قوربانیانی 17 شوبات لەنێوان یادکردنەوەو پەیامیاندا
Sunday, 19/02/2012, 12:00
ساڵێك بەسەر قوربانیانی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی و هەندێ شوێنی تر تێپەڕی، ساڵێك لە بەڵێنی بۆش و ساڵێك لەهیواو نائومێدی باڵی بەسەر شاردا کێشا. کەچی هێشتا ئۆپۆزیسێۆن داوای چاکسازی و چاککردنی سیستمی سیاسی لەدەسەڵات داوا ئەکا. دیارە نەك ساڵێك بەڵکە دوو دەیەیە ئەم دەسەڵاتە چۆن بوەو چی کردوە، ئەوا ئێستاش و داهاتوو هەر ئەوە ئەکاو لەوەش باشتری پێناکرێ.
کاتێ گەنج و لاوی شار خرۆشاو هاتنە سەرشەقامەکان و دواتر لەلایەن دەسەڵاتی بەعسی کوردیەوە خەڵتانی خوێن کران، ئێدی شتێك نەمایەوە لای خەڵکی کە هیواو متمانە بەم دەسەڵاتە بهێڵێتەوەو، ئەو دەزووە باریکەی هەبوو، بەتەواوی پچڕاو بۆ هەتا هەتایە چاکردنەوەی جگە لەخەونی شاعیران هیچی تر نیە. وا ئەمساڵیش ١٧ شوپات تێپەڕی و بینیمان کەئەم دەسەڵاتە هەر هەمان شێوازی پارساڵ دژ بەخەڵکی کوردستان بەکاردێنێ و جگە لە شێوازی میلیشیایی و هێز ، هیچ جۆرە گۆڕانکاریەکی نەکردوەو بێ منەتە لەوەی کردوێتی و هیچ پەشیمان نیە لەوەی ساڵی ٢٠١١ چەندین کەسی کوشت و فەلاقەخانەی بۆ زیندوەکان هەڵبەست و زیندانەکانی تا ئێستاش خەڵکانی وەك (برایمی کاکە ئەحە)ی تیا قایم کراوەو یاساو ڕێساکانی هاوشێوەی قەزافی و بەشار ئەسەد هێشتۆتەوە.
لەڕاستیدا گەنجی کورد گیانی خۆی فیداکرد نەك بۆ ئەوەی تەنها یاد بکرێتەوە ، وەیان چەپکە گوڵێ لەسەر مەزاری پیرۆزی دابنرێ، بەڵکە ئەو پەیامێکی پێبوو کە بریتیە لەوەی پێوستە ئەو ڕێبازەی ئەویان تیا فەوتاند و بەهاری تەمەنیانی قرتاند بەردەوامی هەبێ و نەیەڵن ئەم دەسەڵاتە کوردکوژە جارێکی تر بتوانێ کوڕو کچی کوردی بێچەك لەناو بەرێ .
بۆیە گەنجی ئەم ڕۆژە پێوستە چی تر بەهەڵوێستی نەرم و شەرمنی ئۆپۆزیسیۆن باوەڕ نەکەن و چی تر نەچنە ژێر چەتری ئەوان و پێوستە خۆیان بەتەواوەتی لەخڵتەی ئۆپۆزیسیۆن و سەرکردە شاخاویەکان بپارێزن.. سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن، جگە لەخەمی خۆیان و بودجەو داهات و دواڕۆژی ماڵ و مناڵەکانیان بەهیچ کلۆجێ بیر لەخەڵکی ڕەشۆکی ناکەنەوەو ئامادە نین بچنە نێو ڕێزی خۆپیشاندان و هیچ ئامادەیی ئەوەیان تیا نیە کەقوربانی بدەن . لەوەتەی هەیە نەمان بیست سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن هەر وەك چۆن لەشاخ پارێزراو بوون خوێن لەلوتی هیچیان نەهات، ئەوا هەنووکە بەهەمان شێوە لەتەڕ ئەخۆن و لەووشك ئەنوون.. ئەمە حاڵی ئۆپۆزیسیۆنە و لەو قوڕەش هەر ئەوەندە تەپ و تۆز بەرز ئەبێتەوە.
جا بۆیە و پێوستە لەسەر گەنجان خۆیان خەمی خۆیان بێت و نەیەڵن کەسی تر لەجیاتی ئەوان بیریان بۆ بکەنەوەو دواتر پێوستە خۆیان بڕیار بەدەست بن و لەکەسی تری قبوڵ نەکەن لەجیاتی ئەوان بڕیاریان بۆ بدا،، ڕۆژانی دا دێ، ئەو ڕاستیە زیاتر بەرجەستە ئەبێ، کە چۆن جاران قسەیەك هەبوو(کورد لەجیاتی شاخ هاوڕێی تری نیە)ئەوا بەهەمان شێوە(گەنجیش لەخۆی و سێبەری خۆی هاوڕیی تری نیە).. هێوا دارین کە پێش ئەوەی هەر شتێك بکەن، بیر لەوە بکەنەوە کە پەیامی ئەو شەهیدانە چی بوە.. نەك بیر لەوە بکرێتەوە کەبا تەنها یادبکرێنەوە،، ئەوەی ئەوان وویستیان کوردستانێکی گەورە،پڕ لەیەکسانی وتەبایی،داهاتویەك بۆ هەموان لەسایەی ئازادی و بەرقەراربوونی یاسا.. ئەمە پەیامیان بوەو پێوستە کار لەسەر ئەو پەیامانە بکرێ و پەیمانیان پێبدرێ کەلەخەبات کۆڵ نەدەن تا گەیشتن پێیان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست