کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەنجومەنی ئێرانیان و دورخستنەوەی داوای سەربەخۆیی

Saturday, 28/05/2011, 12:00


ماوەیەکە لێرەو لەوێ گوێمان لێ دەبێ کە ئێرانیەکان بەتێکڕا ئەنجومەنێکیان پێکهێناوەو هەوڵی پاراستنی یەکبەندی ئێران دەدەن و دژی هەڵوەشانی ئێران رادەوەستن، ئەوەی بۆ کورد گرنگە ئەوەیە کە حیزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتیش بوو ون بە ئەندامی ئەو ئەنجومەنەو هاوتای فارس و تورک و عەرەبەکان بەناوی گەلی کوردەوە هەمان قسەی تورک و فارسەکان دەکەن و دەڵێن ئێمە ئێرانێکی دیموکرات و فیدراڵمان دەوێ و دژی سەربەخۆیی کوردستان رادەوەستن.
پێشتر باوەرم بەو قسانە نەدەکرد تاکو ئەمڕۆ لە تیشک تیڤی گوێم لەو گوتاری کاک مستەفای هیجری بوو کە لە ژورێکی رۆژنامەوانی ناو کۆنگرۆسی ئەمەریکادا قسەی دەکردو خەونی سەربەخۆیی کوردو کوردستانی دەکرد بەقوربانی جێگا بوونەوەی خۆیان لەناو ئەو ئەنجومەنەدا.
با وەک رەخنەیەکی گەورە روو بکەمە کاک مستەفای هیجری و کاک عەبدوڵای موهتەدی و پێیان بڵێم ئەوەی ئێوە دەیکەن و دەیڵێن زەرەری زیاترە لەقازانج بۆ کورد.
لە کوردەواری قسەیەک هەیە دەڵێ ئەگەر ئەو کەسەی پێش خۆت هەڵدێرا، تۆ رێگاکە بگۆڕەو بەو رێگایەدا مەرۆ، ئێوە لە دەیان ساڵی رابردوودا، زۆر باش هەڵسوکەوتی حیزبەکانی خواروی کوردستانتان دیوە لەناو ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا، ئەوانیش هەمان شێوەی ئێوە بلوێری فیدراڵی و دروستکردنەوەی عێراقیان لێدەدا، وەک دەبینین وا هەشت ساڵ بەسەر تێکروخانی دەوڵەتی عێراقی تێپەری و هیچ حیزبێکی عەرەبی و تورکمانی ئامادە نیە باسی فیدرالەت و مافی کوردان بکات، مەگەر ئەوە هەڵدێرانی سیاسی نیە، پێتان وانیە ئێوەش سبەینی بەدەردی ئەو حیزبانەی خواروی کوردستان دەچن و ئەو دەرفەتە سیاسیەش لەدەست کورد دەدەن ؟.
برالە بەخەبەر وەرن، پارەو دەسەڵاتی ژێر دەستەیی هەموو شتێک نیە، تا نەتەوەکەت سەربەخۆیی بەدەست نەهێنی، ئێوە کوردێکی ژێر دەستەن و هەرچی بتان بێت شتێکی کاتیەو لەکۆتایدا لەبەر دەمی دادگا رادەگیرێن.
نەڵێ باشە کاک سەردار کە وا دەزانی بۆ تۆ خۆت کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتی ئێران ؟، چونکە لە وڵامدا دەڵێم تەواوی سیاسەتمەدارانی عەرەب و تورک و فارس دەزانن کە من کوردێکی جودای خوازم و هەر هەوڵێکی سیاسیش بدەم، بۆ دابەشکردنی ئەو وڵاتانەیە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە نەک بۆ چەسپاندنەوەی سنورەکانە.
با باش پێتان بڵێم، ئەمریکا (30) ساڵەی رابردوی ئێوەی لەبەرچاوە کە وەک حیزبێکی کوردی ئەنتی ئەمەریکایی کارتان دەکردو کوری کوردتان دژ بە ئەمەریکا پێدەگەیاندو ئەمڕۆش بۆ بەرژەوەندی خۆتان هەمبەرگەری ئەمەریکی دەخۆن و بەشێوەیەکی دیکە کاروانی کوردایەتی بەرەو هەڵدێر دەبەن.
دڵنیاتان دەکەم ئەمەریکا وەک حیزبەکانی خوارووی کوردستان بەکارتان دەهێنێ تا مەرامەکانی خۆی تەواو دەبێت لەدوایشدا بەجێتان دەهێڵی بۆ برا فارس و تورک و عەرەبەکانتان، چۆن ئێستا بە مام جەلال و کاک مەسعود دەڵێ مەگەر ئیوە بۆخۆتان عێراقی بونتان هەڵنەبژارد، برۆن کێشەی ئێوە لەلای برا عەرەبەکانتانە، سبەینێ بە ئێوەش دەڵێ مەگەر بۆخۆتان ئێرانچیەتیتان هەڵنەبژارد، بڕۆن بۆ لای ئەنجومەنی ئێرانیان و هەموو شتێک بەدەستی ئەوانە.
خۆ ئەگەر ئەو نامەم بەوردی نەخوێننەوەو لەو ئەنجومەنە ئێرانیە نەیەنە دەرو خۆتان نەخەنەوە ناو سەنگەری کوردایەتی و داوای سەربەخۆیی کوردستان، ئەوا سبەینی سەنگەری کوردایەتی و سەربەخۆییش بەخۆتان ناگرێ و دەبێ ماڵەکانتان ببەنە ناو فارس و تورکەکان.
کتێبی کوردستان و کشمکش نفت، ئێرانی هەڵوەشاندوەو لێرە بەدواوە ئێران و ئێرانچیەتی تەنها لەپاشخانی چەپ و شاپەرستەکان دا باسی لێوە دەکرێ.
لەندەن ٢٨ ٥ - ٢٠١١
http://www.kurd-oil.net


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە