ئەگەر پەنجەرەی ئازادیشمان لەسەر دابخەن ، دەرگای ستەم هەر دەشکێنین!؟
Thursday, 22/08/2013, 12:00
ئازادی مافێکی بنچینەیی و سەرەتایی مرۆڤە .کە یەزدان بۆ هەر تاکێکی بە ڕەوا بینیوە. بۆیە مافی هەموو تاکێکە تا سنوری زەوت نەکردنی ئازادی ئەوانی تر ئازاد بێت ، مرۆڤ بە بێ ئازادی وەك درەختێکی بێ چڵ و گەڵاو دەریایەکی مەنگی بێ شەپۆل و ئاسمانێکی بێ ڕووناکییە! زەوتکردن و یاساغ کردنی ئەم مافە لە ژێر هەرچی جۆرە پاساوو بییانوویەکدا بێت مایەی لۆمەو پڕۆتیستۆ کردنە، چونکە بە بێ بوونی ئازادی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە پوچە لە چێژوو واتا، هەر لەبەر ئەمەیە هەر هێزو تەوژمێك هەوڵی بەرتەسککردنەوەو بچوککردنەوەی پانتاییەکانی ئازادی بدات و هەرچی جۆرە تەبریرو حونجەتێکی هەبێت دەکەوێتە ناو چوارچێوەی هێزگەلی ستەمکارو تۆتالیتارەوە، ئیدی ئەو ڕێ گیرییە بە زۆری هێزی سەربازی بێت یان زۆری یاساو ڕێنمایی هیج جیاوزییەکی نییە! ئەم بنچینەیەش هەموو جۆرەکانی دەسڵات دەگرێتەوە بە دەسڵاتی سیاسی و سەربازی و ئاینی و خێزانیشەوە، هەر بۆیە ئەو دەسڵاتەی ڕێگەی بەردەم تاکەکانی کۆمەڵگەکەی ئاستەنگ دەکات و بواری دەربڕین و دەرخستنی هەڵوێست و نواندنی ئاکارو هەڵسوکەوتیان لێدەگرێت ستەمکارو تۆتالیتارە، ستەمکاربوون هەر ئەوە ناگەیەنێت ئەنجامدەرانی بکوژو ببڕ و خوێنڕێژ بن ، بەڵکو هەموو هەوڵێك بۆ بەرتەسک کردنەوەی پانتایەکانی ئازادی ڕژێمی ئەنجامدەری دەخاتە ناو چوار چێوەی ڕژێمە سەرکوتکارو تۆتالیتارەکانەوە ، کە دواجار چارەنوس و سەرەنجامیان سەنێرگوێلکی دیرۆکە ! چونکە ڕەوتی ژیان و بەرەو پێش چوونەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەروەکو مێژوو نیشانمان دەدات ڕێگە بە هیچ تەوژم و هێزگەلێك نادات درێژەپێدەری شێوازەکانی ستەم و چەوساندنەوەی سەر کۆمەڵگەکانیان بن، بەڵکو هەم و ستەمکارو ملهوڕو یاخییەك کۆتایی هەر دێت .
بۆیە من ئێستا ڕووی وتارەکەم ئاراستەی تەوژمێکی دەسڵاتی کوردستان دەکەم ، کە تەقلایەتی ڕەوتی خەباتی شاخ و شاری گەلەکەمان و ڕابردووی بە خوێن ئاڵی نەتەوەکەمان ئاراستەی شێوازێکی تاریك و لێڵ، بگرە ڕەش و کرێتی حوکمڕانی بکات و داهاتووی خۆشیان و سەراپای ئەزموونەکەشمان بسپێرنە دەست چەند شەپۆلێکی وێڵ کە ڕووەو کەنارێکی نائاراممان دەبات و خەرمانی ڕەنجی خۆشیان و ئەو کۆمەڵگەیەش کە ئەوان ڕێبەرایەتی دەکەن بەرەو ئاقارێکی نا دیار ئاراستە دەکات ، کە سەرەنجام بە ژێر ئاو کەوتنی کەشتییەکامان کۆتایی دێت و هەموومان زیانمەندو دڵشکاو لێیەوە دەردەچین چی وەك هاوڵاتی و چی وەك دەسەڵات،
مەرجیش نییە هەموو دەم ئەو رێزو شکۆی سەردەمی شۆڕش بۆ شۆڕشگێڕان بمێنێتەوە! لە مێژووی نزیکی گەلاندا هاوشێوەی هەندێك هێزی وەك لای خۆمانمان بەرچاو کەوتووە ، کە ڕۆژگارێك لە قۆناغی خەباتی ڕزگاری و تەقەلای لە کۆڵکردنەوەی دەسڵاتە ستەمکارەکانی پێش خۆیاندا ئەستێرەی درەوشاوەو پرشنگداری ئاسمانی سەروەری و شکۆی نەتەوەیی بوون ، بەڵام دواجار بەهۆی ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ویست و خواستەکانی میللەتدا و بە هۆی خۆ سەپاندن و گوێنەگرتن و نەخوێندنەوەی ئەوانی ترەوە و هەوڵدانیان بۆ خۆ بە کاریزما کردنیانەوە بوونەتە ستەمکاری مێژوو، بەڵکو هەندێك جار میللەت و ئەو کۆمەڵەیەی کە ڕۆژگارێك ڕێبەرایەتی ئەوانیان پێ پەسەند بووە بە توندترین سزای مەرگیان گەیاندون نمونەی ئەمەش لە مێژووی شۆڕشی فەڕەنسیدا دیارو بەرچاوە کە چۆن ڕۆبسبیر لە سەرکردەیەکی پیرۆزو بەرزی شۆڕشگێڕانەوە گۆڕا بۆ دڕندەیەکی یاخی دژ بە بنەماکانی شۆڕش و پاشانیش ئاشکرایە کە چی سەرەنجامێکی ڕەشی هەبوو، بۆیە جێگەی خۆیەتی ئەوانەی لای خۆشمان لە وانەکانی مێژووەوە پەند فێر ببن و هەرگیز پێچەوانەی شەپۆلی بە تینی دەریای هەڵچوی ڕقی پیرۆزی گەلەوە مەلەوانی نەکەن ، چونکە بێگومان کۆتاییان خنکان و لە ناوچوونە، بۆیە بەو هیوایەم بیری تەسك کردنەوەی پەنجەرەکانی ئازادی و داخستنی بەڕووی میدیاو شەقام و کۆمەڵگەدا لە مێشکی سەرکردەکانمان بێتە دەرەوە، هەتا بتوانین کوردستان بکەین بە گوڵزاری ڕەنگەکان و بڵندگۆی دەنگەکان و تابلۆیەکی ڕەنگاو ڕەنگی فەرهەنگی و نەتەوەیی ئاینی کە هەموو مان تیایدا هەست بە بەختەوەری بکەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست