کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وه‌ڵامێکی دانشکێنی جه‌ماوه‌ری به‌ تیرۆر و کۆنه‌په‌رستی و خاڵێکی وه‌رچه‌رخان!

Saturday, 22/05/2010, 12:00



بوون و به‌ده‌ستهێنانی نزمترین ئاست له‌ ئازادی سیاسی و ده‌ربرینی بیرورا له‌ ناو هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌ر رووی ئه‌م زه‌مینه‌ به‌ ئاسانی و به‌بێ خه‌بات و تێکۆشان و قوربانیدان به‌ده‌ست نه‌هێنراوه‌ و به‌دیناهێنرێت. هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی زۆردارو دیکتاتۆر و ئاینی و چه‌وسێنه‌ر و سه‌روخه‌ڵکی به‌‌ سیستمه‌ په‌رله‌مانییه‌کانی ووڵاتانی رۆژئاواشه‌وه‌، به‌ خۆشی خۆیی و به‌ ئاسانی وه‌ک خیر وسه‌ده‌قه‌ له‌ گیرفانی خۆیه‌وه‌ ئازادی و مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی خه‌ڵکی نه‌داوه‌ و نه‌به‌شیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو له‌لایه‌ن ئازادیخوازان و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش له‌ هه‌ناسه‌ی ئازادی، شه‌ریان له‌سه‌ر کراوه‌ و به‌ده‌ستهێنراوون. ئه‌مرۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیش هه‌مان ره‌وه‌ند ته‌ی ده‌کات و درێژه‌دانه‌ به‌و رێگا و ئاسۆ وئامانجه‌‌.
ده‌ربرینی ناره‌زایه‌تی و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ئه‌مرۆی خه‌ڵکی کوردستان له‌ دژی رفاندن و تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان و پێش ئه‌ویش سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و ده‌یانی تر له‌ هه‌ڵسوراوانی سیاسی و رۆژنامه‌نووس و نوسه‌ران و ره‌خنه‌گرانێک له‌ مه‌زهه‌ب و کۆنه‌په‌رستی و ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ بۆرژوازیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا،به‌شێک و درێژه‌دانه‌ به‌هه‌مان رێگای خه‌باتی سه‌راسه‌ری وجیهانی ئازادیخوازان که‌ له‌ مێژه‌وه‌یه‌ له‌م کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌شدا به‌رێکه‌وتووه‌ وشه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌و مافانه‌ ده‌کات. ئه‌م هه‌وڵدان و قووربانیدانه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنان و دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و بوونی به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کانه‌ تیایدا. تێکۆشانه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافی ئازادی ده‌ربرینی بیروراو ئه‌ندیشه‌ و ره‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت و حیزب و سه‌رۆک و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ئاین و مه‌لا و قه‌شه‌و هه‌موو ئه‌و پیرۆزیانه‌ی به‌زۆر له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و زۆردارانه‌وه‌ به‌ به‌رگی خه‌لک دووراون و به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌و جه‌ماوه‌ردا سه‌پێنراون و وه‌ک هێلێ سوری ئه‌زه‌لی وهه‌تاهه‌تایی که‌ به‌زاندنیان نییه‌ به‌ خه‌ڵک ناسێنراوون.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌مرۆ له‌ کوردستان بڵێسه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ تیرۆرکردن وگیان له‌ده‌ستدانی رۆژنامه‌نووسی ئازیز و بوێر سه‌رده‌شت عوسمان وپێش ئه‌ویش سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ گڕیگرت وته‌قییه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مرۆ ئه‌وان بوونه‌ هێما و سومبل و ناونیشانی ناره‌زایه‌تییه‌کی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌راسه‌ری خه‌لکی کوردستان دژ به‌ تیرۆر و ترساندن و هه‌ره‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و مه‌لا و ئیسلامیه‌کان له‌ ئازادی و پێشکه‌وتنخوازی و کپکردن وشکاندنی قه‌ڵه‌م و زمانی ره‌خنه‌ و خنکاندن و تاساندنی رۆژنامه‌ی ئازاد و ده‌ربرینی بیرورا جیاوازه‌کان.
بۆ یه‌که‌مجاره‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ی به‌رفراوان به‌م شێوه‌یه‌ له‌ دژی تیرۆر و کۆنه‌په‌رستی و سه‌رکوتکردنی ئازادی ده‌ربرینی بیرورا، که‌ زۆربه‌ی توێژ وناوه‌نده‌‌ نارازی وچه‌وساوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ تێیدا به‌شداربن، دێته‌ مه‌یدانی ململانێی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و کۆنه‌په‌رستی ئاینی و ئیسلامیدا. دێت و وه‌ڵامێکی جه‌ماوه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ و دانشکێن به‌ به‌ره‌ی کۆنه‌په‌رستی و تیرۆر و به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ئازادی دربرینی بیرورا ده‌داته‌وه‌. جه‌ماوه‌ری نارازی له‌ نه‌بوونی ئازادییه‌کان و مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و پێشێلکردنی به‌رده‌وامیان، بۆ یه‌که‌مجاره‌ به‌ دوور له‌ نه‌ریت و شێوازی میلیشیایی و چه‌کداری و دواکه‌وتووی حیزبه‌ کوردی وئیسلامییه‌کان، به‌م شێوه‌ به‌رفراوانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی وسه‌راسه‌رییه‌ ده‌ستده‌داته‌ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی شێوازی خه‌بات وتێکۆشانێکی مه‌ده‌نی وشاری و نوێ بۆ ده‌ربرینی ناره‌زایه‌تییه‌کان و به‌ده‌ستهێنانی دواکاری ومافه‌کانی. که‌ئه‌مه‌ بۆخۆی خاڵێکی پۆزه‌تیڤ و گرنگه‌ له‌ دریژه‌دان و به‌رده‌وامبوون و به‌رفراوانبوونه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ناره‌زایه‌تیه‌. دیاره‌ ئه‌م شێواز و ره‌وه‌نده‌ له‌ خه‌بات له‌ ئاستێکی به‌رته‌سکتر و نزمتر و نوخبه‌ییدا ساڵانێکی زۆره‌ له‌ کوردستاندا خۆی نیشانداوه‌. به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌ تایبه‌تی به‌هۆی رووخانی رژیمی به‌عس و ئه‌و ئاڵوگۆره‌ سایسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و جیاوازییه‌ چینایه‌تی وشێوازی ژیانه‌ی له‌ کوردستاندا شکڵیان گرتووه‌، نه‌خش وکارکردی سه‌ره‌کیان هه‌بووه‌ له‌ فه‌راهه‌مکردنی زه‌مینه‌و هه‌لومه‌رجه‌ مادییه‌کانی شکڵگرتن و خۆده‌رخستنی ئیستای ئه‌م شێوازه‌ مه‌ده‌نی وشاریه‌ نوێیه‌ له‌ خه‌باتکردن و به‌رێخستنی ناره‌زایه‌تیدا و به‌ره‌وپێشتریش ده‌چێت.
ئه‌مرۆ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ئه‌م بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بۆ ئازادی هه‌ڵسورانی سیاسی، ئازادی ئه‌ندێشه‌ و ده‌ربرینی بیرورای جیاوز، ئازادی ره‌خنه‌گرتن له‌ پیرۆزیی وسه‌روه‌رییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئایین و حیزب و سه‌رۆک و به‌رپرس،هه‌روه‌ها ئاره‌زوو و خواستی پێشکه‌وتنخوازی و نوێخوازی ملیۆنه‌ها مرۆڤی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، پێیناوه‌ته‌ ئاستێکی به‌رز و چاره‌نووساز له‌ خه‌بات. خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی گرنگه‌ به‌ قازانجی ئازادیخوازی و مۆدیرنیزم و ئازادی ده‌ربرینی بیرورا له‌ ململانێی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی حیزبه‌ کوردی و ئیسلامیه‌کان و پارێزه‌رانی فه‌رهه‌نگ و داب ونه‌ریتی کۆن و خێڵه‌کی و کۆنه‌په‌رستی و دواکه‌ووتوویی له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا. بزووتنه‌وه‌ی ئازادی ده‌ربرینی بیروراو و ئه‌ندێشه‌ له‌ کوردستاندا، ئه‌مرۆ له‌ نوخبه‌یه‌ک و چه‌ند ده‌نگێکی ئازادیخواز و ره‌خنه‌گر و رۆژنامه‌ی ئازاد و هه‌ڵسوراوانێکی سیاسی و حیزبی تێپه‌ری کردوه‌و خه‌ریکه‌ ریگا و ره‌وه‌ندی کامڵبوون و بوون به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ و کاریگه‌ر ده‌برێت. به‌جۆرێک که‌ بۆته‌ قورسایی و مه‌ترسی و هه‌ره‌شه‌یه‌کی هه‌ستپێکراو و گه‌وره‌ بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی قۆرخکراو و پارێزه‌رانی فه‌رهه‌نگی ئیسلامی و خێڵه‌کی و دواکه‌وتوو له‌ هه‌رێمی کوردستاندا. ده‌سه‌ڵاتێک که‌ نزیک به‌ دوو ده‌یه‌یه‌ له‌ژێر چه‌تری ئه‌م پیرۆزی و سه‌روه‌ری و هێڵه‌سورانه‌دا سه‌روه‌ت وسامانی کوردستان به‌ تاڵان ده‌به‌ن و مفت ده‌یخۆن. بۆ پاراستنی هێڵه‌سوره‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و میلیشیایی و خێڵه‌کی و بیر ته‌سک و کۆنه‌پارێزه‌ش‌، ده‌کوژن و ده‌برن،شه‌ری ناوخۆ به‌رپاده‌که‌ن وپه‌لکێشی سوپای تورکی و پاسداری ئیرانی و گاردی کۆماری رژێمی به‌عس ده‌کن بۆ ناو کوردستان و به‌ سه‌روه‌ری و سه‌رکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی ناوده‌به‌ن،رفاندن وترس وتۆقاندن و تیرۆر به‌رێده‌خه‌ن،ده‌می ئازادیخوازان و رۆژنامه‌و ره‌خنه‌گران و نوسه‌ران ده‌به‌ستن،فه‌رهه‌نگ و داب ونه‌ریتی دواکه‌وتوویی خێڵه‌کی و ئاینی و ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی زیندوده‌که‌نه‌وه‌ و به‌هێزی ده‌که‌ن، ده‌چنه‌ پشتی مه‌لا و گروپه‌ ئیسلامییه‌ تیرۆریسته‌کانی فکر و جه‌سته‌ تا ئازادی ده‌ربرینی بیرورا سه‌رببرن و ره‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات و ئایین و ئیسلام بکه‌نه‌ حه‌رام و به‌ری پێبگرن.
پێش په‌ره‌گرتنی ناره‌زایه‌تیه‌کان و تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان مه‌لا وگروپه‌ تیرۆریسته‌ ئیسلامییه‌کانی پاره‌ وه‌رگر و سه‌ربه‌ کۆماری ئیسلامی و عه‌ره‌بستانی سعودی و مقاشی ده‌ستی ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی بۆ به‌کارهێنانیان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئازادیخواز و مه‌ده‌نیدا، ئه‌رکی سه‌رکوتکردن و پاشه‌کشه‌کردن به‌ بزووتنه‌وه‌ی ئازادی ده‌ربرینی بیرورا و ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و ئایین و ئیسلامیان گرته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام هه‌ر زوو له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی کوردستان و رۆشنبیران و نوسه‌ران و رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نوسانی ئازاده‌وه‌ وه‌ڵامیان پیدرایه‌وه‌ و ناکام مانه‌وه. لێره‌شه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌شه‌ و په‌ره‌گرتنی زیاتری ئه‌م بزووته‌وه‌ ئازادیخوازییه‌ ئیتر مقاشبه‌ده‌ست و هیزی راسته‌وخۆی پشتی هێرشی مه‌لا و ئیسلامیه‌کان که‌ ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتداری کوردییه‌ ئاشکراتر مه‌رام وهێرشه‌کانی خۆیان بۆسه‌ر ‌رۆژنامه‌نووسان و ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ئاشکرا تر نیشاندا و راسته‌وخۆ له‌ به‌رامبه‌ریدا وه‌ستان. ده‌ستیان دایه‌ تیرۆر و تۆقاندن و راگه‌یاندنی حه‌مله‌یه‌کی دواکه‌وتوو و سواو به‌مه‌به‌ستی چاوترساندن. وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان و کارتێکی سوتاو ده‌ستیان دایه‌ تاوانبارکردنی جه‌ماوه‌ری نارازی و رۆژنامه‌ ئازاده‌کان و رۆشنبیران و ناره‌زایه‌تییه‌کانیان دژ به‌ تیرۆر و به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کان، به‌ تابوری پینج و ده‌سیسه‌ی سیاسی و ئه‌حزابی تر و به‌ مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ریه‌کانی سه‌رۆک و پارتی سه‌رکرده‌ و حکومه‌ت وکورد له‌ قه‌ڵه‌میان دان. به‌ڵام په‌ره‌گرتنی ناره‌زایه‌تیه‌کان ودرێژه‌کێشانیان تا ئێستا و ناکام مانه‌وه و سه‌ره‌گێژه‌ی ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ نارازییه‌دا ئه‌و راستیه‌ ده‌سه‌لمێنن که‌ خه‌لکی کوردستان چیتر گوێگری ئه‌و شێوازه‌ دواکه‌وتوو و تۆقێنه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتداران نین و پولێکی قه‌ڵب ناکات له‌لایان. خۆیان ئیتر به‌شێوازێکی تر به‌ ئاسۆ و له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لک و ئازادیخوازی و پێشکه‌وتنخوازییه‌وه‌ وه‌ڵامی خۆیان به‌م هێرشانه ‌دایه‌وه‌ و به‌ردوامیش ده‌یده‌نه‌وه‌ و تا به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی کۆتایی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ درێژه‌ به‌هه‌وڵ وخه‌باتی خۆیان ده‌ده‌ن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە