ڕێگەنەدان بە لیستی هیوا , گۆڕانكارییەكانى كوردستانی بێ هیوا كرد
Tuesday, 02/06/2009, 12:00
هەڵبژاردن و گۆڕانكاری و فەوزای دوای هەرەس یان پاشەكشەی دەسەڵات , كێڵگەی بە پیتن بۆ لەوەڕی خەڵكانی هەلپەرست و تاودانی ئەسپیان بۆ ئەوەی ئاراستەی فكری و سیاسییان 180 پلە وەرچەرخێنن و لە جەرگەی گۆڕانكارییەكان پارچە ئێسكێكیان دەسكەوێت و لە پەنایەكدا بیلێسنەوە ,هەلپەرستان هەموودەم دەزانن پلە و پایەی گەورە لە لایەنی گەورەوە دەست دەكەوێت,هەموو ئۆپۆزسیۆن بوونیشیان تەنها بۆ گەیشتنە بەو پلەو پایەیە و ڕازیكردنی لایەنێكی گەورەیە بۆ لاكردنەوە لێیان.
لە دوای ڕوخانی دیواری بەرلین زۆرێك لە چەپگەراكان لە سەرەتادا لە ژێر چەتری نوێگەری هاتنە پێشەوە, لە كۆتاییدا گەیشتنە نەفرەتكردن لە ڕابردووی خۆیان, لەبەر ئەوەی وەكو مریشكی مەسلەحە تەنها بەو ڕێگایەیا سەركەوتبوون دەیانتوانی دابەزن , ئەمانیش هیچیان پێنەبوو جگە لەوەی لە ئایدۆلۆژییەكەیانەوە فێری ببوون, بۆیە زۆریان كۆنە نووسین و بابەتەكان خۆیان دووبارە بەرهەم دەهێنایەوە ,سۆسیالیزم و یەكسانیان دەكرد بە كۆمەڵگەی مەدەنی , موڵكداریەتی گشتی دەگۆِڕا بۆ بازاڕی ئازاد .... نووسینیش تەنها بۆ ئەوەی ون نەبن لە بازاڕی مامەڵەی سیاسی , ئێستاش ئەوەی دەیبینم و هەستی پێدەكەم بەزمەكە لەم قۆناغەی ئێستای كوردستان دووبارە بۆتەوە,دوبارەیەكی سەیرە ئەوانەی لەو قۆناغەیا فریا نەكەوتن ئێستا هەڵپەیانە,وەلێ دوبارەبوونەوەیەكی وا ئەمجارە كۆمیدیانەتر لەوەی هیگل و ماركس باسیان كردووە و ئاماژەیان پێداوە.
ئایا بەڕاستی لە كوردستان گۆڕان بەڕێوەیە؟, ئایا بەڕاستی ئەم گۆڕانە لە قازانجی خەڵكە؟, ئایا ئەم جۆرە مرۆڤە حەرباییانە دەتوانن گۆڕان پێك بهێنن ؟,وەڵامی ئەم پرسیارانە ڕوونە , لە ئەزموونی تاڵییەكان ژیانەوە و ناسینی كەس و لایەنەكانەوە دەزانین وەڵام نایە, وەلێ بۆ ئەوانەی قازانجیان لە گۆڕینی دەموچاوەكانە گۆڕان عیار 24 بەڕێوەیە,بێشك بۆ ئەوان گۆڕانە,لە ژیان لە باوەڕ لە گەیشتن بە دەسەڵاتن لە و لە .. .
ئەگەر هەڵبژاردن تەواو ئازاد و بێگەرد بێت لە كوردستان كە لەم قۆناغەدا نایبینین, ئەگەر 100% دەموچاوەكانی دەسەڵاتدارانی ئێستا سەرتاپا بگۆڕێت , لەبەر ئەوەی ئەلتەرناتیفی خاوەند بەرنامەی گۆڕان لە ژیانی هەژاران و ستەمدیدان وجودی نییە, بۆیە یەك زەڕە باوەڕم بەو گۆڕانانە نییە,هەموو شكلی دەبێت نەك ڕیشەیی,دەسەڵاتیش لە بەرامبەر جەماوەر هەموو دەم بۆ ئەوەی دەسەڵاتی لە دەست نەچێت ئامادەیە گۆڕانی شكلی بكات , كە لە بارودۆخی ئێستای ناڕەزایەتی توندی جەماوەری بێ ڕێكخستن و بەرنامەی كوردستان زۆر مەمنوونە پێی.
لە هەمووشی گرنگتر و ئەوەی ئەسڵی بابەتی ئێستای ئێمەیە, ڕوی درۆی كایە سیاسییەكانە, لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان بە ڕەتكردنەوەی لیستی هیوا دەریان خست ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێت و نمایش دەكرێت شانۆگەرییەكی دیكەیە بۆ ئامادەكردنەوەو شەرعییەت دانەوە بە 4 ساڵی دیكەی دەسەڵاتدارییەتی ,تا 4 ساڵی دیكە ناڕەزایەتی جەماوەر خامۆش بكرێتەوە بە گۆڕینی هەندێك دەموچاو لە پارلەمان, لەو ماوەیە بۆ ئەوەی دەسەڵات فرسەتێك بەدەست بێنێت بە كارنامەی خۆیدا بچێتەوە بە پێی داواكارییەكان خەڵك گۆڕانكاری بكات تا دەسەڵاتی لە دەست نەچێت, بینیمان لەم نێوەدا لیستێكی بچووك بێ مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتداران , وەلێ وروژێنەری هەندێك پرسی نەتەوایەتی و دیموكراتی بڤە كە مایەی ئیحراجی دەسەڵاتە , دیارە لەسەر دەمی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن وروژاندنی پرسە نیشتمانیەكان كاردانەوەی سەرانسەری لەسەر مەجرای ڕەوتی پرۆسەكە دەبێت ,بۆیە هەزمكردنی ئەو بۆچونانە گرانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتییە نێو دەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان ئێراق و هەرێمی كوردستان,تەواوی كاندیدەكانی ئەم لیستە سپی وەك مەلایكەتەكانی بەهەشت و ئەو پەرلەمانەی مرۆڤە پاكەكان خواستیانە لە جیهانی دیلمۆندا بنیاتی بنێن , بەڵام ئامانجیان گەورە و دەستیان بۆ لایەنە حەرامكراوەكان دەسەڵات دەبرد, بە سەركردایەتی ژنێكی تێكۆشەری پاكیزەیی و بێگەرد و خاوەند بیروباوەر, یەك جیهان هیوای لە ویژدانیا هەڵگرتووە, پاروییەكی گەندەڵی لە ژیانیدا نەخواردووە,دڵۆپێك خوێنی براو خوشكی خۆی نەڕشتووە, سڵاوی لە تاوانكارێك نەكردووە,هەموو ژیانی بۆ خزمەتی كوردستان و مرۆڤایەتی تەرخانكردووە و .... , كە دەیبینم لەیلا زانا و سەباحەت تونجەلی و ..... وێنا دەكەم لە جەستەو ویژدان و باوەڕیا, لیستێكی ئاوا بە بەرچاوی ئازادییەوە ڕەتدەكرێتەوە, ئەی ئیتر چ هیوامان بەو هەڵبژاردنە و بەم ئازادییە و ئەم پرۆسەیە چۆن بمێنێت؟.
لە ئانكارەی تۆڕانییا , لە ئەستەمبوڵی ئەتاتوركا, لە شارەكەی باخچەلی و ئەزمڕی بایكاڵا ,هەمان جۆری حیزب ئازادانە بەشداری هەڵبژاردن دەكات, ئەوە لێرە ئەگەر بیانزانیایە ئەم لیستە بە ئەندازەی دە یەكی دەتەپە كورسی دەهێننەوە, نەك تەنها هیوایان وەك ئێستا بێ هیوا دەكرد ,بگرە 16-5ی هەولێریان دوبارە دەكردەوە.ئێستا هیوا ناچێتە هەڵبژاردنەوە وەلێ پەیامەكەی گەیشت بۆیە بە سەربەرزی و براوەیی لە پرۆسەكە دەرچووە دەرەوە , مرۆڤ و مرۆڤایەتی بە هیواوە جوانە بژی ژیان لە پێناو هیوا.
تێبینی : لە بەكارهێنانی وشەی گۆڕان : مەبەستم لە هیچ لیست و لایەنێك نییە , نە بەرەی گۆڕانی 4 لایەنی سیاسی پێشتر و نە لیستی گۆڕانی ئێستا و نە هیچ لایەنێكی سیاسی دی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست