شۆفار*

Thursday, 09/09/2010, 12:00


یه‌كێك له‌ جوانترین شیعره‌كانی به‌ختیار عه‌لی، قه‌سیده‌ی جه‌لاده‌ كه‌ له‌ ده‌ستپێكه‌كه‌یدا ده‌ڵێت (جه‌لاده‌كان كه‌ به‌شێكن له‌ من‌و تۆ، ده‌چنه‌ به‌هه‌شت، كه‌سیش نییه‌ پێیان بڵێت، به‌هه‌شت به‌هه‌شتی تۆ نییه‌‌و گه‌مه‌ی تۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵی ئینسانه‌)، بۆ ئه‌م سه‌رده‌م‌و دۆخه‌ی كوردستانیش، بۆ وڵاتێكی پڕ له‌ شۆفار، ده‌كرێت ئه‌م دێڕه‌ ئاواش بنوسینه‌وه ‌(شۆفاره‌كان كه‌ به‌شێكن له‌ هه‌مومان، ده‌چنه‌ حكومه‌ت، ده‌چنه‌ په‌رله‌مان، ده‌بنه‌ پاڵه‌وان، ده‌بنه‌ كوردپه‌روه‌ر، كه‌سیش نییه‌ پێیان بڵێت: فایله‌كه‌ی تۆ له‌ قه‌باره‌ی خۆت گه‌وره‌تره‌‌و نیشتمان وڵاتی تۆ نییه‌‌و پێویسته‌ شوێنی تۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆڕی دڵسۆزان بێت...)

وڵاتێكمان دروستكردوه‌ پڕ له‌ شۆفار، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بازاڕی گه‌رمه‌، شۆفارییه‌، ئه‌وه‌ی شانازییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانیت شۆفاری لایه‌نێكی گه‌وره‌تر‌و وڵاتێكی كاریگه‌رتر بیت، بوینه‌ته‌ نیشتمانێك، خۆی چه‌ند بچوك‌و به‌شبه‌شكراوه‌، هێنده‌ش سیخناخه‌ به‌ دوژمنی خۆماڵی‌و جاسوس.

ئه‌و كلتوره‌ له‌ بێده‌نگی‌و له‌ هیچ نه‌وتن‌و به‌ڵكو به‌ ئاسایی سه‌یركردنی خیانه‌ت له‌ نیشتمان‌و نه‌ته‌وه‌، پرسیارێكی جدیی له‌سه‌ر ناسیۆنالیزمی كوردی‌و به‌ تایبه‌ت ئه‌و چه‌مكه‌ دروست ده‌كات كه‌ ناوی كوردایه‌تییه‌‌و له‌ رابردودا، ئێستا‌و ئاینده‌شدا حیزبه‌ كوردییه‌كان وه‌ك پیرۆزترین دروشم‌و ئامانج پێمان ده‌فرۆشنه‌وه‌، ئه‌وه‌ كام كوردایه‌تییه‌ كه‌ حیزبی به‌كرێگیراو، سه‌ركرده‌ی به‌كرێگیرا‌و، خه‌ڵكی جاسوس، به‌بێ‌ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك‌و هه‌ست به‌ نه‌نگی كردنێك، ئیش بۆ وڵاتێكی دراوسێ‌ بكات‌و هه‌موان ده‌ست‌و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ‌ نه‌رم بكه‌ن‌و به‌ گیانێكی وه‌رزشییانه‌ قبوڵی بكه‌ن؟! ئاخر ئه‌مه‌ ئه‌و دۆخه‌ مه‌ترسیداره‌یه‌ كه‌ وا ده‌كات، روناكبیرێكی كورد پێی وابێت، مێژوی خه‌باتی رابردو ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و مێژوه‌، جگه‌ له‌ مایه‌ پوچی‌و هه‌ستكردن به‌ بۆشایی، هیچی تر نه‌بێت.

تا دێت سۆزی نه‌ته‌وایه‌تی‌و نیشتمانپه‌روه‌ری كاڵده‌بێته‌وه‌‌و ئه‌وه‌ی پێیده‌گوترێت ئینتیما بۆ پیرۆزییه‌كان‌و بۆ خاك، به‌ره‌و نه‌مان ده‌ڕوات‌و دور نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ رابردودا مردن بۆ نیشتمان شانازی بوبێت، ئێستا ئیدی شانازی خیانه‌ت بێت له‌ نیشتمان‌و ئه‌وه‌ی كاری شۆفاری ده‌ست نه‌كه‌وت، عه‌یبه‌‌و ده‌ست‌وپێ‌ سپیبون بێت!

ئه‌و برینه‌ یه‌كێكی تره‌ له‌ هه‌زاران برینی هاوشێوه‌ی خۆبه‌كه‌مزانین له‌به‌رده‌م بێگانه‌‌و گه‌نده‌ڵی‌و روتاندنه‌وه‌ی نیشتمان‌و هه‌رزانفرۆشكردنی‌و دروستكردنی جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و چه‌ندانی تر..، به‌ڵام به‌ڕای من، برینێكی قوڵ‌‌و كاریگه‌ر‌و مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ نه‌مانی ئینتیما‌و خۆفرۆشی‌و نیشتمانفرۆشی، واده‌كه‌ن كه‌ ئیدی له‌ هه‌ر زه‌مان‌و ساته‌وه‌ختێكدا به‌بێ‌ نیشتمان، به‌بێ‌ سیحری خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی بمێنینه‌وه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌بێ‌ نیشتمان، نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ به‌بێ‌ پیرۆزی‌و بێئاینده‌یه‌، فرۆشتنی نیشتمان له‌ لایه‌ن ئه‌م حیزب‌و ئه‌و سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ پێویست بو سوپه‌ری پاراستنی بن، له‌ بارێكیدا، هێشتنه‌وه‌ی هه‌مومانه‌ به‌بێ‌ خاك‌و به‌بێ‌ وڵات.

ده‌بو ئه‌گه‌ر هێڵێكی سور هه‌بوایه‌، بریتی بوایه‌ له‌ خیانه‌تكردن له‌ نیشتمان، نه‌ك شه‌خس‌و سه‌ركرده‌و مێژوه‌كانیان، هێڵی سور بۆ نیشتمان بوایه‌ كه‌ به‌ هه‌زاران دڵۆپ خوێن ئاودراوه‌‌و چه‌ندین گیان له‌پێناویدا بونه‌ته‌ قوربانی، به‌ڵام بڕوانن، ئایا ئه‌مڕۆ نیشتمان‌و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی هێڵی سورن، یان شتی تر.

بونیادی كه‌سایه‌تیی تاكی كورد به‌درێژایی مێژو، به‌ ئاراسته‌ی تێكشكاندن‌و له‌رزۆكی‌و له‌قبون ئیشی له‌سه‌ركراوه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا‌و له‌دوای حوكمی خۆماڵییه‌وه‌ به‌ ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت، به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ئینتیما بۆ نیشتمان‌و به‌رگریكردن لێی، ئێجگار به‌دتر‌و خراپتره‌ له‌سه‌رده‌مه‌كانی پێشو، ئه‌وكاتانه‌ی دوژمن فه‌رمانڕه‌وا بو، گیانی به‌رگری‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی جاسوسیكردن‌و شۆفار بون ده‌یان جار هێنده‌ی ئێستا نه‌نگی‌و ره‌تكراوه‌تر بو، له‌ زه‌مانی حوكمی كورددا، هه‌مو شتێك بوه‌ته‌ ئاسایی، هه‌رهه‌مو شتێك‌و له‌سه‌روشیانه‌وه‌ شۆفاری، حه‌قیقه‌تێك كه‌ پێویسته‌ ویژدانی ئه‌م میلله‌ته‌ ده‌رزی ئاژه‌ن بكات به‌وه‌ی كه‌ دوێنێ‌ شۆفاره‌كان به‌ سزای گه‌ل ده‌گه‌یه‌نران‌و ئه‌مڕۆ بونه‌ته‌ وه‌زیر‌و گزیر‌و سه‌ركرده‌‌و خاوه‌ن كۆمپانیا له‌ نێوماندا.

*شۆفار: جاسوس

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە