کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لیستی کوردستانی و به‌ره‌ی تورکمانی

Monday, 01/03/2010, 12:00


لیستی کوردستانی و به‌ره‌ی تورکمانی
تاهیر ڕه‌حیم
ئه‌ڵمانیا

له‌ پاش ڕوخانی ڕژێمی به‌عس له‌ عێراق، ئاڵوگۆڕێکی سیاسیی نوێ هاته‌ کایه‌وه‌، بوارێکی نوێی هیوابه‌خشی هێنا، بۆ ئه‌وه‌ی عێراق هه‌نگاو به‌ره‌و دیموکراتی بنێ، وه‌ خه‌ڵکی کوردستانیش له‌پاڵ ئه‌م واقیعه‌ نوێیه‌دا بڕیار له‌سه‌ر مافی چاره‌ی خۆنووسین بدات. هه‌روه‌ها هیوابه‌خش بوو که‌ برینی چه‌نده‌ها ساڵ که‌ له‌ جه‌سته‌ی خه‌ڵکی عێراق ده‌چۆڕا، به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی که‌رکووک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان سارێژ بێت. نه‌ک ئه‌وه ‌هه‌ر نه‌کرا، به‌ڵکوو برینه‌که‌ قووڵتر بووه‌وه‌. عێراق زیاتر له‌ژێر باری نائارامی سیاسی گلا و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌ژاری ڕووی له ‌زیادکردن کرد و ڕه‌گه‌زپه‌رستی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی تۆختر بووه‌وه‌. هۆکاری ئه‌مانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی چه‌نده‌ها پارتی ڕه‌گه‌زپه‌رست و کۆنه‌په‌رستی ئایینی و نه‌بوونی پارتێکی سکۆلار. له ‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌مریکا و‌ قاعیده‌ و گرووپه‌ تیرۆریسته‌کانی تر، عێراقیان کرده‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگێکی خوێناوی که‌ ته‌نها خه‌ڵکی عێراق زه‌ره‌رمه‌ند بوو لێی‌. له ‌کوردستانیش دوو پارتی خێڵه‌کی که ‌پێشتر کوردستانیان له‌ شه‌ڕێکی براکوژی دوورو‌درێژ ئاڵاندبوو، له‌ ده‌سه‌ڵاتیشدا به ‌هاوبه‌شی مافی خه‌ڵکی کوردستانیان زه‌وتکرد‌. سه‌رتاپای داموده‌زگاکانی حکوومه‌تیان له‌ گه‌نده‌ڵی غه‌رقکرد،‌ بێهیوایییان له‌ ده‌روونی خه‌ڵکدا چه‌قاند، به‌تایبه‌تی لای گه‌نجان و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش.
لیستی کوردستانی و به‌ره‌ی تورکمانی له‌ که‌رکووک و ناوچه‌دابڕاوه‌کانی تری کوردستان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، خه‌ڵکی سه‌ربه ‌نه‌ته‌وه‌کانی خۆیان به‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی ‌به‌رامبه‌ر بترسێنن، بۆ ئه‌وه‌ی بارێکی نائاسایی به ‌ناوچه‌که‌ بده‌ن و له‌ژێر ئه‌م سیاسه‌ته‌دا د‌رێژه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی بده‌ن.
درووستکردنی باری نائاسایی به‌ پێچه‌وانه‌ی دیموکراسییه‌. بارێکی ده‌روونی لای ده‌نگده‌ر درووست ده‌کات، له‌ ترس و دڵه‌ڕاوکێدا بێت، که‌ نه‌توانێت به‌ئاسایی و ئاسانی ده‌نگی خۆی بدات. هه‌ڵبژاردن‌ پرۆسه‌یه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیموکراتی بێت، ده‌بێت پێشوه‌خت فه‌زایه‌کی ئارامی بۆ درووست بکه‌یت.
لیستی کوردستانی به ‌دروشمی (ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ده‌رنه‌چین، که‌رکووکمان له‌ده‌ست ده‌چێ)، کورده‌کانی که‌رکووکی پێ ده‌ترسێنن. به‌ره‌ی تورکمانیش به‌ هه‌مان درووشم تورکمانه‌کانی پێ ده‌ترسێنن.
له‌ ژێر درووشمی زرووفی کوردستان ناسکه‌ و حکومه‌تمان ساوایه‌‌!! چه‌نده‌ها ساڵه‌ له‌پێش ڕوخانی ڕژێمی سه‌دام خه‌ڵکی کوردستانیان ده‌چه‌وسانه‌وه‌. پێشتریش سه‌دام و هیتله‌ر و ستالین و زۆربه‌ی ڕژێمه‌ دیکتاتۆره‌کانی دنیا ئه‌م سیاسه‌ته‌یان به‌ڕێوه‌ بردووه‌.
ئه‌رکی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ که‌رکووک، گه‌ڕانه‌ به‌ دوای میتۆدێکی نوێ و جیاواز.
میتۆدێک ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی که‌رکووک به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه‌ هه‌ست به‌ دڵنیایی بکه‌ن. هه‌ست به ‌بوونی خۆیان بکه‌ن. هه‌ست بکه‌ن، که‌ هه‌ر پێکهاته‌یه‌ک له‌وه‌ی تر که‌متر نییه‌. له‌ هه‌مان کاتدا له‌ پێکهاته‌یه‌کی تر زیاتر نییه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له ‌که‌رکووک گه‌نده‌ڵیمان بنبڕ کرد و داموده‌زگای هاوچه‌رخمان درووست کرد، پێمان له‌سه‌ر یاسایه‌ک داگرت، که‌ به‌ یه‌کسانی ته‌ماشای هه‌موو خه‌ڵک بکا , وه‌ ئه‌گه‌رکه‌رکووکمان به‌بێ جیاوازی له‌ گه‌ڕه‌که‌ کورد و تورکمان و عاره‌ب و مه‌سیحیه‌کان ئاوادانکرده‌وه‌. گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنین، که‌رکووک بگه‌رێنینه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
ئه‌ڵمانیا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە