کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"دابه‌شكردنی‌ بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان ده‌چێته‌ بابی‌ ناعه‌داله‌تییه‌وه‌"..هیوا میرزا سابیر ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ هاوڵات

Thursday, 18/06/2009, 12:00


سازدانی‌ ـ سامان حه‌مه‌ كه‌ریم
هیوا میرزا سابیر ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ هاوڵاتیدا، باس له‌ كێشه‌كانی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ ده‌كات له‌ ساڵانی‌ رابوردوودا، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ش له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان ده‌گرێت كه‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ حیزبه‌كانی‌ نه‌خسته‌ كارنامه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌م خوله‌دا.

هاوڵاتی‌: ساڵی‌ پار ته‌نیا په‌رله‌مانتار بویت ده‌نگت به‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ نه‌داو ئه‌مساڵیش ته‌نیا په‌رله‌مانتاریت كه‌ بایكۆتی‌ به‌شداریكردنی‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانت كردووه‌ بۆ بابه‌تی‌ بودجه‌، ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ بۆ چییه‌؟
هیوا میرزا: نوێنه‌رایه‌تی‌ خه‌ڵكی‌‌و ئه‌مانه‌تداری‌ ده‌سه‌ڵات‌و سامانیان ئه‌ركێكی‌ قورسه‌، هه‌ركار‌و پۆست‌و په‌یام‌و به‌ڵێنێك پێویستیان به‌ میسداقیه‌ت پێدان هه‌یه‌، كاتێك داواو مه‌رج‌و پێشنیاره‌كان واتاو سه‌نگیان ده‌بێت كه‌ شوێنكار‌و ده‌ره‌نجامیان هه‌بێت.
به‌قه‌ناعه‌تی‌ من په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ ئه‌و سێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌ن، كه‌ پێویسته‌ سه‌ربه‌ستی‌‌و سه‌ربه‌خۆیی‌‌و دامه‌زراوه‌یی‌، ئازادی‌ ئیراده‌و ئیراده‌ به‌ واتا فراوانه‌كانیان تیایاندا به‌رجه‌سته‌ بێت، له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ئه‌رك‌و په‌یامی‌ په‌رله‌مانتار قورسه‌، ده‌بێت به‌رانبه‌ر هه‌ر مه‌ترسی‌‌و كه‌موكوڕییه‌ك كه‌ روو له‌وانه‌ ده‌كات‌و به‌ره‌و لاوازی‌‌و بێ ناوه‌ڕۆك بوون‌و بێ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌یانبات ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌‌و ره‌خنه‌و هه‌ڵوێستی‌ هه‌بێت، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتار ئه‌مه‌ی‌ نه‌كرد میسداقیه‌ت‌و په‌یامی‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م پرسیاره‌وه‌. بێگومانم له‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێست‌و ره‌خنه‌كانی‌ په‌رله‌مانتار كاریگه‌ری‌‌و سودی‌ ده‌بێت‌و په‌یامێكه‌ بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی‌.

هاوڵاتی‌:  به‌م هه‌ڵوێسته‌تان ده‌تانه‌وێت داوای‌ جێبه‌جێكردنی‌ چی‌ بكه‌ن؟
هیوا میرزا: داواكانی‌ من داوای‌ لیژنه‌ی‌ درایی‌‌و په‌رله‌مان‌و زۆربه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانه‌ كه‌وه‌ك مه‌رجی‌ په‌سه‌نكردنی‌ یاسای‌ بودجه‌ بۆ ساڵی‌ 2008 ‌و 2009 ئاڕاسته‌ی‌ حكومه‌ت كرابوو، به‌ڵام زۆربه‌یان جێبه‌جێنه‌كراون. ئه‌مه‌ش زیان‌و مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر پێگه‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان هه‌یه‌، له‌ولایشه‌وه‌ درێژه‌دانه‌ به‌ كه‌مته‌رخه‌می‌‌و پشتگوێخستنی‌ لائیحه‌و یاساكان، كه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ له‌م وێستگه‌ی‌ بڕیاردان له‌سه‌ر یاسای‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم هه‌ڵوێسته‌ بكه‌ین‌و به‌شێك له‌ كه‌موكوڕیه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، چونكه‌ هه‌موومان به‌رپرسین له‌ كاراكردن‌و میسداقیه‌تدان به‌ هه‌رسێ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان‌و راپه‌ڕاندن‌و دادوه‌ری‌‌و ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ په‌رله‌مانتاره‌ چاودێر‌و یارمه‌تیده‌ری‌ دامه‌زراوه‌ نیشتمانییه‌كانی‌ بێت بۆ بوونه‌ دامه‌زراوه‌و رزگار بوونیان له‌ رۆتینی‌ ئیداری‌‌و ده‌ستتێوه‌ردانی‌ حیزبی‌.

هاوڵاتی‌:  كێ‌ خاوه‌نی‌ بڕیاره‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی‌ بودجه‌، حكومه‌ت یان په‌رله‌مان یان حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار؟
هیوا میرزا: به‌پێی‌ یاسا پێویسته‌ حكومه‌ت یاسای‌ بودجه‌ی‌ خه‌مڵێنراوی‌ خۆی‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان، دواتریش په‌رله‌مان پاش تاوتوێكردن‌و ده‌ستكاریكردنی‌ ئه‌و بوارانه‌ی‌ كه‌ به‌پێویستی‌ ده‌زانێت بڕیاری‌ له‌سه‌ر ده‌دات، كه‌واته‌ خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر دابه‌شكردنی‌ بودجه‌ به‌ گوێره‌ی‌ یاسای په‌رله‌مانه‌.

هاوڵاتی‌:  ئایا ئێستا له‌ هه‌رێم وایه‌؟ له‌كاتێكدا هه‌ر دوو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌پێی‌ پێكهاتنی‌ خۆیان بودجه‌ به‌ رێژه‌ی‌ 46% بۆ یه‌كێتی‌‌و 54% بۆ پارتی‌ دابه‌شده‌كه‌ن؟
هیوا میرزا: گرفتی‌ ده‌سه‌ڵات‌و گرفتی‌ دارایی‌ له‌هه‌رێمدا مێژوویه‌كی‌ كاره‌ساتاوی‌‌و دڵته‌زێنی‌ هه‌یه‌، پێویسته‌ په‌رله‌مان‌و هه‌موو لایه‌نه‌كان‌و جه‌ماوه‌ر به‌گشتی‌ له‌ هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و دوو گرفته‌دا بین، چونكه‌ به‌م شێوازه‌ی‌ ئێستا مه‌ترسیداره‌و ناگه‌ینه‌ ده‌ره‌نجامێك.

هاوڵاتی‌:  بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵ‌ وه‌ك ساڵانی‌ رابوردوو به‌ڕێكرا؟
هیوا میرزا: بودجه‌كه‌ دواكه‌وتووه‌، دواكه‌تنی‌ بودجه‌ش مه‌ترسی‌ بۆسه‌ر هه‌مو تاكه‌كان‌و پرۆژه‌كان‌و سه‌رمایه‌ گوزاره‌كان‌و داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ به‌گشتی‌ هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو تێبینی‌‌و سه‌رنجه‌كان به‌ڕێ‌ بكرایه‌، به‌ڵام پێویسته‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مان راپۆرتی‌ تێروته‌سه‌ل بخه‌نه‌ڕوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و بوارانه‌ی‌ كه‌ خه‌رجی‌ بێ‌ هوده‌‌و سامانیان تێدا به‌ فیڕۆ ده‌درێت، له‌ولایشه‌وه‌ حكومه‌ت ده‌بێت به‌ جیدی‌ حیساب بۆ ئه‌و ره‌خنه‌و تێبینی‌‌و داوایانه‌ی‌ لیژنه‌كان‌و په‌رله‌مان بكات.

هاوڵاتی‌:  گله‌یی‌ زۆر له‌سه‌ر خه‌مڵاندنی‌ بودجه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كان‌و دواتر وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ هه‌رێم، كه‌ جیاوازی‌ زۆر هه‌یه‌، ئه‌وه‌ بۆچی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
هیوا میرزا: ئێمه‌ له‌ ساڵانی‌ 2007 ‌و 2008‌و 2009یش له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ ئه‌و خاڵه‌ پڕ مه‌ترسییه‌مان باسكردووه‌، به‌ راشكاوی‌ پێمانوتوون ئه‌وه‌یان هۆكاری‌ شپرزی‌ ئیداره‌ییه‌‌و لاوازیمانه‌ له‌خه‌مڵاندندا یان هۆكاری‌ بێ‌ متمانه‌ییه‌ له‌ نێوان وه‌زاره‌ته‌كان‌و وه‌زاره‌تی‌ داراییدا یان هۆكاری‌ زه‌مینه‌ خۆشكردنه‌ بۆ به‌ فیڕۆدانی‌ سامانی‌ گشتی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان ده‌خوازێت هه‌ڵوێسته‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت‌و چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ساڵانه‌ ئه‌م باره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌و له‌ هه‌ندێ‌ وه‌زاره‌تیش زیاد ده‌كات.

هاوڵاتی‌:  پێشتر 57 په‌رله‌مانتار ئیمزایان له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای‌ یودجه‌ی‌ حیزبه‌كان كرد، بۆچی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان نه‌یهێشت پرۆژه‌ یاساكه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی‌ كاره‌وه‌؟
هیوا میرزا: بێگومان وه‌ڵام‌و پاساویان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو بارێكدا وه‌ك رێزنان له‌ ئیراده‌و داوای‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان‌و پێره‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مان باشتر وابوو ئه‌و یاسایه‌ له‌م خوله‌دا یه‌كلاییبكرێته‌وه‌.

هاوڵاتی‌:  ئێوه‌ له‌و پرۆژه‌ یاسایه‌دا داوای‌ چیتانكردووه‌.
هیوا میرزا: داوای‌ دانانی‌ كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر‌و رێكخه‌رێكمان كردووه‌ بۆ بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان، بۆ نموونه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك حیزبێك بودجه‌ی‌ له‌ حیزبێكی‌ تر زیاتره‌ یا كه‌متره‌، كه‌ پێویسته‌ پێوه‌ر هه‌بێت وه‌ك ژماره‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا یا ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ له‌په‌رله‌ماندا یا هه‌ر پێوه‌رێكی‌ تر كه‌ په‌رله‌مان به‌ گونجاوی‌ بزانێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌دانی‌ بودجه‌دا ده‌بینرێت جێگه‌ی‌ ره‌خنه‌و پرسیاره‌و پێوه‌ری‌ تێدا ره‌چاو ناكرێت، ده‌چێته‌ بابی‌ ناعه‌داله‌تی‌‌و نایه‌كسانی‌.

هاوڵاتی‌:  هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێت ئه‌م هه‌ڵوێست‌و قسانه‌ی‌ جه‌نابت بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌؟
هیوا میرزا: هه‌ركه‌س ئازاده‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێست‌و قسه‌كانی‌ به‌رانبه‌ر چۆن لێكبداته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان به‌تایبه‌تی‌ تر وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مان، ئاگادارن له‌وه‌ی‌ داكۆكیكردنی‌ من له‌ بابه‌تی‌ بودجه‌و له‌و داواكاریانه‌ له‌ مێژه‌وه‌و هه‌موو ساڵێك قسه‌و هه‌ڵوێستی‌ خۆم هه‌بووه‌، مه‌به‌ستیشم به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی‌ به‌شێكه‌ له‌و به‌رپرسیاری‌‌و ئه‌ركی‌ سه‌رشان له‌به‌رانبه‌ر په‌روه‌ردگار‌و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌كه‌م.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە