گۆڕان شڵەقاندی، كۆمەڵ و یەكگرتوو چەسپاندیان

Monday, 31/01/2011, 12:00


بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر تەداخولی حزب لەحكومەت و بونی گەندەڵی لەهەرێمی كوردستان، داوای هەڵوەشانەوەی حكومەت و پەرلەمانی كرد، بۆیە یەكێتی و پارتی توشی ترس و شڵەژان بوون، لەبەرامبەردا كۆمەڵ و یەكگرتوو لەكۆبونەوەی 19 حزبەكەدا بەسەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێم ئەوەیان بەهەموو ئەو حزبانە چەسپاند كەلەكوردستاندا گەندەڵی و ناعەدالەتی هەیەو دەبێت چارەسەر بكرێ.
لەبەر ئەوە دەبێ ئەم قۆناغە لەدۆخی گوتاری جوان دەربازی بێت و دروشمەكان ببن بەكردار، ئەگەر نا خۆ زەین عابدین و موبارەك لەوكاتەدا گەلەكەیان لێیان ڕاپەڕیوون دروشمی جوان دەڵێنەوەو بەگوتار باوەڕیان بەئازادی و شەفافیەت و دادگەری سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە وەك سەرۆكەكانی كوردستانیش لەدروشمدا وەك سەرۆكی وڵاتە زۆر دیموكراتەكان دەدوێن، بۆیە كردار شەرتە، كردارێك كە لەواژۆی یاساكان و حوكمی دادگاكان و ڕاپۆرتی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤدا دەیبینین نەك لەگوتاری ئەو بەرپرسانەدا كەنازانن ناخۆشی و نایەكسانی لەئێستادا چییەو چۆنە!!.
كێ بارودۆخی ئاڵۆزی پێ خۆشە؟
لەكاتێكی چاوەڕواننەكراودا بەبۆچونی یەكێتی و پارتی- بزوتنەوەی گۆڕان لەبەیاننامەیەكدا كە 29/1/2010 بڵاویكردەوە تێیدا 7 خاڵی وەك داواكاری خستە ڕوو كەگرنگترینیان بریتی بوو لە(مەنعی سەركردایەتی پارتی و یەكێتی لە هەمو جۆرە دەستێوەردانێ لە كاروباری: حكومەت و دائیرەكانی، پارلەمان، دادگا، ئاسایش، پێشمەرگە، مەنعی دامەزراوەكانی ئاسایش، زانیاری و پاراستن و پێشمەرگە لە هەمو جۆرە دەستێوەردانێ لە كاری سیاسی خەڵك و چالاكیە جەماوەریەكان، گۆڕینی بەڕێوەبەرەكانی ئەم دەزگایانە بە كەسانی بێلایەنی پیشەیی) ئەم دوو خاڵە واقیعێكەو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەشێوازی حوكمداری و بەرجەستەكردنی دادگەرییەوە هەیە لەكوردستانداو شایەنی ئەوەیە كە حكومەت و پەرلەمان هەڵوێستەی كرداری لەسەر بكەن، بەڵام ئەوە نەبینرا. بەپێچەوانەوە ئەوەی یەكێتی و پارتی توڕەكرد ئەم دوو خاڵە بوو (هەڵوەشاندنەوەی حكومەتە حیزبیەكەی ئیستای یەكێتی و پارتی و پێكهێنانی حكومەتێكی ئینتیقالی تەكنۆكراتی بێلایەن، هەڵوەشاندنەوەی ئەم پارلەمانەی ئێستا) ئەوەی كە لەتوڕەبوون و هەڵچونی یەكێتی و پارتیدا بەدیكرا ئەوەیە كە تاكو ئەم ساتە یەكێتی و پارتی لەسەرەوەی حزبن و سەرۆكی هەرێمیش لەسەروی هەردوو دامەزراوەی حكومەت و پەرلەمانەوەیە بۆیە یەكەم كاردانەوەی بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن بەیاننامەیەكی یەكێتی و پارتییەوە بوو، لەكاتێكدا چاوەڕوان دەكرا سەرۆكی پەرلەمان و حكومەت بەدەنگ بێن لەو هەڵوێستەی بزوتنەوەی گۆڕان نەك یەكێتی و پارتی! چونكە یەكەم داوای بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوەیە كە چیتر یەكێتی و پارتی بەوجۆرە پاوانی حكومەت نەكەن و خۆیان لەسەروی حكومەتەوە دانەنێن، بەجۆرێك كە بەداهاتی میلەت حزب بژێنن و خێر بەپرۆژەكانی حكومەت بكەن! ئەوەی یەكێتی و پارتی بیەوێ دەبێت حكومەت ئەوە ئەنجام بدات، گۆڕان داوا دەكات سەركردایەتی یەكێتی مەنع بكرێ لەو هەموو تەداخولەی لەپەرلەمان و وەزارات و دادگاو ئاسایش و پێشمەرگەدا دەیكەن، وەك دەبینین ئاسایش سەدی سەد هی یەكێتی و پارتییە، پێشمەرگە بەهەمان شێوە، تەنانەت ناوی پێشمەرگە لەلای یەكێتی و پارتیش جیاوازیی هەیە.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە گۆڕان داوای دەكات نەك ئەوەی كەیەكێتی و پارتی بەگۆڕانی دەڵێن! واتە هەموو هاوڵاتییەكی ئەم كوردستانە پێی ڕەوا نییە بەوجۆرە یەكێتی و پارتی دەست بەسەر هەموو دامەزراوە حكومییەكانی وەك دارایی و تەندروستی و پەروەردەو سەندیكاو ڕێكخراوەمەدەنیەكان و تەواوی ئاسایش و پێشمەرگەدا بگرن، جێی سەرنجە كە چەندین حزب لەپێش ڕاپەڕین خاوەنی هێزی پێشمەرگەو خەباتی شاخ بوون بەڵام تەنها پێشمەرگەیەكیان لەكورستاندا نییە! ئەوەی هەیە سەر بە یەكێتی و پارتییە، سەیرە یەكێتی و پارتی ئەو مافە بەخۆیان دەدەن كەتەنها ئەوان بن دابینكەری ئاسایش بۆ هاوڵاتیان، لەكاتێكدا كەحزب و لایەنی تری زۆر دڵسۆزی ئەم وڵاتە هەیەو مەحرمە لەوەی بەشداربێت لەپارێزگاری ئاسایشی ئەم وڵاتە، من پێم وایە ئەركی سەرشانی یەكێتی و پارتی كەمتر دەبوو ئەگەر هەموو لایەكیان لەوەدا بەشداری بكردایە كەئەمڕۆ ڕەخنە لەدامەزراوەكەی و ئەدای كارەكەی دەكرێ وەك ئاسایش و پێشمەرگەو پەروەردەو تەندورستی و ئابوری و شارەوانی! ناكرێ و ناگونجی یەكێتی و پارتی ئەو هەموو مافە بەخۆیان و ئەندام و لایەنگرەكانیان بدەن و خەڵكی تر مەحروم بكەم لەبەڕێوەبردنی تەواوی بوارەكانی حكومداری لەم وڵاتەدا، لەكاتێكدا هەموو هاوڵاتییەكی ئەم وڵاتە مافی ئەوەی هەیە سودمەند بێت لەداهات و دەستەوتەكانی كوردستان وەك چۆن نەهامەتی و قورساییەكانی ژیانی كوردستانی ڕاستەوخۆ كەوتۆتە سەرشان، بەڵام تاكو ئەم ساتە وەختە كەیەكێتی و پارتی بەڕەخنە لەكورسییەكانیان توڕە دەبن خەڵكی بۆ دامەزراندن و خوێندنی باڵاو بەركەوتنی خزمەتگوزارییەكان پێویستە یەكێتی بێت یان پارتی ئەگەرنا ئەوە بەسانایی وەك ئەوە سودمەند نابێت لەمافی سروشتی هاوڵاتیی بونەكەی كە ئەگەر هەركەس حوكمداری ئەم وڵاتەی لەدەستدا بێت ئەوەی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان دابین دەكات، بەڵام یەكێتی و پارتی هێشتا بەو عەقڵیەتە حكومداری دەكەن كە كێ گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووە ئەوە نابێت وەك ئەوە مافی هەبێت كە ئەندامێكی حزبەكەی ئەوان هەیەتی، لەوەش زیاتر خەڵكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی كاروباری ڕۆژانەی لەفەرمانگەو شوێنە گشتیەكاندا ناڕوات چونكە یەكێتی یان پارتی نییە! بۆیە دادگەریی حوكمداری كوردستان لەمەترسییەكی گەورەدایەو بەرەو جیاكاری چینایەتی و ڕەنگ و ئینتیما هەنگاو دەنێ، بەجۆرێك كەئێستە چینایەتییەكی بەرچاو دروست بووە بەو شێوەی كە بەرپرسان لەهەور دەژن و خەڵكی دەرەوەی یەكێتی و پارتیش لەكولەمەرگی و ناڕەحەتی تەنها پەیداكردنی بژێوی ڕۆژانەدا ئەو بژێوییەی كەبێكارییەكی بەرچاوو هەژارییەكی زۆری لەكوردستاندا بەرهەمهێناوە لەسایەی حوكمی 20 ساڵەی كوردە شۆڕشگێڕەكانی دوێنێ و گەندەڵەكانی حكومەتداریی ئەمڕۆ!

یەكێتی و پارتی هیچ ئەرزشێك بۆ حكومەت و پەرلەمان دانانێن!
یەكێتی و پارتی بەم ڕستەیە دەستیان بەوەڵامدانەوەی بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە كە نوسیویانە (گەلی ئازادیخوازی كوردستان) واتە یەكێتی و پارتی باوەڕیان بەوە هەیە خەڵكی كوردستان كەبەشێكن لەگەلی كورد خەڵكێكن ئازادی دەخوازن، بەڵام كاتێك گەل لەتیرۆری ڕۆژنامەنوسان و ئیمزاكردنی یاسای خۆپیشانداندا دوپاتی ئازادیخوازی خۆی دەكردەوە بەگێرەشێوێن و خائین و تێكدەر ناودەبرا، بەڵام كاتێك یەكێتی و پارتی پێویستیان بێت ڕوو بكەنە گە ئەوە ئازاددیخوازین!!
بەیاننامەكەی یەكێتی و پارتی لەسەرەتاوە كەناوی نوری مالیكی دەهێنێ دەنوسێ بەڕێز نوری مالیكی، بەڵام گۆڕان بەسەرانی گۆڕان ناودەبات و پێیان وایە لەبەغدا هەڵوێستی توندڕەوانەیان نواندووەو لەلیستەكوردستانییەكان كشاونەتەوە، لەكاتێكدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات بۆخۆی دانی بەوەدانا كە لەبەغدا ئەو هۆكار بووە بۆ ئەوەی گۆڕان لەو حكومەتە بێبەش بكرێ كەلەسەرەتای بەیاننامەكەیاندا یەكێتی و پارتی شانازی بەوەوە دەكەن كە خەریكن لەبەغدا پێكیبهێنن!! جگە لەوە منەتی ئەوە دەكەن كەسیاسەتی نەرمیان نواندووە لەبەرامبەر سەرانی گۆڕاندا، لێرەدا هەقی خۆیەتی یەكێتی و پارتی وەڵامی ئەوە بدەنەوە كەئایا هەڵوێستی نەرم نواندن ئەوەیە كە بەهێزی ئاسایش و پاراستن و زێرەڤانی پەلاماریان نەداون یان تیرۆریان نەكردون؟ یان هەڵوێستی نەرم نواندن ئەوەیە كەمەرجی بارزانی بۆ مالیكی ئەوەبووە كەنابێت وەزارەت بەگۆڕان بدرێ؟
پاش ئەوە بەیاننامەكەی یەكێتی و پارتی بەرگری لەسەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان دەكات، وەك ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت بۆخۆیان كەسیان نەبێت لێدوان و بەیاننامە بڵاوبكاتەوە!
ئەمە ئەو گرفتە كوشندەیەی سیاسەت و حوكمكردنی یەكێتی و پارتییە لەكوردستاندا كەشتێك لەسەروی ئەم دو حزبەوە نابینن بەسەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانیشەوە، چونكە ئەوان پێیانوایە حكومەت سەرۆكەكەی یەك ئەندام مەكتەب سیاسی بەڕێوەی دەبات بەڵام مەكتەب سیاسی چەندان ئەندامی وەك سەرۆكی حكومەت و پەرلەمانی تێدایە!! بۆیە لەبەرامبەر داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەماندا هەردوو مەكتەب سیاسی یەكێتی و پارتی سێ خاڵ ڕادەگەیەنن، كەبریتییە لە (یەكەم: سەرانی گۆڕان، بە تاقی تەنها، ئۆباڵی ئەم بەیاننامەیەو ئەم هەڵوێستە سیاسییەی دژایەتی شەرعیەتی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان، تەحەمول دەكەن، هیچ لایەنێكی تر، لە هێزە كوردستانیەكان، لەگەڵیاندا نین.
دووەم: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنین كەوا، بەتەواوی توانامان، توانای فراكسیۆنەكەمان لەپەرلەمان، توانامان لە حكومەتی كوردستان، توانای حزبی، جەماوەری، سیاسی و پەیوەندی نێونەتەوەییمان، دژی هەموو پیلانێكی ئاژاوەگێڕی دەوەستین و رێگە نادەین هێزێكی كودەتاچی، دۆخی ئارامی بازاڕو كاسبی خەڵك، گوزەرانی خەڵك، ئاسودەیی خەڵك، خۆشبەختی خەڵك.. لەسایەی ئەزمونی دیموكراسی و ئازادی و ئاسایشی كوردستان تێكبدەن.
سێهەم: بەرپرسیارێتی هەموو رووداوێكی گەورەو بچوكی كوردستان، لەناو خەڵك، لەناو دامودەزگاكان، بارەگاكان، بانكەكان، میوان و دۆستانی كوردستان، هەر رووداوێك، راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ، رووبدات، یەكێتی و پارتی، راستەوخۆ، سەرانی گۆڕان بە بەرپرسیار دەزانن و رووبەڕووی سزای یاسایی ئاشكرایان دەكەین.)
یەكێتی و پارتی لەم بەیاننامە هاوبەشەدا بەتەواوی ئەوەیان سەلماند كەشتێك نییە بەناوی حكومەت و پەرلەمانەوە ئەوەی هەیە بەوناوەوە بەتەواوی ئەوانن و هیچ ئەرزشێكیش بۆ سەرۆكی ئەو دوو دامەزراوە دانانێن لەبەرامبەر مەكتەب سیاسیەكەی خۆیاندا، چونكە مەكتەب سیاسی پارتی و یەكێتی دەڵێن بەهەموو توانامانەوە لەحكومەت و پەرلەمان دژ هێزێكی كودەتاچی كەمەبەستیان گۆڕانە، دەوەستنەوە و هەڕەشەی ڕوبەڕووكردنەوەی یاسایی دەكەن! چونكە یەكێتی و پارتی بەفیعلی خاوەنی دادگاو دادوەرو ئاسایش و پۆلیس و هەموو ئەم وڵاتەن بەحزب و حكومەتەوە، ئەوەی لەدەرەوەی ئەوانە هەركات بەویستی ئەوان نەهاتەوە ئەتوانن بیكەن بەگێرەشێوێن و تێكدەرو كودەتاچی وەك لەساڵانی ڕابردوودا هەمان شتیان بەرامبەر كۆمەڵ و یەكگرتوو چەند لایەنێكی ترو خۆشیان بەرامبەر بەیەكتری كردویانە.
یەكێتی و پارتی وەك مەرجەعی سەرەكی و سەرەوەی هەموو دەسەڵاتەكان پاش بەیاننامەكەی خۆیان ڕۆژی دواتر ڕێگەیان حكومەت و پەرلەماندا وەك دوو دامەزراوەی خوارتر لەمەكتەب سیاسی یەكێتی و پارتی هەڵوێستی خۆیان لەبەرامبەر ئەو بەیاننامەی گۆڕان دەرببڕن!!


ترسی یەكێتی و پارتی لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە!
لەبەیاننامەكەی یەكێتی و پارتیدا وەك پیشەی هەمیشەییان پەنا بۆ ئەو شەرعیەتە شۆڕشگێڕییە دەبەنەوە كەساڵانی ڕابردوو شۆڕشیان تێداكردووەو ئاماژە بەوە دەكەن كەخەڵكی كوردستان ئەنفال و كیمیاباران وتەعریب و تەبعیسی بینیوە بۆیە ڕێگە نادەن بەتاقمێكی قین لەدڵی ئاژاوەگێڕ كەمەبەستیان پێی گۆڕانە، لەكاتێكدا هەموو كەس دەزانێ سەرانی گۆڕان بەچاك و خراپی ئەو شۆڕشەی كە ئەوان شانازی پێوە دەكەن بەشدارن، جا ئەو شۆڕشە هەرچی و هەرچۆن بوبێت گرنگ نییە گرنگ ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی پێ بوون بە سەرمایەدارو خاوەن ڤێلاو كۆمپانیاو پارەی بلۆككراوی بانكەكانی دەرەوە، هەمووان دەزانن كەئەوانەی شۆڕشیان كرد بەبێ پارەو نان و ماڵ و بەرگ شۆڕشیان كرد بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی كەبەدەیان ساڵ كەس پێی نەگەیشتووە ئەوان بەو شۆڕشە كەلەسەر باروگوزەران و ژیانی خەڵكی لادێكان ئەنجامیاندا ئێستە هەزاران ئەوەندە زیاتریان لەداهاتی ئەم وڵاتە بردووە، كەئەگەر شۆڕشیان نەكردایە بەهیچ شتێكی تر نەدەگەیشتن بەمەی ئەمڕۆ پێی گەیشتوون و وەك فیرعەونەكانی كۆنی میسر زیاتر دەوڵەمەندو خاوەن دەسەڵاتی پۆلیسین، بۆیە هەركەس كەدێت و هەڕەشە لەسەر ئەم دەستكەوتانەیان دروست دەكات ئەوە بەڕاستی بەگێرەشێوێن و قینلەدڵ و ئاژاوەچی دەزانن، چونكە ئەگەر ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆ كە دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی و سەربازییە لەدەستیاندا نەمێنێ هێندەی زەین عابدین ناتوانن خۆیان لەكوردستاندا ڕابگرن ئەبێت وڵاتێك دەربازیان بكات لەچنگ ڕق و تۆڵەی خەڵكی، لەبەرامبەر ئەو هەموو گەندەڵی و نایەكسانی و خوێنڕێژییەی كەلەماوەی ئەم 20 ساڵەدا لەكوردستان ئەنجامیانداوە.

كێ ئاژاوەگێڕەو ئیهانەی حكومەت و پەرلەمان دەكات؟
بزوتنەوەی گۆڕان لەم بەیاننامەدا هیچ ئاژاوەیەكی نەنایەوە، بەڵكو داوایەكی قورسی پێشكەش كرد، بۆ ئەم داوایەش بەكەسی نەوت وەرنە سەر شەقام و ئاژاوە بنێنەوە! ئەوە بەیاننامەكەی یەكێتی و پارتیە كەلەبری حكومەت و پەرلەمان هەموو كارو گوتارێك پێشكەش دەكەن و هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس و مرورو تەنانەت ڕێكخراوە مەدەنیەكانی پاشكۆی خۆشیان دەخەنە ئامادەباشی و چەكەكانیان دەدەنە دەست بۆ ئەوەی هەركەس هاتە بەرامبەریان ڕوبەڕووی ببنەوە كە من ئاواتەخواز بووم خەڵكی بێنە سەر شەقام و بەهێمنی داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و پەرلەمانیان دەكرد بمانزانییایە ئەوە كێیە ڕووی لولەی تفەنگەكانی دەكات خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان و هەزارانیان لێ دەڕفێنن و زیندانەكانیان لێ پڕ دەكەن تەنها لەبەرامبەر داوایەكدا كەداواكە هەرچییەك بێت!
ئاژاوە ئەوە نییە خەڵكی هێندە توڕە بكەن لەناعەدالەتییەكانتان كە ناچار بێت داوای هەڵوەشانەوەی دامەزراوەكانتان بكات، ئەو دامەزراوانەی كەخۆتان ئەرزشی بۆ دانانێن و لەسلێمانی خوێندكارانی پۆلی چوارەم هان دەدەن دژی وەزیری پەروەردەی پارتی تاكو ئیحراجی بكەن چونكەچۆتە شوێنی وەزیری پێشووی پەروەردەی یەكێتی، ئەوە پارتییە كە سەرۆكی هەرێم كۆدەبێتەوەو قوتابیان و مامۆستایانی زانكۆ كۆدەكاتەوە بەڵام وەزیری خوێندنی باڵا بانگێشت ناكات تاكو سوكی بكەن لەبەرچاوی! جگەلەوە هەر ڕۆژەی كۆلیجێك هان دەدەن بچێتە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا چونكە یەكێتییەو دەیانەوێ ئیهانەی بكەن و كارەكانی پەك بخەن، ئەوە پارتییە بەمونافەسەی سیاسی وەزیرەكەی سۆسیالست كەوەزیری كارەبایە ئیحراجی دەكات و گازوایل نادات بەوێستگەكانی كارەبا بەهۆی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پارتییەوە، ئەوە هەموو پارتی دیموكراتە كەئیهانەی حكومەت دەكات و هیچ حسابێك بۆ دكتۆر بەرهەم دانانێ كەسەرۆكی حكومەتە، بۆیە نێچیرەڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت دەڕواتە توركیاو وەزیری سامانە سروشتیەكان لەگەڵ خۆی دەبات و گرێبەستی نەوت و بازرگانی ئیمزادەكات، ئەوە پارتی و یەكێتییە بەردەوام ئیهانەی تەنها وەزیرەكەی بزوتنەوەی ئیسلامی دەكەن كە وەزیری ئەوقافە چونكە نایانەوێ لەكارەكانیدا سەركەوتوو بێت و دەیانەوێ توشی شكست بێت و پۆستەكەی چۆڵ بكات!!
ئەوە كێیە لەسلێمانی سەرۆكی حكومەت ئیهانە دەكات و هیچ ئەرزشێك بۆ بڕیارەكانی دانانێ؟ گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووە یان ئەندامی مەكتەب سیاسی یەكێتییە؟
ئەوە سەرۆكی پەرلەمانە ئەندامەكانی یەكێتی لەناو پەرلەمان ئیهانە دەكات و ئیستیقالە پێشكەش دەكات ئەندام پەرلەمانەكەی یەكێتی لەبەرامبەر سوكایەتی پێكردنیان!
ئەوە مەسعود بارزانییە كە ئیهانەی پۆستی سەرۆكی هەرێم دەكات و وەك سەرۆكی حزبەكەی مامەڵە دەكات و تاكو ئێستە بارەگایەكی بۆ ئەو سەرۆكایەتییە نیە!!

كۆمەڵی ئیسلامی سەلماندنی ئۆپۆزسیۆنی كاتە پێویستەكانە
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كەلەپێشوودا بەناوی بزوتنەوەی ئیسلامی كاری جیهادو بانگەوازی لەپێش ڕاپەڕین ئەنجامداوەو لەساڵی 2001 ەوە بەناوی كۆمەڵی ئیسلامییەوە بەردەوامن لەكاری بانگەوازو سیاسی، بەماوەیەك كەم توانییان ببن بەخاوەنی پێگەی جەماوەری خۆیان و لەسێیەمین خولی پەرلەمانی كوردستان بون بەخاوەنی 4 ئەندامی پەرلەمان و وەك ئۆپۆزسیۆن كاردەكەن و بەشداری كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمیان نەكردووە.
لەكاتێكدا كەبزوتنەوەی گۆڕان بۆخۆی هەڵوێستی دەربڕیوەو پرسی بەكەس نەكردووەو داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمان دەكات، كۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێستی خۆی لەبەیاننامەیەكدا بڵاودەكاتەوەو تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەیاننامەكەیدا ئاماژەی پێدەكات ئەویش بونی گەندەڵی و ناعەدالەتی و سزای سیاسیە، وەك كۆمەڵی ئیسلامی لەبەیاننامەكەیدا نوسیویەتی " بۆیە ئەو كاتانەو ئێستاش داوامان لەدەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم كردووە، كەپێویستە بەجدی چاو بخشێننەوە بەو واقیعە پڕ لەكەم‌و كورتیانەدا‌و كۆتایی بەگەندەڵی‌ و ناعەدالەتی لە دامودەزگاكاندا بهێنرێت.."
ئەمە جێی دەستخۆشی و دڵخۆشییە چونكە بەردەوام یەكێتی و پارتی هەڵویانداوە درز بخەنە نێو یەكڕیزی لایەنەكانی كەلەگەڵ خۆیاندا نین، گۆڕان لەبەیاننامەكەیدا داوای جیاكردنەوەی حزب و حكومەت و مەنعی دەستێوەردانی دەزگاكانی ئاسایش دەكات، كۆمەڵی ئیسلامی لەبەیاننامەكەی 30/1/2011ی مەكتەب سیاسیدا هەمان داوا پێشكەش و دوبارە دەكاتەوەو دەڵێ " بێگومان یەكەم هەنگاویش بەجیا كردنەوەی دەسەڵاتی حیزب ‌و دەزگا ئەمنییەكانیان دەبێت لەدەزگاكانی حكومەت‌و پەرلەمان‌و نەهێشتنی دوو ئیدارەیی هەولێر‌و سلێمانی كە تائێستاش پێیانەوە دیارە." لەوەش زیاتر داوای سڕینەوەی ئاسەواری دوو ئیدارەیی نێوان یەكێتی و پارتی دەكات.
یەكێتی و پارتی ئەگەر ئەوەندە ئەم وڵاتەیان خۆشەوێ و بۆی بەپەرۆشن با هەولێرو سلێمان هێندەی تر لێك جودا نەكەنەوە، ئیدارە یەك بخەن، ئاسایش و دەزگا ئەمنیەكانیان یەك بخەن و بیكەنە دامەزراوەی نیشتمانی، نەك هەریەكە كوڕی سەرۆكێكی حزبەكەیان بەڕێوەی ببات و بۆ خزمەتی خۆیان بەكاری بهێنن و تاكو ئێستەش خوێنی دەیان كەسی سیاسی لەگەردنیانەو چارەنوسیان نادیارە، ئەگەر ئەوەندە پەرۆشی حكومتن ئەوە داهاتەكەی بۆ حزبەكانتان مەدزن، ئەندامەكانتان بەیەكی چەندین موچە خانەنشین مەكەن هەموو دەزگا حزبیەكانتان بەموچەو ئیمتیازاتەوە مەخەنە سەر وەزارەتی دارایی، نەوت بەقاچاخ مەبەن، لەگەڵ ئەموڵات و ئەو وڵات موزایەدە مەكەن لەسەر كوردەكانی ڕۆژهەڵات و باكور، ژیانی خەڵك باشتر بكەن و كارەبا چاك بكەن و شەقام و كۆڵانەكان بۆ خەڵكی باشتر بكەن و خزمەتگوزاریەكانیان بۆ دابین بكەن.
لەكاتێكدا یەكێتی و پارتی چاوەڕێیان دەكرد كە كۆمەڵ دژبەگۆڕان و داخوازییەكانی گۆڕان بوەستێتەوە، مەكتەب سیاسی كۆمەڵ لەبەیاننامەكەیدا نوسیویەتی "لەو پێناوەشدا هەرگیز سازش ناكەین‌و ئێستاش بەفرسەتێكی لەباری دەزانین بۆ دووبارەكردنەوەی داواكەمان لە بەخۆداچونەوەی دەسەڵات ‌و چارەسەر كردنی ئەو كەموكورتیانە."
بۆیە زۆر لەچاودێرانیش پێیان وایە ئەم هەڵوێستەی كۆمەڵی ئیسلامی لەكاتێكدایە كە بەیەكێك لەكاتە قورسەكان ئەژمار دەكرێ لەبەرامبەر یەكێتی و پاریتیداو جێی پشتیوانی كردنە كەیەكێتی و پارتی چاوەڕوانی ئەوەیان دەكرد لایەنێكی بەرچاوو خاوەن ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دژ بەگۆڕان بوەستێتەوەو لەگەڵ ئەو بۆچونە قورسەدا نەبێ، بەڵام جارێكی تر كۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێست و داخوازی چاكسازی و بەخۆداچونەوەی دەسەڵات و چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی دوپات كردەوە بەرامبەر بەیەكێتی و پارتی! دەربارەی ئەوەی كە گۆڕان داوای پشتیوانی لەداواكەیان دەكەن كۆمەڵی ئیسلامی ڕەدی داواكەیان ناكاتەوە بەڵكو پێی وایە دەبوو پێش بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكە پرسوڕاگۆڕینەوەیان لەگەڵ ئەنجام بدرایە.

یەكگرتووی ئیسلامی درێژە بە ئۆپۆزسیۆن بوونی دەدات
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش كەخاوەنی 6 ئەندامی پەرلەمانی كوردستانەو هێزێكی ئیسلامییەو خاوەنی جەماوەرو خزمەتگوزاری بەرچاوە بە مزگەوت و تەندروستی و منداڵانی بێ باوك و هەژاران، هەمیشە لەهەوڵی بانگەوازو هۆشیاركردنەوەی میلەتدایە بەرەو چاكسازی كۆمەڵایەتی و سیاسی.
لە 30/1/2011دا لەڕێگەی مەكتەب سیاسی حزبەكەیەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو هەڵوێستی خۆیان لەسەر بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوكردەوە كە تێیدا 3 خاڵ ڕنكراوەتەوە، وەك لەو بەیانەدا هاتووە "یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە قۆناغە جۆراوجۆرەكانی خەباتی سیاسی خۆیدا هەوڵیداوە بە ڕەخنەگرتن لە كەموكورتی و كێشەكانی هەرێم و دواتریش هەڵبژاردنی ڕیزی موعاڕەزە ڕۆڵی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی خۆی بگێڕێت و پەنجە بخاتە سەر ئەو كێشەو كەم و كورتیانەی كە ئەگەر بێت و چارەسەر نەكرێت گیرو گرفت بۆ كۆی ژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان دروست دەكەن"
جارێكی تر یەكگرتووی ئیسلامی داخوازی خێراتركردنی چاكسازی و عەدالەت لەدابەشكردنی سامانی وڵاتدا دوپات دەكاتەوە وەك لەبەیاننامەكەدا هاتووە "ئێمە ‌لە یەكگرتوودا لەكاتێكدا داوادەكەین هەنگاوەكانی چاكسازیی دامودەزگاو دامەزراوەكانی دەستەڵات خێراتر بن و دەستەڵات لە كوردستاندا زیاتر هۆشیار بێت بە ئەركەكانی خۆی لەوانەش دابینكردن و زیادكردنی خزمەتگوزاریەكان و دابەشكردنەوەیەكی عادیلانەی داهات و سامان"
یەكگرتووی ئیسلامی لەكۆتایی بەیاننامەكەیدا تەئكید لەسەر گیانی بەرپرسیارێتی و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی میلەتی كورد دەكاتەوە، بۆیە حەق وایە یەكێتی و پارتی لەهەمووان زیاتر بەرپرسیار بن لەپاراستنی ئەم بەرژەوەندییە باڵانەداو چیتر داهاتی ئەم وڵاتە بۆ بەشێكی كەمی حزبەكانیان بەهەدەر نەدەن و خەڵكیش گوزەرانی بەرەوخراپتر بڕوات، حەق وایە ئەوانەی كەبەرپرسیارێتییان زیاترە لەئاستی حزبی و حكومیدا ئەوان زیاتر پەرۆشی ئارامی و ئازادی خەڵك و وڵات بن، بەڵام لەكوردستان زۆركات مەسەلەكان بۆ بەرژەوەندی نفوزی لایەك و بۆ دژایەتی لایەكی تر بارودۆخێكی نائارام دەخولقێنرێ و موزایەدە بەداواكاری لایەنێكەوە دەكرێ! یاخود داخوازی خەڵك دەپێچرێ لەتەسفیە حیسابی نێوان دوو لایەنی ناكۆك، لەكاتێكدا پێویستە بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش زۆر بەئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكەن و ئاگاداری نەكوشتنی ڕۆحی موعارەزە بوون بن، بەمانای ئەوەی داخوازییەكامیان بەجۆرێك بێت كەدوربێت لەململانێی سیاسی و مەرامی تایبەتی، چونكە لەدەستدانی متمانەی خەڵكی بەئۆپۆزسیۆن زاڵكردنەوەی زوڵمی دەسەڵاتە بەسەر ژیانی خەڵكدا.
پێویستە ئۆپۆزسیۆن ئاگاداری ڕێزەكانی نێوانیان بن چونكە پارتی و یەكێتی سودی زۆر لەناكۆكی نێوخۆی ئۆپۆزسیۆ دەبینن بۆیە دەبوو گۆڕان پشتیوانی زیاتری بۆ داخوازییەكەی دروست بكردایە تاكو یەكێتی و پارتی ملیان بەهەنگاوی عەمەلی بدایە بۆ چاكسازی نەك داخوازی گۆڕان بكەن بەموزایەدەی لێدان لەئۆپۆزسیۆن و بەهێزكردنی پێگەی خۆیان.
ناكرێ ڕێگە بەوە بدەین ئۆپۆزسیۆن ببێتە هۆكاری ئەوەی داخوازی خەڵك پشتگوێ بخرێ، چونكە دەبێت گۆڕان ئەوەی لەبەرچاو بێت كەتەنها ئەو ئۆپۆزسیۆن نییە، وە تەنها ئەویش هەموو ئۆپۆزسیۆن نییە، وەك چۆن دەبێ كۆمەڵ و یەكگرتووش ئەوە بزانن تەنها ئیسلامییەكان نین ئۆپۆزسیۆنن، بەڵكو ئۆپۆزسیۆنبوون ئەمڕۆ بەرەی زۆر فراوانترە لەلایەنێك.

كۆمەڵ و یەكگرتوو كاریگەریی لەسەر 17 لایەن دانا!
ئەوەی جێی دڵخۆشی بوو بۆ ئۆپۆزسیۆن و شایەنی باسە ئەو كۆبونەوە خێرایە بوو كە 19 لایەن ئەنجامیانداو تێیدا كۆمەڵ و یەكگرتوو نەچونە ژێر باری ئیدانەكردنی داخوازییەكەی گۆڕان! و كاریگەرییان لەسەر ئاراستەی كۆبونەوەكەو بەیاننامەكەی كۆتایی هەبوو، كەزۆرێك لەچاودێران پێیان وایە ئەگەر كۆمەڵ و یەكگرتوو بەشداری ئەو كۆبونەوە نەبوونایە كەبەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی ئەنجام درا ئەوە بەیانێكی توندی دور لەنەریتی سیاسی و پڕ لەهەڵچوون بەرامبەر بەگۆڕان دەردەكرا .
ئەوەی كەلەكۆتایی ئەو كۆبونەوەیەی 30/1/2011 بڵاوكرایەوە بەیاننامەیەك بوو كە لەچوار خاڵ پێكهاتووەو ئیمزای 15 حزبی لەسەرە جگە لە یەكێتی و پارتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو، ئەوەی پێویستە بوترێ لەسەر ئەو 15 حزبەیە كە جگە لەبزوتنەوەی ئیسلامی هیچ حزبێكی تریان خاوەنی ئەوەندە نفوزو قورسایی نین كە پشتیان پێ ببەسرێ، چونكە هەموو ئەم حزبانە لەهەڵبژاردنی 25/7 بەشدارییان كردو نەیانتوانی كورسییەكی پەرلەمان بهێنن!!
لەو بەیاننامەدا ئەوەی دەستكەوتە بۆ ئۆپۆزسیۆن بەكۆمەڵ و یەكگرتوو گۆڕانەوە ئەوەیە كە 19 حزب ئیمزایان لەسەر ئەوە كردووە كە "بوونی كە‌موكورتی و كێشە‌و گە‌ندەڵی و ناتە‌واوی لە‌ بارودۆخی هەرێمدا واقیعە‌و خوازیاری ئە‌وە‌ین كە‌ حكومە‌ت و معارزە‌و كۆمەڵگای مە‌دە‌نی و سە‌رجە‌م هێزە‌كان هەریە‌كە‌و لە‌ پێگە‌ی خۆیە‌وە‌ بە‌شدار بێت لە‌ بە‌رە‌و پێشبردنی رە‌وتی چاكسازی و كە‌مكردنە‌وە‌ی كە‌موكورتیە‌كان و باشتركردنی ئاستی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم و پە‌رە‌پێدان بە‌ ئە‌زمونە‌ حكومڕانی و دیموكراسیە‌كە‌ی."
ئەوەی كەیەكێتی و پارتی لەسەری توڕِەبوون ئەوەیە كەگۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو باس لەكەموكورتی و كێشەو گەندەڵی دەكەن لەبارودۆخی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەم حزبانەش لەسەر ئەوە پێكهاتوون كە ڕێخكراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن و سەرجەم هێزەكان لەهەوڵی چاكسازی ئەو گەندەڵیەدا بن كەلەحكومەتدا بونی هەیە.
هەر لەكۆتایی ئەو بەیاننامەدا بەپێچەوانەی ئەو زمانە زبرو توندەوە كە یەكێتی و پارتی بەتەنها بڵاویانكردەوە داوای پێكەوە ژیان و بەهێزكردنی گیانی برایەتی نێوان لایەنەكان و خەڵكی كوردستان دەكەن و دڵنیایش دەدەن بەوەی كەبارودۆخی هەرێمی كوردستان سەقامگیرە!
لەپاش هەڵوێستی هەموو لایەك ئەوكات پەرلەمان و حكومەت هەڵوێستی دەربڕی كەلێرەدا شایەنی هیچ قسەیەك نییە چونكە لەپێش و پاشی یەكێتی و پارتی كەسێك لەم وڵاتەدا بونی سەربەخۆی نییە بەناوی پەرلەمان و حكومەت!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە