نهێنیەکانی پشت ئۆپهراسیۆنی دیجلە چییە؟
Friday, 09/11/2012, 12:00
لە پاش دروستكردنی قیادەی عەمەلیاتی دیجلە کە فەریق(عەبدولئەمیر ئەلزەیدی) سەپەرشتی دەکات لە ناوچە دابڕێنراوەکانی كوردستان بەتایبەتی لە هەرسێ پارێزگای کەرکوک، تکریت، دیالە چەندین هەواڵ و بابەت و لێکدانەوەی جۆراجۆری لە راگەیاندنی حیزبی و ئەهلیدا بڵاوکراوەتەوە، هەربۆیە ئەمەوێت لەم بابەتەدا کۆمەڵێک نیهێنی پیشت پردە بخەمە روو.
پارتی دیموکراتی کوردستانە هاوکاریەکی تەواوی ئۆپراسیۆنی دیجلە دەکات، رەنگە خەڵکانێک بەپرسن بۆچی دەبێت پارتی ئەوکارە بکات و مەبەستی لەو هاوکاریە چیە؟ لە چەند خاڵێکدا وەڵامی ئەو پرسیارە ئەدەمەوە.
یەکەم/ پارتی لە ناوچەکانی پارێزگای دیالە، تکریت، کەرکوک، هیچ نفوزێکی ئەوتۆی نیە، هەربۆیە پارتی چەندە تورکیا و ئێران و دەسەڵاتدارانی بەغدا دژی گەرانەوەی ئەو ناوچانەن پارتی دە ئەوەندە دژێتی، چونکە ئەگەر ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر کوردستان باڵانسی هێز لە قازانجی پارتیدا نابێت و لە هەڵبژاردندا ئەدۆڕێت، هەموو خەڵک ئەزانێت پارتی لە رابردوودا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی و باڵادەستبوونی وەکو هێزی یەکەم لە هەرێمی کوردستان چەندین خیانەتی نەتەوەی نیشتمانی کردووە، بۆنمونە خیانەتی ٣١ ئاب کە دەبابەی ئەنفالچیەکان و بەعسیەکانی هێنایە سەر هەولێر و خاکی پیرۆزی کوردستان.
هەربۆیە پارتی هەرگیز قەبوڵ ناکات و ناهێڵێت ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر کوردستان و دژایەتی دەکات، تەنانەت لە ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک رژێمی بەعس رووخا پارتی ئەو دەمە سکاڵایان بردە لای ئەمریکایەکان وتبوویان یەکێتی کەرکوکی داگیرکردووە، ئەوەبوو ئەمریکایەکان هێزەکانی یەکێتیان لەو شارە چەک کرد.
وەکو دەبینن لەم کاتەدا پارتی هیچ حەساسێتێکی بە ئۆپراسیۆنی دیجلە نیە، هەتا ئەو کاتەی لەو سێ پارێزگایە بن کە پارتی جێ نفوزی خۆی تێدا زۆر کەمە، بەڵام ئەگەر ئۆپراسیۆنی دیجلە بچێتە ناوچەکانی پارێزگای موسڵ ئەوە پارتی یکسەر بەتوندی وەڵام دەدەنەوە و هێز دەجوڵێنن، ئەوەبوو لە چەند مانگی رابردوودا کاتێک هێزی عێراقی چوونە ناوچەی (زوومار)ی سەر بە پارێزگای موسڵ پارتی لەبەرامبەریاندا هێزەکانی حیزبەکەی خستە حاڵەتی ئامادە باشیو رووبەڕوونەوە، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە جێگا نفوزی پارتییە. ئەو درووشم و قسە و قسەڵۆکانەی پارتی لە راگەیاندنەکان دەیکات بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان، تەنها وەکو کارتێکی فشار بەکاری ئەهێنێت بۆ بەدەست هێنانی پۆست و ئیمتیازاتی زۆرتر لە بەغدا، دیارە یەکێتیش لە ساڵانی رابردوودا بزەبت تاڵەبانی خۆی بۆ ئەوەی وەکو سەرۆک کۆماری عێراق عەرەبەکان قەبوڵی بکەن و پۆست و ئیمتیازاتی زۆرتری دەست بکەوێت بۆ حیزبەکەی، سازشی زۆریکرد لەسەر کەرکوک و کەرکوکیەکان، ئەوەی وایکرد مادهی ١٤٠ جێبەجێنەکرێت کە هێنانەدی مەرامە گڵاوەکانی یەکێتی و پارتی بوون.
دووەم/ دیارە پارتی لە گەڵ مالیکی ریککەوتووە کە لەبەرامبەر بێدەنگ بوونیان لە ئۆپراسیۆنی دیجلە و هاوکاریکردنیان، ئەوانیش چاو لەگریبەستە نەوتیەکان بنوقێنن و باسی نەکەن، دیاریشە لە سیاسەتە دووژمنی هەتا هەتایی و دۆستیی هەتا هەتایی بوونی نیە، بەگوێرەی زانیاریەکان قاید قواتی عەملیاتی دیجلە کە فەریق (عەبدولئەمیر ئەلزەیدی) سەرپەرشتی دەکات یەکێک لە جێگرەکانی کوردە و سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستانە و دوو گەروە بەرپرسی تری پارتی لەگەڵدایە، ئەوە لەلایەک، لەلایەکیترەوە وەکو هەموو لایەک ئاگادارە لەچەند رۆژی رابردوودا قاید قواتی دیجلە لەسەر بانگهێشتی کەسایەتیەکی ناوداری یەکێک لە عەشیرتە کوردەکانی ناوچەی قەرەتەپە و جەبارە چووەتە ناوچەکە، ئەو کەسایەتیە کوردە تاپێش روخانی سەدام و رژێمەکەی بەعسی بووە و لە دوای رووخاندنی ئەو رژێمەشەوە پەیوەندی بەپارتیەوە کردووە و وەکو کادیرێکی پارتیە لەو ناوچەیە کار دەکات.
سێیەم/دیارە ئامانجێکی تری پارتی ئەوەیە ئەو پەیوەندیە گەرم و گوڕەی نێوان مالیکی و تاڵەبانی ببچڕێت و لێکیان داببڕێت وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک لە تاڵەبانی کە شکستی بە مسعود بارزانی هێنا لە لێسەندنەوەی متمانە لە مالیکی، بەڵام تاڵەبانیش بۆ ئەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ مالیکی تێک نەچێت لەسەر ئەو مەسەلەیە، بۆیە زۆر سیاسیانە هەست ئەکرێت مەلەفی کەرکوکی تەسلیم بە نەوشیروان مستەفا کردبێت، چونکە وەکو لە نوسینێکی تردا ئاماژەم پیکردووە گۆڕان هیچ گەندەڵیەکی لەژێر دەستی مالیکی و حکومەتەکەیدا نیە تا وەکو کارتی فشار بەکاری بهێنێت لە دژیان.
چوارەم/ مەبەستێکی تری پارتی ئەوەیە رۆژنامەنووسەکان و خەڵک مەشغوڵ بکات بە ئوپراسیۆنی دیجلەوە، چاوی رەخنەگران و رۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخواز لەسەر گەندەڵیەکان و قۆرغکاریەکانی خۆی بنەماڵەکەی لە کوردستان لابدات، ئاشکرایە پارتی تا ئێستا پرۆفیسۆرە لە درووستکردنی قەریان و کێشەی نوێدا، بۆ ئەوەی شکست و قەیرانەکانی حیزبەکەی و شکستی حوکمڕانیکردنیان لەبیری خەڵک ببەنەوە و هەر رۆژەو بەشتێکەوە مەشغوڵیان بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست