جەنابی وەزیر، بێ دەنگى بشكێنە - نامەیەكى كراوە بۆ وەزیرى ناوخۆ، عوسمانى حاجى مەحمود
Sunday, 08/02/2009, 12:00
1498 بینراوە
شوان جەلال
جەنابی وەزیر، تۆ لە هەر كەس زیاتر لەوە ئاگادری، كە ئەگەر گەرمیان هەمیشە لە ریزى پێشەوەى خەبات و قوربانیدان بوو بێت، ئەوا كفرى سەرقافڵەى ئەو خەبات و قوربانیدانە بووە، سەربارى خەبات و قوربانیدان شارى كفرى یەكێكە لە قەزا زۆر دێرینەكانى باشورى كوردستان، كە بەجۆرێك چەند سەدەیەك پێش ئێستا قەیسەرى كۆنى كفرى (كە ئێستا بۆتە كەلاوە)، مەڵبەندى بازرگانى بووە لە نێوان شام و دورگەى عەرەبی و دەوڵەتى عوسمانى ! بەڵام ئێستا ئەم شارە پەراویزخراوترین و كەنارگیرترین شارە لە هەموو هەرێمى كوردستاندا.
جەنابی وەزیر ..
شارى كفرى كە ژمارەى دانیشتوانەكەى لە چل هەزار كەس زیاتر دەبێ تاوەكو ئێستا 3پاكەوانى هەیە، زیاتر لە 60%ى بێ ئاوەڕۆ، رەوشی شەقام وتەندروستى و نەبوونى دكتۆر و ئامێرى تەندروستى و كێشەى نیشتەجێبوون كە بەهێمنى خەڵك و فەرمانبەرانى ئەم شارە دەهاڕێت، یەك لە یەك خراپترن.
مەبەستى من لەم نامەیە بۆ ئێوە، ئەوەیە كە تۆ خەڵكى ناوچەكەتی و دانیشتوانى كفرى بە ئیعتبارێكى تایبەتەوە تەماشاى ئێوە دەكەن، بۆیە پێویستە بێدەنگى بشكێنیت و، بەهەموو وزەو توانایەكى خۆت كار بكەى بۆئەوەى شارى كفرى (كە لەراستیدا ئێستا وەك گوندێكى گەورەى لێهاتووە) و خەڵكەى لەو دۆخە پەراوێزخراوى و ناڕاوا و بێدادیە دەربازبكرێت.
كاك عوسمانى حاجى مەحمود . .
كاتێك گەنجەكانى كفرى سەردانى سەرۆكى ئێستاى پەرلەمانى كوردستان عەدنان موفتى دەكەن و، داواى لێدەكەن شاری كفریش ئەوەندەى شارى كۆیە گرنگى پێ بدرێت و پرۆژەى خزمەتگوزارى تێدا بكرێت. سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان لە وەڵامدا پێیان دەڵێت: " كاكە ئێوە، گەرمیانیەكان خۆتان 5 وەزیرى گەرمیانیتان لە حكومەتدا هەیە، با ئەوان دیفاعتان لێبكەن !"، ئەم قسەیە ئەگەرچى بۆنى ناوچەگەرێتى و هەركێ بۆخۆى، لێدێت. بەڵام بە رێژیەكى زۆریش راستى تێدایە. بۆیە ئەركى سەرشتانە هەموو تەقەلایەك بخەنەگڕ چ لە رێگەى پۆستە سیاسی و ئیدارییەكەتان بێت یاخود لە رێگەى پەیوەندى شەخسیتان بێت لەگەڵ وەزیرى وەزارەتە مەعنیەكان بە ئەنجام دانى خزمەتگوزارى. لە كاتێكدا دەڵێم ئەركى سەر شانتە، ئەوە دەزانم كە تۆ وەزیرى ناخۆیت و بەرپرسی سەبارەت بە كار و كێشەكانى وەزارەتى ناخۆ. بەڵام ئەوەش دەزانم ئێمە لە وڵاتێكى دامەزراوەیی و یاساییدا ناژین، بۆیە دەكرێ تۆ وەك لەسەرەوە وتم: تەنانەت لە رێگەى پەیوەندییە شەخسیەكانتەوە دەتوانى، كۆمەڵێك كار بۆ چاككردنى هەلومەرجى خزمەتگوزارى بكەى لە كفرییدا .
بەرێزم، من ئەوە ناڵێم: كە تۆ هیچ كارێكت نەركردووە شایانى باس كردن بێت، بەڵام كاك عوسمان تۆ پێشمەرگە بووى ئەم هەلومەرجەى كفریش پێویستى بە جۆرێك لە جۆرەكان كارى پێشمەرگانەیە.
تەواوى چین و توێژەكان، بەتایبەت گەنجانى شارى كفرى لەم هەلومەرجەى شارەكەیان نیگەرانن، توڕەن،ناڕازین، پێویستە تۆ لەم دۆخە بێیتە دەنگ و كار.
زۆر بەراشكاوەنە پێت دەڵێم: ئەو دۆخە پەراوێزە خراویەى كفرى پێویستى بە كۆشەش وكارى تۆیە. ئەرێ بەراست پۆستێك، دەسەڵاتێك، وەزیریی بۆ چارەسەر نەكردنى ئەو كێشانە نەبێت، بەكەڵكى چی دێت.
ئێمە چاوەڕوانى هیمەتى تۆین.. من و هاوڕێكانم چاوەڕوانى وەڵامى ناوەڕۆكى ئەم نامەیەین، بەنەبوونى وەڵام ئەو كات قسە و گوتارى ترمان دەبێ .
6/2/2009 كفرى
[email protected]