کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەم ئاگربارانەی دەوروپشت لە چی بترسین؟

Thursday, 19/06/2014, 12:00


ئاشتی و تەناهی لە هەرێمی کوردوستان یەکێکن لە مەزنترین دەسکەوتەکانی گەلەکەمان، ئاشتی کۆڵەکەی ڕاگر و بناغەی هەمو پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتیە . بەڵام لە ناچاریدا و وەک دوا چارەسەر بەرەنگاربونەوەی چەکداری بۆ پاراستنی ئاشتی لە شەڕی شەڕخوازان و دوژمنانی گەلەکەمان کارێکی ڕەوایە و پێویستە. (داعش) بە داگیرکردنی موسڵ و تکریت وەک نوکی ڕمی هەمو سونیە ناڕازی و بەعسیە داخلەدڵەکان هاتۆتە مەیدان.(مالیکی) لەم تەنگەتاوەی تێیکەوتوە هێشتا بە تیلە چاوێکی دوژمنانە یا لە باشترین ئەگەردا ناحەزانە دەڕوانێتە هەرێمەکەمان.سوپای عێراق ناوچە کوردوستانیەکانی دەرەوەی هەرێم یەک لە دوای یەک چۆڵدەکات، ڕاست و باش و ڕەوایە کە هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردوستان بێدودڵی هەرچی زوترە ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە و دەسبگرن بەسەر ئەو ناوچانەدا ، ئەگەریش پێش ئەوان داعش چوبوە ناوی دەبێت هەمو هەوڵێکی سیاسی و دبلۆماسی بخرێتەگەڕ بۆ چۆڵپێکردنی ئەو ناوچانە ، ئەگەر ئەم هەوڵە ئاشتیخوازانە شکستیان هێنا ئەوا دەبێت داعش بە زۆری چەک دەربکرێن لێی چونکە زو یا درەنگ بە سەرکەوتنیان ئاگری دۆزەخیان بۆ هەرێمەکەمان تەشەنەدەکات. کاتێک (هێتلەر) نەمسا و هەرێمە ئەڵمانیزمانەکانی وڵاتی (چیک) ی داگیرکرد ئەوە نەرمی نواندن و سیاسەتی (ئاگرە سورە لەخۆم دورە)ی بەریتانیا و فەرەنسا و سۆڤێت بو کە (هێتلەر) یان هاندا درێژە بە سیاسەتی شەڕخوازانەی بدات و هێرشبکاتە سەر (پۆلۆنیا) و بەم هێرشە جەنگی جیهانیی دوهەم دەستیپێکرد. لە کۆماری مهاباد دا پێشمەرگە بارزانیەکان و سەدان تێکۆشەری تری باشوری کوردوستان لە پێشی پێشەوەی شەڕی بەرگریدابون، لە ساڵەکانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٣ پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردوستان سەدان شەهیدیان دا لە شەڕی بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی کوردوستان، ژمارەی پێشمەرگەی کوردی باشور کە لە ناو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی پەکەکە شەهید و بریندارکراون هەزاری تێپەڕاندوە ، سوپای میسر لە سەردەمی (جمال عبدالناسر) چو بە هانای کۆماریخوازەکانی یەمەن ، لە ١٩٦٣ لە کاتی شۆڕشی ئەیلول بەعسیەکانی سوریا بۆ پشتگیریکردنی بەعسیەکانی عێراق کە تازە هاتبونە سەر حوکم سوپایان ناردە سەر گەلەکەمان. لە مێژوی جیهانیشدا هەزاران تێکۆشەری چەپ و سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی خۆبەخشانە چونە ڕیزی چەپەکانی ئیسپانیا کە تازە حوکمیان گرتبۆ دەست و لە شەڕا بون بەرامبەر هێزە کۆنەپەرستەکان کە جەنرال (فرانکۆ) ڕابەرایەتیانی دەکرد، (جیڤارا) ی ئەرجەنتینی لە بۆلیڤیا کوژرا. ئەمێستا خەباتی نەتەوەیی کورد بە هەمو جۆرەکانیەوە (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، پێشمەرگانە..)، لە هەر چوار پارچەکەی کوردوستان، بە تایبەتی لە سوریا و تورکیا باسکی ئەستور و بەهێزبوە و لە جۆش و خرۆشێکی بێوێنەدایە. ئێستا ڕۆژانە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ڕۆژاوای کوردوستان داستانی بێوێنە لە بەرخۆدان و فیداکاری تۆماردەکەن و ئامادەیی تەواویان دەربڕیوە بێن بە هانامانەوە. لە دوادیداریدا موراد قه‌ره‌یلان (ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه) بە ئاژانسی‌ فورات نیوز ‌دەڵێت: " ئاماده‌شین به‌رگری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ باشوری كوردستان بكه‌ین". بێ تەپڵلێدان و قیڕەقیڕی سەر ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و بێ جۆرەکانی تری خۆنواندنی میدیایی (وەک لە چەند ڕۆژی ڕابوردو لە هەندێ حیزبەکانی باشور بینیمان چۆن بێسەروبەر و بێسیستم پێشمەرگەیان نارد بۆ چەند بەرەیەکی شەڕ)، من پێشنیازدەکەم لایەنە بەرپرسەکانی حوکومەتی هەرێم بەتایبەتی وەزارەتی تازەی پێشمەرگە کە لەدەستی (بزوتنەوەی گۆڕان) دایە، هەرچی زوترە بە سیستمێکی ڕێک و دروست بە ڕۆحێکی بوێر و پڕجۆش و خرۆش و دڵسۆزیی نەتەوەیی (نەک حیزبی ئاسۆتەنگ!) بۆ پشتگیریکردنی فرەلایەنەی هەرێم (سیاسی، هەواڵگری، سەربازی، میدیایی، دیبلۆماسی،..) دەرگای خەبات بۆ کوردانی سێ پارچەکەی تری کوردوستان و هەر کوردێ لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە دەژی! بکاتەوە و بخاتە سەرپشت، بۆ ئەمە دەبێت (ڕێبەرایەتیەکی مەیدانی) کارا و پسپۆڕ دروستبکرێ کە ڕەنگ و دەنگی هەمو حیزبەکانی کوردوستان و هەروەها ڕێکخراوە ناحوکومەتیەکان و کەسایەتیە سەربەخۆکانی تیابداتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە