چەژنەکانی ساڵی ٢٠١٤
Friday, 02/01/2015, 12:00
پڕیشکی ڕوداوە دڵتەزێنەکەی تیرۆری ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی وەك گەرمترین هەواڵ و ڕووداو باڵی کێشابەسەر راگەیاندنەکانی باشووردا و هەموانی سەرقاڵ کرد بەو کارە نامرۆڤانەی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی و خودی مەحمود سەنگاوی. بەجۆرێك شێوازی تیرۆرکردنەکە ئەوەندە هۆڤیانە بوو، کە مرۆڤ نەك هەر تووشی شۆك و نیگەرانی کرد، بەڵکو دەسەڵاتی خۆسەپێنی کوردی باشووری خستە نێو قۆناغێکی وا، کە خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی هیچ باوەڕی بەم دەسەڵاتە نەبێ لە خۆچاکردن و چاکسازی و هەوڵدان بۆ یەکڕیزی گەل و هۆنینەوەی ووتاری نەتەوەیی و خەون و ئاواتەکانی تاکی کورد.
لێرەوە ، ئەم دەسەڵاتە لەتەك ئەوەی زۆنی زەرد پێکەوە توانیان بەبێ سڵەمینەوە ڕووی تفەنەگەکانیان بکەنە گەنجی کورد و وەك دوژمنی یەکەم لێیان بڕوانن. بەم شێوەیە خەڵکی کوردستانی باشوور ساڵی ٢٠١٤ یان دەست پێکرد و ئەو ڕووداوەش وەك دەسپێکێك مایەی ئەو هەموو نەهامەتی و قەیرانانەی بەدوای خۆیدا هێنا.
هەر لەم ساڵەدا ئەوەی کە بەناو پێیان ئەووت(بەرەی نەیار) یان ئۆپۆزیسیۆن وەك بڵقی سەر ئاوی لێهات و لەگەڵ بۆنی دۆلار و بیرکردنەوە لە بەرژەوەندی تاکە کەسی و بنەماڵەیی کۆتاییان پێهێنرا و چوونە نێو ئەو دەسەڵاتەوە و ناویان لێنا(حکومەتی بنکە فراوان). واتە فراونکردنی دەستدرێژی و فراونکردنی دەسەڵاتی بنەماڵە و فراونکردنی کارکردن بۆ دزیی و راورووتی، کە لەڕاستیدا ئەم مۆدێلە لەهیچ سیستمێکی بەڕێوەبردندا بوونی نییە و هیچ دەوڵەوت و سیستمێك بێ ڕەقیب و نەیار بەڕێوە نابرێ . ئەم کارەی هەریەك لە (گۆڕان و ئیسلامییەکان) کۆتاییان بەو چەند هیوا کەمەش هێنا کە خەڵکی بیریان لێ کردبۆوە.
دیارە هەر لەم ساڵەشدا وەك ساڵەکانی پێشووتر ڕادەی گەندەڵی و پیسخۆریی و فەرهودی سامانی نیشتمان زیاتر لە هەڵکشاندا بوو، تا وای لێهات لەجیاتی تەنکەر، پاپۆڕ و شێوازی تر هاتە کایەوە و قەیرانی سووتەمەنی و نەبوونی گەلێک زیاتر گەشەی کرد و خەڵکی زیاتر گیرۆدە بوون. وەک قەیرانی کارەبا، خۆراکی بەسەرچوو، دەرمانی ئێکسپایەر نەتوانرا چارەسەر بکرێ.
دیسان قەیرانی بێ مووچەیی سەری هەڵدا و زۆربەی توێژە گرنگ و خزمەتگوزاریی و کەرتی پەروەردە و بەرگری گەورەترین پشکیان بەرکەوت و تا هەنووکەش نەتوانرا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ.
هێنانی چەتەکانی داعش لەلایەن مەسعودە بۆ سەر کوردستان و دروست کردنی ئەو قەیرانە گەورەیە بە ئەنفال کردنی برا یەزیدیەکان کۆتایی هات کە ویژدانی هەموو جیهانی هەژاند. کاریگەری داعش بۆ سەر کوردستان بەشێوەك بوو کە خەڵکی تووشی دڵە ڕاوکێ و نائارامی کرد و بازاڕ و ئابووری بەتەواوی داتەپاند.ئەمە جگە لە بەهەردانی چەندین گەنجی کورد کە بوونە سووتەمەنی ئەو جەنگەی کە هەریەك لە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کردەوە بەکەڵەگا بەسەر میلەتەوە.
خۆشبەختانە(کۆبانی) ئەگەر چی کارەساتێکی مرۆیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵکەکەی تووشی ئاوارەیی کرد، لێ توانرا داستانێکی بێ وێنە دژ بەچەتەکان تۆمار بکات کە لەمێژووی هاوچەرخی کورد و مرۆڤایەتیدا نمونەی کەمە. ئەو بەرخۆدان و بەرگرییەی شەرڤانان بەهەردوو ڕەگەزەکەوە، بوونە جێگای دڵخۆشی و سەربەرزی بۆ گەلەکەمان. گەر ساڵی ٢٠١٤ ساڵی نەهامەتی و شکست بووبێت بۆ گەلەکەمان ، ئەوا بەدڵنیاییەوە کۆبانی سەرکەوتن و شانازییشە بۆمان.
قەیرانی قەرزکردن لەم ساڵەدا سەریهەڵداو ئاکامە خراپەکانی لەم چەند ساڵەی دواتر دەرئەکەوێ. ئەم قەرزکردنە میللەتی کوردستان زیاتر بەرەو کۆیلەبوون دەبەن و میللەت تا ماوە ئەبێ باجی هەڵەی ئەم سەرکردە خۆسەپێنەرانە بدەن. لەهەمووی ناخۆشتر ئەوەیە بۆ جارێکی تر دەسەڵاتی باشوور بەرەو بەغدا ڕۆیشتنەوە و بەشداریان لە حکومەتی عەبادی کرد کە هیچی لەوانی تر جیاوازتر نییە.
لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە و کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش ڕژێمی مرۆڤکوژی کۆماری بەناو ئیسلامی ئێران لەکوشتن و لەسێدارەدانی کورد دەستی نەپاراستوە و مافەکانی مرۆڤی زیاتر پێشێلکردوە . کە بەداخەوە کورد لەوێ تا هەنووکە نەیانتوانیوە بەرهەڵستی گەورە نیشان بدەن و خۆیان زیاتر ڕێکبخەن. ئەم سستی و لاوازی چالاکی سەربازی و بەرپەچدانەوەیە گەلێک کزە و نووزەی لێ بڕاوە.
دیارە کوردستانی باکوور بەقۆناغێکی چاوەڕانی تێپەڕ ئەبێ لەنێوان (ئەبێ و نابێ)دا. دەوڵەوتی تورك لەسیاسەتە خراپەکانی بەردەوامە و کورد هێشتا هەلی زیاتری ئەداتێ. ئەردۆگان و ئیسلامییە تووند ڕەوەکانی وەك (داعش) لە ژێر چەتری ئەماندان و شەڕی کوردی پێدەکەن. بۆیە پێویستە کورد چیتر هیوای پێیان نەمێنێ و لەمانگی ٦ داهاتوو بەفەرمی و یەکلایەنە لەو پرۆسە درۆینە بێنە دەرێ و تاکلایەنە بڕیاری چارەنووساز بدەن.
لەسەر ئاستی جیهانیش چەندین ڕووداوی گرنگ ڕوویان دا کە درێژکراوەکانیان لە ٢٠١٥ ئەبینین. لەوانە خستنە سەر هەرێمی (کرێمە) بۆ سەر ڕووسیا کە بەهۆیەوە قەیرانی دابەزاندنی دراوی ڕۆبڵی هێنا و پێمان وایە ڕوسیا هەر ئاوا بەسانایی بەردەوامی بەو داتەپینە نادا و لەم ساڵی نوێیەدا چەندین کێشەی سەربازی تر دێنە ئاراوە کە خۆی لە لێدانی بیرە نەوتەکانی سعودیە و کەنداو ئەکتا کە توانیان نرخی نەوت بێننە خوارێ.
لەو ڕووداوە سەیرانەی لەم ساڵەدا تۆمار کرا، نهێنی کەوتنە خوارەی فڕۆکە مالیزیەکە لە ئۆقیانووسی هندی کە تاکو ئێستا نەدۆزرایەوە. هەروەها هەر لەم ساڵەدا چەندین کەسایەتی کۆچی دواییان کرد کە گرنگ ترینیان ڕۆمانووسی گەورە (گابریل مارکیز) خاوەنی ڕۆمانی گەورەی (خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرا) و (سەد ساڵ لە گۆشەگیری).
لەسەر ئاستی وەرزش دۆڕاندنی بەرازیل لە مۆندیالی ٢٠١٤ کە بەشێوەیەکی ئابڕوبەرانە خولەکەی لەسەر دەستی جێرمەنەکان بەجێ هێشت بە ٧ گۆڵ بەرانبەر تەنها گۆڵێك و ئەو خەونەی لە ١٩٥٠ بۆیان نەچوە سەر،لێرەش بۆ جارێکی تر بەهەمان شێوە لێان زەوت کردن و بەگیرفانی بەتاڵ لێی دەرچوون.
لەکۆتاییدا هەر ئەوە ماوە کە ڕۆڵی مەزنی سەکۆی کوردستانپۆستی بۆێر و خۆشەویست بەرزتر بنرخێنین و دەست خۆشی لە یەك بە یەکی ستاف و بەڕیوەبەرو نووسەرەکانی بکەین و گەلێک خۆشحاڵین بەوەی نووسەری نوێ و گەنج ئەبینین و هیوامان گەورەیە لە سالانی دا دێ زیاتر خزمەت بکا و بتوانێ جگە لەم سایتە تەلەفیزیۆن و کەناڵی ئاسمانی خۆی هەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ خێراتر و ئاسانتر پەیامەکەی خۆی بگەیەنێ. بێ شك ئەم سایتە ساڵ دوای ساڵ پێگە و بەهای خۆی بەرز کردۆتەوە و خوێنەری زیادی کردوە. دیارە ئەمەش بۆ ئەو هەوڵ و تەقەللا و کۆششە زۆرەیە کە چەندین خۆبەخش لە پشتیەوەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست