بەرهەم ساڵح لەچی دەگەڕێت؟
Thursday, 24/11/2011, 12:00
دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەم ساڵح بەنهێنی 3 ملیۆن دۆلاری بە كەناڵی nrt بەخشی ،پێدانی ئەو پارەیە هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی لە حكومەت و پەرلەمان نەبوو، دەكرێت ئەو بەخشینە ناوبنرێت بە بەرتیل، یان بە هەدەردانی بودجەی میللەت. ئەگەر ئەو پارەیە وەك كەیسێك لە غیابی هەڵوێستی پەرلەمان كە كاری یەكەمی چاودێریكردنە بەسەر حكومەت و لەو رەفتارەی سەرۆكی حكومەت بێدەنگە، شیكردنەوەی بۆ بكەین چەند پرسیارێك دێتە ئاراوە كە بەرهەم ساڵح لەدوای لادانی لە سەرۆكی حكومەت پێشوەختە پلانی بۆچی هەیەو دەیەوێت زەمینە بۆچی خۆش بكات ؟ ئایا مەبەستیەتی تۆڕێكی راگەیاندن دروست بكات و لەیەكەم هەنگاویشدا بەرێگەی بەرتیلدان بە كەناڵی nrt بەدیلی كەناڵێكی كارای وەك knn دروست بكات ؟ یاخود مەبەستی سەرۆكی حكومەت رێكلامكردنە لە كەناڵی nrt و بیەوێت بڵێ ئەو كەناڵە میدیای ئەهلیە كە لەوێوە ئەو كۆنە رقەی لە بزوتنەوەی گۆڕان هەیەتی بەتاڵی بكاتەوە؟
بەر لەوەڵامی ئەو پرسیارانە ئەگەر بەوردی سەیری پاشخانی دەسەڵاتی بەرهەم ساڵح بكەین داهاتووی ئەو كەسەمان بۆ دەردەكەوێت كە لە ئێستاوە هەنگاو بۆچی دەنێت. نمونەی كەناڵی گەلی كوردستان و میدیا نزیكەكانی دیكەی سەرۆكی حكومەت كە بەردەوام شەڕی پەردەپۆشكردنی ئەو دۆسیانەیان پێدەكرێت كە لە رێگەی كەناڵی knn وە بۆ رای گشتی دەخرێنەڕوو،دەرخەری وەڵامی پرسیارێكە كە بەرهەم دەیەوێت nrt بە بەدیلی knn بناسێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی كراوەی لە بودجەمان بۆ ئەو كەناڵە بینی.
بەڵام بەكارهێنانی دەسەڵاتی حزب و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی كەناڵێكی ئاسمانی شەفافی وەك knn لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە كارێكی ئاسان نابێت كە ئەو كەناڵە لە روماڵكردنی رووداوە سیاسییەكانی هەرێم پشكی شێری بەركەوتووەو خاوەن زۆرترین بینەری كوردیە.
دۆزینەوەی بەدیلی knn لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە بەرێگەی پاڵپشتی لە nrt كە پێیوایە میدیایەكی ئازادە تا بەورێگەیە دژایەتی knn بكات، ئەمە لە پانتای كاری راگەیاندنی knn و سوقڵی ئەو كەناڵە كەم نابێتەوە، هاوكات ئاشكرایە كە ترسی سەرۆكی حكومەت لە كەناڵی كەی ئێن ئێن و بەدوا گەڕان لە دروستكردنی بەدیڵێك بۆ ئەو كەناڵە لەدوو سەرچاوە سەری گرتوە.
یەكەم: خاڵی كردنەوەی ئەو رق و كینەی كە سەرۆكی حكومەت لە بزوتنەوەی گۆڕان هەیەتی كە بەرێگەی دروستكردنی كەناڵێكی نوێ رق و قینەكان بەتاڵ بكاتەوەو لەوێوە دەست بە شەڕی گۆڕان بكات.
دووەم: راگرتنی پارسەنگیەك لەو دۆسیە هەستیارانەی كە لەرێگەی كەناڵی كەی ئێن ئێنەوە كە پەردە لەسەر گەندەڵیەكانی بەرهەم ساڵح و دەسەڵات لادەدەن.
وێڕای ئەو دوو خاڵە ئەگەر بەرهەم ساڵح مەبەستی بێت كە دوای لادانی لە سەرۆكی حكومەت بیەوێت لەهەوڵی دۆزینەوەی تۆڕێكی میدیای راگەیاندن بێت و خۆی سەرپەرشتیاری بكات و ئێستا بە دەرفەتێكی بزانێت كە دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەت و حزبەكەی بەكار بێنێت بۆ ئەوەی بەدیل بۆ كە ئێن ئێن دروست بكات و بیەوێت بەو رێگەیە رای گشتی بۆخۆی كەسب بكات ؟ ئەوا ئێستا خەڵك هۆشیارەو هەست بەو مەرامەی دەكەن .
چونكە خەڵك چاوەرێی ئەوەبوو بەرهەم ساڵح دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەت بۆ ئەوە بەكاربێنێت كە قەرەبووی شەهیدانی دوای 17 شوباتی سلێمانی و بریندارانی بكاتەوە كە هێشتا خوێنی ئەو شەهیدانە لە مەیدانی سەرای سلێمانی وشك نەبووە.
ئەوەی بەرهەم دەیكات دەمان گەڕێنێتەوە بۆ پاشخانێكی دوورتر لە ململانێی بەرهەم لەگەڵ رەوتی نوێخوازانی سلێمانی و داهاتوویەك كە سەرۆكی حكومەت لێیڕوونە كە دوای لادانی لە سەرۆكی حكومەت لەنێو دڵی هاونیشتیمانیانی سلێمانی جێگەی نابێتەوە.
هاوكات لای میدیاكارانیشەوە روونە كە بەرهەم ساڵح لەگەڵ دەستبەكاربوونی چۆن چۆنی بودجەی میدیاكارانی بڕی، ئەی ئێستا بەكام پێوەر بۆ دەرخستنی خۆی و بیركردنەوە لە داهاتوو و ترسی لە كەی ئێن ئێن، پارەی ئەو میللەتە بۆ كەناڵێكی تر خەرجدەكات.
لای كەسوكاری شەهیدانی دوای 17 شوباتیش روونە كە تا ئێستا سەرۆكی حكومەت چۆن لەو كارەساتە بێدەنگەو بەچ شێوەیەك لەهەوڵی كوشتنی هەناسەی ئازادی ئۆپۆزسیۆن و نوێنەرانی راستەقینەی شەقامی سلێمانیە.
بۆیە سەرۆكی حكومەت ئەگەر هەر كۆنە رقو قینەیەكت بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنێكی كاری وەك بزوتنەوەی گۆڕان و كەناڵیknn كە لە لوتكەی كەناڵی كوردیە ، ئەوا ئێمە هەڵوێستی راگەیاندنكارانەی خۆمان و نیگەرانی خۆمان دەخەینەڕوو كە بۆچی بۆ ئەو كۆنە قینەت بودجەی ئەو میللەتە بۆ شەڕی خۆت و خۆ درەخستن خەرج دەكەیت؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست