ڕێبازى مامە
Tuesday, 20/05/2014, 12:00
لەوەتاى لە بیرم دێت ، من بەردەوام خەریكى خوێندنەوە بووم، بە درێژایى هەموو ئەو ماوەیەش گەڕاوم لە دۆزینەوەى سەرەداوێك لە (ڕێبازى بارزانى) ، بە داخەوە تا ئێستا هیچم دەستنەكەوتووە و لەو بارەیەوە مایە پووچ و ڕەنج بەخەسار بووم. بۆیە بڕیارم دا واز لەو بابەتە بێنم و لەوە زیاتر بەدواى دا نەڕۆم..
لە هەمووى سەیرتریش ئەوەیە ماوەیەكە یەكێتى كەوتوونەتە باس كردن و ناوهێنانى (ڕێبازى مامە یان رێبازى مام)، لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەمجارەشیاندا یان راستتر بڵێم هەڵمەتى چەواشەكارى ئەمجارەى هەڵبژاردندا لە زۆر لافیتە و پۆستەر و سروود و گۆرانى دا باس لە ڕێبازى مام دەكەن.
دەمزانى ئەگەر هەموو كتێب و نوسراوى ئەم كوردستانە ژێرەو ژووربكەم ، هیچیش لە بارەى ڕێبازەكەى مامەوە هەڵناكڕێنم و سەرەنجام هەر ماندوو بوون و سەرئێشەم بۆ دەمێنێتەوە. هەرچەندە توانیم لە هەموو ووشە و دەستەواژەى (جاش و 66 ، خۆفرۆش و خۆخۆر وخۆسەپێن ، درۆزن و شەڕانگێز و مافیا ، تاڵان چى و پیاوكوژ و نیشتمان فرۆش و ساختە چى و تەزویر چى و ............ هتد ڕێبازێك دروست بكەم پڕ بەپێستى مامە بێت و ، بكرێت وەك ڕێبازى مامە حیسابى بۆ بكرێت.
بەڵام چەند ڕۆژێك پێش هەڵبژاردنەكەى 30 / نیسان سەردانى ناوچەى بیتوێن و پشدەرم كرد، ئەوێش وەك هەموو شوێنێكى ترى ئەم كوردستانە و بە تایبەتى سلێمانى، یەكێتى شەڕى لێ دەبارى و دەبوو خۆتى لێ لادەیت. لافیتە و ووتار و هەڵسووكەوتیان هەمووى شەڕ بوو ، هەمووى سوكایەتى و شكاندنى دەنگدەرەكان بوو بەتایبەت ئەوانەى كە تا ئێستاش نیازى دەنگدانیان هەیە بە یەكێتى ، شەڕ لە ترسى دۆڕاندن و ڕیسوابوونى زیاتر.شەڕ لەگەڵ ئەو ئەنجامى هەڵبژاردنەى كە تێیدا یەكێتى ڕیسواتر و دۆڕاو تر دێتە دەرێ .
وا ڕێكەوت لەگەڵ خزمێكدا كە هەوادارى یەكێتى و دەنگدەر و زوڕناژەنیانە، دانیشتم و لەو دانیشتن و گفتوگۆیانەوە تێ گەیشتم كە ڕێبازى مام چى یە؟؟؟
خزمەكەم پرسى لە سلێمانى چ باسە؟؟ گووتم بڵێم چى؟ وەك دەبینى تازە یەكێتى لە پارێزگاى سلێمانى نەماوە و بە تایبەتى تریش لە ناو شارى سلێمانى ، ئێستا وەك ملازم موحسین و رەفیق حیزبی و ئەمنە سوورەكە تەماشاى سەركردە و كاندید و بارەگاكانى یەكێتى دەكرێت، یەكێتیش بە ڕاست و بە چەپدا كەوتۆتە درۆهەڵبەستن و ساختەو چەواشەكردنى خەڵك... پێم گووت خۆ بۆ خۆت دەبینى یەكێتى چۆن كەوتۆتە هەڵمەتى درۆ و بۆختان.. گووتى : ئاخر ئێمە نابێ بدۆڕێین. گووتم : ئەوە دیموكراسیەتە، دۆڕان و بردنەوەى تێدایە. گووتى : دیموكراسى و میموكراسى چى یە؟ ئێمە بڕیارمان داوە نەدۆڕێین.. گووتم : ئاخر خەڵك دەنگتان ناداتێ و یەكێتى تازە متمانەى لە دەستداوە.. كە خەڵك دەنگت نەداتێ خۆ سەریان نابڕى!!
گووتى : خۆ كە دەنگیشمان پێ نەدەن دەتوانین ڕازى نەبین، خۆ دەتوانین بیشێوێنین!!! گووتم چى دەشێوێنن؟؟ گووتى وەزعەكە لە هەمووان تێك دەدەین.. گووتم باشە جیاوازى ئێوە و بشار ئەسەد چى یە؟ ساحێبى ئەو عەقڵ و بیركردنەوەیەن بۆیە حاڵتان جوانە! خەڵكیش لەسەر ئەو نیاز و نیەتە دەنگتان پێ نادەن..
(خزمەكەم گووتى جارێكیان مام جەلال لەگەڵ كابرایەك قسە دەكات، مام جەلال لە كابرا دەپرسێ : بە منداڵى یارى كەلایێنە (هەڵماتێن) ت كردووە؟ كابرا دەڵێ : بەڵێ. مام جەلال دەڵێ: دەتبردەوە یان دەتدۆڕاند؟؟؟ كابرا دەڵێ: زۆر جار دەمبردەوە و زۆر جاریش دەمدۆڕاند..ئەى تۆ چیت دەكرد؟ . مامە دەڵێ من هەتا براوە بووم یاریم دەكرد، كەدەمزانى دەدۆڕێم دەمكردە شیڕە شیڕ و هاتو هاوار و دەزعەكەم دەشێواند، و خۆم ڕزگار دەكرد.)
خزمەكەم گووتى : ئێمەش ئەگەر بزانین دەدۆڕێین هەر وا دەكەین...
لێرەوە بۆم دەركەوت كە ئەوە ڕێبازى مام بەو شێوەیەیە. پاشان بۆم دەركەوت كە لە هەڵمەتى هەڵبژاردندا لە سنوورى بیتوێن و پشدەر تڕە مەسئوول و سەركردە سەرشۆڕەكانیان كۆبوونەوەى بەزۆر و بەزەبرى ترساندن بە نانبڕین و فەسڵ كردن و سزا دان بە خەڵك دەكەن و بەڵێنە سواوەكانى بە درێژایى 23 ساڵ بە خەڵك دەدەنەوە و جۆرەها ئامرازیش بەكاردێنن، ئەو بەسەرهاتى كەلایێنەى مامەش هەر لەو كۆبوونەوانەدا باس كراوە و دەنگدەرە ناحاڵیەكانیان بەو شێوەیە هانداوە كەنابێ بیدۆڕێنین.مام بەمنداڵى بەو شێوەیە یارى كردووە، چۆن دەبێ ئێستا بەو تەمەن و بەو هەموو هێز و جبەخانەیەوە بدۆڕێین؟؟؟....
سەرەنجام تێ گەیشتم كە ڕێبازى مام بەو شێوەیە كادیر و ئەندام پەروەردە دەكات ، لە ڕێبازى مامە دا هەڵبژاردن هەیە بە مەرجێك دەنگ بە خۆمان بدەیت، كە دەنگت نەداینێ خائین و كۆنە بەعسیت. كاندیدەكەشت نابێ دەربچێ, ئەگەر دەرچوو، بە زەبرى پارە و پۆست پەشیمانى دەكەینەوە، كەپەشیمان نەبۆوە، بوختانى بۆ هەڵدەبەستین، لە فرسەتیشدا تیرۆرى دەكەین.. ئیمە كە ناچاربووین دۆست و لایەنگر و حیمایەو پاسەوانەكانى خۆشمان دەكوژین.... ئەوە ڕێبازى مام یان مامە یە ، ئەو دەستەواژەیە هەر لە زارى مەلا بەختیار خۆشە... حیكەتى مام ، ڕێبازى مام..................
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست