سەرۆ قادر بۆ كام ئامانج هێرش دەكاتە سەر نەوشیروان مستەفا و تاڵەبانى و عەلى باپیر
Thursday, 05/02/2009, 12:00
1880 بینراوە
"بۆ كام ئامانج هێرش دەكەنە سەر كابینەى نێچیرڤان بارزانى"، ئەم مانشێتە هى بابەتێكى سەرۆیە، كە لە ژمارە (464)ى 5ى 2 بڵاوبۆتەوە، كە تێیدا هێرشێكى ناڕەواى كردۆتە سەر هەردوو كەسایەتى، ئەوانیش بەڕێزان (كاك نەوشیروان مستەفا و مامۆستا عەلى باپیر).
لە یەكێ لە دێڕەكانیدا سەرۆ بەو شێوە وەسفى نێچیر دەكات و دەڵێت: "سیاسەتى نێچیرڤان بارزانى سیاسەتێك نەبووە كەوا سامانى وڵات بە یەك ئەندازە دابەش بكات و ئەگەر نەبوو هەژارى ببەشێتەوە، بەڵكو لەسەر بنەماى كەفائەت و بەشداریكردن و كاركردن و ئەولەویەتى خیبرەى ئەو كەسە داڕێژراوە"! لەم چەند دێڕەیدا سەرۆ بانگەشە و جۆرێك لە پۆڵیشكردن بۆ كارەكانى نێچیرى سەرۆكى بەناو حكومەتۆچكەكەى دەكات، لێ جەنابیان هەر لە دەزگاكەى خۆى ناعەدالەتی لە چۆنیەتى دابەشكردنى پارە و پلەدا هەیە، ئەى مەگەر جەنابیان ئاگادارى ئەو 25000 هەزار دۆلارە نین، كە نێچیر دابووى بە (شوهرە سۆڵاتى)!؟ ئەى ئۆتۆمبێل خستنە ژێر كەسانى پاشەڵ پیس لە لایەن نێچیرەو و دار و دەستەكەیەوە و بەخشینەوەى زەوى بەو پاشەڵ پیسانە، كە لە ئێستادا نامەوێت ناویان بێنم و رۆژى خۆى دێت. كوردستان بۆتە بەهەشتێك بۆ پاشەڵ و ناوگەڵ پیسەكان و دۆزەخێك بۆ مەردەكان. دیارە سەرۆ زۆر پێچەوانە لە فەلسەفەى نێچیر گەیشتووە، بەڵكو ئەو دێڕەى كە وتم فەلسەفەى سیاسەتى سەرۆكى حكومەتەكەتە.
لە شوێنێكی تردا سەرۆ بە یەقنەوە دەڵێت: "ڕوویەكى دیكەى گەشى حكومەتى نێچرڤان بارزانى دروستبوونى كەشوهەواى ئازاد و پێشكەوتووى ئەوتۆیە كەوا زەمینەى بۆ ڕاى ئازاد و رەخنەگرتنى تێدا هەیە"! سەرەتا نەبێت بە رەخنەكانى حەمەسەعید حەسەن، جارێ (ر)ى سەرەتا حەوتى ناوێت، چونكە (ر)ى سەرەتا هەمیشە قەڵەوە. نمونەى ئەو كەشوهەوا ئازادەى كە سەرۆ ئیمانى پێیەتى و تەواى ئەو وڵاتانەى ئاگادارى ئەم (3) پارێزگایەن، بە هیچ شێوەیەك رازى نین لەو كەشەى كە ئەمان پێى دەڵێن ئازادى و باس لە پڕەنسیپەكانى دیموكراسیەت دەكەن و دەڵێن "پیادەمان كردووە"! دوێنێ بوو كە ستار تاهیر شەریف و سۆرانى مامە حەمە تیرۆر كران! ئەى محەمەد سیاسیى ئەشكەنەیى بۆ ساڵێك دەچێت كە لە شارۆچكەى كەسنەزان نیشتەجێ بوو، بێ سەروشوێنە! هەڕەشە كردن لە رۆژنامەنووسان لە لایەن دارودەستەكانتانەوە كە یەكێكیان خۆمم چى!؟ نانبڕینى رۆژنامەنووسان و بڕینى مووچەیان كە منیش یەكێكم لەو رۆژنامەنووسانە چى!؟
لەشێنێكى تردا زۆر ناشرینانە پەلامارى ئاینى پیرۆزى ئیسلام دەدات و ئەو حقدەى كە لەمێژە هەیەتى و هێشتا وەك بنكڕ تێیدا ماوەتەوە بە چەند دێڕێك دەریدەبڕێت و دەڵێت: "دەپرسم لە ماوەى 1400 ساڵدا كام ئیمپڕاتۆرى ئیسلامى و كام حكومەتى ویلایاتى ئیسلامى و كام ئیمارەتى بچووكى ئیسلامى كە بە درێژایى ئەم 1400 ساڵەدا دەرفەتى كارییان هەبووە، توانیان لە بەڕێوەبردنى حكومەتدا سەركەوتنێكى ئەوتۆ بە دەست بهێنن"! لەم تێكستەدا سەرۆ پێیوایە كە هیچ حكومەتێك كە پەیڕەو و پڕۆگرامیان ئیسلامى بوبێت، نەیانتوانیوە ئیدامە بە حوكم و داخوازى و مافەكانى گەل بدەن؟! تۆ بڵێیت كە سەرۆ نەزانێت و چوار دەورەكەى باسى چۆنیەتى كار و فەلسەفەى سیاسەتى (محەممەد مەهاتیر)ى سەرۆك وەزیرانى مالیزیایان بۆ نەكردبێت!؟ مەگەر ئیمارات و كوەیت و سعودیە و ئێران و...هتد، ئیسلامى نین!؟ ئەى ئەو پێشكەوتنە چى كە لەو وڵاتانەدا هەن!؟ كە لێرەدا پێویست بەوە ناكات بە وردەكاریەوە باسیان بكەم.
دواجار سەرۆ تەواوى خۆ بردن و خۆ ناڕەحەت كردنەكەى بە چەند دێڕێك دێت و هەر وەك ساڵانى شەڕى ناوخۆ بەڵام كەمێك زەختى لەخۆى كردووە، تا بتوانێت بە زمانێكى نەرمتر بنووسێت، كە هێرش دەكاتە سەر كۆمپانیاى وشە و كۆمەڵى ئیسلامى، دەڵێت: "دەبێ لە سەلكى بیركەرەوەى دواوەى كۆمپانیاى (وشە) و رۆژنامەى (رۆژنامە) بپرسم كێن ئەوانەى كە داواى چاكسازى دەكەن؟ چاكسازیخوازان دەبێ كەسانى خاوەن رابردووى هێمن و لەسەرخۆ بن، دەبێ ئەو كەسانە جیا لەشەڕ و وێرانكارى و كوشتنى هاووڵاتیان و هاوتێكۆشەرانى خۆیان شتێكى دیكەیان هەبووبێت تا ئەمڕۆكە بڵێن ئێمە دەتوانین ڕیفۆرم لەم وڵاتەدا بكەین"! لەم تێكستە هەڵەییەى سەرۆ ئەوە دەردەكەوێت، كە جەنابیان بڕوایان بەوە نەبێت كە مرۆڤ دەگۆڕێت!؟ چونكە سروشتى مرۆڤ هەردەم لە گۆڕاندایە، دووەم لەوە قەباحەتتر ئەوەیە، كە باس لەوە دەكات چاكسازى دەبێت كەسێك بیكات رابردووى هێمن و دوور بێت لە توندوتیژى، بە ناڕاستەوخۆش پەلامارى جەلال تاڵەبانى داوە، چونكە تاڵەبانیش پڕۆژەیەكى بۆ چاكسازى پێشكەش كردووە! رەنگە سەرۆ لەكاتى نووسینیدا بیرى لە پڕۆژەكەى تاڵەبانى نەكردبێتەوە، گرنگتر لەوەش دەبوو ئەو رێككەوتنە ستراتیژییەى لەبەرچاو بگرتایە، كە لە نێوان سەرۆكەكەى ئەو تاڵەبانیدا كراوە، چونكە تاڵەبانیش هەمان ئەو رابردوەى هەیە، كە لاى سەرۆ پێوانەیە بۆ كەسى چاكساز. دواتر زۆر بە نەزانانەش لە مەسعود بەرزانى داوە، ئێ خۆ بەرزانیش پڕۆژەكەى تاڵەبانى پێ قبوڵە، بەو پێیە بێت، دواتر لەسەر ئەو پڕۆژە دوو قۆڵى دەست دەكەن بە چارەسەر كردنى.
من پێم وایە سەرۆ قادر لەو بابەتەیدا كە تووشى چەند هەڵەیەكى گەورە بووە، ئەوەیەكە ئامانجى لە بەرگرى كردن لە حكومەتەكەى نێچیر، تەها راستكردنەوە و راگرتنى باڵانسى نێوان خۆیى و بەدران حەبیبى پاڵ نێچیرە.
[email protected]