پڕۆسەى گۆڕان لەماوەى ساڵێكدا بەكوێ گەیشتوە ؟
Wednesday, 28/07/2010, 12:00
خوێندنەوەیەكى ڕەخنەیى
ئاشكرایە 25/7/2009 سەرەتاى دەسپێكى قۆناغێكى نوێى سیاسى بوو لە هەرێمى كوردستاندا,و خاڵى وەرچەرخان بوو لە فكر و ڕێبازى خەبات و كاركردنى سیاسی لەم هەرێمەدا.بۆیەكەم جار بوو لە دواى 19 ساڵى دواى ڕاپەڕین و دەسەڵاتى خۆماڵى كوردى. پڕۆسەى دیموكراسیەت بەو پەڕى مانایەوە و ئازادانە پیادە بكرێت بە دەنگ و ڕەنگى جیاوازەوە دوور لە شەرم و ترس و سڵەمینەوە.
25/7/2009 سەرەتاى پڕۆسەیەكى گۆڕانى ڕاستەقینە و سەرهەڵدانى بیر و تێز و ڕوانینێكى نوێ بوو بۆ ڕیفۆرم و چاكسازى و بەرەو پێشبردنى كایەى سیاسى و شڵەقاندنى گۆمى مەنگ و چەقبەستوى دەسەڵات لە نێوان دوو حیزب و دوو ڕەنگدا.
19 ساڵى دەسەڵاتى دوو حیزبى و 50 بە 50, كۆمەڵگاى كوردەوارى بەرەو لاڕێى دەسەڵات و ناسەقامگیرى ئیدارى و شەڕى ناوخۆ و دوو ئیدارەیى و گەندەڵى برد و كۆمەڵ گەلێك دیاردەى دزێوى خستە ناو هزر و بیر و بەرنامەى تاكەكانى كۆمەڵگاى كوردیەوە. هەر لە شكاندنى نەفسیەتى تاكەكانەوە لە ڕێگەى بێ مووچەیى و برسێتى و نەبونى ئاو و كارەبا و سووتەمەنى و دابین نەكردنى خزمەتگوزاریەكانەوە.جۆرەها نەخۆشى و هەژارى و دواكەوتوویى و بەجێهێشتنى ماڵ و منداڵ و وڵات و سەرهەڵگرتن بەرەو دونیاى دەرەوە لەلایەن گەنجانەوە.
19 ساڵى بەناو دەسەڵاتى كوردى, جارێكى تر شەڕى خوێناوى براكوژى بەخوێناویترین شێواز دووپاتكردەوە و ڕیزەكانى گەلى كوردى هێندەى تر لەبەریەك هەڵوەشاند.
بێ یاسایى و نەبوونى ئازادى بیروڕا و نەبونى میدیاى ئازاد و پێشێلكردنى مافەكان سیماى دیارى ئەم دەسەڵاتە بوون.
چێ نەكردنى هەڵبژاردنى شارەوانیەكان و پەڕلەمان و سەندیكا پیشەییەكان لەكاتى خۆیدا بەلاڕێدابردنى پڕۆسەى دیموكراسیەت بوو. هەموو ئەم كارانەشیان بە پیلان و بەرنامە بوو بۆ قۆرخكردنى دەسەڵات و دزینى زیاترى سەروەت و سامانى میلەت.
هەربۆیە بێزارى و توڕەیى و گازندەى تاكەكان و گروپەكان و حیزبە سیاسیەكانیش گەیشتە لوتكە و دەنگیان بەرزكردەوە بە ڕووى ناعەدالەتى و ناشەفافیەت و بێ كارى و زەوتكردنى دەسەڵات و سەروەت و سامانى میلەتدا.و هەموان داواى پڕۆسەیەكى وورد و ڕاستەقینە و لەسەرخۆ و هێمنى ڕیفۆرم و چاكسازیان دەكرد لە سەرجەمى سیستەمە سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و خوێندن وپەروەردە و ...هتد.
پێش 25/7/2009 ناڕەزایەتیەكانى گەل و حیزبە سیاسیەكان شەرمن و بێ دەنگ و تاڕادەیەكیش ترسنۆك بوون و زۆر جاران سازشیان هەڵبژاردوە لەبەرامبەر دەسەڵاتدا لە جیاتى ڕاشكاوى و نەترسى و دەرخستنى ڕاستیەكان. بەڵام بۆخۆى سەرەتایەكى كزۆڵ بوو بۆ سەرهەڵدانى بەرەیەكى جیاواز لە دەسەڵات و دروستبوونى هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى سیاسى.
بەڵام لە 25/7/ 2009دا و لە هەڵبژاردنى خولى سێیەمى پەڕلەمانى كوردستاندا. بزوتنەوەى گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكى سیاسى جەماوەرى بێ چەك بە ئاشكرا و ڕاشكاوانە و بوێر و چاونەترسانە ئاڵاى ناڕەزایى و گلەیى و گازندەى سەرجەم چین و توێژەكانى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانیان بەرزكردەوە و سەركردایەتى و ڕابەرایەتى بەرەى ئۆپۆزسیۆنى سیاسى كرد و توانى 25 كورسى بەتەنها وەدەست بهێنێت و بەكۆى ئۆپۆزسیۆنیش 38 كورسى ((یەكگرتوو و كۆمەڵى ئیسلامى)) بەدەست بهێنن كە نزیكەى یەك لەسەر سێى كۆى كورسیەكانى پەڕلەمان و زیاتریشن لە ژمارەى كورسیەكانى هەریەكە لە پارتى و یەكێتى بە تەنها كە هەریەكەیان 29 كورسیان وەدەست هێنابوو.
ئەم سەركەوتنە و لە هەنگاوى یەكەمدا, گورزێكى كاریگەر بوو لە جەستەى دەسەڵات و سەرانى دەسەڵاتى تووشى شۆك و شپرزەیى كرد و مەترسى جدى لەسەریان دروست كرد.ئیدى 25/7/2009 بوە ڕۆژێكى مێژوویى و وەرچەرخان لە خەباتى سیاسى كوردیدا لەم بەشەى كوردستاندا و بزوتنەوەى گۆڕان وئۆپۆزیۆنیش بوونە خاوەن پێگەى ڕاستەقینەى خۆیان لەڕووى جەماوەرى و سیاسى و پەڕلەمانى و سەنگ و قورساییان پەیداكرد لە ناوخۆى كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دونیاشدا.بەسەركەوتنیشیان لە هەڵبژاردنى پەڕلەمانى عێراقیشدا لە 7/3/2010دا هێندەى تر هێز و توانا و بوونى خۆیان چەسپاند و جێگە پێى خۆیان قایمتر كرد.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە,ئەرێ پڕۆسەى گۆڕان لەماوەى یەك ساڵدا گەیشتۆتە كوێ ؟ ئایا سەرجەم ئامانج و دروشمەكانى هێناوەتە دى؟ ئەرێ پەڕلەمانتارەكانى ئۆپۆزسیۆن و گۆڕان كارابوون و لە جێگەى متمانەى دەنگدەرانیاندا بوون؟ و ئایا تەبایى و پەیوەندى توندوتۆڵ هەیە لە نێوان پەڕلەمەنتارانى كوردستان و بەغدادا ؟ ئایا لەماوەى ئەم ساڵەدا بزوتنەوەى گۆڕان چیان كردوە؟ وئایا نەدەكرا كارى زیاتریشیان بكردایە ؟ یان .......
سەرەتا, وەك ڕەخنەیەكیش و وەك ڕاستیەكیش, بزوتنەوەى گۆڕان گەر نەڵێین پاشەكشەى كردوە, ئەوا بە دڵنیایى سست و خاو بۆتەوە و گەرم وگوڕى 25/7 ى نەماوە و پڕۆسەى گۆڕانیش ئەگەر چوشبێتە پێشەوە ئەوا كیسەڵیانە بووە نەك ئاسكانە. هەربۆیە هەستێكى ڕەشبینى سەریهەڵداوە لە نێوان هەڵسوڕاوان و لایەنگرانى گۆڕان خۆیاندا و هەریەكەیان سەرقاڵى كارى تایبەتى خۆیانن.
ئەمەش, بەڕاى بەندە بۆ چەند هۆكار و فاكتەرێك دەگەڕێتەوە لەوانە:
1. نەگونجان و هاوڕانەبوون و ناتەبایى لە نێوان زۆرێك لەسەركردە و كادران و لایەنگران لەسەر زۆرێك لە مەسەلەكان.
2. تائێستاش ڕابەران و هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر گردەكە نەهاتونەتە خوارەوە و بە شێوەیەكى بەرچاویش تێكەڵاو خەڵك و جەماوەر نەبوون. و بەهەمان شێوەى لێپرسراوانى دەسەڵات هەڵسوكەوت دەكەن.
3. ئاشكرا نەبوون و ڕوون نەبوونى ئامانج و دروشم و بەرنامەى سیاسى بزونتنەوەكە بۆ سەرجەم چین و توێژەكان.
4. لەماوەى ئەم ساڵەدا بزوتنەوەكە هێندەى بە خۆڕێكخستنەوە و بیناكردنەوەى ئۆرگانەكانى ناوخۆى خۆیەوە بوە,نیوهێندە سەرقاڵى داواكارى جەماوەر و بەجێهێنانى بەڵێنەكانى هەڵبژاردن نەبوە.
5. بزوتنەوەكە لە ڕووى هەڵبژاردنى نوێنەرانى بۆ پەڕلەمانى كوردستان و عێراق سەركەوتوو نەبوە و كەسانێكى هەڵبژاردووە كە تەنها نوێنەرانى خۆیانیان كردوە و خاوەن پێگەیەكى جەماوەرى بەرفراوان نەبوون. بەهەمان شێوە لە ڕووى ڕاگەیاندنیشەوە تەنها چاوپێكەوتن و میواندارى چەند كەسێكى كەم دەكەن, وەكو ئەوەى كە كەسى شارەزا و پسپۆڕ و لێهاتووى تر نەبێت لە وڵاتدا. بەهەمان شێوەى دەسەڵات كەتەنها چەند دەیە كەسێكى گوێڕایەڵ و خولاوە لە بازنەى سیاسەتەكانى خۆیاندا میواندارى بەرنامە جیاوازەكانیان دەكەن.بەمەش بزوتنەوەكە نەیتوانیوە دەموچاو و توانا و لێهاتووى نوێ لەناو گەنجان و ژنان و ناوچە جیاوازەكاندا بهێنێتە پێشەوە .هەروەها بزوتنەوەكە بەرگێكى ناوچەیى بەرتەسكى لە خۆگرتوە و خۆى قەتیسكردوە لە چوارچێوەیەكى بەرتەسكدا و بەمەش خۆى كردووە بە نوێنەرى تەنها ناوچەیەك و كۆمەڵە كەسانێك.
بەم شێوەیە بزوتنەوەكە نەیتوانیوە سەرجەم دروشم و ئامانجەكانى وەدیبهێنێت و ئەدائى پەڕلەمانتارەكانیشى وەك پێویست نەبوە((وەك ڕابەرى بزوتنەوەكە ڕایگەیاند كە نیوە ڕازى و نیوە ناڕازیە لە ئەدائیان)) و لەو 25 ئەندام پەڕلەمانەى كە هەیەتى تەنها بە ژمارەى پەنجەكانى یەك دەست ئەندامى كارایان تیادایە و ئەوانى تر لەبەر سێبەر و سایە و بێدەنگیدا ڕۆژ بەڕێدەكەن.كە ئەمەش ڕەنگدانەوەى خراپى هەیە لەسەر بزوتنەوەكە لەناو جەماوەردا.هەربۆیە بزوتنەوەى گۆڕان لەماوەى ئەم ساڵەدا كارێكى ئەوتۆى نەكردوە كە ببێتە جێگەى ڕەزامەندى جەماوەر و ئەوەى هەستى پێدەكرێت نەبوونى تەبایى و ڕاگۆڕینەوە و هاوكاریى لەنێوان نوێنرانى بزوتنەوەى لە پەڕلەمانى كوردستان و بەغدادا ودەكرا گەلێك كارى زیاترى بكردایە, وەك:
زیاتر بەدەم كێشە و داواكارى چین و توێژەكان و ناوچەكانەوە بچوایە.و نوێنرانى لە پەڕلەمان لەماوەى 2 مانگى پشووى هاوینەیاندا بۆ دیارنین و بۆ ناچنە ناوچە جیاوازەكان و لەكێشە و كەموكوڕیەكان تێبگەن و كاریان لەسەر بكەن , یان ئەمانیش وەك نوێنەرانى دەسەڵات پاڵیان لێداوەتەوە.
بەڕاشكاوانە و چاونەترسانە گەندەڵیەكانى دەسەڵاتى ئاشكرا بكردایە.
لەسەر نەبوونى خزمەتگوزاریەكانى وەكو ((سووتەمەنى و ئاو و بەرزبونەوەى نرخى كاڵاكان لە بازاڕدا و خراپى بەشە خۆراكى خەڵكى و سووتانى هۆتێل سۆماو كەوتنەوەى كارەسات لێى و قەیرانى نیشتەجێبوون و دەیانى كێشەى هاوڵاتیان دەبوایە بەرنامە و هەڵوێستى ئاشكرایان هەبوایە و جەماوەریان بهەژاندایە.
لەسەر ئاستى مەسەلە نەتەوایەتیەكانى وەك مادەى 140 و سەرژمێرى دانیشتوان لە كەركوك و جێگە ناكۆكەكان و پێكهێنانى حكومەتى عێراقى, هەڵوێستى ڕاشكاوانە و دیارى هەبوایە, نەك وەك ئێستا بۆتە پاشكۆى دەسەڵات و بێ دەنگن لەڕاگەیاندندا و چالاكیە سیاسیەكانیاندا.
لەسەر مەسەلەى یەكنەگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە و دارایى و دەرهێنانیان لە چنگى دوو حیزبەكە دەبوایە هەڵوێستى بوێرانەتریان هەبوایە.
بەم شێوەیە دەكرا گەلێك كارى گەورەتریان بكردایە, بەڵام هێشتاش نەچوە بچێت و 3 ساڵى تریان لەبەردەمدا ماوەتەوە و دەكرێت پەند لە هەڵە و سستى و كەموكوڕیەكانى ئەم ساڵە وەربگرن و تەكانێكیش بدەنە خۆیان بۆ پێشەوە و كارى سەرەكیشیان دەبێت بریتى بێت لە :-
بەستنى كۆنگرەى دامەزراندن و پەیڕەو و بەرنامەیەكى شەفاف و ڕوون بۆ خۆى پەسەند بكات و بارەگا لە شارو شارۆچكەكان بكاتەوە و زیاتر بچێتە ناو جەماوەرەوە و لە كێشەكانیان تێبگات و بیان كاتە كارتى گوشار بۆ سەر دەسەڵات و كارى چاودێرى دام و دەزگاكانى دەسەڵات توندتر بكات و دەسەڵات و ئۆرگانەكانى خۆى دیاریبكات و داهات و خەرجیەكانى شەفاف بن و پەیوەندیە ناوخۆیى و عێراقى و ناوچەیى و دونیاییەكانیشى پەرە پێبدات و دووربكەوێتەوە لە دیاردە دزێوەكانى تەكەتولى ناڕەوا و هێنانە پێشەوەى كەسانێكى بێ توانا لەسەر بنەماى خزمایەتى و مەحسوبیەت, بەڵكو دەبێت توانا و لێهاتوویى و شارەزایى و پسپۆڕى و جەماوەریبون بكاتە پێوانە.
لەكۆتایدا. ڕاستە ساڵێك لەتەمەنى هەر تاك و لایەنێكى سیاسیدا زۆر كەمە لەبەرامبەر مێژوویەكى دوور و درێژدا, بەڵام بەسەرداچونەوە و هەڵسەنگاندنى كارەكانى بە چاوێكى ڕەخنەگرانە كارێكى خراپ نیە و ناچێتە قاڵبى دژایەتیكردنەوە, بۆئەوەى لەسەر گڵكۆى سەركەوتنى 25/7 خەو نەیانباتەوە و خەم ساردنەبن بۆ ئایندە پێویستە هەمیشە بزوتنەوەى گۆڕان مۆمى درەوشاوەى ئومێد و ئاسۆ ڕوونەكان بێت و دووربێت لە كزبوون و كوژانەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست