سەرۆكێكی عەوام و نیشتیمانێكی پەشموردە
Thursday, 10/06/2010, 12:00
گەر سەیری سەرۆكى هەر ووڵاتێك بكەین دەبینین ئاستی ئەكادیمى و تواناى سیاسی و پلەى زانستى لە ناو زانكۆكانى دونیادا هێندەیە كە شایستەى ئەوەبێت وەك سەرۆك خۆی بناسێنێت و كار بكات.
گەر بیرمان نەچووبێتەوە لەكاتى هەڵبژاردنە پەرلەمانى و سەرۆكایەتیەكەى ئەم دوواییەى هەرێمى كوردستاندا، ئەو بەڕێزانەى خۆیان هەڵبژارد توانا سیاسی و زانستى و بڕوانامەكانیان لەسەر دەلیلە تایبەتەكانیان نووسی بوو، بۆ نمونە خوا نەیبڕێت سەرۆك (كەمال میراودەلی) بەجارێ لیستێك شەهادەى نێودەووڵەتى و ناوخۆیی ڕیزكردبوو، ئەوەبوو كە زۆرینەى دەنگەكانى كوردستانى هێناو لە سەر ئاستى پارێزگای سلێمانى بە شێوەیەكى سەرسوڕهێنەر لە پێش ڕكەبەرەكانیەوە بوو، وە دواتر و لە چەند كاتژمێرێكدا كاتێك پارتى دیموكراتى كوردستان بۆی دەركەوت كە وەزعەكە لە بەرژەوەندى ئەودا نەماوە، ئیتر ئەوەبوو وەك هەموومان بیستوومانە و بینیومانە و میدیا ئەهلیەكان پشتڕاستیان كردەوە، سوپا دەستى خستە كارەكەوە و چەند جارێك لێرە و لەوێ دەنگى دا و بەمەش هاوكێشەى ناو سندوقەكان لە هەولێر و دهۆك بە شێوەیەكى ساختەكاری بۆ بەرژەوەندى سەرۆكى ئێستامان گۆڕا. ئەمە لەكاتێكدا تا ئێستاش من نازانم بۆ دەنگ بە بارزانى درا! كە هەموو مان ئەزموونى فاشلی جەنابی سەرۆكمان بیرماوە و دڵنیاشین بە هۆی ئەو ناكۆكیە خێڵەكیی و ئەو وەزعەى لە سەردەمى لاوى ئەو بەڕێزەدا خانەوادەكەى تێی كەوتبوون بوو بووە هۆی ئەوەى جەنابی سەرەواوێك خوێندەواری زانستی سیاسی و ئابووری و بەڕێوەبردنی نەبێت و هەرچیشی بۆ ئامادەكرابێت لەو چەشنە بڕوانامانە ئەوە ئیتر خۆ بە دەست ئێمە نیە!.
بێ گومان ئێمە وەك میللەتى كورد یەكەمین و كۆتایین میللەتى دونیاین كە سەرۆكەكەمان نە شەهادە و نە هیچ بڕوانامەیەكى زانستى بوارەكەى خۆی و بگرە تانەنەت هیچ زمانێك جگە لە شێوەزاری كرمانجی ژووروو بەباشی نازانێت. لەگەڵ حورمەتما بۆ جەنابی سەرۆك بەڵام ئەوەتا كاتێك كە كۆنگرەیەكى ناوچەیی یان نێودەووڵەتى ئەبێت و جەنابیشیان بەژداری ئەكەن ، ئەبینین تا دوو كەلیمە بە عەرەبی قسە ئەكات، ئەوا وا سورئەبێتەوە، كە پیاو ناتوانێت تەحەموول بكات و سەرۆك لەو وەزعەدا دەبینێت.
بێ گومان لەمەودوا كە كێشەى كورد ووردە ووردە ئەچێتە پێشتر و كەیسی كورد لە باكور و ڕۆژهەڵات ووردە ووردە خەریكە ئەجوڵێت، ئەبێت ئێمەش بیر لەوە بكەینەوە كە خەڵكانى كۆلكە خوێندەوارو كۆنە فەقێ و نیوە مەلا و عەوام، لە ئاستە گرنگەكان دوورخەینەوە ئیتر كوڕی هەر ئیمامێك بێت، چونكە نیشتیمانێكى پارچە پارچە كراوى وەك كوردەواری پێویستى بە كەسانى ئەكادیمى و زانا و خاوەن تێزێكى سیاسی و ئابووری و بەڕێوە بردن هەیە نەك بە شۆڕە سوار و سەرۆك عەشیرەت و بنەماڵە و ئەم عیللەتە گەورانەى كە هەزاران ساڵە پێوەى دەردە دارین.
هەموومان ئەزانین سەرۆكى ئێستامان جگە لە ئەو هەڵە سیاسی و ئەو بێ مەبدەئی و بێ مەوقیفیانەى كە لە ڕابردوودا كردوونى جار جارەش هەندێك كاری چاكى كردووە بەڵام ئەمانە نابنە هۆی ئەوەى كە نیشتیمانێكى پەشموردە و دابەشكراو بەدیار جەنابی فەخامەتى سەیدەلعوزماوە دانیشین تا ئەمرێت هەر سەرۆكمان بێت، لەكاتێكدا كە دەبینین كاری ئەمڕۆمان بە جەنابیان ناچێت بەڕێوە و سروشتى فەخامەتى سەرۆك لەگەڵ ئەدای سیاسی و بەڕێوەبردنى ئەمڕۆدا لە ئاستى نێودەووڵەتى و ناوچەیی و بگرە ناوخۆییش دا ناگونجێت و پێویستى بە گۆڕانكاری هەیە و دەبێت بە شێوەیەك هەوڵ بدرێت كەسێكى پسپۆڕ لەو بوارەدا ئەو كارە گرنگە ببات بەڕێوە، هەرچۆنێك بێت دەبێت بیر لەوە بكەینەوە دەست بەرین بۆ ئەم گۆڕانكاریە چونكە هەموومان دەزانین جەنابی سەرۆك لە ڕابردوودا پەیوەندى و گرژی لەگەڵ دەووڵەتانى دراوسێدا هەبووە و پێدەچێت ئەم كەسایەتیە ڕاڕایە لەم ئاستەدا زیان بە كورد و بەم نیشتیمانە بگەیەنێت چونكە دراوسێكانمان و گەلانى دی ناو خاكی عێراق نایانەوێت جارێكى تر لەسەر دەستى ئەم پیاوە پەیوەندیمان لەگەڵ درووست بكەنەوە. بۆیە دواجار ئەبینین كێشەى یەكەمی چەقبەستنى سیاسەتى كوردی و كێشەى كورد بوون سەرۆكێكى عەوامە و نیشتیمانێكى پەژموردەش چاوەڕوانى ڕزگاریە.!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست