ملوانکە و ئەنگوستیلەی ئەنفال
Thursday, 22/04/2021, 13:10
995 بینراوە
گەردنێکمان دەوێ کە بە درێژایی مێژوو ملوانکەی ئەنفالمان بۆ بکاتە گەردن وبۆمان بڕازێنێتەوە.
هەستێکمان دەوێت، تا پێنووسی خۆی لە سەری بینووسێت و ژیان بکاتە وشە و رستە و دیرۆکی ئەنفالی کوردی پێ بناسرێتەوە.
ئەم ساڵیش دەسەڵاتە ناپاکەکەی دوو بنەماڵەی کورد فرۆشان (بارزانی و تاڵەبانی) بە بێ هیچ سۆزێک ئاوڕیان لە بەجێماوەکانی ئەنفال و گۆڕستانی ئەنفال نەدایەوە!
بازرگانانی خوێن و خاک دڵیان بەوە خۆشی سامانی ئەنفال و خاکی ئەنفال بکەنە گۆڕەپانی رمبازێنی تورک جلخوار و فارس وعەرەبی نەیار.
مەسعود بارزانی چەندە شانازیی بەوە دەکات، کە لە سەر مێدیاکان بڵێ: پیاوەکانی بارزانی هەزار کەس دەبن! وێڕای کورتە وتارەکە دەستی مرۆڤێک دەبینن، کە ئەنگوستیلەیەکی لە قامکی دایە، ئە ووێنەیە هەزاران قسەی پێیە. بەهای ئەو ئەنگوستیلەیە بە رادەی هەزاران پیاوی وەک مەسعود و پیاوەکانی بنەماڵەی بارزانی گران و قورسە. ئەو ئەنگوستیلەیە باس لە مێژوویەک دەکات، کە دونیا دێمۆکراسی و مرۆڤایەتی ئاوڕی لێنەدایەوە!
ئەو ئەگوستیلەیە، تەنیا دەنکێکە لە لزگەی دیرۆکیی ئەنفال، کە بە دریژایی مێژوو بەرز و بڵندە، لە بیرناکرێ. کێ دیتوویە لەو سەردەمەدا نەتەوەیەک بە بێ رەزامەندیی خۆی بە زیندوویی گۆڕی بۆ هەڵکەندرێ؟
تڕاژیدیای ئەنفال تەنیا دەستی دوژمنی تێدا نییە، داگیرکار و سەرۆک و بەرۆکی حیزبیش بێ بەش نین لەو کارەساتە.
دوای ماوەیەک لە ئەنفالی کورد، ئێستا دوو بنەماڵە بە شێوەیەکی دیکە خەریکن بۆ مانەوەی خۆیان ئەنفاڵێکی دیکە بە سەرماندا تێدەپەڕێنن. ئەوە نییە وڵات خەریکە چۆل دەبێ. هەر گەنجێکی کورد تۆزە بوارێکی بۆ هەڵبكەوێ باشووری کوردستان جێ دێلی! رۆژانە ژن دەکوژرێن، خەڵک بریسی دەکرێت، ئازادیخوازبەند دەکرێ، سامانی ئەو گەلە دەفرۆشرێن، ترس وتۆقاندن بەڕێوە دەبرێن و... ئەدی ئەنفال چۆنە؟