توركیا چ سترتیژیەتێك بەرامبەر داعش پەیڕەو دەكات؟
Sunday, 19/10/2014, 12:00
توركیا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەنگ و قورسایی خۆی هەیە و خودان مێژوویەكى دێرینە و لە ڕابردوودا خاوەن گەورەترین ئیمپڕاتۆریەت بووە و لەئێستاشدا وەكو چۆن لەڕووى جیۆپۆلەتیكەوە گرنگ و بایەخی خۆی هەیە و هەردوو كیشوەری ئاسیا و ئەوروپا بەیەك دەبەستێتەوە، لەهەمان كات كە ئەندامی لە ناتۆیە و سوپایەكى بەهێزى هەیە، ئەو فاكتەرانە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن بەجۆرێ وابەئاسانى ملكەچی ویست و داخوازییەكانى هاوپەیمانان و وڵاتە زلهێزەكانى دنیا نەبن لەپێشەوەیاندا ئەمریكا لەكاتێكدا دژ بەداعش جگە لەهەندێ دەڕبڕینی سەرزارەكى، لەڕووى كردەییەوە توركیا هیچ هەنگاوێكى نەناوە و بەئاشكرا هەڵوێستى خۆیان دەرهەق بەداعش یەكلایی نەكردتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ كە توركیا تا بەئەمڕۆ دەگات خەون بە گەڕانەوەى ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانیەوە ببینن و لەو ناوچەیەدا ببنە دەسەڵاتی یەكەم و ڕەوڕەوەى سیاسەتى ئەو ناوچەیە خۆیان نەخشەڕێگای بۆ بكێشن وەكو چۆن لەم قۆناغەدا ڕۆڵی بەرچاو و دیار لە بابەتە چارەنووسسازەكان دەبینن لەهەموو ئەوانەى پەیوەندیان بە كێشە هەرێمایەتیەكانەوە هەیە.
ستراتیژی توركیا درێژخایەنە و پەیڕەوی چەند خاڵێك دەكات:
یەكەم: خۆی وانیشان دەدات كە لەو ناوچەیە دەسەڵاتدارە و دەتوانێ ئاڕاستەكان بەپێی ویستى خۆی بگۆڕێ و بۆ هەر جۆرە هاوكاریەك مەرجەكانى خۆی فەرز بكات، ئەوەتا ئەمریكا داوای لێ دەكات بنكەى ئەنجەرلیكى لەبەردەم واڵا بكات تا فڕۆكە جەنگیەكانى لەخاكى توركیاوە دژ بەداعش بەكاربێنێ كەچی ڕازى نیە و دەستپێشخەری بۆ هەندێ شتى تر دەكات وەك مەشقپێكردن ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوى سوریا.
دووەم: نایەوێ داعش بڕووخێ ئەگەر لەڕێی میدیا و ڕاگەیاندنەكانەوە داعش بە تیرۆریست ناودەبات، بەڵام لە بەرژەوەندیە نهێنیەكانیدا پەیوەندی ژێر بەژێری لەگەڵ داعش هەیە و بۆ هاوڕا و هاودەنگی دنیا نكۆڵی لەو پەیوەندیە دەكات.
سێیەم: ئەمریكا ناتوانێ بەفشار زۆر بۆ توركیا بێنێ تا بەزۆر بیكاتە یەك لەو هاوپەیمانانی خۆی و بەزۆر ناچاری بكات شان بەشانى ئەو دژ بەداعش بجەنگێت، لەوەشدا توركیا پشت ئەستوورە بەناتۆ و دەزانێ هیچ گوشارێك كاری لێ ناكات چونكە وڵاتگەلێكى زۆر هەیە پشتیوانى لێ بكات لەوەشدا چی بەبەرژەوەندی خۆی بزانێ ئەو ستراتیژیەتە پەیڕەو دەكات.
چوارەم: بەبەرژەوەند دەزانێ سوریای ئەسەد بڕوخێ و ئۆپۆزسیۆنێك حوكمڕانى سوریا بەڕێوە ببەن كە لە توركیاوە ئاڕاستە بكرێ ئەوەش بەئاشكرا لەجموجۆڵەكانى معارەزە ڕەنگدەداتەوە كە بنكەى سەرەكیان لەتوركیا و زۆربەى كۆنگرە و كۆنفرانس و كۆبوونەوەكانیان لەو وڵاتە دەبەستن.
پێنجەم: بوونى قەیرانى دارایی بۆ پێشتری توركیا و سەرهەڵدانى ناكۆكیەكانى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەكردنى نەوت و شەڕی داعش بەرەوپێشوونێكی باش بوو بۆ هەستانەوەى توركیا لەو قەیرانەى تێیكەوتبوو بەوەش باری داكەوتووى دارایی خۆیان لەو ململانێیان ڕاست كردەوە.
شەشەم: ئێران لەچاوی توركیا هێشتا ئەو دێوەزمەیە و بەهۆی بوونى سنوورەكانیان بەسەر یەكەوە پێگەى ئێران و هەوڵەكانى بۆ دەسخستنى ئەتۆمی و ئاڕاستەكردنى وڵاتانى شیعە مەزهەب بۆ ئەوان بەنائارامی بۆ خۆیان دەزانن و بوونى ئەو ڕووداوانە و لەوەشدا كۆنتڕۆڵكردنى داعش لەسوریا هەنگاوێكى ئەرێنیە تا لەبوونى هەر دەسەڵاتێكدا و لەدروست بوونى هەر ناكۆكیەكدا داعش بەگژ ئێرانەوەبنێ و هەیمەنەى خۆی لەو ناوچەكە باشتر بچەسپێنێت.
حەوتەم:: هەموو ئەوانە لەم ئان و ساتە ستراتیژیەتى درێژخایەنى توركیایە و ڕەنگە بەپێی گۆڕانكاریە چاوەڕوان نەكراوەكاندا گۆڕان لەبەشێك لەو ئەجێندا و بەرنامانەى بێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست