کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەهمی کەرامەت و باوەڕ لای بەرپرس و کادیرەکانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان

Tuesday, 09/04/2013, 12:00


ئێمە لەرەخنەگرتن زۆر شەرمن و لەرزۆکین ، گەرنا هەرچی وشەی پڕ لەتاوان ناپاکی بەرامبەر هەردو بنەمالە و مەکتەب سیاسی پارتی و یەکیتی بنوسرێ و  بگوترێ بەرامبەر ٢٢ سالەی پڕ لە تاوانیان هێشتا که‌مه‌، ئەگەر تا دوینێ لەشاخ دەمامکی ئەو قاچاخچییە سیاسیانە نەدە بینرا، بەلام بۆ کەسانێک که‌ خاوەنی مٶرال و هەستی نیشتمانییه‌ ، دەمێکە کاتی تەلاقدانی ئەبەدی سیاسی ئه‌م ناپاکانه‌ هاتووە، چیدی پاساو هێنانەوە بۆ هەر بەرپرسێک لەناو پارتیی و یه‌کێتی، ده‌بێته‌ رەوا و بەدرێژە دان بەتاوان و ناپاکییان، 22 سال ته‌مه‌نێکی زۆره‌ و واتا چوارخول و نیوی دەسەلات بۆ هەلسەنگاندنی گەلێکی زیندوو ... نەوەک گێرانەوەی ‌حکایەتی کۆنی شاخ.
ئەوەی من دەیبینم ماوە ماوە بەرپرسێک ره‌زا قورسی کۆنه‌ کڵاشدڕی شاخ و قاچاخچیی که‌ دێتە سەر شانۆ وه‌ک مەلا بەختیار ئاسا دروشمێکی بریقەدار بۆخەلک ده‌ڵێت ، خەڵکانێکی ساویلکه‌ لێرە و لەوێ باوەری پێدەکەن، گوایه‌ ئەوانە لەخزمەتی خەڵکدان، وەلێ هەر ٤٨ کاتژمێر تێناپەری دەردەکەوێ ئەو وتانە کارتێکی فشارە بۆ دەستکەوتێکی کەسێتی یان ئەوپەرەکەی ‌حزبه‌که‌ی و مانه‌وایه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا.
زۆر جار باس لەوە دەکرێ ، یەکێتی جیایە لە چاو پارتی ، رەنگبێ ئێمەش لە رۆژگارێکدا باوەر و لێکدانەوەمان بەوە هەبوو، بەلام ئێسا مرۆڤ وەک ئاوێنە دەبینێ گەر خۆی لە گێلی نەدات ، یەکێتییەکان هاوشیوەی پارتییەکان هەرچیان کرد و هه‌رچی بکەن، هەرگیز هەلوێستی رادیکالانە وەرناگرن، تەنیا یەکێتیەکان درۆزنترن لەچاو پارتییەکان کە لای خەلک خۆیان وەک کەسانی ناڕازیی نمایش دەکەن، بەلام لە پراکتیکدا یەک هەنگاوی دژایەتی نانوێین، هەلەش نیە بلێین بەشێکیان، وەک کارتی فشار دەست بەنارەزایەتی به‌کار ده‌هێنن و لەبۆلە بۆلەوە بۆ جار جار بە نوسین ئه‌وه‌ دەکەن، بەلام وەک بەرپرسەکانیان لەدوا دەرەنجامدا تەنیا ئامانج دەستکەوتەکانی خۆیان و پارتەکەیانە نەوەک خەلک و کێشەی ئه‌و خه‌ڵکه‌، کە هەر ئەو لێکدانەوەیه‌ش بوو خودی بزوتنەوەی گۆران و نەوشیروانیش هه‌ر وایه‌، ئه‌م هه‌ڵویست و خووه‌، ئه‌مانیشی توشی ئەو شکستە کردووه‌، به‌تایبه‌تی کاتێک بۆ گه‌یستن به‌ ئامانجێکی شه‌خسی خۆیان وه‌ک کارتێک بۆبەدەستهێنانی هەندێ دەستکەوتی سیاسی هه‌مان ره‌وشت و کرده‌وه‌ به‌کار ده‌هێنن.
تا دوێنێ کۆسرەت رەسول وا خۆی نمایش دەکرد ئەوه‌ تالەبانییە لەگەل بنەماڵەی بارزانی رێک کەوتووە، ئەگەرنا ئەو دژایەتییان دەکات و خوێنی هەزاران کورە هەژاری هەولێر و هەولێریەکانی لە٣١ی ئاب لەیاد نەکردووە، بەلام لە بچوکترین دەرفەتدا دەمامکی خۆی زیاتر هەلدایەوە کە ئەویش تەنیا بیر لەبەرژەوەندی پێگەی سیاسی خۆی دەکاتەوە ئەزمونی ئەو چەند سالەشی بەرونی دیارە. یەکیتیەکان بەئاشکرا سەدەمین جارەی چەواشە و دروشمی بریقەداری مەلا بەختیار دەبینن ...کاتێ دەلێ
(ئەوان ئاگاداری سیاسەتی نەوتن) گەر ئەو وتەیەش راست بێ ، کە ئەوەشی ناراستە ، چونکە عمادی هاوئاشی مه‌لا، وتی قوباد تالەبانی ئاگادارە. بەلام گەر یەکێتیش ئاگادار بێ کۆمه‌ڵێک بەرپرس ئاگادارن، نەوەک کادیرەکانی خوارەوە، یان میللەت کە ئەرکی ئەو دەسەلاتەیە هەموو تاکێکی میللەت بزانێ داهاتی ولاتەکەی چەندە و چۆن خەرج دەکرێ ، خۆ مولکی باوکی هەردوو بنەمالە و حزب نیە؟ فه‌رمو ببینن چۆن فێل لەخەلک دەکه‌ن لەچەواشەکردنی دەنگدان و تەزکیەدان بە بارزانی، ئەو دەڵێ کە نەیەکێتی بەدیلی بارزانی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم هەیە نە پارتی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تالەبانی... ئه‌مه‌  لەکاتێکدا مەلا بەختیار باش دەزانێ چۆن سەدان هاوڕییی بەشەهیدکردندا ئەمڕۆ دژی بیروباوەرەکەیان دەجەنگێ، ئەو شەهیدانە زیندوو نابنەوە ، بەهەمان شێوەش تالەبانی جارێکی تر شانۆی سیاسی و کاریگەری لەسەر روداوەکان و پلەی سەرۆک کۆماری نابینێتەوە، چونکە با فەرید ئەسەسەدیش ناوی بخرێتە ناوی بەرپرسە درۆزنەکانی یەکێتی کە دەلێ تالەبانی داوای بینینی ڕۆژنامەکانی کوردستانی نوێی کردووە.....چونکە تالەبانی گەر نەشمردبێ ئەوا شارۆن ئاسا دەژی . بۆیە ئەو ووتەیەی مەلا بەختیار فێل کردنە لەخەلک بەتایبەتی یەکێتیەکان، چونکە تالەبانی هەرگیز نابێتەوە بەسەرۆک کۆمار بەلام بارزانی دەبێتەوە بە سەرۆکی هەرێم بەتەزکیە و پالپشی یەکیتیە رەنگ زەردەکان.
ئەوەی دەمەوێ لێره‌دا بیلێم ، ٢٢سالە یەکێتی لەت ەک پارتی چی ماوە بەرامبەر ئەو خەلکە نەیکەن، هێنانی سوپای داگیرکەر بۆ سەر پکک لە٩٢ بۆ ٢٠٠٠ ، تیرۆر کەسایەتی و ڕۆژنامەنوسان، سەرهەلدانی توێژێکی مافیایی، بە بنەمالەکردنی بەرپرسان، لوتکەی نادادپەورەری بەرامبەر خەلک، چەواشە و فرێدانی دروشمی بریقەدار لەناو خەلک ، بوونی نیو دەرزەن لەبەرپرسی فایلدار، داکۆکی لە گەورە جەلادانی ئەنفال، بەتالان بردنی داهاتی نەوت و تاپۆکردنی خاکی کوردستان، بەفەسادکردنی کۆی کۆمەلگا و دابرانی لە هەموو به‌ها جوانه‌کان و رەفتار و کەلتوریی تا دەگاتە بونی لەش و لارێکی سەقەت، بەترێلە هێنانی داو دەرمان و خۆراکی بەسەرچوو کە وەک ئەنفالەکان رۆژانە خۆشەویستانتاندەباتە گۆرستان، دۆرانی کەیسە نێشتمانیەکان لەبەغد....
بەلێ٢٢سالە سەدان تاوان و ناپاکی هاوشیوە بەبەرچاوتانەوە رودەدات کەی کەرامەتتان دەجولێ و هەلوێست لەو بەرپرسانەتان وەردەگرن، یان سەد بارە ئاسا بە هۆی پلە و موچە دەنگەکانتان قرو پەپ بووە؟ یان بە دوو وتەی چەواشە و دروشمی بریقەدار کە ئەوە لەخزمەت یەکێتیە قبولی دەکەنەوە وەک پاساوەکەی پارتی لە ٣١ی ئاب هەوادارنی هێمن کردەوە ٣١ی ئاب لەخزمەتی پارتیە، وەلێ ئەو خزمەتانە لەسەر دڕیژەدان بە بێ کەرامەتی ئێوە و بەردەوامی ئەو تالانی و فەسادکردنی کۆمەلگا دۆرانی دەستکەوتە نیشتمانیەکانە، هاوکات بەرپرسەکانتان لەولاوه‌، وەک گێلێکی سیاسی سەیرتان دەکەن بۆیە هەر رۆژەی درۆیەکتان بۆ دەکەن، ئێوەش وەک رابەر و بەرپرس سەیریان دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە