هەر هەمووتان راستناکەن
Tuesday, 06/12/2011, 12:00
پێشتر لەساڵانی رابردوو، لە سەردەمی دەنگدانەکاندا، دەمنوسی و دەمگوت هەر کەسێک لە چوار تاقیکردنەوە دەرنەچوبێت، چۆن بۆ ئەوە دەبێ دەنگی پێ بدرێتەوە، کەس گوێی لێنەگرتم و دەنگیان پێدانەوە، وا دیمان لەدوای هەڵبژاردنەوەیان لە تاقیکردنەوەی پێنجەمیش دەرنەچون و ئەمجارە بەتەواوەتی کەشتی ئەزمون و کوردایەتی لەدەریای تاریکدا نقوم دەکەن.
هەر هەموومان دەزانین وا بۆ بیست ساڵ دەچێت ئەو قارەمانانە هەر یەکەی بەشێوەیەک سەرۆکایەتی ئەو بەشە ئازادکراوە دەکەن کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەهۆی بارودۆخی سیاسی ناوچەکە هاتە ئاراوەو هاوپەیمانان خۆیان کردە چەترو پارێزەری ئەو بەشە ئازادکراوە، بۆ راهێنانی کورد لە خۆبەرێوەبەریدا، بەڵام لەجیاتی زانستی فیربوونی بەرێوەبەری، نەتەوەکەم فێری لێک دوورکەوتنەوە، دزی و درۆزنی، تەمبەڵی و گەندەڵی کرا.
کرداری رابردوو و ئێستایان، وا نیشان دەدا کە تاکو ئەمڕۆ چاوی کوردیان بەستوەو رۆژانە بۆ پاراستنی دەسەڵاتداریەتی و باخەڵ پڕکردنی خۆیان کوردەکە بەگژ یەکتر دادەکەن و بەرەو هەڵدێری سیاسیان دەبەن، کوردەکەشم بەخەبەر نایەو لەخۆی ناپرسێ بۆ وا گەرم داهاتوە؟
ئەگەر ئەو قارەمانانەی کە هیچ کامێکیان نانێکی رەقیان نەخواردوە، تاڵی و سوێریان نەچاشتوە، تاکە فیشەکێکیان بەدوژمنەوە نەناوەو دڵۆپە خوێنێکیان لێنەهاتوەو سەریان لەنەتەوەکەم نەشێواندوە، چۆن باوەڕ بکەم، بلوێنەرێک بۆ هەژارێک بگری ؟، یان هەژارێک بۆ بلوێنەرێک هەڵپەرێ، چۆن باوەڕ بکەم مارکسیەک بۆ ئیسلامیەک بگری، یان ئیسلامیەک بۆ مارکسیەک بگری ؟، چۆن باوڕ بکەم ئێوەی خوێن رێژ باسی مافی مرۆڤ بکەن؟
هەڵسوکەوتی نارەوا، بۆخۆ پچڕین و باخەڵ پڕکردن، رێزنەگرتن لە سەنگەرو یاسای مافی مرۆڤ، ئەو دەرفەتە زێرینەی لەدەست کورد داو وا جارێکی تر لەسایەی ئەو قارەمانانە کوردەکە دەکەوێتەوە دەست دەسەڵاتدارانی عەرەب و تورک و فارس.
لێرەوە وەک نامەیەکی کراوە، داوا لەکۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەم، کورد بەجێ مەهێڵن بۆ داگیرکەران و دارودەستەکانیان، داواتان لێدەکەم هەر وەک چۆن رژێمی سەدامتان لەناوبرد، هەمانشێوە کوردیش رزگار بکەن لەدەست ئەو پێنج بێویژدانەی کە ئەمڕۆ خۆیان کردۆتە قسەکەرو دەمڕاستی ئەو بەشە ئازادکراوەی خوارووی کوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست