کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیدارەكەى نەوشیروان بۆنى سازشى لێ دەهات!

Friday, 29/11/2013, 12:00







لەسیاسەتدا نە دوژمنایەتى تا سەرە، نەدۆستایەتیش، بەڵكو ئەوەى كە زیاتر لایەنە ناكۆك و دژ بەیەكەكان نزیك دەكاتەوە، بوونى بەرژەوەندى و خاڵى هاوبەشى نێوانیانە. ئەگەر لەو روانگەیەوە ئێمە بڕوانینە سەردانەكەى نەوشیروان بۆ پیرمام و دیدارى لەگەڵ مەسعوددا، قسە و باس زۆر هەڵدەگرێت، نەوشیروان دەخاتە ژێر گەلێك پرسیار و گومانەوە! كە دیارترینیان شل بوون و سازشكردن و دەستەبەردان و وازهێنانێتی لە پەیام و بانگەشەکانی بۆ گۆڕان، لە هەندێك دروشمى باق و بریق و فریودەر و بێ ناوەرۆك، كە چەندین ساڵە لەرێگەى كەناڵ و جڤاتەكەیانەوە، خەڵكیان پێ مەست و حەیران دەكرد، بەڵام وا ئێستا بۆ خۆشیان لەبەر خاترى پلە و پۆست و پشك، كەوتونەتە سازش و بادانەوە، بەجۆرێك ئەو نەوشیروانەى خۆى پێ لە هەمووان گەورەتر بوو، ئەو پیاوەى كە سەرى زمان و بنى زمانى رەخنەگرتن و هەڵدانەوەی مێژووی بنەماڵەی مەسعود و پارتى بووە، كەچى ئێستا بەپێى خۆى و بە تەنها دەچێتە خزمەتى.
نەوشیروان و كەناڵەكەى بەردەوام و بێ پسانەوە، بەوە خۆڵیان لە چاومان دەكرد و دەیانوت، حكومەت ناشەفافە، ماوە بەسەر چوە، داهاتى نەوت و خێرو بێرى دەدزێت، كلكى لەگەڵ بێگانەدا گرێداوە، حاسیبەكەى نەوشیروان شەو نەبوو، بە قەڵەم و كاغەز باسى پارەى دزراو و بەهەدەردراوى میللەت نەكات، كەى ئێن ئێن و سایتى سبەى هەموو دەم و كاتێك، باسى نەداریی و هەژاریی و قوڕبەسەرى میللەت و خەڵكی دەکرد، باسى زوڵم و ناعەدالەتى و کوشتن و بڕى دەسەڵات دەكات. كە سەرچاوەى هەموو نەهامەتیەكانن و هەمووی دەخستە پاڵ حكومەت و حزبە فەرەمانڕەواكان.
گەر بیرتان بێت و ئەو دەمەى كە پەرلەمانە كارتۆنیەكەى كوردستان، جارێكى دیكە بە زۆرى زۆردارى مەسعودى كردەوە بە سەرۆکی هەرێم و رەوای پێدا، گۆڕان و هاوپەیمانەكانى، حەشرێكیان كرد نەبێتەوە، دەیانگوت ئەو كارە، خیانەت و ناپاكیە، هیچى لەوەى 31 ئاب كەمتر نییە، رازى نەبوون بۆ یەكجاریش، مەسعود وەك سەرۆكى هەرێم بناسێنن، هێندە نەیار و رق ئەستوربوون، چەندین كۆبوونەوەى مەسعودیان پەراوێز خست، ، هەمیشە و بەردەوام جەغتیان لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە دەبێت ئەو پرسە، لەگەڵ پرسى دەستور لەرێگەى هەڵبژاردن و راپرسییەوە یەكلا بكرێتەوە، بەڵاَم هەمووى چەند مانگى پێ نەچوو، كاكە نەوە لە ئۆپۆزسیۆن و نەیارێكى عەیارە بیست و چوارەوە، بوو بە خادیم و زێوانى مەسعود و بنەماڵەی بارزانی و زیارەتى پیرمامى كرد.
بەهەرحاڵ و هەرچیەك بێت، ئەوە سیاسەتە و هەموو حزب و رێكخراوێك ئازادە، كە چ جۆرە سیاسەتێك پەیڕەو دەكات، چ تاكتیك و ستراتیژێك دەگرێتە بەر، بۆ بەدەستهێنان و ئامانج و داخوازییەكانى خۆی، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز، نابێت، تاوانە و گەورەترین خیانەتە، كە لەسەر حسابى میللەت، لەسەر بنەماى چەواشەكردن و هەڵخەڵتاندنى میللەت، پارتێك خۆى گەیاندبێتە ئەو پلە و پایەیە، بەپشتیوانى میللەت و جەماوەر، بووبێتە براوەى هەڵبژاردن، كەچى لە هەموو پەیمان و پەیام و بەرنامە و بانگەشەی خۆی پەشیمان بێتەوە، پلیكانە ئاسا بەسەر داخوازی و ئاواتی خەڵکدا سەربكەوێت، سەرەنجام لەگەڵ حیزب و بزوتنەوە دۆڕاوەكاندا جیاوازی نەبێت.
ئەوەى مەبەستمە و سەرنج و تێبینم لەسەرى هەیە، دەزانرێت كە گۆڕان، هاوپەیمان و برا بەشى كۆمەڵ و یەكگرتوە، بەشێك لە سەركەوتن و بردنەوەكانى فەزڵى ئەوانى لەسەرە، لەلایەنى ئیسلامى و دینیشەوە بەپێى قسەى زۆرێكیان پەیڕەوى ئاینى ئیسلام دەكەن، هەوڵ دەدەن بۆ بەرجەستەكردنى، لەمەشیاندا ناكۆكى لەنێوان گۆڕان و پارتە ئیسلامیەكاندا نییە، كە خاڵى جەوهەرى ئەو لایەنە ئیسلامیانەیە بۆ هاوپەیمانى بەستن،.بەڵام ئەوەى، كە مایەى گومان و تێڕامان و هەڵوێستە وەرگرتنە، لەم دیدارەیدا هیچ سەنگ و پێگە و حسابێك بۆ ئەوان نەكرا، چارەنوسى ئەوان لەبەر چاو نەگیرا و باس نەكرا؟ ئەوان بە تێكڕا، مەسعودیان قبوڵ نییە، لایان وایە سەرۆكێكى ماوەبەسەر چوو، ناشەرعیە، كەچى ئەمانیش لەبەر خاترى كورسى و پۆستى سیادى بەهەموو عەیب و عارێكەوە پەسەندیان کرد.
ئەوەى كە زیاتر نەوشیروان و بزوتنەوەكەى دەخاتە ژێرپرسیارەوە، كۆبونەوە نهێنى و دووقوڵیەكەى نێوانیان بوو، كە ئەوان هەمیشە و بەردەوام لەسەر ئەوە سوربوون، كە نابێت كۆبوونەوە و پرسە سیاسیە هەستیارەكان، بەنهێنى و لە ژوورە داخراوەكاندابێت، خەڵك نەزانێت لە كۆشك و تەلارەكاندا چى دەگوزەرێت؟! كەچى ئەوەى بەخەیاڵماندا نەدەهات بینیمان.
بەهەرحاڵ ئەوەى، كە روویدا شتێكى چاوەڕوان كراوبوو، چونكە هەمیشە و بەردەوام حزب و بزوتنەوە سیاسیەكانى كوردستان، بەچەپ و نەتەوەیى و ئیسلامیشەوە، هەموویان چاویان لەدەسەڵات و ئیمتیازە، هێندەى پەرۆشى كورسى و پارە و پلەو پۆستن، بارتەقاى ئەوە لەخەمى میللەت و كێشە و گرفتەكانیدانین، هەر ئەوەندە میللەتیان لەبیرە و پرس و رایان پێ دەكەن، بەسەرچاوەى هێز و دەسەڵات و مەرجەعیان دەزانن، تا دەستیان لەبنى هەمانەكە گیر دەبێت، ئیدى پاش ئەوە، هەموو وتە و دروشم و قسە و بەڵێنێك، ئەبێتە بڵقى سەر ئاو.
من دڵنیام، كە گۆڕان و هەر لایەنێكى دیكەى كوردستان، ناتوانن هیچ بەرەو پێش چون و ریفۆرمێك لە دەسەڵات و سیاسەتدا بكەن، چونكە مەعلومە كە سەرچاوەى ئایدولۆژیا و سیاسەتی گشتیان، لێڵ و لیخن وتەم و مژاویە، سەرجەمیان خاوەنى هزر و بیرێكى پاشكەوتو دۆڕاو و خۆسەپێنەر و گەندەڵن، ئەو سەرچاوەیەش بە باوك و باپیرى و نەوەى ئەوانیش بۆ هەتایە پاك نابێتەوە. بۆیە ئەوانیش ناچارن لەو گۆمە پڕ زەلكاوەدا، بە ئاراستەی ئەوان مەلە بكەن و سیاسەتى فێڵاوى، درۆزنانەى خۆیان پیادەبكەن.
دەڵێم و دەپرسم، ئایا گۆڕان جڤاتەكەى، هەر وەكو خۆیان دەمێننەوە زمانیان درێژ و قسەیان رەق و تیژ و جەرگبڕ دەبێت؟ یان دەكەونە ژێر كاریگەریى گرێبەستە نەوتیەكان، ئەوانیش دەمیان شیرین دەكرێت ، بەخشیش و پاداشتى چەور وەردەگرن؟ بۆ ئەوەش موجامەلە و نەرمى نواندن لەگەڵ دەسەڵاتدا دەگرنە بەر؟، ئایا گۆڕان بەو كۆمەڵە كورسیەى دەتوانێت لە پەرلەمان بە بوێرى قسە لەسەر خیانەتەكانى پارتى بکات، بەنموونەى كارەساتى هەكارى و 31ى ئاب و وابەستەیى بەدوژمنان، پارتى بخاتە ژێر لێپێچینەوە؟!، یاخود بەزەبرى سەفتە دۆلار و ئیمتیاز و پۆستى سیادى قڕو قەپى لێدەكەن، بەردێك لەسەر ئەو پرسانە دادەنێن؟

ئەى ئاخۆ گۆڕان بۆ كەسوكارى شەهیدانى 17 شوبات، چى پێیە؟ ئایا بكوژان و تاوانبارانى ئەو كارەساتە دەدۆزێتەوە بە سزایان دەگەیەنێت؟ زامى چەند ساڵەى پیرە پیاوێكى وەكو باوك بیلال سارێژ دەكات؟ یان خوێنى ئەوانیش دەخاتە موزایدەوە ، بەپڕێك پارەى چەور لێى پێدەنگ دەبێت، خۆى لێدەكاتە كەڕەى شەربەت؟

ئایا گۆڕان و سەرجەم جڤاتەكەى، دەتوانن وەكو ئەوسا لە كاردابن، بۆ هەر دینارێكى بەهەدەر چوو، یان هەر داهاتێكى دزراو، بنەڕێنن، رێگرى بكەن لە درێژەدان بەو كارە؟

ئایا گۆڕان دەتوانێت بە مۆمە داگیرساوەكەى، كۆبونەوەى ژوورە تاریكەكانمان بۆ رۆشن بكاتەوە، تا ئێمەى هاوڵاتى و لاخەبەر، بزانین لەو ژوورە داخراوانەدا چى دەگوزەرێت، یاخود مۆمەكەى ئەوانیش بەرە و كزبوون و توانەوە و خامۆشى دەچێت، چاوەڕێى فوویەكى بەرەحمى پارتى و مەسعودە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە